کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن لەسەروبەندی نزیکبوونەوە لە حەوتەمین مانگی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا

hazfi maka 1 2

ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا بەرەوپیری هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن دەچین کە چل و چوار ساڵ لە دەسەڵاتی دژە ئینسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و شەش مانگ لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، تێپەڕدەبێت. ئاخێزێک کە نە تەنیا ئێران بەڵکوو دنیای خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. هەر لە سەرتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، ژنانی ئێران بەردەوام کەوتوونەتە بەر لێشاوی تەبلیغاتی بەربڵاو و ئاپارتایدی ڕەگەزی لەڕادەبەدەر و ئەم بابەتە هەتا ئێستاش بەردەوامە و بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی و هەر ڕۆژە و هەروەها بە دەستتێوەردانی بەدەر لە یاسای کەسانی توندئاژۆ و سەرەڕۆی سەر بە سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکان، دەخالەتی بەردەوامی “مەرجەعەکانی تەقلید” لە کار و باری ژنان، لەلایەکەوە گۆڕەپانەکەی بۆ ژنان لەناو کۆمەڵگادا هەرچی زیاتر بەرتەسک کردووەتەوە و لەلایەکی ترەوە بۆتە هۆکاری بەڕێوەچوونی گەلێک تووندوتیژی و هەڵاواردن لە دژی ئەم توێژە بەرینە لە کۆمەڵگادا.
یەکێک لە گرینگترین پلانەکانی ڕژیمی دەژە ژن و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتی نەگریسی خۆی، بریتی بووە لە دوورخستنەوەی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی و هەروەها بە باوەڕی خۆیان، کۆنتڕۆڵی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی ئێران. بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام هەوڵیداوە بە تووندتر کردنەوەی سیاسەتی هەڵاواردن و سەرکوت، ژنان هەرچی زیاتر پەراوێز بخات و لە کونجی ماڵدا ئەسیریان بکات.
لەسایەی ئەم ڕژیمە دژە ئینسانییەدا، توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن بە ژنان، لەوانە توندوتیژی بنەماڵەیی، لێدان و ئەزیەت و ئازاری جنسی ژنان، قەتڵی نامووسی، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، خەتەنەکردنی ژنان و چەند هاوسەری، پەرەپێدان بە سیغە، هاوسەرگیری کاتیی، هەڵاواردنی ڕەگەزیی، بێبەشکردن لە خوێندن، ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم وەرزش و کار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، پیاوسالاری، ئەسید پژاندن، دەستدرێژی، بێبەشکردنی دایکان لە مافی سەرپەرشتی منداڵ، نەبوونی پیشەی گونجاو لەگەڵ تواناییە جەستەییەکانی ژنان و کچان و هەروەها نەبوونی بەستێن و کەش و هەوایەکی ئەمن و ئارام لە شوێنی کار، نەهێشتنی یاسای پشتگیری لە ژنان و دەیان و سەدان بابەتی تر، ڕۆژبەڕۆژ پتر پەرەی ئەستاندووە.
شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ژنانی لە ئاستێکی بەریندا هێنایە مەیدانی خەبات و تێکۆشان. ئەگەرچی ئەو شۆڕشە لەلایەن کۆنەپەرستیی ئیسلامییەوە بەلاڕێدابرا و شکستی هێنا، بەڵام لەگەڵ خۆیدا خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنانی لەبەرامبەر کۆنەپەرستیی مەزهەبی دا بەدیاری هێنا و هەر لە یەکەم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ٨ی مارسی ساڵی ٥٧ لەدژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای پشتگیری لە بنەماڵە و هەروەها سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن خومەینییەوە، دەسەڵاتدارانی ئەم نیزامە کۆنەپەرستەیان لە گەیشتن بە ئامانجە دژە ژن و دزێوەکانیان ناکام کرد، بەجۆرێک کە زیندانیکردن و لەسێدارەدانی بە هەزاران هەڵسووڕاوی سیاسیی ژن و سەنگسار و قەساسی سەدان ژنی تر لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، توندوتیژی بەردەوامی گەشتی ئێڕشاد و پەسەندکردنی هەموو چەشنە یاسا و ڕێسایەکی کۆنەپەرستانە بۆ هەڵاواردن و جیاکردنەوەی ژنان لە سەرجەم بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان هاوتەریب لەگەڵ ئەزیەت و ئازاری بەردەوامی ڕەگەزی لە شوێنی کار و سەرشەقامەکان و توندوتیژی فرەڕەهەندی بنەماڵەیی و قەتڵی نامووسی و هیتر…، هیچکام لەوانە نەیانتوانی خۆڕاگری ژنان تێک بشکێنن.

