ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی نوامبر، ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینە. بڕیارنامەی ژمارە ١٨١ی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٩ی نوامبری ١٩٤٧ کە پێشنیاری دابەشکردنی فەلەستینی کرد، سەرەتای شەڕ و ئاوارەبوونی بەربڵاو، هەڵاواردنی جێگیر و دروستبوونی یەکێک لە درێژخایەنترین ململانێی چارەسەرنەکراوی جیهان و زۆرێک لەو ئازار و مەینەتیانەیە کە ئەمڕۆ دەیبینین. کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢١ی نوامبری ١٩٧٧، ٢٩ی نوامبر ساڵیادی پەسەندکردنی بڕیارنامەی ١٨١ی دابەشکردنی فەلەستینی وەک ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دەستنیشانکرد.
ئەو ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی دەیان ساڵ داگیرکاری، هەڵاواردن، شەڕ، ئاوارەیی و سەرکوتی خەڵکی فەلەستینە. شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل لەدژی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا، بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا، وێنەی جینۆسایدێکی بەتەواومانای دەوڵەتیی خستووەتە بەرچاو. بۆردومانی ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ژێرخان و سەرچاوە گرنگەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانە و کەمپەکانی ئاوارەکان بووەتە هۆی کوشتاری بەربڵاوی خەڵکی مەدەنی، بەتایبەتی منداڵان. گەمارۆی درێژخایەنی ئابووری سەر غەززە، سنووردارکردنی توندی هاتوچۆ، ڕووخاندنی ماڵ و ئاوارەکردنی بنەماڵەکان، لە زومرەی شێوازە بەردەوامەکانی سزادانی بەکۆمەڵن کە تێیدا سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاو ناگیرێت. ئەم دۆخە وایکردووە ژیانی ئاسایی بۆ ملیۆنان کەس لە خەڵکی فەلەستین مەحاڵ بێت. هاوکات هەڵسووکەوتی نامرۆڤانە لەگەڵ بەدیلگیراوان، دەستگیرکراوان و زیندانیانی سیاسی فەلەستینی، بەشێکی ترە لە کارنامەی ڕەشی دەوڵەتی ئیسرائیل، کە خۆی لە دەستبەسەرکردنە ئیدارییەکان بەبێ دادگاییکردن، ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو لە کاتی لێپرسینەوەکان، ڕاگرتنی منداڵان و تازەلاوانی فەلەستینی لە بارودۆخێکی خراپ و سووکایەتی ئامێزدا، پێشگرتن لە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و هەروەها سەپاندنی جۆرەها گوشاری دەروونی و جەستەیی دا دەبینێتەوە کە زۆرجار لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە بەڵگەی لەسەر تۆمار کراوە. ژنانی بەدیلگیراوی فەلەستینی، جگە لە هەموو ئەمانە، لەگەڵ توندوتیژیی ڕەگەزی، هەڕەشە، سووکایەتی و هەڵسوکەوتی زۆر خراپیش بەرەوڕوو دەبنەوە.
لەم ڕۆژە جیهانییەدا پێویستە جەخت لەسەر دوو ڕاستی بکرێتەوە، یەکەم: بەرگریی ڕاستەقینە لە خەڵکی فەلەستین هیچ پەیوەندییەکی بە دەوڵەتە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکان، لەوانە کۆماری ئیسلامییەوە نییە. دووەم: ڕزگاری فەلەستین لە ڕێگای ڕێکخراو و ڕەوتە بناژۆخواز و تائیفییەکانی وەک حەماسەوە بەدەست نایەت. بەڵکوو چارەسەری پرسی فەلەستین تەنیا بە پشتبەستن بە هاوپشتیی هێزە چەپ، پێشکەوتنخواز، سیکۆلار و یەکسانیخوازەکان، دەستەبەر دەبێت، جا چ لە خودی فەلەستین بێت، لە ئیسرائیل، یان لەسەر ئاستی جیهانی و چ لە شێوەی یەک دەوڵەتی خاوەن مافی یەکسان بۆ هەمووان، یان پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لەپاڵ دەستی ئیسرائیلدا. هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ئەگەر ڕاستگۆیانە و یەکسانیخوازانە بێت، دەبێت خۆی لە دوو جەمسەری کۆنەپەرستانە دوور بگرێت:
یەکەم: ئیدانەکردنی داگیرکاری و سەرکوتکردنی سیستماتیکی دەوڵەتی ئایینی ئیسرائیل، داگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان و دووهەم، بناژۆخوازی و سەرکێشی هێزە کۆنەپەرستەکانی وەک حەماس و لایەنگرە ناوچەییەکانیان لەوانە کۆماری ئیسلامی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە، “پرسی فەلەستین”ی کردە پایەی تەبلیغاتی و ئیدئۆلۆژی خۆی. ڕۆژی قودسی دەوڵەتیی وەڕێخست، دروشمی “ئازادی قودس”ی لەسەر ئاڵاکانی خۆی نووسی، هاوکاری دارایی و سەربازی گەیاندە گروپەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی و خۆی وەک ئاڵاهەڵگری خۆڕاگریی لە ناوچەکەدا ناساند. بەڵام لە پشت ئەم دروشمانەوە کارنامەی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین بە تەواوی تێکدەرانە و ڕیکارانەیە. بۆ کۆماری ئیسلامی فەلەستین بووە بە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە ناوخۆ، بە نمایشی تەبلیغاتی و ڕێپێوانی زۆرەملێ و میدیای دەوڵەتی، هەوڵیدا خۆی وەک “بەرگریکاری ستەملێکراوان” نیشان بدات. ئەوە لە