ئەمرۆ سێشەممە یەکی مانگی گەلاوێژە. کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە یەکەم رۆژەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ دەستی پێکرد و لە ماوەی مانگەکانی گەلاوێژ و خهرماناندا بەردەوام بوو. گەلێک لەو قوربانیانە، دەورەی مەحکومیەتیان تەواو کردبوو وە لە چاوەڕوانی ئازاد بووندا بوون. هۆکاری گیرانی زۆربەیان هێشتا ناروون و لە چاوەڕوانی بەناو تەفهیمی ئیتیهامدا بوون. لە دەرەوەی زیندانەکان گەلێک ڕووداوی گەورە ڕوویاندا بوو. شەڕی وێرانگەری ئێران و عێڕاق لە ئاستێکی بەریندا تەلەفاتی ئینسانی و خەسارات و زیانی گەورەی ئابووری و ماڵی کە ببوە هۆی وێران بوونی زۆربەی شار و ناوچە مەسکونیەکانی هەردولا، بە شکستی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتبوو. خومەینی کەسێک کە لە سەرەتاوە شەڕی وهكوو نێعمەتی ئیلاهی ناوبرد، وهكوو خۆی گوتی جامی ژههری نایه سهر و شكستی قهبول كرد.
کۆتایی شەڕ بۆ خەڵکی ئازار دیتووی ئێران، کرانەوەی دەربیجیەکی هیوا بوو کە لە لایەکەوە دەیانتوانی ژیانی ئاسایی و بە دوور لە کوشتار و بۆمبارانی رۆژانە دەست پێتكهنهوه و لە لایەکی دیکەوە دەیانتوانی داخوازی و متالباتی ئینسانی خۆیان کە هەموو رۆژێک بە بیانوی شەڕەوە سەرکوت دەکرا، بێننه گۆرێ. شەوق و شادمانی لە دڵی خەڵکدا بەدی هاتبوو وە شکست و داماوی ڕژیمی ئیسلامیان بە خاڵێکی جێگای هیوا بۆ بەرەو پێش چوونی خەبات و دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان لە داهاتودا دەزانی. سەرانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرویانەوە خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکیەکانی، ڕەفسەنجانی و خامنەیی و باقی هاوبیرانیان ئاگاداری تەواوی ئەم واقعیەتانە بوون. ئەوان بە پلان و ئاگاهانە بڕیاریاندا کە شادی و خۆشحاڵی خەڵک لە کۆتایی شەڕ بکەنە ماتهم و پرسە بۆیان، بەڵام هۆکارێکیان بۆ وهڕێ خستنی شەپۆلی کوشتاری خەڵکی کۆڵان و بازاڕ نەبوو. سەرانی کۆماری ئیسلامی کە بەقەولی خۆیان، حکومەتەکەیان بەرهەمی سەرکەوتنی خوێن بەسەر شمشێردا بوو، دهیان ههویست تۆڵەی شکان لەشەڕی عێراق دا له خەڵکی ئێران بکەنەوە. ئەوان بۆ مانەوەیان پێویستیان بە ڕشتنی خوێنی زیاتر هەبوو وە ئەمجارەش وەک ٣٠ ی جۆزەردانی ساڵی ٦٠ شمشێری ژاراوی خۆیان لە زیندانەکان و لەدژی زیندانیانی سیاسی خستەکار. لە ڕەوانگەی حاکمانی ئێرانەوە گونجاو ترین و بێ سەروسەدا ترین شوێن تەنیا زیندانەکان بوو کە بە هەزاران ئینسانی ناڕازی و تێکۆشەر و لە عەینی حاڵدا بی دیفاع لە پشتی میلە ئاسنینەکانیەوە بەند کرابوون. خومەینی سەرەتا فەتوای کوشتاری زیندانیانی سیاسی دەرکرد و دواتر کۆمیتەیەکی پێکهاتو لە: حیسنعەلی نەییری( حاکمی شەڕع)، موڕتەزا ئیشراقی( دادستان)، ئیبڕاهیم ڕەئیسی( جێگری دادستان) و مستەفا پور محەممەدی( نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات) ی کردە مەئموری بهڕێوهبردنی ئهو فهتوایه.
لەگەڵ دەرکردنی ئەم فەتوایە و مهئمور کردنی ئەو کەسانەی لە سەرەوە ناویان هات، جەنایەتکارانی حیرفەیی وەک” لاجهوهردی” و” داوەری” و دەیانی تر ، زیندانەکانیان بۆ ڕێبەری ئیسلامی کردە بەرەیەکی شەڕی یەک لایەنە و شکست لە جەبهەیان کردە “سەرکەوتن” لە زیندانەکاندا. داری ئێعدامیان دامەزراند و زیندانیانی ئاڕمان خوایزیان بە وتنی” نا” سپاردە جەلادان و بەداری ئێعدامیاندا کردن و مۆری سەرشۆڕیەکی مێژوییان بە نێوچاوانی بکوژانەوە نا. بە هەزاران زیندانی تێکۆشەر و خۆڕاگر دارەکانی ئێعدامیان ماچ کرد، بەڵام لە بەرانبەر جەنایەتکارانی ئیسلامیدا سەریان دانەنەواند. هەواڵی ئەم جەنایەتە لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و مەتبوعاتەوە بڵاو نەکرایەوە. خومەینی و شاگردەکانی پێیان وابوو کە قوفڵێکی هەتاهەتایی ئیستبدادیان لە زاری کۆمەڵگا داوە. پەیکەری قوربانیەکانی ئەم جەنایەتەیان بە دزیەوە لە خاوەرانی تاران، دارولڕەحمەی شیراز، باغی ڕەزوانی ئیسفەهان، حەساری دادگای شۆڕش لە سنە و دەیان شوێنی تردا شاردەوە. گوڕستانی ئەم ئازیزانەیان ناونا لەعنەت ئاوا تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان خەڵک لێیان دوور بکەونەوە. بهڵام ئهم شوێنانه بە خێرایی بوونە ئارامگای ئازیزانی لەبیر نەکراو و بە دڵناییەوە لە داهاتویەکی نە زۆر دووردا دەبنە ژوانگەی ئهویندارانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت.
