گوشارە ڕەگەزپەرستانە و ڕاسیستییەکان بە ئامانجی سیاسیی لەدژی ئەو ژن و پیاوانەی کە لەڕووی ناچارییەوە لە ئەفغانستانەوە ڕوویان لە ئێران کردووە، تا ڕادەیەکی زۆر پەرەی سەندووە. ئەم کۆچبەرانە لەگەڵ گەلێک کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بەرەوڕوو دەبنەوە، مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان تەنیا یەکێکە لەو گرفتانە. بەرپرسانی ڕێژیم لە هەر دەرفەتێکدا باس لە پێویستی دەرکردنی دوو میلیۆن ئەفغانستانی بەناو نایاسایی تا کۆتایی ئەمساڵ دەکەن. وەزیری ناوخۆ لە زۆر بۆنەدا ڕایگەیاندووە کە ئێران بەنیازە تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ دوو ملیۆن ئەفغانستانی لە ئێران دەر بکات. فەرماندەی پاسەوانی سنوور، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ وتبووی ٧٠٠ هەزار ئەفغانستانی دەرکراون. لە درێژەی ئەم سیاسەتە دژە کۆچبەرانەدا، ئەسکەندەر موئمنی وەزیری ناوخۆ، ڕۆژی هەینی ١٨ی خەزەڵوەر، لە سەردانێکدا بۆ شاری ئەراک وتبووی: دەرکردنی پەنابەرانی نایاسایی، یەکەم کاری لەپێشینەی جێبەجێکردنی پلانی ڕێکخستنی کۆچبەرانە. ناوبراو هۆکاری ئەوەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هاوکاری نێودەوڵەتی لەم پێوەندییەدا و ئیدیعای کرد کە “چەند ملیۆن پەنابەری بیانی، لە هەموو بەشە یارانەکان کەڵک وەردەگرن“. حکوومەتی ئێران کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامەی مانەوە بە “نایاسایی” ناودەبات بەبێ ئەوەی بڵێت کە بەشێکی زۆریان لە ئێران لەدایک بوون و تەنیا دایک و باوکێکی ئەفغانستانییان هەیە. بەرپرسان کاتێک دێنە بەردەم پەیامنێر و کامێراکان، تەنیا باس لە بەزاندنی سنووری نایاسایی لەلایەن هاووڵاتیانی ئەفغانستانەوە دەکەن. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەم بەرپرسانە باسی دەکەن، دەرکردن و دیپۆرتکردنەوەکان تەنیا ئەو کۆچبەرانە لەخۆ ناگرێت کە پێیان دەوترێت کۆچبەری نایاسایی. پەیامنێرێکی بی بی سی کە ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ سەردانی دەروازەی ئیسلام قەلعەی هەرات لە سنووری ئێرانی کردبوو، باس لەوە دەکات کە لە ناو دیپۆرتکراوەکاندا هەندێک کەسی بینیوە کە خاوەنی پاسپۆرت و بەڵگەنامەی باوەڕپێکراوی مانەوە بوون. بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژانە نزیکەی سێ هەزار پەنابەری ئەفغانستانی لە سنووری ئێرانەوە ئاودیوی ئەفغانستان دەکرێنەوە. ئەو کەسانە بەر لە دیپۆرتکردنەوەیان تاڵان دەکرێن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، مەئموورانی ڕژێم، ئەفغانستانییەکان دەستگیر دەکەن و سەرەتا داوای بەرتیلیان لێدەکەن؛ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دوای ئەوەی کە پارەیان لێوەردەگرن، بەزۆر دەیانێرن بۆ کەمپەکانی دیپۆرتکردنەوە. بە تایبەت ئەگەر کۆچبەرێک پارەی پێنەبێت، بەلێدان و ئەزیەت و ئازار دەیخەنە ناو ماشێنە بارهەڵگرەکانەوە و ڕەوانەی ئەو کەمپانەیان دەکەن. بەڵام تەنیا ئەوە نییە. ئەم ماوەیە لەسێدارەدانی ئەفغانستانییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بە پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، تەنیا لەماوەی مانگی ئۆکتۆبر دا ١٣ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە ئێران لە سێدارە دراون. ئەم ئێعدامانە هاوکات لەگەڵ بەئامانجکردنی ئەفغانستانییەکان لە سنوورەکان، بەڕێوە چوون. لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبر دا، پاسەوانانی سەر سنوور لە کەنگان کۆمەڵێکی زۆر لە کۆچبەرانیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە، کە بەپێی زانیارییەکان، لەو هێرشەدا لانیکەم ٢٦٠ کۆچبەری ئەفغانستانی گیانیان لەدەستدا. چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر کۆچبەرانی ئەفغانستان لە کۆماری ئیسلامیدا هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئەو خەڵکە لە پاکستان و هەندێک لە وڵاتەکانی ئورووپا. ماوەیەک لەمەوبەر باڵیۆزخانەی ئاڵمان لە ئێران ئەو بەشەی داخست کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەندامانی لێکدابڕاوی ئەو بنەماڵانە بوو کە بڕیار بوو بە بنەماڵەکانیان لەو وڵاتە پەیوەست بن. بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە، ئەو کەسانە ڕەوانەی باڵیۆزخانەی ئاڵمان لە پاکستان دەکەن، شوێنێکی کە گوشارەکان لەسەر هاووڵاتیانی ئەفغانستان و دیپۆرتکردنەوەیان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە پەرەی سەندووە.
واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتی سەرتاسەریی کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و هەروەها بە هۆی بوونی قەیرانە قووڵ و چارەهەڵنەگرەکان و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە ناوچەکەدا، لە لێواری داڕماندایە. لەمڕووەوە تاکە ئامرازی ئێستای ڕێژیمی ئیسلامی بۆ مانەوە، هاوکات لەگەڵ پشت بەستن بە سەرکوت و پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بریتییە لە پەرەپێدان بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانی ئازادیخواز، هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، زیندانیانی سیاسی، خوێندکاران و چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها بردنەسەرەوەی ڕێژەی بەرچاوی ئێعدامەکان. سەپاندنی گوشاری هەرچی زیاتر بۆسەر کۆچبەرانی ئەفغانستان، بەشێکە لەم سەرکوتانە. هەربۆیە پێویستە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، ژنان، خانەنشینان و چین و توێژە ناڕازی و خەباتکارەکانی دیکە، وؽڕای درێژەدان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان، پتر لە هەمیشە پشتیوانی ئەفغانستانییە هاوچارەنووسەکانی خۆیان بن. پشتگیری و پشتیوانی لە کۆچبەران دەتوانرێت بە شێوازی جۆراوجۆر بەرێوەبچێت. بەرلە هەموو شتێک پێویستە تەبلیغات و پڕوپاگەندەی درۆینە و ڕەگەزپەرستانە و شۆڤێنیستی، پووچەڵ بکرێتەوە. پێویسته بە هەر شێوەیەکی مومکین له بەرامبەر هەر چەشنە هێرشێک لەلایەن مەئمووران، شۆڤینیستەکان و هاووڵاتیانی ناوشیاری ئێرانیدا، هاوکار و یارمەتیدەری ئەو خەڵکە بین کە زۆربەیان کرێکار و زەحمەتکێشن. پێویستە کاتێک دەکەونە ژێر چاوهدێریی بەکرێگیراوانی رێژیم، داڵدە بدرێن و لە کاتی کارکردندا، لە مەترسییەکان ئاگادار بکرێنەوە. ئەم ڕێوشوێنانە، ئەرکێکی چینایەتی و ئینسانییە و بەرەی خەباتی خەڵکی ئێران لەدژی ڕێژیم و خاوەنکاران بەهێزتر دەکات.