دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه ٢٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، زیاتر له ٤٠ شاری ئێران شایه‌تی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانی خه‌ڵك له‌ئاست چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بێنزین بوو.
ئه‌م خۆپیشاندانانه كه به‌دوای چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بێنزین له‌سه‌ر بڕیاری “شوڕای باڵای هاوئاهه‌نگی ئابووری سه‌رانی سێ قووه”، له ڕۆژی هه‌ینی ٢٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌وه ده‌ستی پێكردووه هه‌روا به‌رده‌وامه. شایانی باسه، له زۆربه‌ی شاره‌كان هێزه ئهمنییهان به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ناڕازییان، گازی فرمێسكرێژیان به‌كار هێناوه. هه‌روه‌ها له هه‌ندێ له شاره‌كانن هێزه ئه‌منییه‌كان به‌ره‌و ناڕازییان ته‌قه‌یان كردووه. له دووهه‌مین ڕۆژی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌دا، شۆفیره‌كان له شاره جۆراوجۆره‌كان ماشینه‌كانیان كوژاندووه‌ته‌وه و ڕێگاكانیان به‌ستووه. به پێی هه‌واڵێكی دیكه هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، به‌دوای په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بێنزین، ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان به ناردنی نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز بۆ هاووڵاتییان، داوایان لێ كردوون كه شه‌قامه‌كان به‌جێ هێڵن. هاوكات دادستانی گشتی ڕژیم، خۆپیشانده‌رانی به “تێكده‌ر” ناوبردووه و هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه كه به‌رخوردی جێدیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له لایه‌كی دیكه‌وه ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له ئه‌نجامی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان له شاری مه‌ریوان، هێزه ئه‌منییه‌كان به‌ره‌و ناڕازییان ته‌قه‌یان كردووه و ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هۆیه‌وه ٥ كه‌س له خۆپیشانده‌ران گیانیان له‌ده‌ستداوه. هه‌روه‌ها به پێی هه‌واڵێك كه هه‌تا ئێستا پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه، هاووڵاتییه‌ك له شاری سنه به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم گیانی له‌ده‌ستداوه.