کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پشتیوانی دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانی ڕۆژئاوا لە جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل

photo 2023 10 10 14 38 28

هێرشی حەماس بۆسەر خاکی ئیسرائیل کە غافڵگیربوونەکەی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بیانووی بە دەوڵەتە سەرمایەداری و سەرجەم لایەنە ڕاست و توندڕەوەکانی ڕۆژئاوا داوە کە بە هەموو تواناوە پشتیوانی سەربازی و سیاسی و میدیایی لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بکەن. جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا یەکسەر ڕایگەیاند کە خەڵکی ئەمریکا واتە خاوەنانی سەرمایە و دەسەڵات) لە پاڵ خەڵکی ئیسرائیل (واتە هەمان چین و توێژ ڕاوەستاون. ناوبراو بە پێویستی نەزانی پرسیار لە هیچکام لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکان بکات و دەستبەجێ فەرمانی دا کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو و چەک و چۆڵ لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ڕەوانەی ئیسرائیل بکرێت. وەک ئەوەی کە پێشوەختە هەموو شتێک ئامادەکرابێت. پاشان هێزی دەریایی و دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری مۆدێرنی بە مەبەستی نیشاندانی هێز و پشتیوانی خۆیان، ڕەوانەی ئاوەکانی ئیسرائیل کرد. بایدن ئەو کەسەیە کە کاتێک سیناتۆر بوو، دەنگی دا بە بۆردومانی سربستان و لیبی و سودان و سوریا و هەروەها دەستپێکردنی شەڕە کارەساتبارەکانی عێراق و ئەفغانستان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە و هەروەها پشتگیریکرد لە جینایەتەکانی سەربازانی ناتۆ و بەتایبەتی ئەمریکا لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەو وڵاتانە. لەو شەڕ بۆردومانانەدا چەند کەسی سڤیل کوژران و شار و ماڵ و حاڵیان وێران بوون؟ سەرمایەدارەکان، میدیاکان و مامۆستا دەستەڕاستیەکانیان تەبلیغی ئەوە دەکەن کە ئەمریکا هیچ یادەوەرییەکی نییە، بەڵام لە هەڵەدان. لە مێژوودا هیچ شتێک و هیچ ڕووداوێکی گرنگ گوم نابێت. بۆ نموونە حەماس هێزێکی دژە کۆمۆنیست، تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و لایەنگری خاوەندارێتی تایبەتە، کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە دژی هێزە چەپەکان و ناسیۆنالیستە چەپەکانی بەشدار لە خۆڕاگری فەلەستین، پێکهێنرا. هەر جوڵەیەکی ئەم هێزە کۆنەپەرستە بە دژی بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵکی فەلەستین و گەلانی ناوچەکە بووە و بەم مانایەش ڕاستەوخۆ خزمەتی بە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی چەوسێنەران و سەرەڕۆیان کردووە.

