ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٤ی مانگی به‌فرانبار، كۆنگره‌ی ئا‌مریكا یاسایه‌كی له‌ژێر ناوی “یاسای ٢٠٢١ی ئه‌شكه‌نجه و ئازاری كه‌سایه‌تییه‌كان” له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه په‌سه‌ندكرد و بڕیاره ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خشیان له پێشێلكردنی مافی مرۆڤ هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو ته‌حریم بكرێن.
به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه له كۆنگره‌ی ئا‌مریكا په‌سه‌ند كراوه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا ڕاسپێردراوه كه به شێوه‌ی ده‌وره‌یی ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه بیانیانه‌ی له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه بۆ ئه‌شكه‌نجه و ئازار و زیندانی كردن و ڕفاندنی شارۆمه‌ندانی ئێرانی و ئامریكایی هه‌نارده ده‌كرێن ڕاده‌ستی كۆنگره بكات. بڕیاره وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی ئا‌مریكا له ته‌نیشت ئه‌و ڕاپۆرتانه “گه‌نده‌ڵی و چالاكی نایاسایی به‌رپرسانی باڵای ڕژیمی ئێران” له وڵاتانی جیهان بخاته ژێر چاودێری و ته‌حریمه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایه سه‌رۆككۆماری ئامریكاش ڕائه‌سپێرێت دارایی ماڵی و وێزای ئه‌و كه‌سانه‌ی له ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته دا ناویان هاتووه زه‌وت بكات و هه‌ر بانكێكی بیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه مامه‌ڵه بكات، گه‌مارۆی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.