رۆژی دوو شەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر بەرابەر لەگەڵ ٢٥ی مانگی سپتامبر خەڵکی کوردستانی عێراق چوونە بەرەدەم سندوقەکانی دەنگدان تا لە گشتپرسیەکدا ئیرادەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان نیشانبدەن. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسییە، شەپۆلێک لە پشتیوانی و پشتگیری لە داخوازی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێرانیشی گرتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون لە کاتژمێر ٥ و نیوی ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر، هەزاران کەس لە خەڵکی خەباتکاری شاری سنە لە گروپی جیاوازدا بۆ دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و بە دانی دروشمی دیفاع لە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، لە مەسیرە جۆراوجۆرەکانەوە بەرەو مەیدانی ئێقباڵ ڕێپێوانیان کرد. هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بە شێوەیەکی بەرین لە مەسیری ڕێپێوانەکەدا سەف ئاراییان کردبوو و لەسەربانی بانک و ناوەندە دەوڵەتیەکان و یان لە بینا بەرزەکاندا بە دووربین و تەک تیرئەنداز، جێگیر و خەریکی فیلمبەرداری لە خۆپیشاندەران بوون. بەڵام شەپۆلی جەماوەر ئەوەندە بەرین بوو کە مەئمورانی ڕژیم نەیانتوانی بەری پێ بگرن و بڵاوەی پێ بکەن. ئەم کۆبونەوەیە تا درهنگانێكی شهو بەردەوام بوو. هەروەها لەم رۆژەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکانی سەقز، مەریوان، مهاباد، بۆکان، بانە، جوانڕۆ، سهردهشت، كامیاران و پیرانشار ڕەژانە سەر شەقامەکان و بۆ دیفاع لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان دروشمیان دا و بە شایی و هەڵپەڕین دڵخۆشی خۆیان دەربڕی.
خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران بەم حەرەکەتەی خۆیان شانۆیەکی شکۆداریان لە هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی هاوچارەنووسیان پیشاندا. هەڕەشەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی لەدژی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا لە زمان سەرانی ورد و درشتی ڕژیمەوە بەردەوام تێکرار دەبوویەوە، تەبلیغاتی شۆوینیستی رۆژنامە حکومەتیەکانی ڕژیم و ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی دەوڵەتی، بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی لە سەر سنورەکان، حوزوری بەرینی هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکان لە نێو شارەکان، هیچکام لەم جۆرە کردارانە، نە تەنیا خەڵکی کوردستانیان چاوترسێن نەکرد، بەڵکوو هەر بەو شێوەی بینیمان ئیرادەی ئەوانی بۆ دیفاع لە خەڵکی هاو چارەنووسیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق پتەو تر کرد.
هەر بەو جۆرەی کە هاوئاهەنگی لە پیلان گێڕی و دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی تورکیە و عێراق و دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سوریە، واتە سەرکوتگەرانی خەڵکی کورد، بابەتێکی چاوەڕوان کراوە، بە هەمان شێوە دەربڕینی پشتیوانی خەڵکی هاوچارەنووس لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستانیش بابەتێکی پێویست و چاوەڕوان کراوە. خەڵکی کوردستانی عێراق کە دوێنێ چوونە بەردەم سندوقەکان و دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاقدا، تا دەست ڕاگەیشتن بە سەربەخۆیی ڕاستەقینە و تا بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئازاد و پڕ لە ڕیفاه، هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژیان لە پێشدایە. پێوانی ئەم ڕێگایە و سەرکەوتوانە گەیشتنە مەنزڵی جێی مەبەست، پێویستی بە کۆمەڵێک پێداویستی و ئامادەکاری هەیە کە پشتیوانی خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان، یەکێک لە پایەکانیەتی.
زیاتر لە سەد ساڵە کە دەوڵەتانی حاکم لە عێڕاق بۆ درێژەی حاکمیەتی ستەمکارانە و چەوسێنەرانیان هەموو هەوڵێکی مافخوازانەی خەڵکی ستەم دیتوی کوردیان بە سەرکوت وڵام داوەتەوە. بە ئاوا پێشینەیەکەوە و لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی مەزهەبی، دژی ئازادی و دوژمنی مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، ڕژیمێک کە تەنانەت مافی هاوئاینە سوونیەکانیشی بە توندوتیژ ترین شێوە پێشێل دەکات، ڕژیمێک کە وەک یەکێک لە گەندەڵ ترین حکومەتەکانی دنیا ناسراوە، ئەمرۆ لە بەغدا دەسەڵاتدارە، سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ئیتر واوەترە لە مافێکە، و بەڵکوو بۆتە پێویستیەک. لەگەڵ ئەوەشدا لەم بوارەدا تا ئێستا گەلێک دەرفەتی چارەنووسازیش لە کیس چوون.
بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ دەستکەوتێک نە لە هەرێمی کوردستان عێڕاق و نە لە هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان، تەنیا لە ڕێگای گشت پرسیەوە دەستەبەر نابێت. ئیرادەیەک کە لە رۆژی ڕیفڕاندۆمدا خۆی پێشان ئەدات، تەنیا لە بەردەوامی و پتەوتر بوونی دایە کە هیوا بە سەرکەوتن لە دڵەکاندا زیندوو ڕادەگرێت. چاوگێڕانێک بە بارودۆخی سیاسی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەراستدا گرنگی ئەم خاڵە زەقتر دەکاتەوە. گشت پرسی رۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە دۆخێکدا بەڕیوەچوو کە هێشتا خاوەرمیانە لە ئاگری شەڕی زلهێزە جیهانی و ناوچەیی، نیابەتی و ڕاستەوخۆکاندا دەسوتێ. لە ئاوا بارودۆخێکدا بێ گومان دوژمنانی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان هەروا هەوڵ ئەدەن تا ئیرادەی ئەم خەڵکە بە پیلانی شاراوە و ئاشکرا، لە ڕاستەڕێی خۆی بە لاڕێدا بەرن و جەماوەر لە مەیدانی ڕقابەتە ناوچەییەکاندا بکەنە ئامرازی دەستی خۆیان. لە ئاوا حاڵەتێکدا قوربانیەکانی وەها سیناریۆیەک هەمان ئەو خەڵکە شەریفەن کە بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیە ڕەواکانیان چوونەتە بەردەم سهندوقەکانی دەنگدانی گشتپرسی. بەڵام ئەمە چارەنووسێکی چارههەڵنەگر نییە. بۆ بەرگرتن لە بوونە ئامرازی داخوازیە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، ڕێگایەکی دیکەش بوونی هەیە. خەڵکێک کە دوێنێ بە شور و شەوقەوە چوونە پای گشتپرسی، خەڵکێک کە لە سەر شەقامی شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، مهاباد، بۆکان، بانە، جوانڕۆ، سهردهشت، كامیاران و پیرانشار هاوهەڵوێستی خۆیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربڕی، نابێ مەیدان بۆ پیلان گێڕان و دوژمنانی خەڵکی کوردستان چۆڵ بکەن. نابێ ئەرکی خۆیان تەنیا لە رۆژێکدا و بە دانی دەنگێک، بە کۆتایی هاتوو بزانن. ئەم هێزە جەماوەریە دەبێ خۆی لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا بۆ ئامادە بوون لە گۆڕەپانی سیاسی و دخاڵەت کردن لە کاروباری دیاریکردنی چارەنووسیان ڕێکبخەن. هێزێکی پێشڕەو و ڕادیکاڵ لەنێو ئەم خەڵکەدا و لە ناخی ئەم خەباتەدا دەتوانێ شکڵ بگرێت. لە وەها بارودۆخێکدایە کە دەکرێ هیوادار بی کە ئیرادەی خەڵکی کوردستان یاری پێناکرێت و هەر بەو چەشنەی کە ئەزمونی رۆژئاوا نیشانی داوە دەکرێ بە ئامادە بوونی بەردەوام، لە ڕێگای رێکخراوە جەماوەریەکانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا بوەستی و پوچەڵیان بکەیتەوە. لە ئاوا حاڵەتێکدا پشتیوانی لە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە کوردستانی ئێرانیش تەنیا بە رۆژێک و بە حەرەکەتێکی دیاریکراو بەرتەسک نابێتەوە. ئەم پشتیوانییە دەتوانێ سنورەکان تێپەڕێنێ و پشتیوانیەکی جیهانی، پێشکەوتوانە و پێشڕەو بەدوای خۆیدا بێنێ. هەرئەو جۆرەی کە کۆبانی و بزوتنەوەی رۆژئاوا بە خۆڕاگری خۆیان لە بەرانبەر هەموو هەڕەشە و مەترسیەکاندا، توانیان سەرنج و پشتیوانی خەڵکی دنیا بۆلای خۆی ڕابکێشێت.