کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

٦ مانگ دوای بەڵێنە بێ ناوەرۆکەکانی دەوڵەتی رۆحانی لە کوردستان

دوکتور سەید حەسەن هاشمی وەزیری بێهداشتی دەوڵەتی رۆحانی نزیکەی ٦ مانگ لەوەپێش لە سەفەرێکدا بۆ ئوستانی کوردستان، لە جەریانی بازدید لە نەخۆشخانەیەک لە مەریوان وتی کە سەرجەم ئەو قەول و بەڵێنانەی دراوە لە بواری بێهداشت و دەرمان و سڵامەت لە ئوستانی کوردستان لە ماوەی ٦ مانگدا جێبەجێ دەکرێن. لەو کاتەدا بەناو نوێنەوری کامیاران و سنە و دیواندەرە لە مەجلیسی ئیسلامی وتبوی کە ” سەفەری وەزیری بێهداشت بۆ کوردستان دەبێتە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕ. ئێستا ٦ مانگ بەسەر ئەو تاریخەدا تێپەڕیوە و هیچکام لەو بەڵێنانەی درابون بە کردەوە دەرنەهاتون. ئوستانەکانی ئازەربایجانی غەربی، کوردستان، کرماشان و ئیلام، لە مەحروم ترین ناوچەکانی ئێران لەبواری بێهداشت، دەرمان و خزمەتگوزاری پزشکیەوەن. مردنی دایکانی دوگیان، منداڵانی ساوا، کەسانی بەتەمەن و نەخۆشەکانی تر، لە نەخۆشخانە بێ ئیمکاناتە پزشیکیەکاندا، لەو روداوانەن کە لەم ناوچانەدا بەشێوەی رۆژانە دەیانبینین. لەسەروە بوونی هەزینەی سەرسوڕ هێنەری خزمەتگوزاری بێهداشتی و بەرتەسک بوونی بیمە دەرمانیەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە گەلێک منداڵ بە بەرچاوی کەسوکاریانەوە بمرن و قەت نەگەنە نەخۆشخانە.دەمێک ساڵە کە سرنج نەدانی کاربەدەستانی ناوچەیی و سەرتاسەری رژیمی ئیسلامی لە بێهداشتی گشتی و سڵامەتی خەڵکی کوردستان، یەکێک لە حەوزەکانی پەیڕەو کرانی هەڵاواردن لەدژی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە جێی ناڕەزایەتی بووە. ساڵانێکە کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی شار و دێهات لە هەموو ناڕەزایەتیەکانیاندا لە دژی رژیم، داواکاری پەرەپێدانی بێهداشت و دەرمانی گشتی لەم ناوچەیەدان، بەڵام وڵامێک بێجگە لە وەعدە و بەڵێنی فریوکارانە وەرناگرنەوە.کوردستان لەباری ئابووریەوە یەکێک لە گەشە نەکردو ترین ناوچەکانی ئێرانە. ئەم دواکەوتو راگیرانە بە ئانقەستە لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا و لەوانە لە بواری بێهداشت و دەرماندا دەکرێت ببینی. نرخی لەسەرەوەی مەرگ و میری منداڵان و ژنانی دوگیان و لەخوارە بوونی تەمەنی مامناوەند، لە ئاسەوارەکانی دواکەوتویی کوردستان لەم بوارانەدایە.438ژیمی کۆماری ئیسلامی کە خەڵکی کوردستان بە چاوی دوژمن تماشا دەکات، زۆر ترین بەشی بوجەکەی بۆ ئیستخدامی جاسوس، کڕینی کەلوپەلی سەرکوت، ئیستخدامی بەسیجی و میلیتاریزە کردنی کوردستان تەرخان دەکات. بوجە عومرانی و خزمەتگوزاریەکان کەمترین بەشی بودجە لەخۆ دەگرن. لە حاڵێکدا نەخۆشێکی ئۆرژانسی دەبێ چەندین ساعات لە چاوڕوانی گەیشتنی ئامبولانسدا ئازار بکێشێ و رەنگە قەتیش ئامبولانس نەیەت، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی بچوک ترین ناڕەزایەتی ئاشتیانە و ئارامی بە کۆمەڵ لە گۆشەیەکی شار لە مەودای چەند خولەکدا سەدان کەس لە كه‌سانی هێزی ئینتیزامی و گاردی ویژە بە “وه‌ن”ە تایبەتەکانیانەوە دەگەنێ و ناڕازیان سەرکوت دەکەن.