کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پشتیوانیە جیهانیەکان لە ڕەزا شەهابی بەرینتر دەبێتەوە

ڕەزا شەهابی هەڵسوڕاوی ناسراوی کرێکاری و ئەندامی ناوەندی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەورەبەر، هەروا لە زیندان دایە و هاوکات خەبات بۆ ئازاد بوونی لە نێو خۆ و لە دەرەوەی وڵات بەرینتر بۆتەوە. لە تازەترین هەنگاو لەم بوارەدا، گەورەترین سەندیکا و فیدراسیۆنە کرێکارییەکان لە وڵاتانی فەرانسە، ئیسپانیا، ئیتالیا، بلژیک، سوئێد و نۆروێژ، لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا خوازیاری ئازادی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی ئەم هەڵسووراوە کرێکارییە بوون. لەم بەیانیەدا کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی دسامبری ٢٠١٧ بەرابەر لەگەڵ چواری مانگی بەفرانبار دەرچووە، هاتوە:

“ئەو ڕیکخراوە کرێکاریانەی ئەم بەیانیەیان ئیمزا کردوە، ماوەیەکی زۆرە کە بارودۆخی ڕەزا شەهابی، ئەندانی سەندیکای شیرکەت واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، بە وردی چاودێری دەکەن. چالاکیەکانی ڕەزا شەهابی بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی کرێکاران لە ئێران بە تەواوی لە چوارچێوەی پەیمان نامە بە ڕەسمەیەت ناسراوەکان لە ئاستی دنیا و سازمانە جیهانیەکانی کاردا بووە.

بە پێی بەڵگەی سەندیکای شیرکەت واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، بەم دوایانە پاش ئەوەی کە ڕەزا شەهابی زیندانی دەکەن سەرەڕۆیانە ماوەی مەحکومیەتەکەی کە ساڵێک بووە، ٩٦٨ رۆژی دیکەشی پێوە زیاد دەکەن. ڕەزا شەهابی بە دەست گەلێک نەخۆشیەوە ئازاری دەکێشا کە سەرچاوە گرتوو لە ئەشکەنجە لە زیندان و مداوا نەکرانی لە ماوەی چەندین ساڵی دوور و درێژی زیندان دایە. ئەو وەک ناڕەزایەتیی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و تەنیا دوای ئەوەی کە مودیری زیندان بەڵێنی پێداچوونەوە بە مەحکومیەتەکەی ئەم دواییەی پێدا، دەستی لە مانگرتن لە خواردن هەڵگرت. بەڵام تا ئێستا وڵامێکی روون بە هیچکام لە داخوازیەکانی نەدراوەتەوە. ئاگادار بوین کە ڕەزا شەهابی لەم دواییانەدا لە زیندان توشی سەکتەی مەغزی بووە. گیانی لە مەترسیدایە. ئێمە واژۆكارانی ئەم نامەیە سەبارەت بە زیندانی کرانی ڕەزا شەهابی ناڕازین و بە ڕەسمی خوازیاری ئازادی خێرا و بێ شەرت و مەرجی ناوبراوین تا ئیمکانی هەبێت لە چاودێری پزشکی و دەرمانی گونجاو و شیاو بەهرەمەند بێت. لەگەڵ ئەوەدا وەبیری دێنینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک ئەندامێکی سازمانی جیهانی کار، مولزەم بە ڕەچاو کردنی تەعەهودەکانیەتی لە بەرانبەر پەیمان نامە بنچینەییەکانی سازماندا، لەوانە ئازادی رێکخراوبوون و وتووێژی بە کۆمەڵ.”

هەروەها سازمانەکانی ئەندامی “تۆڕە سەندیکاییە جیهانیەکانی هاوپشتی و تێکۆشان” بە بڵاو کردنەوەی بەیانیەیەک خوازیاری ئازادی خێرای ڕەزا شەهابی و گوازرانەوەی بۆ نەخۆشخانە به مەبەستی چارەسەری پزشکی بوون. لەم بەیانیەدا هاتووە” جارێکی تر سەرنجی ئێوە سەبارەت بە بارودۆخی ڕەزا شەهابی، ئەندامی سەندیکای شیرکەت واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، ڕادەکێشین. هەروەک زۆرێکی تر لە رێکخراو و سەندیکاییەکانی دیکەی جیهانی، ئێمە تا ئێستا گەلێک جار سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی ڕەزا شەهابی هۆشداریمان داوە. ساڵانێکە کە ڕەزا شەهابی بۆتە ئامانجی سەرکوتی توند، تەنیا لەبەر ئەوەیکە بۆ دەستەبەر بوونی مافی ژنان و پیاوانی کرێکار، خەبات دەکات.”

