٢٨ی گه‌لاوێژ ساڵڕۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی دژ به خه‌ڵكی كوردستانه. 36 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له روژی ٢٨ی گه‌لاوێژ، كۆماری ئیسلامی لە کاتیکدا کە هێشتا زیاتر له چه‌ند مانگ له ته‌مه‌نی دەسەڵاتی تێپه‌ڕ نه‌ببوو، ته‌واوی ئه‌و ئیمكاناته‌ی كه له رژیمی شاوه وه‌ك میرات بۆی به‌جێ مابوو، له پێناو سه‌ركوتی جه‌ماوه‌رێك له كوردستان به‌كاری هینا كه ده‌یانویست له ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی خۆیان بەهرەمەند بن. كوردستان له هه‌لومه‌رجێكدا كه‌وته‌به‌ر شاڵاوی رژیمی ئیسلامی، كه ده‌وره‌یه‌كی چه‌ند مانگه‌ی رزگاری له كۆت و به‌ندی دیكتاتۆری رژیمی په‌هله‌وییان ته‌جروبه ده‌كرد. حیزبه سیاسیه‌كان ئازادانه چالاكیان ده‌كرد، رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان ورده ورده شكڵیان ده‌گرت، له هه‌ندێك له شاره‌كان شوراكانی به‌رهه‌می خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی، ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری رۆژانه‌ی خه‌ڵكیان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، رێژه‌ی جورم و جینایه‌ت له‌چاو ته‌واوی حه‌یاتی رابردووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، به لانیكه‌می خۆی گه‌یشتبوو. فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاقیاتی پێشره‌و ره‌گاژۆی كردبوو و وشیاری و شعووری سیاسی گشتی، به ئاستێکی بالا گەیشتبوو، ئیبتكار و خه‌لاقیه‌تی جه‌ماوه‌ریی بۆ سارێژ كردنه‌وه‌ی خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئه‌و زامانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا به‌جێی هێشتبوو، كه‌وتبۆە كار و هه‌ستی ئینساندۆستی و شور و شه‌وقی شۆڕشگێرانه، سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگای داگرتبوو.به‌ڵام له هه‌مانکاتدا، نیگه‌رانی له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له كوردستان و له ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا هه‌ستیان پێده‌كرا، ورده ورده پەرەی دەسەند. رژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی پاش راپه‌رینی ٢٢ی ڕێبه‌ندان، هێمای دزێوی مه‌به‌ست و ئامانجی راسته‌قینەی خۆی به جه‌ماوه‌ر نیشان دابوو. چەند مانگ پێشتری یه‌كه‌مین به‌هاری ئازادی خه‌ڵكیان له شاری سنه شه‌ڵاڵی خوێن كردبوو، پیلان گێڕی، هه‌ڕه‌شه و خه‌ت و نیشان كێشانی به‌رده‌وام، پشتگیری و به‌هێز كردنی تاقم و گروپی كۆنه‌په‌ره‌ست و پشتیوانی له پاشماوه‌كانی كۆنه‌په‌ره‌ستی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، نائه‌من كردنی فه‌زای شاره‌كان له رێگای جێگیر كردن و دامه‌زراندنی بنكه‌ی چه‌كداری سه‌ر به رژیم، ته‌واوی ئه‌مانه زایه‌ڵه‌ی شوومی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له رێدا بوون، به گوێی خه‌ڵكی كوردستاندا چرپاندبوو. له‌و رۆژانه‌دا كۆمه‌ڵه سه‌ره‌ڕای ته‌واوی ئه‌م كارشكێنی و كه‌ند و كۆسپانەی کە له ناوخۆی کوردوستاندا دەیان خسته سەر رێگای، هه‌وڵی ده‌دا خه‌ڵك له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له‌رێدا بوون، ئاگادار و جەماوەری خەڵک بۆ موقاوەمەت و بۆ خۆراگری بەرانبەر بە هێرشێک کە لە رێ دابوو ئاماده بكات.