هەڵبەت راستیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر بارودۆخی بێهداشت و دەرمان لە ناوچە کوردنشینەکاندا بەم شێوەیه‌ فەلاکتبارە، بارودۆخ لە ئاستی سەرتاسەریشدا زۆر باشتر نییە. بەپێی بەراوردی سازمانی بێهداشتی جیهانی پلەی سڵامەت لە ئێرانی ژێڕ حاکمیەتی رژیمی ئیسلامی لەنێوان ١٩٢ وڵاتی دنیادا ١٢٣ یە و لە ئێراندا نزیک بە ٧٠ لەسەدی هه‌زینەی دەرمانی لەلایەن خودی خەڵکەوە پەرداخت دەکرێت. لە ئێراندا بۆ هەر ٢٥٠٠ کەس یەک دوکتور بوونی هەیە ئەم رەقمە لە وڵاتێکی وەک کوبادا بۆ هەر ١٧٠ کەس پزیشکێکە. لە ئێران بۆ هەر ١٠ هەزار کەس ١٤ تەختی بیمارستانی بوونی هەیە لە حاڵێکدا کە مامناوەندە جیهانیەکەی ٢ بەرابەر واتا ٢٨ تەختە بۆهەر ١٠ هەزار کەس و ئەم رەقەمە لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا ٦٤ تەختە.لە بارودۆخێکدا بەم جۆرە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا بەم شێوەیە یاری بە گیانی ئینسانەکان دەکرێت، زۆر ترین رەقەمی بودجە سەرفی پرۆژە نیزامیەکان و سەرکوتی نێو خۆیی و کەم ترین رەقەمیش بۆ دابین کردنی بێهداشت و دەرمان تەرخان کراوە. روون و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی دڵخوازانە دەست ناداتە ئیسلاحی بارودۆخی بێهداشت و دەرمان. هەموو داواکاریەکان لەم بوارەدا دەبێ بە خەباتی لێبڕاوانە بەسەر رژیمدا بسەپێت. خەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری، خەبات لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی وەک پارێزەری ئەم نیزامە لە ئێران، لەگەڵ خەبات بۆ داسەپاندنی چاکسازی بەسەر ئەم رژیمەدا، بەگشتی ئاڵقەکانی زنجیری خەباتێکی یەکگرتوانەن. هاتنەدی ئەم ئامانجە گرێدراوە بە وشیاری و هاوپشتی تەشەکولی خەڵکی چەوساوە و بێبەشەوە.رژیمێکی کە لە رێگای دەزگا نیزامی و ئەمنیەتیەکانیەوە هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگای لەدەستی خۆی گرتوە و بەشێکی بەرین لە دەست رەنجی کاری کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەم وڵاتە دەڕێژێتە گیرفانی تاقمێک نیزامی- سەرمایەداری جەنایەتکار و لاتولوتی سەرکوتگەرەوە و بەشەکەی تریشی خەرجی تەیار کردنی دەزگای سەرکوت و کانونەکانی پەرەپێدەری جەهل و خورافە دەکات دەتوانێ چ تەعەهودێکی لە بەرانبەر بێهداشت و سڵامەتی خەڵکدا هەبێت.لەم وڵاتەدا هیچ خەبەرێک لە سیستمی خزمەتگوزاری بێهداشتی و دەرمانی بەخۆڕایی نییە و نەخۆش ترین کەسەکانیش بەبێ پێش پەرداخت رێگا نادرێت بچنە نەخۆشخانەکانەوە و لە نەخۆشخانەکاندا جەنازەی مردوەکانیش بۆ تەسویەی حیساب بەگرەوگان دەگرن. لە مەملەکەتێکدا کە ئەگەر توانایی کڕینی دەواو دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکیت نەبوو لەبەین چون و مەرگت لەکەمیندایە.بەڵام ئەمە چارەنوسی چارهەڵنەگری ئینسان نییە بە هاسانی نان و دەرمان و گیانیشی بە بارمتە بگرن و لە بێ دەرمانیدا بمرێت. ئینسانی ئەمرۆیی شایانی ژیانێکی ئینسانیی شایستەیە. بۆ دابین کردنی ئاوا ژیانێکی شایستە دەبێ خەبات بکرێت.هیچ کەس نابێ لەبەر ئەوەی دەستی بە دەواو دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی راناگات ئازار بکێشێ. دابین کرانی بێهداشت و سڵامەت و خزمەتگوزاری دەرمانی مافی سەلمێندراوی هەموو شارۆمەندێکی ئەم ولاتەیە. بەڵام ئەم رژیمە دڵخوازانە مل بە دابین کردنی ئەم مافە نادات. پێویستە بۆ دابین کردنی ئەم مافە سەلمێندراوە خەبات بکرێت.