هەروەها لەسەر بنەمای ڕاگەیاندنێک کە رۆژی پێنجشەممە یەکی مانگی بەفرانبار بە ئیمزای رووبابە ڕەزایی، هاوسەری ڕەزا شەهابی بڵاو بۆتەوە، ئەم کرێکارە زیندانیە لە دوو حەوتوی ڕابردودا، ٢ جار لە زیندانی ڕەجایی شار توشی سەکتەی مەغزی بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای بارودۆخی خراپی ڕەزا شەهابی، بەرپرسانی زیندان هەروا لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە و چارەسەر، خۆ دەپارێزن. روبابە ڕەزایی دەڵێت کە “بەر لەوەی کە هاوسەرەکەم توشی سەکتە بێت، دوکتۆری جەڕاحی میشک و دەماری ڕەزا، ڕایگەیاند کە ڕەزا شەهابی توانایی تەحەمەل کردنی زیندانی نییە.” پێشتریش ” کۆمیتەی دیفاع لە ڕەزا شەهابی” ڕایگەیاند کە ” ڕەزا شەهابی” سەرەڕای تەواو کردنی حوکمەکەی، بە مەبەست لە زینداندا ڕایانگرتوە تا جەستەی هەرچی زیاتر لاواز و بێ توانا بکەن”.

رووبابە ڕەزایی لە کۆتاییدا ڕایگەیاندوە کە “هاوسەرەکەم، لە رۆژی ١٨ی مانگی گەلاوێژەوە وێرای ئەوەیکە دەورەی مەحکومیەتەکەی کۆتایی هاتووە هەروا بە ناحەق لە زینداندا ڕاگیراوە. بۆ بەدوادا چوونی بارودۆخی ئەو، رۆژی سێ شەممە سەردانی وەزاڕەت کار دەکات.”

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتی دان بە پێکهێنانی رێکخراوە کرێکاریەکانیش وێرای پشتیوانی لە ڕاگەیاندنی هاوسەرەکەی ڕەزا شەهابی، سەرجەم ژنان و پیاوانی کرێکار، موعەلیمان و خانەنشینان، خوێندکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی بانگهێشت دەکات بۆ پشتیوانی لە ئازادی ئەم کرێکارە زیندانی، رۆژی سێشەممە ٥ی مانگی بەفرانباری ٩٦ لە بەردەم وەزارەتی کار، بچنە پشت داخوازی رووبابە ڕەزایی.

یەکێک لە تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیندانەکاندا سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی بە تایبەت لە پیوەند لەگەڵ ڕێبەران و هەڵسوراوانی ناسراوی بزوتنەوە کرێکاری و کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەیە کە ئەوان ئەوەندە لە زینداندا ڕابگرێت و بیانخاتە ژێر گوشارەوە تا گیان و جەستەیان بە تەواوی هێلاك و فەرسودە دەبێت بە چەشنێک کە کاتێک لە زیندان هاتنەدەرێ، توانایی جەستەیان ئەوەندە لاواز بووبێت باقی تەمەنیان لە ڕێگای نەخۆشخانە و لەسەر تەختی نەخۆشی تێپەڕ بکەن و بەکردەوە لە چەرخەی خەبات دووربکەونەوە. هاوکات کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لەم ڕێگایەوە هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە دەرەوەی زیندان چاوترسێن بکات و ناچاریان بکات دەست لە تێکۆشان هەڵبگرن. بەڵام ئەمە سیاسەتێکی ڕیسوا و شکست خواردوە. وەک نمونەی رۆشن لە بێ ئاکام مانەوەی وەها سیاسەتێک، دەبینین کە ڕەزا شەهابی و مەحمود ساڵحی و گەلێکی تر لە هەڵسوراوانی کرێکاری چلۆن بە جستەی نەخۆش، بەڵام بە ئیرادەی پۆڵاینەوە لە بەرانبەر گوشارەکاندا ڕاوەستاون، ئازارەکانی زیندان و جەستەی نەخۆشیان تەحەمول دەکەن و لەسەر ئاڕمان و ئامانجی مافخوازانەیان، سوور و پێداگرن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-