به هه‌ر راده‌یه‌ك كه رژیمی ئیسلامی جێگا پێی خۆی له شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران پته‌وتر ده‌كرد، مه‌ترسی هێرش بۆسه‌ر كوردستان زیادی دەکرد و هاوکات سێبه‌ری ئیستبداد و کۆنەپەرەستی بەرە بەرە هەموو ئیرانی دادەپۆشی. ئه‌م مه‌ترسیه له چه‌ند مانگ پێش رووخانی رژیمی شا، هه‌ر له‌و كاته‌وه كه دروشمی “حیزب ته‌نیا حیزب الله، رێبه‌ر ته‌نیا روح الله” بوو به وێردی سه‌ر زمان، هه‌ستی پێده‌كرا و ده‌نگی پێی ئیستبدادێكی مه‌زهه‌بی هه‌ر له‌و کاتەوە دەبیسترا.هێرشی ٢٨ی موردادی ١٣٥٨ی رژیم بۆسه‌ر كوردستان، رووداوێكی كتوپڕ نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌شێك بوو له پلانه‌كانی خومه‌ینی و هاوبیرانی به مه‌به‌ستی تێکشکاندنی شۆڕشی ئێران و ناچار كردنی جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو بۆ ملكه‌چ كردن له به‌رانبه‌ر رژیمی ئیسلامی دا. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه بوو كه ماشێنی تازه‌ی سه‌ركوت به خێرایی كه‌وته‌وه كار و نه ته‌نیا هێزه سیاسیه‌كان، به‌ڵكوو ته‌واوی بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كرانه ئامانج. به پێشوازی كردن له شه‌ڕی ئێران و عێراق، نه ته‌نیا كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵگای ئێرانیان میلیتاریزه كرد و شورا كرێكاریه‌كانیان داخست، به‌ڵكوو زۆربەی کارخانەکانیان له‌كار خست و كرێكاره‌كانیان ره‌وانه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕ كرد، نه ته‌نیا ده‌فته‌ری گروپه سیاسیه‌كانیان له زانكۆكان كۆكرده‌وه، به‌ڵكوو ته‌واوی زانكۆكانیان داخست، كرێكارانی ناڕازی و بێكاریان له به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لی و ئیسفه‌هان و تاران دایه به‌ر ده‌سڕێژی گولله، هێرشیان كرده سه‌ر خوزستان و توركه‌مه‌ن سه‌حرا، سوکایەتیان بە ژنان کرد و له‌ژێر چارشێوی ره‌ش دا، یەخسیر کران و خزاندیاننە گۆشەی ماڵەکانیانەوە. هێرش بۆسه‌ر كوردستان له ٢٨ی گه‌لاوێژ به‌شێك بوو له پلانێكی سه‌رتاسه‌ری به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش و سه‌ركوتی ئەو جەماوەرەی كه بۆ رزگار بوون له ده‌ست سه‌ره‌رۆیی په‌هله‌وی و به‌هره‌مه‌ند بوون له ژیانێكی شیاوی ئینسان راپه‌ڕیبوون.جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی حكومه‌تی مه‌زهه‌بی، زه‌وت كردنی ئیراده‌یە له ئینسان. له‌م رووه‌وه ئه‌م رژیمه هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ ئازادی ئینسان بێگانه‌یە. خومه‌ینی به پشت به‌ستن به ته‌قیه (یان ره‌وا بوونی درۆ له مه‌زهه‌بی شیعه)دا، پێویستی به ده‌رفه‌تێك بوو هه‌تا پایه‌كانی نیزامه ئیسلامیه‌كه‌ی خۆی جێگیر بكات. به‌ڵام وجودی كه‌ش و هه‌وای ئازاد ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆی پێنه‌دەدا، تا ئه‌و كاته‌ی كه سروه‌ی نه‌سیمی ئازادی له هه‌ر شوێنێكی ئێران هه‌ستی پێده‌كرا، ئەو بە ئاسودەیی خەوی لێندەکەوت. له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه ئازادی وه‌ك ژه‌هرێك وابوو كه ده‌ڕژایه جه‌سته‌ی رژیمی ئیسلامیه‌وه. ئه‌و ته‌نیا بۆ چاره‌سه‌ری شه‌ڕی نێوان دەست و پێوەندەکانی خۆی و جێنشیەکانی پێی دەگوتن کە: “پێوەر دەنگی خەڵکە.” خۆڕاگرییه‌كی پرژوبڵاو و ناهاوئاهه‌نگ له به‌رانبه‌ر هێرشی كۆنه‌په‌رستیدا له هه‌موو شوێنێكی ئێران شكڵی گرت و رژیم نه‌یتوانی هیچ سه‌نگه‌رێك له ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا به ئاسانی داگیر بكات. به‌ڵام ئه‌م خۆڕاگریه له كوردستان وەها جانانە بوو کە سەری كۆماری ئیسلامی تێیدا له‌به‌رد درا. ئه‌م خۆڕاگریه، ده‌نگی شۆڕشی ئێران بوو كه له