بە شوێن پەیامی نەورۆزی خامنەیی کە لە بەشیکیدا چووە سەر بارودۆخی ئابووری، گەلێک لە کاربەدەستانی ڕژیم بۆ بەجێ نەمان لە قافڵە کەوتنەخۆ بۆ مەدح و سەنا کردنی و بۆ کرداری عەمەلی لەم پێوەندیەدا ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند. لەو پەیامەدا خامنەیی لە کۆمەڵێک قسەی ناکۆکدا بە بێ شەرمی تەواوەوە وتی” لە ساڵی ڕابردودا گەلێک کاری باش بۆ مەسەلەی هەلی کار و بەرهەمهێنانی میللی ئەنجام دراوە و دروشمەکانمان بەکردەوە دەرهاتون.” بەڵام لە هەمان حاڵدا ئیعتیرافی کرد کە گرفتی سەرەکییان هەروا مەسەلەی ئابووری و بەڕێچوونە. خامنەیی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە سەرەکیە، نوسخەی ناونانی ساڵی ١٣٩٧ ی بە ساڵی ” پشتیوانی لە کالای ئێرانی” پێچایەوە و داوای لە بەرپرسان کرد کە بچن بەدوای بەرهەمی میللی دا. ئەوە یەکەم جار نییە کە خامنەیی لە پێگەی ڕێبەریی نیزامدا بۆ خاڵی نەبوونی عەریزە، بۆ زڕگار کردنی ئابووری وەرشکست بووی ئێران نوسخە دەپێچێتەوە. ئەو ساڵی ٩١ کیشی ناو نابوو ساڵی” بەرهەمهێنانی نەتەوەیی پشتیوانی لە کار و سەرمایەی ئێرانی”. بەڵام لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بە پێی ئامارەکانی خودی ڕژیم، ئابووری ئێران بەرەو رووی گەشەی مەنفی ٦ لەسەدی ببوویەوە. لە دوو ساڵی ڕابردوشدا کە خامنەیی ئەوانی ساڵی ” ئابووری خۆڕاگرانە؛ هەنگاونان و کردار” و ” ئابووری خۆڕاگرانە؛ بەرهەمهێنان و هەلی کار” ناونا بوو، بارودۆخی ئابووری و بەڕێچوونی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، ساڵ بە ساڵ خراپ و خراپتریش بوو.
خامنەیی بە یاری کردن بە وەشەکان دەیەوێ داماوی و بیدەرەتانی ڕژیمەکەی لە دەرچوون لە بارودۆخی نابەسامانی ئابووری بشارێتەوە و خەڵک بخەڵەتێنێ. دەنا خۆی دەزانی کە نە ئابووری خۆراگرانە بە قەولی ئەو ” بە ئۆلگوی بومی و ناوچەیی و زانستی سەرچاوەگرتو لە فەرهەنگی شۆڕشگێڕانە و ئیسلامیەکەی” کڕیارێکی هەیە و نە بە هەڵخڕاندنی هەستی ناسیۆنالیستی ” پشتیوانی لە کالای ئێرانی” دەتوانێ خەڵک بۆ کڕینی کالا بێ کەیفیەتە نیوخۆییەکان هان بدات. ئەم تەعریفانە نە ئیعتیباری زانستیان هەیە و نە نزیکایەتیان لەگەڵ هیچکام لە سیستەمە ئابوورییە ناسراوەکانی ئەمرۆی دنیادا هەیە. عیمادی فروغ مامۆستای کۆمەڵناسی زانکۆی تاران لە وتووێژێکدا بە ئاماژە کردن بە ناونانی ساڵەکانی پێشو لە لایەن خامنەییەوە وتویەتی:” ئەم ناونانە زنجیرەییانە پێوەندار و بەیەکەوە بەستراون. بەڵام هۆکاری تێکرار کردنەوەیان ئەوەیە کە ئێمە لەم پێوەندەدا سەرکەوتو نەبووین و ئەگەر سەرکەوتو ببواین پێویستیەک بە تێکرار کردنەوەی ناونانەکان نەبوو.”
