ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٦ی خه‌رمانان، كۆمه‌ڵێك له ڕووناكبیران، چالاكانی سیاسی، گرووپ و ڕۆژنامه چه‌په‌كانی جیهان له به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتیوانی خۆیان له شۆڕشی “ژن،ژیان،ئازادی” و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران ده‌ربڕی.
نووسه‌رانی ئه‌و به‌یاننامه‌یه وێڕای ئاماژه‌كردن به ئاپارتایدی جنسیه‌تی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی، شۆڕشی ژنانی ئێرانیان، شۆڕشێكی فمینیستی ته‌واو و كه‌ماڵ ناو برد. له درێژه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، واژوكاران ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌و فمینیسته‌ی ئه‌وان باسی لێوه ده‌كه‌ن، خه‌بات له دژی زه‌نجیره‌ی توندووتیژی و دژه مرۆڤانه‌ی سه‌رمایه‌داریه. هه‌روه‌ها له ئیدامه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا بێده‌نگی و چاوپۆشی وڵاتانی جیهان له كۆمه‌ڵكوژكردن، ئه‌شكه‌نجه و به‌ندكرانی هه‌زاران شارۆمه‌ندی ئێرانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به توندی شه‌رمه‌زار كراوه. به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یان واژۆ كردووه بریتین له: “جودیت باتلر”، “ئاتین بالیبار”، “ورونیكا گاگۆ”، “شه‌هرزاد موجاب” و “سۆفی وانیك”.