کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پشتیوانیی کردن لە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور پێویستییەکی هەنوکەیی

دوێنێ دوابەدوای گیان لەدەستدانی دوو کۆڵبەری دیكه‌ به‌هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ڕژیم، لە مەرزی بانە، کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک لە به‌رامبه‌ر فەرمانداری ئەمشارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان به‌ڕێوه‌برد. خەڵکی ناڕازی خوازیاری پێڕاگەیشتن بەم جەنایەتە و سزادانی ده‌ستووپێوه‌نده‌كانی بوون. خەڵکی ناڕازی هەروەها خوازیاری کۆتایی هێنان بە قەتڵ و کوشتاری کۆڵبەران لە ناوچە سنورییەکان بوون. هەر لەم پێوەندیەدا کەمپەینینی دیفاع لە کۆڵبەران و هەروەها چالاکانی مەدەنی لە شارە سنوورییەکانی بانە، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار، خوازیاری مانگرتنی گشتیی لەمشارە و پشتیوانی کردنی باقی شارەکانی کوردستان لە زەحمەتکێشانی کۆڵبەر بوون.

لە تازە ترین ڕووداو لە کوشتاری کۆڵبەراندا، دوێنێ دووشەممە ١٣ ی مانگی خه‌رمانان، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “حەیدەر فەرەجی” ٢١ ساڵ ته‌مه‌ن و “قادر بەهرامی” ٤٥ ساڵ ته‌مه‌ن، لە ناوچەی سنووری بانە بە هۆی تەقەی مەئمورانی ڕژیم گیانیان لەدەستدا.

کوشتاری کۆڵبەر و کاسبکارانی هەژاری سه‌رسنوور لە کوردستان هەروا درێژەی هەیە، کەمتر حەفتەیەک هەیە کە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەک لە کۆڵبەر و کاسبکارانی سەرسنووری کوردستان بەرگوێ نەکەوێ. ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی لە کوێرە ڕێگاکانی سەر سنوور بەهۆی تەقەی بە کرێگیراوانی ڕژیمەوە لەدەستداوە، لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی مامناوەندی سەد کەس لە ساڵدا بووە. 213

کۆڵبەری کارێکی دژوار و پڕ لە مەترسییە کە هەموو جۆرە مەترسییەکی مەرگ هێنەری لە کەمینیدایە. هەڕەشە ئامێز ترینی ئەم مەترسیانە، جەنایەتێکە کە بەردەوام لە لایەن مەئموورانی ڕژیمەوە لەسەر سنوورەکان ڕووده‌ده‌ن و لە ئاکامیاندا هەر جارە و ژمارەیەک لەم زەحمەتکێشانە گیان و هەستیی خۆیان لە دەست دەدەن. کۆماری ئیسلامیی لەسەر سنوورەکانی کوردستان، هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی جێگیر کردووە تا هەموو چەشنە جوڵە و هاتووچۆیەکیان لە کۆنترۆڵ دا بێت. ئەم بە کرێگیراوانە بە شیوەی جۆراوجۆر خەڵکی زەحمەتکێش کە لە ڕێگای کۆڵبەری و لە ڕێگای گواستنەوەی ئەو کالایانەوە کە هی سەرمایەدارانن بەڕێدەچن، ئەزیەت و ئازار دەدەن، باجیان لێدەستێنن، ده‌ست به‌سه‌ر کەلوپەلەکانیاندا ده‌گرن و هەرجار ناجارێکیش بە ئامانجی سیاسیی و بە مه‌به‌ستی درووست کردنی فەزای ترس و تۆقاندن و نائەمنی لە ناوچەیەک ئەیاندەنە بەر دەسترێژ و دەیان کوژن. ئەو کالایانەی کە تاڵان دەکرێن لە لایەن دەڵاڵ و کەسانی سەربەم بەکرێگیراوانەوە لە بازارە سنوورییەکاندا سەرلەنوێ دەفرۆشرێنەوە.

لە بارودۆخێکدا کە بێکاری لە ئوستانە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەسەروی ٥٠ لەسەدەوەیە و کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوورییەکان کەمتر لە هەر شوێنێکی دیکەی ئێران شانسی دۆزینەوەی کاریان هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە لە ڕووی ناچارییەوە و لەبەر دابین کردنی لانیکەمێک لە پێداویستی ژیانی مەمرەو مەژیان، ڕوو دەکەنە ئەم جۆرە کارە و گیان لەسەر دەست دادەنێن و بە کوێرە ڕێگا و بە مەیدانەکانی مین و کەمینگا جۆراوجۆرەکان بەنێو پایەگا نیزامیەکاندا کە هەرکامە و خۆی تێپه‌ڕگه‌یه‌كی مەرگە بە دڵەڕاوکێیەکی وەسف نەکراوەوە تێدەپەڕن و بارێكی قوورس کە بە هەزاران ترس و هیواوە چەند کاتژمێرێک بە کۆڵیانەوە گرتووە تا بەڵکوو لەم ڕێگایەوە توانیبێتیان پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن.

زەمانەتی بەردەوام بوونی ئەم کارە پڕ لە مەترسیەش، بەوەوە گرێدراوە کە بەکردەوە توانیبێتیان لەژیر هەر دۆخێکدا کەلوپەلی خاوەن بار و تاجرەکان بە سڵامەتی بگەیەننە مەقسەد. تەنیا ئەو کاتەیە کە لەبری کارە پڕ لە مەترسی و مەرگبارەکەیان، کرێیەکی کەم وەردەگرن. زۆربەی کات ئەو کۆڵبەرانەی دەکەونە کەمینەوە ناچارن بۆ ڕزگار بوون لە چنگ باجگیرانی ڕژیم لە پایەگا و سەر ڕێگاکان، بەشێک لە داهاتە کەمەکەیان لە بەرانبەر ڕزگار بوونی خۆیان و بارەکەیاندا بدەن بە بەکرێگیراوانی حکومەتی.

