ساڵڕۆژی هێرشی ساڵی ١٣٥٨ی ڕژیم بۆ سەر کوردستان لە کاتێکدایە کە لە سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکی شۆڕشی ژیناداین. شۆڕشێک کە چەخماخەکەی لە کوردستانەوە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لێدرا. شۆڕشێک کە وەبیرهێنەرەوەی خۆڕاگرییەکی سەرفەرازانەیە کە ٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە کوردستانی شۆڕشگێڕ دەستی پێکرد و شانازییەکی مێژوویی و دەستکەوتگەلێکی حاشا هەڵنەگری لەبەرامبەر بە یەکێک لە کۆنەپەرست ترین و سەرکوتگەرترین دەسەڵاتەکانی ئەم سەردەمەی بۆ خەڵکی کوردستان بەدیاری هێنا. بەڵام هێرش بۆسەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ ڕووداوێکی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو نەبوو. لە ڕاستیدا ئەو هێرشە بەشێک بوو لە پڕۆسەی سەرکوتکردنی شۆڕشی ئێران. ئەم سیاسەتە نەک لە ٢٨ی گەلاوێژەوە، بەڵکوو لە هەمان ڕۆژەکانی دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامییەوە خرایە کارنامەی کاریانەوە. لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ و سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨، لە شارەکانی مەهاباد و سنە، بە فەرمانی فەرماندەی پادگانەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، خەڵک ئاگرباران کران. لە شاری مەهاباد ٢٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژران و لە شاری سنەش نزیکەی ٢٠٠ کەس بەهۆی تۆپبارانەوە گیانیان لەدەستدا.
جگە لەوەش هەر لەو قۆناغەدا ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو توانی بەشێک لە کۆنەپەرستانی خۆجێیی لەگەڵ خۆیدا هاوڕا بکات. چەکدارکردنی فیئۆداڵ و عەشیرەتەکان و ڕێکخستنیان لە ڕێکخراوێکی کۆنەپەرستانەدا بە ناوی “شۆڕای عەشایری کوردستان” و بەهێزکردنی ڕەوتی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی ئەحمەدی موفتیزادە لە سنە، لە زومرەی ئەو ڕێوشوێنانە بوون. لە ٣١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ لە شاری نەغهدە شەڕی نێوان دانیشتووانی تورک و کوردیان وەڕێخست و پاسدارەکانی ژێر فەرمانی مەلا حەسنی کۆنەپەرستیان بەمەبەستی کوشتن و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خەڵک ڕەوانەی ئەو شارە کرد.
جگە لەوەش پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ تەقەیان لە خەڵکی شاری مەریوان کرد و بەهۆیەوە ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٠ کەسیش بریندار بوون. لە شاری سنەش، لە ئەنجامی تەقەی پاسدارانی جێگیر لەو شارە، چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. کاردانەوەی کۆمەڵە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش بەرامبەر بەم هەڵسوکەوتانە، لێبڕاوانە و شۆڕشگێڕانە و جەماوەریی بوو. خەڵکی کوردستان ڕیفراندۆمی ١٢ی خاکەلێوە بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێرانیان بایکۆت کرد. ڕووداوەکانی وەک مانگرتنی یەک مانگە لە شاری سنە بۆ وەدەرنانی پاسداران لەو شارە، کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان بۆ هەمان مەبەست، ڕێپێوانێکی شکۆدار لە سنە و شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بەرەو مەریوان و چەندین چالاکیی دیکەی لەم چەشنە هەر لەو سەردەمەدا ڕوویاندا. کۆمەڵە کە لەشکرکێشی بەربڵاوی ڕژیمی بە ئەگەرێکی حەتمی دەزانی، هەوڵی دەدا خەڵکی کوردستان بۆ خۆڕاگریی و بەرخۆدانێکی درێژخایەن و چارەنووسسازتر ئامادە بکات.
ڕەوتی ئیسلامی کە بۆ ماوەی چەند سەد ساڵ وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا هەڵسوکەوتی دەکرد، لەو قۆناغەدا هەم لە سەرچاوەی دەوڵەمەندی دارایی، هەم لە شەبەکەی مزگەوت و مەلاکان لە سەرتاسەری وڵات، کە وەک ڕێکخراوێکی سەرتاسەریی خاوەن ڕێبەرییەکی یەکدەست چالاکییان دەکرد، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی شا، خۆی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئێران ئامادە کرد.
