کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پلینۆمی حەوتمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بەڕێوەچوو ( بەشی یەکەم)

پلینۆمی حەوتەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی یازدەی حیزبی کومونیستی ئێران، لە رۆژی شەممە ٢١ ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٥ بەرابەر لەگەڵ ٩ ی ئاوریلی٢٠١٦ بە ئامادە بوونی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە کە وەک چاودیر بانگهێشت کرابوون، بەڕێوەچوو. هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ئیجرایی و بەرپرسانی ئۆرگانە حیزبیەکان بۆ پلینۆم و دابه‌ش كردنی كار له‌نێوان ئه‌ندامانی کۆمیتەی ناوەندی، لە دەستور جەلەسەکانی ئەم دانیشتنە بوون.ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی بۆ پلینۆم ئەساسەن سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران و کۆسپ و تەنگوچەڵەمەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئابووری و قەیرانە کۆمەڵایەتیەکان و ئەو بەربەستانە بوو کە بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌یران لەسەر ڕێگای سەرمایەداری ئێران له‌ ئارادان. ڕاپۆرتەکە وێڕای ئاماژە بە کۆسپە ئابووریەکان و ئەو بەربەستانەی کە پێكهاته‌ی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی و حوقوقی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر ڕێی تێکەڵ بوونی بەتەواوەتی سەرمایەداری ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بەدی هێناوە، جه‌ختی کردوە کە تەنیا ئاسۆیه‌ك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر گەشەی ئابوریی سەرمایەداری ئێران دایه‌، لاچوونی ئەو کۆسپانەیە. لە سەردەمی بە جیهانی بوونی سەرمایەدا هەر ئەو جۆرەی کە قەیرانی جیهانی سەرمایەداری لە ڕێگای میکانیزمە ئابووریەکان و سیاسەتی ئیمپڕیالیستیەوە کاریگەری دەکاتە سەر ئابووری ئێران، گەشەی ئابووری سەرمایەداری ئێرانیش لە گرەوی تێکەڵ بوونی بە تەواوەتی لەگەڵ بازاڕی جیهانی سەرمایەدایە. دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی نیازی سەرمایەداری ئێرانیان بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوه‌ندییه‌كانیان لەگەڵ رۆژئاوا و لاچوونی کۆسپەکانی سەر ڕێی چوونە نێو بازاڕی جیهانیەوە، هەست پێکردوە. تێگه‌یشتن له‌م پێویستیه‌ مەعریفەتی نییە، گەشەی سەرمایەداری ئێران لە دوو دەیەی ڕابردودا ئەگەرچی هێشتا توانایی و زەرفیەتی ئاڵوگۆڕێکی خێرای لە رژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئەم ئاڕاستەیه‌ بەسەر باڵێک لە ڕژیمدا سەپاندوە. دەوڵەتی رۆحانی لە ڕاستای وڵامدانەوە بە نیازەکانی سەرمایەداری ئێرانە کە سەرەڕای کۆسپە یاساییەکان و دژایەتی و کارشکێنی باڵە نەیارەکان بێ سەبرانە هەوڵ ئەدات بە رێكخراوی بازرگانی جیهانیەوە پەیوەست بێت. ” هەڵبژاردنی” ئەم دواییەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لەگەڵ ئەوەیکە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن ره‌یی بوون، بەشداریان تێدا نەکرد و بەشێکی تر لەو کەسانەی بەشداربوون بە هانده‌ری جۆراو جۆرەوە، لەوانە تەوەهوم بە کارایی و تاکتیکی هەڵبژاردنی خراپ لەبەرانبەر خراپتردا، چوونە بەردەوم سندوقەکانی دەنگدان، بەو حاڵەشەوە نیشانیدا، کە دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم سیاسه‌ته‌، بەشێک لە چینی سەرمایەدار و چینی مامناوەندیان لەگەڵ دایە.692
لە بارودۆخی ئێستادا دەوڵەتی رۆحانی بۆ هاندانی سەرمایە گوزاری دەرەکی و ڕاکێشانی سەرمایەکان بۆ بواری بەرهەمهێنان، بەرنامە ڕیازەتیە ئابووریەکانی توندتر کردۆتەوە. دیاری کردنی حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا و لابردنی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە لیستی وەرگرتنی یارانەکان و درێژەی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت، بەشێک لە بەرنامەی توند کردنەوەی ڕیازەتی ئابورین کە بە پشت بەستن بە سیاسه‌تی سەرکوت به‌ڕێوه‌ ده‌بات. گشت ئەم بۆ چوونه‌ نیشانی ئەدات کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداری ئێران هیچ ڕێگا چارەیەکی خێرایان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی بێکاری کە بۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی و بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و فەلاکەتێکی گشتی کە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی دانیشتوانی ئێرانی بەرەو ژیان بردن لەژێر هێڵی هەژاریدا پاڵ پێوەناوە، نییە.

بەڵام ئەگەر ئاڵوگۆڕەکانی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردو، چینی سەرمایەداری ئێرانی خستوەتە بارودۆخێكه‌وه‌ کە سیاسه‌تی تێكه‌ڵ بوونی زیاتر لەگەڵ بازاڕی جیهانی سەرمایە بەسەر چەند باڵێک لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەسەپێنێ، ئەم ئاڵوگۆرانە تەنیا پێوه‌ندی چینی سەرمایەداری ئێران نییه‌، بەڵکو چینی کرێکاری ئێرانیش ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا هاتوە.

ژوماره‌ی کرێکارانی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردودا دوو بەرابەر بووە. ئەگەرچی شەپۆلی دووهەمی هاتنی زەحمەتکێشانی دێهات بەرو شار لە دەورەی دوای شەڕی ئێران و عێڕاقدا بووە هۆی ئەوە ی کە ئاستی چاوەڕوانیەکانی کرێکاران دابەزێت و ئەم ڕاستیە کاریگەری کردەسەر ئاستی خەباتی کرێکاران لە دەیەی حەفتادا، بەڵام ئێستا دوو دەیە بەسەر ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا تێپەڕێوە. پێگەی چینی کرێکار لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا زیاتر لەپێشو چەسپاوە. کرێکاران چاوەڕوانیەکانیان لە ژیان زیادی کردوە و رێگا نادەن کە کۆماری ئیسلامی بە قیمەتی داسه‌پاندنی فەلاکەتی زیاتر به‌سه‌ریاندا، سەرمایەداری ئێران لەم قەیرانە دەرباز بکات. ئەگەر ئاسەوارەکانی شەپۆلی یەکەمی کۆچکردنی زەحمەتکێشانی دێهات بەرەو شار لە دەیەی چل دا و گەشەی چلۆنایەتی چینی کرێکار سەرئەنجام کاریگەری خۆی لە پەرەدان بە خەباتی کرێکاری لە ساڵەکانی ٥٦ و ٥٧ دا نیشاندا، لە ئێستاشدا کاریگەریەکانی شەپۆلی دووهەمی کۆچی زەحمەتکێشانی دێهات بەرەو شارەکان دوای دەورەیەک کز بوونی خەباتی کرێکاری، لە پەرەدان بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی رۆژانەی کرێکاراندا دەبینین. کەوایە ئەگەر چینی سەرمایەداری ئێران بە بەراورد لەگەڵ ڕابردو خاوەنی پێگەیەکی باشترە، چینی کرێکاری ئێڕانیش چ لە باری چەندایەتیەوە و چ لەباری چلۆنایەتیەوە گەشەی کردوە. گەشەی خەباتی کرێکاری لە یەک دەیەی ڕابردودا، پێکهاتنی چەندین تەشەکول و نیهادی سەربەخۆی کرێکاری لە دەوڵەت، بوونی تەیفێکی تا ڕادەیەک بەرین لە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکارای کە خۆیان بە کۆمەڵگا ناساندوە، هەڵکردنی ئاڵای داواکاریە سیاسی و ئابووریەکان لە بۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاردا کە داواکاری و خۆاستی زۆربەی خەڵکی ئێران نوێنەرایەتی دەکات و ڕاکێشانی پشتیوانیە نێونەتەوەییەکان، نیشانه‌ی گەشە و بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاریە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی ده‌وروبه‌ری شۆڕشی ساڵی ٥٧ . ڕەوتی روو لە گەشەی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و هەر ئەوەیکە لە بارودۆخی ئێستادا ١٣ نیهاد و تەشەکۆلی سەربەخۆی هەڵسوڕاوانی کڕێکاری لەنێوخۆدا لە پێوەند لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو بۆ ساڵی ٩٥ بە شێوەی هاوبەش یان بەجیا هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن و بە گشتی هەڵوێستێکی وەک یەک لەم بارەیەوە دەگرن و لەسەر حەقدەستی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا پێداگری دەکەن، تا ڕادەیەک کاردانەوەی باردودۆخی بزوتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. کەم کەم ئاسەوار و کاریگەریەکانی ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیەی کە چینی کرێکاری پێدا تێپەڕێوە و هه‌ڵناگه‌ڕێنه‌وه‌ لە ئاستی چاوەڕوانیەکان و خەباتی کرێکارانی ئێراندا خۆی نیشان ئەدات.

لە لایەکی دیکەوە ژنانی ئێران کە نیوەی کۆمەڵگای ئێران پێک دینن و سیاسەتی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بەر بە حوزوری بەرچاویان لە بازاڕی کار و دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی باڵا بگرێت، ئێستا لە مەوقعیەتێکی باشتردایە بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی قانونە ئیسلامیەکان و چوون بەدوای ویست و داواکاریەکانیدا. بەهۆی ئەم پێگەیەی کە بزوتنەوەی ژنان بەدەستی هێناوە و ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕە بەردەوامەکاندایە، بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی ژنان بۆتە بابەتێکی حاشا هەڵنەگر و کۆماری ئیسلامی توانایی ڕاوەستان لە بەرانبەر ویست و داواکاریەکانی ئەوانی لەدەست داوە.

ئەم ڕاستیە کۆمەڵایەتیانە، ئەو داواکاریە هەنوکەییانەی کە کرێکاران رۆژانە خەباتیان بۆدەکەن و ئەو ویست و خواستە ئازادی خوازانەی کە لە قوڵایی کۆمەڵگادا ڕیشەی داکوتاوە، نیشانی ئەدەن کە ڕێگا چارەی سوسیالیستی بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارە خاوەنی بنەمایەکی بەهێزی مادیە.

کۆبونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتیانە و ئەو ڕەوتە سەرەکیانەی کە لە ئارادان، جەختی کردوە کە کاریگەری ئەم ئاڵوگۆڕانە لە مەیدانی خەباتی روو لە گەشەی کرێکاران و بەرەو روو بوونەوەی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ نیزامی حاکمدا دەبێ بەشێوەی جیدی لەبەرچاو بگیرێت. پێویستە نیازەکانی ئەم قۆناغە بە وردی و دەقیق بناسرێن. چالاکیەکانی حیزب لە سەرجەم بوارەکانی تەبلیغی سیاسی، تەرویج و سازمان داندا دەبێ مۆری ئاڵوگۆرەکانی ئەم دەورەیەی پێوە بێت و لە ڕاستای وڵامدانەوە بە نیازەکانی ئەم قۆناغە ئیسلاح و گەشە پێبدرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-