ئەگەرچی بە کۆڵدادانی بارێکی قوورس بۆماوەی چەندین کاتژمێر زۆر دژوار و پشوبڕ و پڕ مەترسییە، بەڵام مەترسیدار تر لە گشتیی ڕیسکی تێپەڕبوون بە مەسیری پایەگاکان و ڕوو بەڕوو بوونەوەیە لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان و بەکرێگیراوانی ڕژیمه‌. ئەمانە کە سەرەکی ترین کاریان ئەزیەت و ئازاردانی خەڵک و بە تایبەت کۆڵبەرەکان و وه‌رگرتنی باج و تاڵان کردنی کەلوپەلی کاسبکارانی سەرسنوورە، زۆربەی کات بەبێ هیچ بیانوویەک و تەنیا بە ئامانجی مل کەچ کردنی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر و بۆ بەرز کردنەوەی نرخی باجگیرییەکانیان، کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور دەدەنە بەر دەسرێژ و دەیانکوژن. ئەم بەکرێگیراونە تەنانەت هێرش دەکەنە سەر ئەو کۆڵبەرانەش کە ئیجازەی پەڕینەوە لە مەرز و گواستنەوەی کالای جێگای پێداویستی نێوخۆشیان هەیە و تا ئێستا قوربانیان لەوانیش ئەستاندوە.

ئەو جەنایەتکارانەی کە دەکرێنە پارێزەری سنوور و لە پایەگا و مەسیری هاتووچۆی کاروانچیاندا جێگیر دەکرێن، لەوێوە کە دەبێ سەهمی سلسلە مەڕاتبی سەروی خۆشیانەوە بدەن، لە ماوەیەکدا کە خەریکی ئەم کارەن، ساتێک لە جەریمە وەرگرتن و باج ئەستاندن لە کاسبکارانی هەژار و دەستکورتی سەرسنوور و تاڵان کردنیان غافڵ نین. کۆڵبەری بەگشت دژواری و مەترسییەکەوە کە هەیەتی، بۆ خەڵکێک کە هیچ سەرچاوەیەکی بەڕێچونیان نییە، وەک ” پیشە” بە حیساب دێت و جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ناوچەکە پێیەوە خەریکن. زۆری بێکاری و هەژاری، ئەوەی بەسەر خەڵکی ئەم ناوچەیەدا سەپانده‌وە کە توێژێكی بەرین لەوان بە ژن و پیاو و پیر و لاوەوە تەنانەت تازەلاوان بەم کارە دژوارەوە خەریک بن. لەنێو خێڵی کۆڵبەراندا، ئەو ژنانە دەبیندرێن کە سەرپەرستی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە و چارەیەکیان نەبووە بێجگە لەوەی ئەم کارە سەخت و دژوارە وەک پیشە هەڵبژێرن. لەنێو کۆڵبەرەکاندا تازەلاوی کەمتر لە ١٥ ساڵ و پیرە پیاوی سه‌رتر لە ٦٥ ساڵیش دەبیندرێن. ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکارانی مەرزی و کۆڵبەرانی لاو، ئەو خوێندەوارانەن کە تا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک بدۆزنەوە.

کۆتایی هێنان بەو جەنایەتانەی کە هێزەکانی ڕژیم لەسەر سنوورەکان بە دەستوری کاربەدەستانی سەرەوەی کۆماری ئیسلامیی، ڕۆژانە لەسەر سنوورەکانی کوردستان بەرانبەر بە زەحمەتکێشانی کۆڵبەر ئەنجامی دەدەن، تەنیا بە پشتیوانی و پشتگیری خێرای خەڵکی کوردستان مسوگه‌رده‌بێت. هێزی ناڕەزایەتیی و خەباتی سەرجەم خەڵک دەبێ بێت بە یارمەتی ئەم زەحمەتکێشانەوە. ئێستا لەژێر بارودۆخی ژیانێکی سەخت و زاڵمانەدا کە بەسەر ئەم خەڵکەدا سەپاوە، ئەوانی ناچار کردووە بچنە ژێر باری کارێکەوە کە لەژێری قورساییدا توانایی جەستەیان بەرەبەرە دەتوێتەوە، لانیکەم ئەو مەترسی گیانییەی کە سات لەگەڵ سات بەسەر سەریانەوە دەسوڕێتەوە نەمێنێ. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە کە ده‌ستووپێوه‌نده‌كانی ئەم جەنایەتە بە تەواوی و بە ناو و نیشانەوە بناسن. ئەو زەحمەتکێشانەی کە کۆڵبەری دەکەن، مافی خۆیانە خاوەنی کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری کافی بن تا ناچار نەبن ڕووبکەنە ئەم کارە پڕ مەترسی و دژوارە، ئێمە خەڵکی شار و دیهاتەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی و پشتگیری تا پاشەکشە کردنی ڕەسمی و بەکردەوە بە ڕژیم لەم بوارەدا بانگەواز دەکەین. بێ گومان مانگرتنی گشتی یەکێک لە شکڵ و شێوازه‌كانی ئەو پشتیوانییەیە.