لەو ڕووەوە کە ئەرتەش بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندبوو، ئەم ڕەوتە دەستی بەسەر هەموو دامودەزگا و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی شادا گرت و ئەوانەشی کە لە ئەنجامی شۆڕشدا تێکشکابوون، بە خێرایی نوێکردەوە. نە لیبڕالەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا کە خۆیان لە ڕێکخراوەکانی سەر بە “بەرەی نیشتمانی“دا ڕێکخستبوو، توانییان متمانەی دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسی نفووزی یەکێتی سۆڤیەت بەدەست بهێنن و نە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش بەهۆکاری جۆراوجۆر دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە هێز و پۆتانسێلە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان ڕێکبخەن. تەنیا لە کوردستان بوو کە ئەم پرۆسەیە بەپێی پلانی ڕەوتی ئیسلامی نەچووە پێشەوە و کوردستان چارەنووسێکی جیاوازی پەیدا کرد.
پێش لە هێرشی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨ بۆسەر کوردستان، خوێندکاران لە زانکۆکان سەرکوت کران. بزووتنەوەی تورکەمەن سەحرا غەڵتانی خوێن کرا. ناڕەزایەتییەکانی خوزستان زۆر زوو خامۆش کرا و کرێکارانی بەندەر ئەنزەلی و ئیسفەهان کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللە. بەڵام کۆماری ئیسلامی پێویستی بە ئامادەکارییەکی زیاتر بوو بۆ ئەوەی بتوانێت کوردستان سەرکوت بکات. بۆیە پلانی هێرش بۆسەر کوردستان بە بەراورد لەگەڵ هێرشکردنەسەر دەستکەوتەکانی بەشەکانی تری خەڵکی ئێران، تا ڕادەیەک دواکەوت.
هێرشی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨ لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەستی بەوە دەکرد توانایی پێویستی بۆ سەرکوتکردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بەدەستهێناوە. هێزەکانی ڕژیم لە دوو مێحوەری ورمێ و کامیارانەوە هێرشەکەیان دەستپێکرد. لە هەردوو مێحوەرەکەدا لەگەڵ بەرگریی قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەوڕوو بوونەوە. لەم قۆناغەدا ڕژیم توانی بەپشتبەستن بە باڵادەستی هێزی ئاسمانی و تۆپخانە، کوردستان داگیر بکات. لەو کاتەدا کۆمەڵە بەیاننامەیەکی لەژێر ناونیشانی “خەڵکی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوە“دا بڵاوکردەوە و تیایدا خەڵکی کوردستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردنێکی هەمە لایەنە بانگهێشت کرد. لە وەڵامی ئەو بانگەوازەدا، بڵێسەکانی خەبات و بەرخۆدان لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە سەریهەڵدا.
زۆری نەخایاند کە هێرشە غافلگیرانه و بەربڵاوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەک و ناڕەزایەتی هەر ڕۆژە و بەردەوامی جەماوەری خەڵک لەسەر شەقامەکان لە لایەکی ترەوە، دوای سێ مانگ، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی خەڵک گۆڕی و ڕژیمی ناچار بە پاشەکشە و قبوڵی ئاگربەست و هاتنەسەر مێزی دانوستان کرد. گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ ناو شارەکان و پێشوازی گەرم و گوڕ و شکۆداری خەڵک لەو هێزانە و هەروەها گەشەسەندنی چالاکییە سیاسییەکان و شکڵگرتنی شۆڕا و ڕێکخراو و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیاندا، بە کردەوە شکستی هێرشی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨ی ڕژیمی ڕاگەیاند و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی گەیاندە قۆناغێکی دیکە لە خەبات و بەرخۆدان. خەڵک و بەتایبەت لاوان داهێنەرانەترین شێوازەکانی ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتییان بەکارهێنا و لە زۆربەی شوێن و ناوچەکانی کوردستان کۆمەڵگایان بە شێوەیەکی تەندروست و دێموکراتیک بەڕێوەبرد و ئاسایشی گەڕەکەکانیان بە بەشدارکردنی جەماوەر مسۆگەر کرد. بەرنامەی دابەشکردنی خۆراک و کەرەستە پێویستەکانی خەڵکیان ڕێکخست. خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکانیان دەستپێکردەوە. قوتابخانە و فەرمانگەکان بە کراوەیی هێڵرانەوە و بە کێشە و گرفتەکانی خەڵک ڕاگەیشتن و ئەخلاق و ڕەفتاری شۆڕشگێڕانە و مرۆڤدۆستانە ڕەواجی پێدرا. هەر لەو دەورەیەدا هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد پێکهێنرا و ئەم ناوەندە لە ئارایشێکی نیمچە بەرەییدا ئیدارەی کاروباری کوردستانی گرتە ئەستۆ.
لە ماوەی کەمتر لە ٦ مانگدا کە کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی ئامادەکاری بوو بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی دیکە، کۆمەڵە سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و ئاڵەنگارییانەی کە لە ناوخۆی کوردستاندا پێک دەهاتن، لە هەوڵی ئامادەکردنی بیروڕای گشتیدا بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی سەرلەنوێ و چاوەڕوانکراوی ڕژیم بۆسەر کوردستان. ڕژیمی ئیسلامی خۆی لە دانوستاندنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەدزییەوە و بە مانۆڕگەلێکی فریوکارانه دەرفەتی بۆ خۆی دەکڕی. سەرەنجام کاتێک ئامادەکارییەکانی خۆی تەواو کرد، دیسانەوە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩دا و ئەمجارەیان لە مێحوەری کامیاران_ سنەوە، هێرشی خۆی بۆسەر کوردستان دەستپێکردەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەیتوانی هیچ سەنگەرێک بەبێ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆڕاگریی و بەرخۆدانێکی قارەمانانە داگیر بکات، خۆڕاگریی و بەرخۆدانێکی کە ساڵانێکە هەروا بەردەوامە و ڕژیمی لە کوردستان زەمینگیر کردووە. هەرچەندە ڕژیم دواجار توانی باڵادەستی نیزامیی بەدەست بهێنێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خەڵکی کوردستان ناچار بە تەسلیم بوون و ملکەچکردن بکات. لە هەمان کاتدا کە خۆڕاگریی دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەربڵاو و سەرتاسەری بوو، بەڵام هاوسەنگی هێزی ناوخۆ بۆ پێشخستنی بەرنامەی کۆمەڵە بەمەبەستی دەسەتەبەرکردنی دەسەڵاتی جەماوەریی لە کوردستان، لە هەموو شوێنێک وەک یەک نەبوو. سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی لێرە و لەوێ بوونی هەبوو، هەروەها سەرەڕای سنوورداربوونە زەمەنییەکەی، خەڵکی کوردستان بۆ یەکەمجار دەسەڵاتدارێتی لەخوارەوە، واتە دەسەڵاتدارێتی شۆڕایی و ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسییان ئەزموون کرد. پاشماوەکانی سیستەمی فیئۆدالییان لەناوبرد و زەوی بوو بە موڵکی ئەو کەسەی کە کاری لەسەر دەکرد. ژنان لە ئاستێکی بەرفراواندا هاتنە ناو گۆڕپانی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان. گەرای پەروەردە و بارهێنانێکی پێشکەوتوو شکڵی گرت. بۆ یەکەمین جار خەڵک چیتر خۆیان لە ژێر باری ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەییدا هەست پێنەدەکرد. ئەو خۆڕاگرییەی کە دواتر لەدژی هێرشی ڕژیم هاتەئاراوە، لە ڕاستیدا بەرگریکردن بوو لەو دەستکەوتانە.
بنەڕەتی ترین کەم و کووڕی، بریتی بوو لە نەبوونی ئەزموون و نەبوونی دەرفەت بۆ ئامادەکردنی کادر و ستافێکی بەتوانا بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەو خەڵکەی کە دەیان ساڵ دەسەڵاتی ستەم و چەوساندنەوەی پاشایەتییان تێپەڕ کردبوو، هەروەها ڕێکخراوێکی کە لە دڵی کۆمەڵگایەکی پڕ لە خەفەقاندا سەری هەڵدابوو، بەم نەهێشتنی کەم و کوڕییەکانی خۆیان پێویستیان بە کات بوو. هەڕەشەی هێرشی کۆماری ئیسلامی و دروستبوونی فەزای شەڕ لە کوردستان، بە ناچاری خەباتی چەکداریی لەچاو هەموو جۆرەکانی دیکەی خەبات و خۆڕاگریی کرد بە ئەولەویەتی سەرەکی و دەرفەتێکی گونجاو بۆ چەسپاندن و پەرەپێدانی ئەو دەستکەوتانە نەڕەخسا.
