ڕۆژی چوارشەممە به‌رواری ٥ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ١٤ی مانگی ڕەزبەر، لە لایەن ڕێكخراوی زانستی، فەرهەنگی و تەربییەتیی سه‌ربه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ( یۆنسکۆ) و ڕێكخراوی جیهانیی کار ( ئای ئێڵ ئۆ)وە وەک ڕۆژی جیهانیی موعەلیم دیاری کرا. ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٤ ی زایینی بەملاوە بەڕێوەچوون. موعەلیمان وەک بەشێک لە چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا لە خەباتیاندا دژ به‌و سیاسەتە ڕیازەتییانه‌ی كه لە لایەن سه‌رجه‌م دەوڵەتان و بە تایبەت لە ئورووپا و ئامریکا‌وه پەیڕەو کراون، ڕۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوه. به پێی ئامارەکانی یونێسکۆ یەک لەسەر سێی موعەلیمان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرمایەداران زانست و زانیاریی وەک کالا دەفرۆشن و لە ڕێی زەحمەتی موعەلیمانه‌وه سود و قازانجێكی کەلان دەخەنە گیرفانیانەوە. ڕۆژی جیهانیی موعەلێم بۆ کرێکاران وەبیر هێنه‌رەوەی ئه‌و بێمافییە داسەپاوانه‌یه كه بەسەر موعەلیمان و خەباتیان دژ به‌م بێمافییانه هاتووه. هه‌روه‌ها ڕۆژێكیشه بۆ پێداچوونەوە بە دەستکەوتەکانیان و پێویستیی دیفاع لە داخوازییەکانیان.
موعەلیمانی ئێران بەهۆی پێشینەیه‌كی خەباتکارانە و ته‌داعی بوونه‌وه‌ی خەباتیان لەگەڵ هێزە سێکۆلار و چەپەکان، هەمیشە لەباری مەوقعییەتی سێنفی و سیاسییانه‌وه لە کۆماری ئیسلامی‌دا، لە ژێر گوشار و زەبروزەنگ و سەرکوتێكی زۆردا بوون. بە پێی ئامارەکان ژمارەی گشت موعەلیمان و کارمەندانی ئاموزش و پەروەرش لە ماوه‌ی ئه‌مساڵی خوێندندا، لە سه‌رووی یەک میلیۆن کەس ده‌بێ. بە هەڵسەنگاندنێکی سه‌رپێی و خۆش بینانه، زیاد لە سێ لەسەر چواری موعەلیمان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئه‌وانی دیكه‌شیان، بەهۆی کاری دووهەم و سێهەمیان و بەهرەبەرداریی لە داهاتی هاوسەره‌وه، بنەماڵەکەیان لە ژێر هێڵی هەژاریی كێشاوه‌ته‌ده‌رێ. لەپاڵ ئەم دەستەیە لە موعەلیمانی زەحمەتکێشدا، کۆمەڵێک لە سیخوڕ و ڕاهێنراوانی ڕانت‌خۆری حەوزەکانیش هه‌ن کە بەرپرسی ئیجرای گەڵاڵەی سووكایه‌تی پێكردن و دژه فەرهەنگیی ڕژیمن لە ناوەندە ئاموزشییەکاندا. ئەم تەرح و به‌رنامانە ڕاسته‌وخۆ لە ناو خودی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش و لە لایەن حەوزەکان، ناوەندی تەبلیغاتی ئیسلامیی، دەزگا سیخوڕییەکانی سپا، بەسیج و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئامادە و ئیجرا دەکرێن. بێجگە لە مه‌ینه‌تیی هەژاریی و موسیبه‌تی هه‌بوونی ئەم تاقمە جاسوس و کۆنەپەرستانه، ژمارەیەکی زۆر لە ئاموزگاران دەبێ دەرسی خوڕافی و پڕ لە درۆ و چه‌واشه، ده‌رخواردی مێشکی دانش ئاموزانی سەدەی بیست و یەک بده‌ن و لە لایەن ئەوانیشەوە بكه‌ونه به‌ر بێ مێهری. ئەمەش خۆی موسیبەتێکی گەورەی دیكه‌یه.
موعەلیمانی ئێران سه‌ره‌ڕای ئەم كێشه و گرفتانە و سەرەڕای پاکسازییەکان، ئەسارەت، ئەشکەنجە و ئێعدام‌کرانی موعەلیمانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ لە لایەن ڕژیمەوە، بە تایبەت لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییه‌وه بەملاوە، خەباتی جەماوەریی خۆیان دەست پێکردووه‌تەوە. یەکێک لە خەباتە لەبیرنەکراوەکانی موعەلیمان، کۆبوونەوەی گەورەیان لە ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٨٥ بوو. لەمڕۆژەدا جەمعییەتێکی گەورە لە موعەلیمانی ناڕازیی، لە مەیدانی بەهارستان و لە بەرامبه‌ر مەجلیسدا کۆبوونەوە. حوزووری به‌رچاوی ژنانی مۆعەلیم لە نێو جەمعییەتی ٢٠ هەزار کەسیی موعەلیمانی ناڕازیدا، شكۆیه‌كی زیاتری به‌م كۆبوونه‌وه دابوو. ناڕازییان خوازیاری زیادکرانی حقوقی مانگانەیان بوون لە ڕێگه‌ی پێكهێنانی نیزامی هاوئاهەنگی په‌رداختی حقوقی کارمەندانی دەوڵەت. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ درێژەی کێشا و کاربەدەستان بەڵێنی دەستەبەر بوونی خێرای داخوازییەکانیان پێدان. لەبەر نه‌هاتنه‌جێی بەڵێنەکان، موعه‌لێمان ڕۆژی ٢٣ ی مانگی ڕەشه‌مە، هه‌مدیسان کۆبونەوە و ئەمجار کەوتنەبەر هێرشی هێزە سەرکوتگەره‌کان و ژمارەیەکیان لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە لە لایەک و سەرکوتی ڕژیم لە لایەکی دیکەوە، له‌و ده‌مه‌وه هه‌تا ئێستا، درێژه‌ی هه‌یه و بەردەوامە.