ئەوەی کە گڕکانی ڕق و تووڕەیی خەڵک لە پرسی ژنانەوە سەریهەڵدا و بوو بە هێزی سەرەکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١، نەک هەر بابەتێکی بەڕێکەوت نەبوو بەڵکوو لە بارودۆخێکی دیاریکراوەوە سەرچاوە دەگرێت کە جگە لە بوونی هەژاری و گەندەڵیی بەربڵاو و ستەم و سەرکوت و نایەکسانی، ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناو کۆمەڵگا بەتایبەت لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودایە. جێگە و پێگە و پێوەندی لێک هەڵپێکرا و دیالکتیکی نێوان پەیوەندییە زاڵە چەوسێنەرانەکان لە بواری بەرهەمهێناندا بەسەر کۆمەڵگا، جیاوازییە چینایەتییەکان و هەڵاواردنی ڕەگەزی، ڕەواج پێدان بە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی ستەمکارانە و هەروەها بیروبۆچوونێکی دواکەوتوو کە بەشێوازی جۆراوجۆر پاڵپشت و پارێزەری ئەو بارودۆخەیە، لەزومرەی پاڵنەر و هاندەرەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینایە.

هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەکان لەسەر دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی،” لە ئاخێزی ژینادا هەرچییەک بێت، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە پرسی ژنان و ڕەنج و هەڵاواردنێکی کە بەردەوام لەگەڵی بەرەوڕوون، پاڵنەری سەرەکی ئەم ئاخێزەیە. ئەم پرسەش ڕێک لەو پێوەندییە ئابووری-  کۆمەڵایەتی- سیاسی- فەرهەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم ڕژیمە بناژۆخوازە ئیسلامییە بە درێژایی پتر لە چواردەیەی ڕابردوو بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندووە. سەرەڕای بەربەرکانێی وەحشیانە و ڕێکخراوی ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی و بەکارهێنانی بەردەوامی تووندوتیژی حکوومەتیی لە دژی ژنان، لەژێر توێکڵی ئەم کۆمەڵگایەدا گەرای نۆڕم و شێوازێکی نوێی جنسییەتی شکڵی گرتووە و کۆمەڵگا بەکردەوە لەناخی خۆیدا بەردەوام شایەتی شکڵ پێدانی شێواز و ئەزمونگەلێکی نوێتر لە پێوەند لەگەڵ دامەزراوەی بنەماڵە و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان ژن و پیاودا بووە و ئەوەش بە ئاشکرا ناتەبا بووە لەگەڵ سیاسەتە ئیدئۆلۆژیکییەکانی ڕژیم.

ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی هیچکات نەیتوانیوە بەحەز و ویستی خۆی جێگا و شوێن و بارودۆخی ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگادا دیاری بکات. کۆمەڵگای پێشکەوتنخواز و ڕوو لە ئاڵوگۆڕی ئێران، هیچکات ملکەچی بەرنامە و سیاسەت و بیر و باوەڕی شێوە ” تاڵەبان”ی دەسەڵاتدارانی ئێران نەبووە و ململانێی سیاسی و مەدەنی و شەڕی فەرهەنگی نێوان کۆنەپەرستان، پیاوسالاران، سەرەڕۆ و سەرکوتگەران لە بەرەیەک و نوێخوازان، داهێنەران و ئازادیخوازان، مافخوازان و یەکسانیخوازانی کۆمەڵگا لە بەرەیەکی تر، لە ماوەی پتر لە چواردەیەی ڕابردوودا بێ پسانەوە بەردەوام بووە و ژنانی وشیار و ئازادیخواز بە شێوازی جۆراوجۆر لە ناڕەزایەتی و خەباتی خۆیاندا، لە ڕیزەکانی پێشەوەی ئەم بەرخۆدانە فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسییەدا ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە. لەم ڕووەوە، دوور لە چاوەڕوانی نەبوو کە ئەم ئاخێزە کۆمەڵایەتییەی لەم بارودۆخەوە سەرچاوەی گرتووە، ژنان و بەتایبەت نەوەی نوێی سەر بە چین و توێژە هەژار و مامناوەندەکانی کۆمەڵەگا بکات بە هێزی سەرەکی هەڵگیرسان و بەرەوپێشبردنی ئەم شۆڕشە.