کەوایە لە ناونانەکەی ئەمساڵی خامنەی، بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم کە لە دزی و گەندەڵیدا شارەزایی باشیان هەیە، هەلەکەیان قۆزیوهتهوه و بە چاپلوسی و تاریف و پیاهەڵدان بە پەیامەکەی خامنەییدا، دەستیان کردوە بە بەرنامە دانان بۆ بەهرەبهرداری، ئیختلاس و دزی زیاتر تا بەربەستەکانی سەر ڕێگای نەخشەکانیان لابەرن.
وەزیری سەنعەت، مەعدەن و توجاڕەت لە نامەیەکی چاپلوسانەدا لەببەیکی بە ناو لێنانەکەی خامنەیی وتوە و ئەوی ” دڵخۆشکەر و هیوا بەخش” وەسف کرد و بەڵێنی داوە ئەمساڵ ” بە هەوڵی مەجاهیدانە لە پارێزگاری کردن لە بەرهەمی میللی وكونتڕۆڵی کردنی بازاڕ بۆ ڕاکێشانی کالای ئێرانی” هەنگاو هەڵێنێتەوە. هەڵبەت ئاغای وەزیر لەبیری نەکرد جەخت بکاتەوە کە ئەم موجاهیدەتەی” بە هاوکاری لە خۆبردوانەی هاوکارانی لە دەوڵەتی روحانیدا و باقی هێزە سنور پارێزەکانی سروشتی و گومرکی وڵات” بە کردەوە دەردێنێ. دەبیری ئوسولگەرای کۆمەڵگەی ئەسناف و بازاڕیش بە پشتیوانی کردن لە فەرمانەکەی خامنەیی وتی:” ئەگەر خەڵک کالای نێوخۆیی بەکاربێنن، گرفتی بێکاری چارەسەر دەبێت.” ئەو بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی خوازیاری دەخاڵەتی قوەی قەزاییە و قوەی یاسادانان و سەرجەم ئورگانهكانی ڕژیم بوو تا فەزایەکی بەرهەمهێنانی نیوخۆیی ئامادە بکەن. ئەو وتی:” هەموو جۆرە کۆسپێک دەبێ لەسەر ڕێگای بەرهەمهێنانی نێوخۆیی لابردرێت تا ئەمنیەتی سەرمایە گوزاری دابین بێت و بانکەکانیش دەبێ هاسانکاریەک کە قازانجی بۆ بەرهەمهێنەران هەبێت بخەنە ئیختیاریانەوە.” دەبیركولی” ئەسناف و بازاڕ لە حاڵێکدا باس لە پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی دەکات. کە خۆی ئیعتیراف دەکات رۆژی پێشتری بۆ دابین کردنی مادەی سەرەتایی یەکەیەکی بەرهەمهێنان چۆتە ٦٠ کارخانە بەڵام ٥٨ لەوان یان داخرابوون یان نیوە داخراو بوون. بەڵێ بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم بەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی کارخانەکانیان دەیانەوێ بچنە مەیدانی ڕقابەت لەگەڵ وڵاتانی دیکەوە.