مۆعه‌لیمانی ئێران لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییشدا چەندینجار لە ڕێگه‌ی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەوە داواکاریی و خواستەکانیان هێناوەتە گۆڕێ. لەم دەورەیەدا سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەرین و سەرتاسەریی مۆعەلێمان و گه‌ڵاڵه‌كردنی ویست و داخوازه‌كانیان و بەدوادا چوونیان، له لایه‌ن دەوڵەتی ڕووحانیشه‌وه پشتگوێ خراون. لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییدا و لە حاڵێکدا کە هەقدەست و حقوقی مانگانەی سێ بۆ چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری و بارودۆخی کاریی دژوار و نەگونجاو، ژیان و بەڕێچوونی مۆعه‌لێمان تووشی ئاسته‌نگیی و دژواریی زۆرتر بووە و هەڵسووڕاوانیان بەردەوام خراونەتە ژێر گوشار و بەدواداچوونی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە، بەڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش موعه‌لیمان هەروا درێژەیان بە خەباتی ڕەوای خۆیان داوە.
هەفتەیەک له‌مه‌وبه‌ر و ڕۆژی سێشەممە ٦ ی مانگی ڕەزبەر موعەلیمانی خانەنشین لە چه‌ندین شاری ئێران لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی خراپی بەڕێچوونیان و بۆ زیادکرانی حقوقی چەند جار لەژێر هێڵی هەژارییان، دەستیاندایە کۆبوونەوە. لەم کۆبونەوە ناڕەزایەتییەدا به‌هەزاران کەس لە موعه‌لیمانی خانەنشینکراویش بەشدارییان كرد. خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنه‌وه‌ی درووشمی وەک ” کەرامەت، بەڕێچون مافی سەلمێندراوی ئێمەیە”، ” هێڵی هەژاریی سی ملیۆن، حقوقەکانمان یه‌ك میلیۆن”، خوازیاری باشتربوونی بارودۆخی بەڕێچوونی خۆیان بوون.
لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا زیادکرانی حەقدەستەکان بۆ سه‌رووی هێڵی هەژاریی، داخرانی پەروەندەی هەڵسووڕاوانی بواری مافی موعه‌لیمان و کۆتایی هێنان بە پەروەندە سازیی و لێدانی مۆركی ئه‌منییه‌تیی له چالاکییەکانیان، خوێندنی بەخۆڕایی، ئاموزشی یەکسان بۆ هەموان، هەڵوەشاندنەوەی خسوسی سازیی مەدرەسەکان و نۆژەنکرانەوەی مه‌دره‌سه نائەمنەکان، لە زومڕەی گرنگترین داخوازیی موعەلیمانە. ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەل ١٤ ی مانگی ڕەزبەر، رۆژی جیهانیی موعه‌لیم، دەکرێ ببێتە ڕۆژی بەرپابوونی ناڕەزایەتیی بەرینتری موعەلیمان لەدژی بێمافییەکان و پێداگریی لەسەر ئه‌م داخوازییانه.
تێكڕای داخوازیی و داواکارییەکانی موعه‌لیمان، لە لایەن چینی کرێکارەوە شیاوی پشتیوانیە و دابین بوونی ژیان و بەڕێچوون و ئاسودەیی و ئارامشی موعەلیمان، یەکێک لە داواکارییه بەردەوام و هه‌میشه‌ییه‌كانی بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی بووە. زیادكرانی حقوق و حەقدەستەکان بۆ سه‌ره‌وه‌ی هێڵی هەژاریی و گونجاو لەگەڵ دابین بوونی هەزینەی ژیانێکی مرۆیی، داخرانی پەروەندەی هەڵسووڕاوانی بواری مافەکانی مۆعه‌لیمان و کرێکاران و کۆتایی هێنان بە پەروەندە سازیی و لێدانی مۆركی ئه‌منییه‌تیی له چالاکییەکانیان و هه‌روه‌ها خوێندنی بەخۆڕایی، لە زومرەی داخوازییە هاوبەشەکانی کرێکاران و موعەلیمانن. ئەم داخوازیی و ڕەنج و ئازارە هاوبەشانە، زەمینە و بوار خۆشکەرن بۆ هاوپشتیی و یەکێتیی خەباتی کرێکاران و موعه‌لیمان.