کاتێکدایە کە لەناوخۆی ئەو سیستەمەدا، لەسێدارەدان و ئەشکەنجە، هەڵاواردنی جێندەری، سەرکوتی کەمینەکان و کوشتاری خۆپیشاندەران بەڕێوە دەبات. فەلەستین بۆ کۆماری ئیسلامی کارتێکە بۆ سات و سەودا لە سیاسەتی دەرەوەدا. پشتگیریکردنی لە گرووپە چەکدارەکان کردووە بە ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر ڕکابەرە ناوچەیی و زلهێزە جیهانییەکان و “پرسی فەلەستین” بەکاردەهێنێت بۆ بردنەسەرەوەی توانای موزایەدەی خۆی لە بابەتەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمیدا. ئیدیعای بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین لەلایەن حکوومەتێکەوە کە لە بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، جەماوەری ناڕازی دایە بەر دەستدڕێژی گوللە، لە ڕاستیدا سووکایەتیکردنە بە ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین. کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە ئیدئۆلۆژی شیعەگەری و دژە ڕۆژئاوایی خۆی، پاڵپشتی لەو هێزانە کردووە کە ئامانجی دواڕۆژیان نەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و یەکسان نییە، بەڵکوو بریتییە لە دەسەڵاتی ئایینی و سەرکوتی کۆمەڵایەتی. حەماس وەک هێزێکی ئیسلامی و دیکتاتۆر، لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی بەسەر غەززەدا، هەر چەشنە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی سەربەخۆ، هەر هێزێکی چەپ، هەر بزووتنەوەیەکی مەدەنی و بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەی ژنانی سەرکوت کردووە و بە سیاسەتی سەرکێشانەی نیزامی، چەندین جار بیانووی داوەتە دەست ئیسرائیل بۆ هێرشکردنی بەربڵاو. بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕزگاری خەڵکی فەلەستین بخاتەڕوو.
بەڵام خەڵکی فەلەستین هەموویان خۆیان لە ژێر ئاڵای حەماسدا نابیننەوە. لە نێو فەلەستینییەکان دا مەیل و بۆچوونی جۆراوجۆر لەوانە هێزە چەپ و سیکۆلار و سۆسیالیستەکان، بزووتنەوە مەدەنییەکان، یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و خوێندکاران، کۆڕوکۆمەڵی فیکری و مافی مرۆڤ، بوونیان هەیە. رێگاچارەی دادپەروەرانەی پرسی فەلەستین، تەنیا لەسەر ئەو بنەمایانەی خوارەوە مومکین دەبێت: بە فەرمی ناسینی مافی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی لەمێژینەی ئەو ناوچەیە، لەوانە (یەهوودی، عەرەب، موسڵمان، مەسیحی، چەپ و سیکۆلار و هتد) بەبێ جیاوازی، کۆتاییهێنان بە داگیرکاری، کۆتاییهێنان بە دروستکردنی شارۆکەی نیشتەجێبوون و هەڵاواردنی یاسایی بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان، بە فەرمی ناسینی مافی گەڕانەوە یان قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان، گەرەنتیکردنی ئەمنییەت و ئازادی بۆ هەردوو دانیشتووانی فەلەستینی و ئیسرائیلی. ئەم ئاسۆیە دەتوانرێت لە چوارچێوەی دوو سیناریۆدا بێتە گۆڕێ: سیناریۆی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی دیموکراتیک بە لەبەرچاوگرتنی مافی یەکسان بۆ هەمووان، کە تێیدا سەرجەم هاووڵاتیان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەتەوە و ئایین، لە مافی یەکسانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەهرەمەند بن، هیچ هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، نەتەوەیی و ئایینی لە یاسا و دامەزراوەکاندا بوونی نەبێت و پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتی لەسەر بنەمای مافی یەکسانی یاسایی و هاووڵاتیبوون بنیات نرابێت نەک ناسنامەی نەتەوەیی یان ئایینی. ئەم سیناریۆیە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵ هەیە لە پێکهاتەی یاسایی و سیاسی ئیسرائیلدا و هەروەها بەهێزبوونی هێزە پێشکەوتنخواز و دژە ڕەگەزپەرستەکان لە هەردوو دیوی دیوارەکەوە. سیناریۆی دووهەم، بریتییە لە پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، کە سنوورەکانی بە فەرمی بناسرێت، کۆتایی بە داگیرکاریی بێت و سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری فەلەستین گەرەنتی بکرێت. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە هیچ کام لەم دوو سیناریۆیە بە بێ پشت بەستن بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخواز و دیموکراتیکەکان و یەکسانیخوازەکان لە خودی ئیسرائیل و فەلەستین دا و هەروەها بەبێ گوشار و پاڵپشتی ڕای گشتیی جیهانی، یەکێتییە کرێکارییەکان، بزووتنەوە خوێندکارییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حیزبە چەپ و سیکۆلارەکان، جێبەجێ ناکرێت و بەبێ هاتنە مەیدانی ئەو هێزانە، هیچ چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسی فەلەستین بەدی نایەت.
