کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو ( بەشی دووهەم)

لە کوردستان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش وەک ناوچەیەکی جەنگی و ئەمنیەتی دەڕوانێتە ئەم ناوچەیە و سیاسەتی ڕەچاوکردنی هەڵاواردن لە هەموو بوارەکاندا هەروا درێژەی هەیە. ڕژیم بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ دێهاتەکانی سەر سنور و توند کردنەوەی میلیتاریزم، کۆنترۆڵی زیاتری خستوەتە سەر خاڵە سنوریەکان. لەم مانگانەی دواییدا هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم بە بیانوی خەبات لەدژی هاتنە ناوەوەی کالای قاچاغ کۆڵبەر و کاسبکارانی زەحمەتکێشی دێهات و شارەکانی سەر سنوری داوەتە بەر گوللە کە لە ئاکامدا دەیان کەس کوژراون و یان بریندار بوون.لە شارەکانی کوردستان هەژاری و بێکاری ئاستێکی بێ وێنەی بە خۆیەوە گرتوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان ٣٠ لەسەد لە یەکە سەنعەتیەکانی کرماشان لە خوار زەرفیەتی ڕاستەقینەی خۆیانەوە خەری بەرهەمهێنان. ٧٠ لەسەدەکەی تریان یان داخراون یان گەلێک لە خوار زەرفیەتی خۆیانەوە کار دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی ئیدارەی ئاماری ئێران نرخی بێکاری لەم شارە ١٩ لەسەد زیادی کردوە. لە شارەکانی سنە و سەقز نرخی بێکاری لە نێو لاوانی کەمتر لە ٣٠ ساڵدا بەرز بۆتەوە. ڕاپۆرتەکان لە شارەکانی مهاباد و بۆکان یشەوە باس لە پەرەسەندنی ئاستی بێکاری دەکەن. زیاتر لە ٢٠ هەزار کرێکاری کۆچبەری کوردستانی ئێران کە پێشتر لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق خەریکی کار بوون لەگەڵ توند بوونەوەی قەیران وەرشکست بوونی ئابووری لەم ناوچەیەدا بێکار بوون. لەژێر ئەم بارودۆخەدا توانایی کڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دابەزیوە. لە شارەکانی کرماشان، سنە و ئیلام ژمارەی گیرۆدەبوان بە مادەی سڕکەر زیادی کردوە و لەسەر ئەم بنەمایە توێژینەوەکان باس لە پەرەسەندنی بێکاری و زیاد بوونی گیرۆدە بوون و زیاد بوونی ١٠ لەسەدی تەڵاق و جیابوونەوە لەم شارانەدا دەکەن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە شارەکانی کوردستان هەروا کانونی جۆش و خورۆش و خەبات بوون. لەم دەورەیەشدا شاهیدی دەیان ناڕەزایەتی کرێکاری، ئاکسیۆن و حەرەکاتی ناڕەزایەتی لە خەبات لەدژی تێکدانی ژینگە، بەڕیوەبردنی ئاکسیۆن بە بۆنەی توندوتیژی لەدژی ژنان بووین. لەم نێوانەدا مەڕاسمی شکۆداری بەڕێکردنی پەیکەری کوروش بەخشەندە یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و سیمای خۆشەویستی خەڵکی شاری سنە لەنێو ئاڵای سوردا و بە سرودی ئانترناسیۆناڵ دەریدەخات کە چ زەرفیەتێکی هیوابەخش لەم کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە. حوزوری بەرچاوی ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و سوسیالیست لە ناخی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەدا نیشانی ئەدات کە هەوڵدان بۆ بەرز کردنەوەی یەکگرتویی سیاسی و تەشکیلاتی ئەم هێزە هەروا یەکیک لە ئەولەویەتەکانی کاری کۆمەڵەیە لە قۆناغی داهاتودا.643
سەبارەت بە شانۆگەری هەڵبژاردنی ڕژیم، پلینۆم جەختی کردەوە کە لە بارودۆخی ئێستادا و لە دەورەی دوای بەرجام بەهۆی سوڕانێکی ئیستراتیژیکی کە لە مناسباتی ڕژیم لەگەڵ ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاواییدا بەدی هاتوە و هەم بە هۆی بارودۆخی قەیراناوی خاوەرمیانە و نا سەقامگیری زاڵ بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا، ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بۆ سەرانی ڕژیم خاوەنی گرنگیەکی زۆرە. باڵەکانی نێوخۆی حاکمیەت دەیانەوێ بە ڕاکێسانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان مۆری مەشروعیەتی هەڵبژاردن بدەن لە درێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی. سەرەڕای ئەم ڕقابەتانە هەروەک ئاشکرایە ماهیەتی ئەم شەڕ و کێشمە کێشانە هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندی جەماوەری خەڵکەوە نییە. شەڕ لەسەر ئەوەیە کە لە قۆناغی داهاتودا کامیەک لە باڵەکانی نێوخۆی حاکمیەت سەهمی زیاتری لە دەسەڵاتی سیاسی لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا و تاڵان کردنی سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە بەرکەوێت.
بەم جۆرە ئەگەر قسە لەسەر دژی دیموکڕاتیک بوونی ئەم هەڵبژاردنە، چاودێری ئیستسوابی شوڕای نیگابان، دخاڵەتی سپای پاسداران و موهەندیسی کردنی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە لە ئارادایە، بە گشتی دەگەرێتەوە بۆ ڕەچاو نەکرانی قاعیدی یاری لە لایەن خودی باڵە حکومەتیەکانەوە و هیچ پێوەندیەکی بە پێشێل کرانی مافی خەڵکەوە نییە. هەڵبژاردنی ڕاستەقینەی کرێکاران وخەڵکی ئێران روخاندنی سٶڕشگێڕانەی کوللیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە. بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی پێشێل کردنی پێش مەرجە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد وەک ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی ئەحزاب، ئازادی ڕا دەربڕین و ڕاگەیاندن و ئازادیە سیاسیەکان، مافی هەڵبژرادنێکی ڕاستەقینەی لە خەڵکی ئێران بە تەواوی زەوت کردوە. لەم پێوەندەدا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر پێویستی بەرەو پێش بردنی کەمپەینێکی تەبلیغاتی بۆ بانگەواز کردنی خەڵک تا لەم شانۆگەریەدا بەشداری نەکەن جەختی کردۆتەوە.