گرنگترین و چارەنووسسازترین ئەزموون ئەوەیە کە نابێت لە ڕێکخستنی دەستبەجێی شۆڕاکانی شوێنی کار و ژیان غافڵ بین و کات بە فیڕۆ بدەین. پێویستە خەڵک لەگەڵ هەڵکردنی یەکەم شنەبای ئازادیدا، دەسەڵاتی خۆیان لەخوارەوە دابمەزرێنن. لەم پێوەندییەدا لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی شۆڕای گەڕەکەکان لە شاری سنە (بنکەکان) زۆر گرنگە. ئەمە خاڵی سەرەکییە. پێویستە پلانی پێشوەختە هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بە پێداویستییە ئابوورییە بەپەلەکانی خەڵک و بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گرفتە ئابوورییەکان نەخشە ڕێگای گونجاو هەبێت، دەبێ بیر لە پووچەڵکردنەوەی پیلانی دابەشکاری و دوبەرەکی دروستکردنە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکرێتەوە، پێویستە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە هەوڵی نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی بدرێت و بۆ ئەو مەبەستە نەخشەڕێگای دیاریکراو هەبێت. دەبێ بەپێی نەخشەڕێگایەکی کرداریی، خەڵک لەوە دڵنیا بکرێتەوە کە کۆمەڵگەی کوردستان نابێتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکان، ڕادیکالیزم لەم بوارانەدا مانا پەیدا دەکات. بە دیتنی ڕۆڵی حیزبێکی توندڕەو، کە بێگومان غەیرە کرێکاریش دەبێت، ناتوانرێت ئەم کۆمەڵگایە لە ڕێڕەوە سەخت و پڕ لە کۆسپ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنرێت. سەرجەمی ئەم پرس و ئەزموونانە لە مێژووی ٤٤ ساڵەی کۆمەڵە و کۆمەڵگای کوردستاندا بەرچاو دەکەوێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حەرەکەتگەلێک لەباری کۆمەڵایەتی و خەباتی پێشکەوتنخوازانە لە کوردستاندا ڕوویانداوە کە دەریدەخەن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە قووڵایی کۆمەڵگادا خەریکە پەرەدەسێنێت. شۆڕشی شکۆداری ژینا نموونەی زیندووی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە. خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی سەرشەقام، مانگرتنە سیاسییەکان و ئەو داهێنانە جەماوەری و مەدەنییانەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دژ بە کۆماری ئیسلامی شاهیدیان بووین، نموونەگەڵێکی درەوشاوەن لە زیندوویەتی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی. بەڵام شۆڕشی ژیناش ڕووداوێکی بێ کۆنتێکست و برووسکەیەک نەبوو لە ئاسمانی بێ هەوردا. سەیری مانگرتنی گشتی چەند شارێکی کوردستان بکەن بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران، هەروەها هاودەنگی کەم وێنەی خەڵک لە کاتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، ئەو کارنەڤاڵە گەورەیەی کە بۆ ڕێزلێنان لە شۆفێرێکی قارەمان کە لە کاتی گەیاندنی هاوکاریدا گیانی بەختکرد، پشتیوانی بەربڵاوی جەماوەریی لە بزووتنەوەی حەقخوازانەی ڕۆژاوا بێننە بەرچاو، سەیری پاڵپشتی لە خەڵکی کوردستانی عێراق بکەن بەرامبەر بە ستەم و ملهوڕییەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق، سەیری بزووتنەوە جەماوەرییەکان بۆ بەرگریکردن لە ژینگە، خۆڕێکخستنە درەوشاوە جەماوەرییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەتای کڕۆنا، بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و ڕێژەی بەرچاوی ئەو هەڵسووڕاوە کرێکاریانەی کە لە ئاستێکی سەرتاسەریدا خاوەن کاریگەری و ئیعتیبارن. سەرجەمی ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیتوو لە کوردستان سوننەتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دەپارێزن و بەرەو پێشەوەی دەبەن. لە وەها بارودۆخێکدا پێویستە بە هەموو تواناوە هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کە خاوەنی هەگبەیەکی پڕ لە ئەزموونی بەنرخە، لەگەڵ ئەو بزووتنەوە سەرتاسەرییەی کە لەپێناو نان و ئازادیدا کەوتۆتەڕێ لێک هەڵپێکرێن. نابێ مەیدان بدرێت بە هێزە کۆنسرواتیڤ و ناسیۆنالیست و ڕوانگە گۆشەگیرخوازەکان، ئەو بۆچوونە پەرە پێبدەن کە گۆیا حەرەكەتە مافخوازانە و سەرتاسەرییەکان پێوەندییان بە خەڵکی کوردستانەوە نییە. دەبێ هەوڵ بدرێت سەرجەم تواناییە بەردەستەکان و تواناییە نوستوو و ناچالاکەکان وەگەڕ بخرێن. شۆڕشی ژینا تا ئەم ساتە ڕێگای نیشانداوە. پێویستە لە ئەزموون و کەموکوڕییەکانی تا ئێستای ئەم شۆڕشە وانە وەربگیرێت و بە کەمترین زەرەر و زیان زۆرترین دەستکەوت بەدەست بێت و هەنگاو بە هەنگاو ڕێگای سەرکەوتن خۆش بکرێت.