کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پلینۆمی پێنجەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو ( گەلاوێژی ١٣٧٩) بەشی یەک

پلینۆمی پێنجەمی كومیته‌ی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران هەڵبژیردراوی کۆنگرەی دوازدە ڕۆژی شەممە ١٣ی مانگی گەلاوێژ بەرابەر لەگەڵ ٤ ی ئاگوست ی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو. پلینۆم بە سرودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیانبەخت کردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم کارەکانی دەست پیکرد. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ش وەک چاودێر بەشدار بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تەرخان کرا بۆ ڕاپۆرتی سیاسی كومیته‌ی ئیجرایی و دواتر ڕاپۆرتی تەشکیلاتی کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب بە پلینۆم و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان. راپۆرتی سیاسی كومیته‌ی ئیجرایی سەرەتا چووە سەر لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی ئێران و مەوقعیەتی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی شارەکان و نەتیجەگیری سیاسی و کرداری لە بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا. هەڵسەنگاندنی سەرەتایی گرنگترین ئاڵوگۆرەکانی دنیا و ناوچەکەش بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسی كومیته‌ی ئیجرایی بوو بە پلینۆم.

لە ڕاپۆرتی كومیته‌ی ئیجراییدا بۆ کۆبوونەوەی كومیته‌ی ناوەندی جەخت کرایەوە، یەکێک لە گرنگترین فاکتۆڕەکان لە بەیانی بارودۆخی سیاسی ئێراندا، ئاڵوگۆڕێکی گەورەیە کە لە ئاگاهی و وشیاری کرێکاران و خەڵکی ئێراندا سەبارەت بە ماهیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لە مناسباتیاندا لەگەڵ حکومەت بەدی هاتووە. ئەم ئاڵوگۆڕە خۆی لە بەردەوامی و بەیەکەوە گرێدراوی خەباتی کرێکاران و ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و ڕاگەیاندنی داخوازی و داواکاریەکانیاندا نیشان ئەدات. ئەم ڕەوتە دوای ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباریش بەبێ پسانەوە درێژەی هەبووە. شەپۆلی نوێی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی خیابانی لە نیوەی یەکەمی مانگی گەلاوێژدا لە ئیسفەهان، کەرەج، مەشهەد، شیراز، ڕەشت و چەندین شاری تر دەربڕی ئەم ڕاستیەیە. دیسان لەم دوو حەفته‌ی دواییدا مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران لە زیاتر لە دەیان شار و ئوستان، مانگرتنی کرێکارانی شارەداریی ناوەندی ئابادان، مانگرتنی دوو هەزار کرێکاری کورەخانەکانی تەورێز، مانگرتنی کرێکاران و کارمەندانی شیرکەتی پیترۆشیمی ماهشەهر و چەندین مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی تر بە روونی ڕاستی بەردەوام بوونی ناڕەزایەتیی کرێکاری و خەباتی جەماوەری پیشان ئەدات.

دوو خاڵی بەهێزی مانگرتنە کرێکاریەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری لەم دەورەیەدا، یەکێک لە بەیەکەوە پەیوەست بوون و بەردەوامی ئەم خەباتە و ئەویتر بەهێز بوونی لایەنی سەرتاسەری مانگرتنی کرێکاری و خەباتی جەماوەری بووە. درێژە و بەیەکەوە پەیوەست بوونی ئەم خەباتە دەور و نەخشێکی یەکلا کەرەوەی لە کامڵ کردن و دروست کردنی بەستێن بۆ سازمانیابی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە و شکڵ گرتنی ڕێبەریەکی پێشڕەو و شۆڕشگێڕدا هەیە. هەوێنی سەرتاسەری بوونی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان مژدە بەخشی ئەوەیە کە کرێکاران و خەڵک بە گرتنە بەری تاکتیکی بیر لێکراوە و گونجاو و جۆراوجۆری خەباتکارانە دەتوانن ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمین گیر بکەن و بوار بۆ بەرەوپێش چوونەکانی دواتر ئامادەتر بکەن و ئەمەش باوەڕ بەخۆیی زیاتر و ورەی هێرشبەرانەتری بە خەڵک بەخشیوە. بەڵام ئەم ڕەوتە بەبێ هەوراز و نشێو ناچێتە پێشەوە. ڕووداوەکانی یەک، دوو مانگی دوایی نیشانی ئەدەن کە ئاڵوگۆر لە بارودۆخی سیاسی ئێراندا خێراتر بووە. دابەزینی نرخی ئەرزی ئێران لەبەرانبەر ئەرزە دەرەکیەکاندا، بەرز بوونەوەی نرخی کالا مەسرەفی و خزمەتگوزرایەکانی جێی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک، کەم بوونەوەی ٧٠ لەسەدی توانایی کڕینی کرێکاران و هەژاران، کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، گەڕانەوەی تەحریمەکان و ئاسەوارەکانی لەسەر کۆمەڵگا، شەڕە قسەی ئامریکا و سەرانی ڕژیم، کەڵکە بوونی داخوازی خەڵک لە حاڵێکدا کە وڵامی هیچکام لەو داخوازیانەی کە خەڵک لە ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباردا هێنایانە گۆڕێ نەدراوەتەوە، ئەمانە بەگشتی فەزای سیاسی کۆمەڵگایان پڕ جۆش و خورۆش و ئاڵۆز تر کردووە و بواریان بۆ حەرەکەتی خەباتکارانەی بەپەلە زیاتر فەراهەم کردووە.