لە لایەکی دیکەوە دەستەودامین بوونی کاربەدەستانی ڕژیم بە قوەی قەزاییە و یاسادانان و سنور پاڕیزەکان بۆ بەهێز کردنی بەرهەمی نێوخۆیی نیشانەی بوونی گەندەڵی بەرین و نیهادینە بووە لە ئێراندایه کە سەرتاپای ڕژیمی داگرتوە. دیاردەیەک کە خودی خامنەیی دانی پێدا دەنێ و ئەو بە” ئەژدیهای گەندەڵی” ناوبردبوو. بەڵام لە پەیامە نەورۆزیەکەی ئەمساڵیدا بێ شەرمانە بوونی گەندەڵی ڕەد دەکاتەوە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بە مەوعیزە و سەرکوت ناکرێت خەڵک بۆ کڕینی کالای بێ کەیفیەت ناچار بکەیەت. ئابووری سەرمایەداری یاسا و ڕێسا و میکانیزمی تایبەت بەخۆی هەیە. لە سیستمی سەرمایەداریدا کالای بەرهەمهاتوو لەنێوخۆ و یان لەدەرەوە کاتێک کڕیاری دەبێت کە توانایی ڕقابەتی لەگەڵ بەرهەمەکانی تردا هەبێت. ساویلکانە یان فریوکارانەیە کە ئیدیعا بکرێت” بە پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی و ناوچەیی گەشەی ئابووری بەدی دێت و گرفتی بێکاری چارەسەر دەبێت.” یەکێک لە گرفتە ئابووریەکان لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەیە کە ٨٠ لەسەدی ئابووری سەرجەم سنورەکان و خاڵە گومرکیەکانی وڵات لە ئیختیار سپای پاسداران دایە. سپای پاسداران وەک مافیایەکی گەورەی قاچاغ و ڕانت، بازاڕی ئێرانی قۆڕغ کردوە. نە بەیتی ڕێبەریی و نە قوەی قەزاییە و یاسادانان و نە سنور پارێزەکان تەنانەت ئەگەر بشیانەوێ ناتوانن بەریان پێبگرن. ساڵانە بە ملیارد دۆلار کالای قاچاغ لە لایەن سپای پاسدارانەوە هاوردە دەکرێت و لە بازاڕەکانی ئێراندا بە مشتەریەکان دەفرۆشرێتەوە. هەڵبەت کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕژیم لە ئاستەکانی سەرەوەدا لێی ئاگادارن و لە سود و قازانجەکەیدا شەریکن. سەرۆکی فراکسیۆنی بەناو ئیسلاح خوازی “خەبات لەدژی گەندەڵی ئابووری مەجلیس” لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیلنا ئاشکرای کرد کە رۆژانە ٣٣٠٠ کانتینێر کالای قاچاغ لە خاڵە سنوریەکانەوە هاوردەی ئێران دەکرێت. لەگەڵ ئەوەدا هەزاران دامەزراوە و بونیادی سەربە دەزگای روحانیەتی گەندەڵ لە ئێراندا لەوانە بونیادی ١٥ ی خورداد، بونیاد موستەزعەفان، ستادی ئیجرای فەرمانی ئیمام، بونیادی تەعاونی سپا، بونیادی تەعاونی ئەڕتەش، بونیادی تەعاونی بەسیج، بونیادی تەعاونی وەزارەتی دیفاع و بەشی ئابووری کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام، بوونیان هەیە کە بە سەدان هەزار ملیارد تمەن لە سەروەت و سامانی خەڵکیان تاڵان کردوە و وڵامدەرەوەی کەسیش نین.
بەم جۆرە بەداخەوە ئەمساڵیش کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران ساڵێکی دژوار و بەڕێچوونێکی پڕ لە چەرمەسەریان لەبەردەم دایە. بەڵام لەوێوە کە بوارە عەینی و کۆمەڵایەتیەکانی ئاخیزی مانگی بەفرانباری ڕابردو وەک خۆی ماوەتەوە و ڕەوتی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان لە بەرانبەر گرانی، بێکاری، هەژاری و برسیەتیدا بە تایبەت لە دوو مانگی ڕابردودا توندتر بۆتەوە و ڕژیم لە بەرانبەر کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا ڕێگا چارەیەکی نییە، ئیمکانی سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەری ڕێکخراو تر و بەهێز تر کە بەساتی ئەم ڕژیمە تێکەوە پێچێت بووە بە ئەگەرێکی گەلێک مومکین. PAGE \* MERGEFORMAT 1