جۆبایدن و سەرۆکەکانی ئەڵمان، بەریتانیا، ئیتالیا و فەڕانسە و باقی شوێنکەوتووەکانیان لە لوتکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە شێوەیەکی ڕیاکارانە بۆردومانی وەحشیانەی منداڵان و ژنان و پیاوانی بێ دیفاعیان لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بە “بەرگریکردن لە خۆ” ناوبرد ” و هەوڵدان بۆ فریودانی بیروڕای گشتی پاسیڤ و بێ ئاگای ڕۆژاوایان خستۆتە ئەولەویەتی بەرنامەی کاری خۆیانەوە”. ئەم دەوڵەتانە بە بیانووی ئەو هێرشەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، هەوڵیانداوە مافی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین بە بیانووی “دیفاع لە تیرۆر” و دژە یەهوودی بوون،  پێشێل بکەن. بەشێک لە بەرپرسانی ئەو دەوڵەتانە بەوپەڕی بێ شەرمییەوە هەڵکردنی ئاڵای فەلەستینیان بەراورد کرد بە نمایشکردنی سەلیبە شکاوەکەی نازییەکان و داوایان لە پۆلیس کرد کە بەر بەو ئاڵایە بگرن. ئەو دەوڵەتانە و میدیاکانیان لە لایەکەوە ڕێگەیان دا تا هەموو هەواڵە ڕاست و ناڕاستەکانی پەیوەست بە هێرشەکانی حەماس لە دژی خەڵکی سڤیل و منداڵان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبکرێنەوە، بەڵام لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بەکارهێنانی گازی فۆسفۆڕ لە شەڕدا لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە خۆ دەبوێرن یا بە ناڕاستیان لە قەڵەم داوە. جگە لە دەوڵەت و میدیاکانی سەربە ملیاردێرەکان، لە هەندێک حاڵەتدا خودی ملیاردێر و سوپەر ملیاردێرەکان کە دەیان ساڵە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی دەوڵەتی ئیسرائیلیان کردووە، هاتوونەتە مەیدان و پاساو بۆ تاوانەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە دەهێننەوە. ئەو گرووپە لەوەش تێپەڕیون و تەنانەت لە قوتابخانە و کۆلێژ و زانکۆکانیشدا هەر پاڵپشتییەک لە فەلەستینییەکان بە پشتیوانی لە حەماس دادەنێن و هەوڵیان داوە بە کردەوە ڕێگری لێبکەن. بەڵام زۆرێک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەوە، کردەوەی دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا و میدیاکانیان بردووەتە ژێر پرسیار. ئەوان نووسیویانە هێرشی دڕندانەی ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبری حەماس، ڕیشەی لە حەفتا ساڵ ستەمکاری و هەڵسوکەوتی دژە خەڵکیدایە کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و بە هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دژی فەلەستینییەکان و بەتایبەتی لە زیندانێکدا بە ناوی غەززە بەڕێوەیان بردووە. جگە لە خوێندکارانی پێشڕەو، فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەر بڵاوکرایەوە، وێڕای دیفاع لە خەڵکی فەلەستین، هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە مەحکووم کرد. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەردەوامی داگیرکاریی فەلەستین و گەمارۆدانی خەڵکی غەززە و کوشتنی ڕۆژانەی فەلەستینییەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیلەوە بە پاڵپشتی بێ درێغی ئەمریکا و دەوڵەتەکانی یەکێتی ئەوروپا و لایەنگرەکانیان، هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەی ئێستان. یەکێتی سەرتاسەری کرێکارانی ئیتالیا (USB) یەکێک لە ئەندامانی فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکانیش، بە مەحکوومکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە، پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین کرد. هاوکات، بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ڕۆژی هەینی ١٣ی ئۆکتۆبەر سەرەڕای قەدەغەکرانی خۆپیشاندان لە بەشێک لە شارەکانی ئەوروپا و لە وڵاتە ئیسلامییەکان، بە دەیان هەزار کەس بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان و دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە خۆپیشاندانیان کرد.

گومان لەوەدا نییە کە هەر هێرشێک بۆ سەر خەڵکی سڤیل لەلایەن هەردوولاوە مەحکوومە.دووکەڵی ئەم شەڕە بەر لە هەموو کەس دەچێتە چاوی خەڵکی فەلەستینەوە. بۆ پێشگرتن لە هەرچەشنە تاوانێکی کۆنەپەرستان و کورتکردنەوەی دەستی ئیمپریالیستەکان، پێویستە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی فەلەستین و ئیسرائیل بدۆزرێتەوە. یەکێک لەو چارەسەرانە بریتییە لە خەباتی خەڵکی ناوچەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و بەرابەری. سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شۆڕشی شکۆداری “ژن، ژیان، ئازادی” بە دروشمە پێشکەوتنخوازانە و داخوازییە ئینسانییەکانی، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر خەباتی مەدەنیی خەڵکی فەلەستین و زەحمەتکێشانی ئیسرائیل هەبێت. ئەوەی کە حەماس ئەم قۆناغەی لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان دەستپێکردووە، ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێکارانە بەردی دیفاع لە مافەکانی خەڵکی فەلەستین لە سینگی دەدات و پشتیوانی لە حەماس دەکات، هیچیان زەڕەیەک لە ڕەوایەتیی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین لە دژی دەوڵەتی جینایەتکار  و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کەم ناکاتەوە. بۆردومانی بێبەزەییانە و وێرانکەری دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە زیانێکی گیانی زۆری خەڵکی سڤیل و دانیشتوانی ئاسایی غەززە و لەوانە منداڵانی لێکەوتۆتەوە و تا دێت پەرەدەستێنێ، دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت. پێویستە خەڵکی فەلەستین ببنە خاوەن مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسی خۆیان. دەستەبەربوونی ئەم مافە سەرەتاییە بۆ خەڵکی فەلەستین، پێویستی بە پشتیوانی و هاودەنگیی نێودەوڵەتی هەیە.