زۆری پێنەچوو کە هەواڵێکی مەترسیدار لە ئێران و لە دەرەوەی ولات بڵاو بۆوە. خەڵکی ئێران کە کەم کەم خەریک بوو جەستەی ماندویان لەژێر وێرانەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق دەردەکێشا، زانیان کە چ کارەساتێک لەدژی ئازیزانیان بەڕێوەچووە. ژمارەیەکی کەم لە هاوخەباتانی قوربانیەکانی جەنایەتی هاوینی ٦٧ کە لەو کوشتارە بە کۆمەڵە بە سڵامەتی رزگاریان ببوو لە بیرەوەریەکانیاندا گۆشەگەلێکیان لە دڵڕەقی جەنایەتکارانی زیندانوان و مەزڵومیەتی زیندانیانی بەند کراو و بێ دیفاع بۆ ڕای گشتی گێرایەوە. بەڵام هێشتا ئەمە هەموو ڕاستیەکە نییە. هێشتا بەشێکی زۆر لە ڕاستیەکانی ئەم جەنایەتە لە خەڵک شاراوەیە.
زۆربەی ئامران و عاملانی ئەم جەنایەتە. لە دادستانی پێشوی گشتییهوە تا سەرۆکی دادگا و باقی ئەو جەنایەتکارانەی کە لە کارەساتی کوشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی ٦٧ دا بەشێک لە هێزی بازوی ئیمام بوون لە نەبەرد لەدژی زیندانیانی بێدیفاع، چەند ساڵ دواتر لیباسی بەناو ئیسلاع خوازانی حکومەتیان لەبەر کرد و بۆ رزگار کردنی کەشتی بەر تۆفان کەوتوی حکومەتی ئیسلامی کەوتنە خۆ، بهڵام کەشتیە شکاوەکەی خۆیان لە قوڕ چەقی و لە کورسی دەسەڵات دوور خرانەوە.
له راستی دا داسی مەرگی ئەم ڕژیمە لە زیندانەکاندا لە هەموو ٤٠ ساڵی رابردودا قەت لە حەرەکەت نەویستاوە. لەم ماوەیەدا لەپاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکهنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەر ناڕەزایەتیەک و دەنگێکی ئازادی خوازانە، سزای ئێعدامیان وەک توندوتیژیەکی ئاگاهانە و ڕیکخراو بۆ لەنێو بردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداری، لە خزمەت بە دروست کردنی فەزای ترس و نیگەرانی و بێدەنگ بوون و تەسلیم لە کۆمەڵگادا بەکارهێناوە. سزای ئێعدام وەک جەنایەتێکی ڕێکخراو لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئیستا یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ترساندنی خەڵک. کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لەسەر بنهمای سەرکوت داناوە بەڵام ئەگەر سەرکوت لە قۆناغێکدا، هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵکی بەشوێنەوە بێت، بوارە عەینیەکانی هەڵچوونی قین و توڕەیی جەماوەر زیاتر خۆش دەکات.
ئەمرۆ کە ٣١ ساڵ بەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی هەزاران کەس لە نەیارانی ئەم ڕژیمە لە زیندانەکاندا تێپەڕ دەبێت، رژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی، ئەگەرچی هەروا لەسەر کارە، بەڵام لەداوی قەیرانێکی هەمە لایەنەدا پەلەقاژەیەتی. قەیرانێک کە ڕێگایەکی بۆ دەرچوون لێی شک نابات و هەرچی زیاتر هەوڵ ئەدات، زیاتر تێی دەچەقێ. ئەگەر کوشتاری هاوینی ساڵی ٦٧ توانی تا ئاستێک کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و ڕژیم لە ژێر زەبری خەباتی جەماوەری ڕزگار بکات، بەڵام ئیستا سەرانی ڕژیم بە باشیی ئاگاداری ناکارایی سیاسەتی سەرکوت بۆ کپ کردنەوەی بڵێسەکانی خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ههن. بێ گومان سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای دادی خەڵکی ئازار چەشتوی ئێراندا بکێشرێنە بەردەم مێزی محاکەمە، ڕازە نەدرکاوەکانی جەنایەتی بێ ئەژماریان کە لە ماوەی دەسەڵاتیاندا کراوە زیاتر ئاشکرا بێت و سزای شیاوی خۆیان وەگرن.