كوردستانه‌وه دەبیسترا و به گوێی خه‌ڵكی هه‌موو ئێران و جیهان ده‌گه‌یشت. ئەو خۆراگرییە له ماوه‌ی كه‌متر له ٣ مانگ دا خومه‌ینی كێشایه پشت مێزی وتووێژ، تا ئه‌م جاره‌یان به فێڵ و فریوكاری دەرفەتێکی گونجاو به‌ده‌ست بێنێت و بڵێسه‌ی ئاگری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه دامركێنێته‌وه. ئەم وتوێژە هەر وەکوو چاوەڕوان دەکرا بە هۆی نەسەلماندنی هیچ بەشێک لە مافە سەره‌تاییەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن رژیمەوە، بە ئاکامێک نەگەیشت،کاتێک چه‌ند مانگ دواتر رژیم هەستی بە ئامادەبوون کرد، سه‌رله‌نوێ هێرشی نیزامی خۆی ده‌ست پێكرده‌وه. له ماوه‌ی ئه‌م 36 ساڵه‌دا رێگایه‌كی سه‌خت و دژوار تێپه‌ڕ كرا، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان له‌م تاقی كردنه‌وه مێژووییه‌دا سه‌ربه‌رز هاتنه ده‌رێ. بزووتنه‌وه‌ی عادڵانه و ئازادیخوازانه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه، توشی گه‌لێك هه‌وراز و نشێو بوو، به‌ڵام “زه‌وی له ژێر پێی رژیم له كوردستاندا هه‌میشه دا‌غ” بوو. شۆڕش له ئێران شكستی پێ هات، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی شورشگێرانه‌ی كوردستان لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا درێژه‌ی به ژیانی خۆی دا. بێگومان 36 ساڵی رابردوو، ده‌ورانێكی سه‌خت و دژوار بووه بۆ خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام نه به‌و رادەیە دژوار كه ئه‌گه‌ر سەریان بۆ دەسەڵاتی ئەو رژیمە دانەواندبایە، تووشی دەبوون. ئه‌مرۆكه زۆرێك له‌وانه‌ی كه سه‌رده‌مێك فه‌رمانیان ده‌دا “تا شۆڕشی كوردستان دانه‌مركێنن، پۆتینه‌كانتان له‌پێ ده‌رمه‌هێنن” و یان ” چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی خومه‌ینی بوون تا ببن بە موجاهید بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵكی ئازادیخواز ” و یان” بۆ سڵامه‌تی ئیمام دوعایان ده‌كرد” و داوایان ده‌كرد كه “سپای پاسداران به چه‌كی قورس ته‌یار بكرێ”، زۆریه‌ك له سازمانده‌رانی سه‌ره‌تایی ناوه‌نده‌کانی ئیتلاعاتی و ئه‌منییه‌تی، سه‌ران و دامه‌زرێنه‌رانی سپای پاسداران كه ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵكی كوردستان و باقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران سووره، هه‌مووی ئه‌مانه‌ی كه ئەوکات شمشێری دوژمنیان ده‌مه‌زه‌رد ده‌كردەوە و نه‌مامی سه‌ره‌ڕۆیی مه‌زهه‌بییان ئاو ده‌دا، ئێستا و لەم دەورەیەدا خۆیان بوونه‌ته قوربانی ئه‌م رژیمه و خه‌ڵكی كوردستانیش شانازی به خه‌بات و خۆڕاگری 36 ساڵی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن. خه‌ڵكی كوردستان كه ئاڵاهه‌ڵگرانی خۆڕاگری له به‌رانبه‌ر رژیمی ئیسلامی بوون، له رۆژی مێژویی ٢٨ی گه‌ڵاوێژدا كه هێمای هاوپشتی و خۆڕاگرییه، رێز له یادی ئازیزانێك ده‌گرن كه له رێگای ئازادی و بۆ دیفاع له كه‌رامه‌تی ئینسانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و بێبه‌ش، خه‌ڵتانی خۆین بوون. رۆژی ریزگرتن له یادی ئازیزانێكی بێ دیفاعه كه له شوێنگه‌لێكی وه‌ك قاڕنێ و قه‌ڵاتان و صوفیان و کانی مام سید و ئیندرقاش، به‌كۆمه‌ڵ كوژران. رۆژی رێزگرتن له‌و ئینسانه كۆمۆنیسته شه‌ریفانه‌یه كه له گۆشه و كه‌ناری ئێرانه‌وه به هانای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هاتن و بۆ دیفاع له‌و خه‌ڵكه‌دا كه له شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ دوژمنێكی غه‌دار، گیانیان به‌ختكرد.