كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی ئێران:
ئه‌مڕۆ ٩ی مانگی ڕه‌زبه‌ر،لاپه‌ڕه‌یه‌كی دیكه به مێژووی خه‌باتی له‌بن نه‌هاتووی كومه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان زیادبوو. مانگرتنی لێبڕاوانه‌ی ئێوه، وڵامێكی به‌هێز بوو به كوشتار و جه‌نایه‌تیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ر شه‌قام و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان. وڵامی خه‌ڵكی مافخواز و ئازادیخوازی كوردستان به بانگه‌وازی مانگرتنی گشتی، به ڕوونی نیشانی‌دا كه چ ئیراده‌یه‌كی پته‌و له پێناو خه‌بات تا سه‌ركه‌وتن له كوردستان و له پاڵ ده‌سكه‌وته‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و هێز و توانا جه‌ماوه‌ریه‌ی كه له هه‌موو ئێران كه‌وتۆته كار، بكه‌ین به ده‌ستمایه‌ی پێشڕه‌ویه‌كانی داهاتوومان. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و ئێران سه‌لماندیان كه به‌حه‌ق شایسته‌ی ئه‌وه‌ن ئازاد و سه‌ربه‌ست و له ڕیفاه و ئاسووده‌یی و یه‌كسانی و ئاسایش دا بژین. نیشانیاندا كه چیتر ڕێگا ناده‌ن كه‌رامه‌تیان پێشێل بكرێت، نانی سه‌ر سفره‌یان بڕفێندرێت و له سه‌رتایی ترین مافه‌كانی ئینسانی خۆیان بێبه‌ش بكرێن. ئێمه ده‌زانین كه هێشتا تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاریی، قۆناغگه‌لێكی دیكه‌مان له‌پێشه، پێویسته هه‌موو هێز و توانای خۆمان هه‌نگاو به هه‌نگاو بێنینه مه‌یدانی ئه‌و خه‌باته چاره‌نووس سازه. سه‌ركه‌وتنی مانگرتنی ڕۆژی ٩ی ڕه‌زبه‌ر هه‌نگاوێكی پته‌و و لێبڕاوانه بوو له‌و پێناوه‌دا.
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌تان لێ پیرۆز بێت
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه( ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)