لەڕاستیدا قەتڵی حکومەتیی ژینا بوو بە چەخماخەیەک کە کانگای باڕووتی ڕق و تووڕەیی پەنگخواردووی جەماوەری تەقاندەوە. ژینا بوو بە هێما، هێمای ستەم لەسەر ژن، ستەمێک کە ئەمڕۆکە بۆتە پرسێکی جدی لە کۆمەڵگای ئێران و تەنانەت لە جیهانیشدا و ناوی ژینا لەگەڵ بارودۆخی نیوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و پێویستی مێژوویی ڕزگاریی ژنان لەئاستی جیهاندا گرێدراوە.
لەلایەکی ترەوە ناوی ژینا بوو بە هێمای نەوەی نوێ یان بەواتایەکی تر دەیەی هەشتاکان. نەوەیەکی بێ ئاسۆ، نەوەیەک کە شایەتی گەلێک نایەکسانی و هەڵاواردنی جۆراوجۆرە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا و لە لانیکەمی ستانداردەکانی ژیان بێ بەشە. نەوەیەک کە هیچ داهاتوویەکی ڕوون لەبەردەم خۆیدا بەدی ناکات. هەربەم هۆکارەیە کە هەوێنی ژنانەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، زۆرتر پشت ئەستوورە بە هێزی دەیەی هەشتاکان. جگە لەوەش، ” ئەو ژینایە”ی کە بە ناڕەوا لە نیزامی بەڕێوەبەرایەتی و پەروەردەیی وڵاتدا بە “مەهسا” ناوی دەبردرا، خۆی لە خۆیدا هێمای ستەمێکی بەچەند قات زیاترە بەناوی ستەمی نەتەوایەتی کە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە لەدژی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێران بەڕێوە دەچێت.

لەڕاستیدا سەرچاوەی سەرەکی ئەم ئاخێزەی ئێستا بريتييە لە پەرەسەندنی هەژاری و بێدەرەتانی، سەرکوتی لەڕادەبەدەر و هەروەها ئەو ستەم و سووکایەتییانەی کە لەلایەن ڕژێمی سەرمایەداری ئیسلامییەوە لەدژی لایەنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و ژنان بەتایبەتی بەکاردەهێنرێت. بۆ زۆربەی هەرەزۆری ستەمدیتووان بە تایبەت نەوەی نوێ، ڕەنج و ئازاری ژن ئاوێنەی باڵانوێنی گشت ڕەنج و ئازارەکانی کۆمەڵگایە. بەواتایەکی تر هەموان وێنەی خۆیان لەم ڕەنج و ئازارە دیاریکراوەدا بەدیدەکەن. لەسەر ئەم بەستێنە کۆمەڵایەتی- سیاسییە، خەبات لەدژی حیجابی زۆرەملێ کە بەردەوام هێمایەک بووە لە بندەستەیی ژن و سووکایەتی بە تەواوی کۆمەڵگا، بۆتە پرسی ناوەندیی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ی هەتاوی. ئەم پێشکەوتنە مێژووییە بەرهەمی خەباتی چل و چوار ساڵەی ژنانە لەدژی حیجابی زۆرەملێ. ئەو حیجابەی کە پتر لە چواردەیەیە بۆتە هێمای سەرەکی حکوومەتی فاشیستی-ئیسلامی و ئامرازی سەرەکی بەڕێوەبردنی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ناو کۆمەڵگا و پێناسەی دەسەڵاتێکی ئایینی سەرەڕۆ لە ئاستی ناوخۆ و نێونەتەوەییدا.

ڕێک لە قۆناغێکدا کە ڕژیم هەوڵی دەدا لەڕێگای گەڵاڵە و پلانی کۆنەپەرستانەی جۆراوجۆرەوە ئاڵقەی زنجیرەکانی ستەم لەسەر ژنان پتەوتر بکات، کۆمەڵگا چیتر تەحەمولی نەکرد و لایەنە لاواز و لەرزۆکەکانی ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵات دەرکەوت. بەربەرەکانێ لەدژی حیجابی زۆرەملێ، بەکردەوە زەرفییەت و تواناییەکانی خۆی بۆ تێکشکاندنی هێزی ئیدئۆلۆژی دەسەڵات و شکڵ پێدان بە یەکگرتوویی و هاوپشتی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سەلماند. بەمجۆرە هەم مەشروعییەتی ئیدئۆلۆژیکی سیاسی ڕژیم و هەم تەواوی ئەو یاسا و ڕێسا و پێوەندی و پیکهاتە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژی ئیسلامی بنیادنرابوون، خستە ژێر پرسیارەوە و بەرپرسان و دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی بەتەواوی تووشی داماوی و سەرلێشێواوی کرد.

پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن
سەرکەوێت ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا

کەریم ئەمانی
١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی