کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پله‌ یه‌كه‌مه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ جیهاندا

ساڵی ڕابردوو ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە زۆربەی دیاردە مەنفیەکان لە ئاستی دنیادا پلەی یەکەمی دەستەبەر کرد و یان له‌م بووارانه‌دا چووە ڕیزی خراپترین وڵاتەکانەوە.
دامەزراوەی ئامارگیریەکانی دنیا، لیستێکی دورو درێژیان لەم بوارانەدا بڵاو کردۆتەوە کە ته‌نیا ئاماژە بە چەند بابه‌تیان، ئاستی کارەساتێک نیشان ئەدات کە خەڵکی ئەم وڵاتە لەژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا به‌سه‌ریان هاتووه‌.
لە ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی، بانترین ژمارەی ئێعدامەکانی لە دنیادا بە پێی ژمارەی دانیشتوانی، بە ناوی خۆیەوە تۆمار کرد. ڕژیمی ئیسلامی، تەنیا ڕژیمێک بوو لە دنیادا، کەسانێکی ئێعدام کرد کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا لە تەمەنی منداڵیدا بوون. کۆماری ئیسلامی به‌ هۆی به‌ڕێوه‌بردنی سزای ئێعدام، ئێعدام کردنی تازەلاوان، بڕێنەوەی بەشێکی جەستە وه‌كوو سزا و زیندانی كردنی درێژ ماوە، گوشار هێنان بۆسەر کەمینە ئاینیەکانی وەک بەهاییەکان و به‌ڕێوه‌بردنی گه‌لێك یاسای دژی ئینسانی لەبواری جۆراوجۆردا، لە لایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە مەحکوم کرا.
کۆماری ئیسلامی ئێران پلەی یەکەمی لە گرتنی رۆژنامە نووسان و وێبلاگ نووسان به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها گرتنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سیاسی و چالاكوانانی مەدەنی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیدا، کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ پله‌ی یه‌كه‌می جیهانیدا بوو. لە لیستی ساڵانەی، ئازادی ڕاگەیاندندا لە دنیا، هەروا لە ڕیزی “خراپترین وڵاتانی سەرکوتگەری ئازادی زانیاری”دایە و پلەی ١٦٩ هەمی لە نێو ١٨٠ وڵاتی دنیادا هەیە.
توێژینەوە مەیدانیەکانی دامەزراوەی ئامار گیری “گالووپ”، نیشانی ئەدات کە لە ساڵی ڕابردودا، خەڵکی ئێران، یەکێک لەو سێ وڵاتەن کە غەمگینترین جه‌ماوه‌ری دنیایان تێدایە و لە باری دڵەڕاوکێ و گوشاری عەسبیەوە، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک عێڕاق بە گشت ئەو موسیبەتانەی کە تێیدا لە ئارادان، بە خراپتر زاندراوە.
ئێران لە ڕیزی خراپترین وڵاتانی دنیادایە لەباری تەلەفاتی جادەییەوە. ساڵی ڕابردو، جادەکانی ئێران، هەروا قەتڵگای مووسافیران بوو. ئێران یەکەم وڵاتە لە دنیادا لە بواری مەرگ و میری سەرچاوە گرتوو لە تەسادوفاتی جادەییەوە کە بە فاسیلەیەکی زۆر لەم بوارەدا، پێش وڵاتانی تری وەک خۆی کەوتوە.73 1
لە ساڵی ڕابردودا حکومەتی ئیسلامی، به‌ یەکێک لە خراپترین حکومەتەکان لە رووی گەندەڵی داراییه‌وه‌ دەست نیشان کرا. لە ڕاپۆرتی ساڵانەی سازمانی شەفافیەتی جیهانی، ڕژیمی ئیسلامی بە دەستەبەر کردنی پلەی ١٤٦، یەکێک لە گەندەڵترین دەزگا ئیداری و ماڵیەکانی به‌ده‌ستهێنا.
ساڵی ڕابردو ئێران لە زوومرەی خراپترین وڵاتانی دنیادابوو لە باری ڕێژەی پیسی هەوا و زیان گەیاندنی سیستماتیک بە ژینگە. لەم ساڵەشدا ڕەوتی پەرەسەندنی بیابانەکان، سوتاندنی دارستانەکان، وشک کردنی تاڵاوەکان، پیس بوونی هه‌وای سەرچاوە گرتو لە سوتەمەنی خراپ و ماشینی کۆن لە شارە پڕ جەمعیەتەکانی ئێڕاندا، درێژەی بوو. ئێران بەپێی پێوانە جیهانیەکان، بانترین ئالودەگی دیوکسیدی كه‌ربۆنی لە هەوای شارەکاندا هەبووە. زۆر ترین ئاماری نەخۆشانی گیرۆدە بوو بە سەرەتان لە دنیادا لە ئێران تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ساڵی ڕابردودا، کۆماری ئیسلامی بە ڕەواڵی ٣٨ ساڵ حاکمیەتی نە تەنیا مافی ژنانی پێشێل کرد، بەڵکو هەوڵیدا بەکردەوە و بە به‌ڕێوه‌بردنی سیاسەت و پەسند کردنی یاسای کۆنەپرستانە، ستەمی ڕەگەزی نیهادینە بکات و بەستێنی پەیڕەوکردنی بێ مافی ژنان، خۆشتر و ئاپارتایدی جنسی بکاتە یاسایی. خراپترین مەبەست، هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ناوەرۆکی کتێبە دەرسیەکانی مەدرەسە بوو لەسەر حیسابی جنسیەت و بۆ کۆنترۆڵ کردنی زیاتری هەڵسوکەتی کچان، و پاسدار و ئاخوندنی ڕەوانەی شوێنە ئاموزشی و مەدرەسەکان کرد. لە زانکۆکان و ناوەندەکانی ئاموزشی باڵادا جارێکی تر، گه‌ڵاله‌ی جیا کردنەوەی جنسیەتی خستە دەستوری کاریەوە و لە هەوڵدایە تا جیاکاری جنسیەتی بەگەیەنێتە ناوەندەکانی کار و ئیدارەکانیش.
ئەوەی کە وترا، هەموو ئەو ڕاستیە تاڵانە نین کە لە لیستی کارەساتەکانی سەرچاوە گرتوو لە حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێراندان. با ئاماژە بە چەند نمونەی تریش لە دەیان نمونەی له‌و چه‌شنه‌ بکەین:
لە ساڵی ١٣٩٥ بوجەی ئاموزش و پەروەرش، بێهداشت و دەرمان، بیمە کۆمەڵایەتیەکان و باقی بوارە خزمەت گوزاریەکان، دیسانیش سه‌ره‌ڕای گه‌لێك له‌ خواره‌وه‌بوونی کەمتریش کرانەوە و لە بەرانبەردا، بوجەی سپای پاسداران و ئەڕتەش و هێزە ئەمنیەتیەکان و مزگەتەکان و حەوزەکانی عیلمیە، سه‌ره‌ڕای سه‌رسوورهێنه‌ر بوونیان دیسانیش زیاد کران.
ساڵی ١٣٩٥ ساڵی کوشتاری زەحمەتکێشانی کۆڵبەر بوو لە سەر سنورەکان. لەم ساڵەشدا سەدان کەس لەو زه‌حمه‌تكێشانه‌ی كه‌ به‌ هۆی بێكاری، به‌ هۆی ناچاری ڕوویان كردۆته‌ پیشه‌ی كۆڵبه‌ری، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان و یان بەهۆی تەقینەوەی مینی چیندراو یان گرفتار بوون و گیان له‌ده‌ستدان له‌ ناوچه‌ سه‌خت و شاخاوه‌ییه‌كاندا لە ناوچە سنوریەکان، گیانیان لەدەستدا و یان بریندار و کەم ئەندام بوون. جیهان له‌م كاره‌ساته‌ ئاگادار بوو و ریسواییه‌كی دیكه‌ی بۆ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی تۆمار كرد.
لە حاڵێکدا کە سەبەدی هەزینەی بنەماڵەیەکی کرێکاری لە ساڵی ١٣٩٦ دا لە لایەن مەحافلی نزیک لە خودی ڕژیمەوە لە سنوری هێڵی هەژاری، مەبلەغی دوو ملیۆن و ٤٨٠ هەزار تمەن ڕاگەیەندراوە، بەڵام لە ئاخرین رۆژەکانی ساڵی ٩٥دا، ڕێژەی لانیکەمی کرێ و حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٦ بڕی ٩٣٠ هەزار تمەن، واتە یەک لەسەر سێ لەژێر هێڵی هەژاریدا ڕاگەیاندرا.
لە ساڵی ڕابردودا ژمارەی گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر زیادی کردوە. تەمەنی مامناوەندی گیرۆدە بوون، تەمەنی مامناوەندی لەشفرۆشی، زیاتر دابه‌زی. دیاردەی گۆڕخەوی بە دیاردەی کارتۆن خەویەوە زیاد بوو و بوو بە پەلەیەکی تری شەرمازاری بە نێوچاوانی ڕژیمی ئیسلامیەوە لە ئێران.
ئەم کارەساتانە لە وڵاتێکدا ڕوو ئه‌ده‌ن كه‌ بە ملیۆن هێزی کاری ئامادە بەکاری تێدایه‌ و له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ سه‌روه‌تی ژێر زەمینی خه‌تووه‌، ئیمكاناتێكی به‌ لێشاوی بۆ كشت و كاڵ و ئاژەڵداری تێدایه‌، كه‌ش و هه‌وایه‌كی له‌ باری هه‌یه‌ و گەلێک لە زەرفیەتەکانی تری كه‌ بێ كه‌ڵك ماونه‌ته‌وه‌. وڵاتێک لە وەها مەقعیەتێکدا لە ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا چۆه‌ته‌ ڕیزی هەژارترین وڵاتانی دنیا. بێ گوومان جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، جەماوەری خوازیاری ئازادی و یەکسانی و ژیانی باشتر سه‌ره‌نجام، تەکلیفی خۆیان لەگەڵ وەها ڕژیمێک یەکلایی دەکەنەوە.