خێراتر بوونی ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ئێران دەتوانێ نەزم و یەکدەستی دەزگای حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی تێک بڕوخێنێ، ڕیزی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم توشی لێک هەڵوەشان بکات و کۆمەڵگا خێراتر لە قۆناغی شۆڕشگێرانە نزیک بکاتەوە. بەڵام لەم دەورەیەدا گەلێک گرنگ و حەیاتیە کە خێراتر بوونی ئاڵوگۆری سیاسی لەتمە لە شێوازی گونجاو و بیر لێکراوە، شێوەکار و تاکتیکەکانی خەباتکارانە و ڕەوتی بەرەو کامڵ تر بوونی خەباتی کرێکاری و جەماوەری نەدات. کاتێک باسی گونجاوی و بیر لێکراوەیی شێوەکار و تاکتیکەکانی خەبات دەکەین مەبەستمان سەرجەم ئەو حەرەکەتەیە کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بە شێوەیەکی نابەوەخت و بەر لەوەی کە ئامادەیی پێویستیان لە ڕیزەکانی خۆیان بەدی هێنابێت، بەر لەوەی کە ڕێبەریەکی رۆشنبین و شۆڕشگێڕ و ڕێکخراو دەستەبەر بکات ئەو بەرەو گۆڕەپانی نەبەردی کۆتایی لەگەڵ دوژمن پاڵپێوەبنێت. لە جەریانی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیەدا، کاتێک کە بانگەواز کردنی داخوازیەکانی خەڵک لە لایەن لاوانێکی پڕ شورەوە کە لە ڕێزی پێشەوەی ئەم ناڕەزایەتیانەدان بەرەوڕووی دڕندانە ترین هێرش دەبێت لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە، هێرش بۆسەر ناوەندە دەوڵەتیەکان و ئاگردانی یەک یان چەند پۆمپی بێنزین هەرچەند بەشێکە لە خسڵەت و سروشتی خەباتی ژیر حاکمیەتی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان، بەڵام دوژمن لەم خسلەتە سروشتیەی خەبات وەک بیانو و دەرفەت بۆ داسەپاندنی نەبەردێک کە هێشتا کاتی نەهاتووە کەڵک وەردەگرێت. سیاسەتی ڕادیکاڵ ئەوەیە کە ئەم دەرفەتانە بە ڕژیم نەدرێن و بە گرتنبەری تاکتیکی سەنجیدە و تەرحی دروشمی ڕێکخەرانە و بەسیج کونەندە کە ڕیشەی لە بارودۆخی کار و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک دایە، جەماوەرێکی هەرچی زیاتر بێننە نێو خیابان و مەیدانەکانی خەباتەوە لەگەڵ ڕژیم. دەبێ دەریای جەماوەرێک کە نەفرەت و بێزاری لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێیدا شەپۆل ئەدات بە تەرح کردنی ئەو داخوازیانەی کە دەستەبەر بوونیان ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا دەگۆڕێت، بخاتە خۆرۆشان. دەبێ لە سازماندانی خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا پەلە بکرێت، دەبێ بە پشت بەستن بە ئەزمونی تا ئێستا یارمەتی شکڵ گرتن و پەرەدان بەو ناوەندانەی کە مانگرتنی کرێکاری و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵک هیدایەت و هاوئاهەنگ دەکات، بدات و بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئەنجامدانی نەبەردی کۆتایی ئامادە بکات. شکڵ گرتنی شوڕای هاوئاهەنگی لە جەریانی مانگرتنی سەرتاسەریدا، هەنگاوێکی گرنگە لە کامڵ کردنی خەباتی کرێکاریدا.

نابێ لەوە غافڵ بین کە ئەگەر باڵە جۆراو جۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا بۆ شکست پێهێنانی بزوتنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە هیچ هەوڵ و فڕوفێڵ و شگردێک جاوپۆشی ناکەن، بەشە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێرانیش سەرەڕای ستراتێژیەکی جیاواز کە هەیانە هەوڵ ئەدەن تا بە گرتنە بەری شێواز و تاکتیکێک کە هێشتا کاتی بەکار هێنیان ناهاتووە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بەلاڕێدا بەرن و بیکەنە هێزی زەخیرەی ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سەرەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-