کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

٢٨ی گه‌لاوێژ ساڵهاتی هێرشێكی جه‌نایه‌كارانه‌، موقاومه‌تێكی قاره‌مانانه‌

ئەمرو یەكشەممە 28ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دەرچوونی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەلكی كوردستانە. 39ساڵ لەمەوبەر و لە روژی ٢٨ی گەلاوێژ ، كۆماری ئیسلامی لە كاتیكدا كە هێشتا پتر لە چەند مانگ لە تەمەنی دەسەڵاتی تێپەڕ نەببوو، تەواوی ئەو ئیمكاناتەی كە لە رژیمی شاوە وەك میرات بۆی بەجێ مابوو و توانیبووی لەو ماوە كورتە‌دا وەگەڕیان بخات، لە پێناو سەركوتی جەماوەرێك لە كوردستان بەكاریان بێنێت كە دەیانویست لە دەستكەوتەكانی شۆڕشی خۆیان بەهرەمەند بن.كوردستان لە هەلومەرجێكدا كەوتەبەر شاڵاوی رژیمی ئیسلامی، كە دەورەیەكی چەند مانگەی‌ رزگاری لە كۆت وبەندی دیكتاتۆری رژیمی پەهلەوییان تەجروبە دەكرد. حیزبە سیاسیەكان ئازادانە چالاكیان دەكرد، رێكخراوە مەدەنیەكان وردە وردە شكڵیان دەگرت، لە هەندێك لە شارەكان شۆراكانی بەرهەمی خەباتی جەماوەری، ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانەی خەڵكیان بە دەستەوە گرتبوو، رێژەی جورم و جینایەت لە چاو تەواوی حەیاتی رابردووی ئەم كۆمەڵگایە، بە لانیكەمی خۆی گەیشتبوو. فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی پێشرەو رەگاژۆی كردبوو و وشیاری و شعووری سیاسی گشتی، بە ئاستێكی بالا گەیشتبو، ئیبتكار و خەلاقیەتی جەماوەری بۆ سارێژ كردنەوەی خەسارە‌ كۆمەڵایەتیەكان و ئەو زامانەی كە دەسەڵاتی پەهلەوی لە سەر جەستەی كۆمەڵگا بەجێی هێشتبوو، كەوتبۆە‌ كار و هەستی ئینسان دۆستی و شور و شەوقی شۆڕشگێرانە سەرتاسەری كۆمەڵگای داگرتبوو.

نیگەرانی لەو مەترسیانەی كە لە كوردستان و لە ئاستی سەراسەریدا هەستیان پێدەكرا، وردە وردە پەرەی دەسەند. رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، هەر لە یەكەم رۆژەكانی پاش راپەرینی ٢٢ ی ڕێبەندان، هێمای دزێوی مەبەست و ئامانجی راستەقینەی خۆی بە جەماوەر نیشان دابوو‌. چەند مانگ پێشتری یەكەمین بەهاری ئازادی خەڵكیان لە شاری سنە شەڵاڵی خوێن كردبوو، پیلان گێری، هەرەشەو خەت و نیشان كێشانی بەردەوام، پشتگیری و بەهێز كردنی تاقم و گروپی‌ كۆنەپەرەست و پشتیوانی لە پاشماوەكانی كۆنەپەرەستی دەرەبەگایەتی، نائەمن كردنی فەزای شارەكان لە رێگای جێگیر كردن و دامەزراندنی بنكەی‌ چەكداری سەر بە رژیم، تەواوی ئەمانە زایەڵی شوومی ئەو مەترسیانەی كە لە رێدا بوون، بە گوێی خەڵكی كوردستان دا چرپاندبوو. لەو رۆژانەدا كۆمەڵە سەرەرای تەواوی‌ ئەم كارشكێنی و كەندو كۆسپانەی كە ناوخۆی كوردوستاندا دەیان خسته سەر رێگای، هەوڵی دەدا خەڵك لەو ئەو مەترسیانەی كە لەرێدا بوون ئاگادار بكات جەماوەری خەلك بۆ موقاوەمەت و بۆ خۆراگری بەرانبەر بە هێرشێك كە لە رێ دابوو ئامادە بكات.

بە هەر رادەیەك كە رژیمی ئیسلامی جێگا پێی خۆی لە شوێنەكانی دیكەی‌ ئێران پتەوتر دەكرد، مەترسی هێرش بۆ سەر كوردستان زیادی دەكرد و هاوكات سێبەری رەشی ئیستبداد و كۆنەپەرەستی بەرە بەرە هەموو ئیرانی دادەپۆشی . ئەم مەترسیە لە چەند مانگ پێش رووخانی رژیمی شاە هەر لەو كاتەوە كە دورشمی “حیزب تەنیا حیزب الله، رێبەر تەنیا روح الله”،بوو بە وێردی سەر زمان، هەستی پێدەكرا و دەنگی پێی ئیستبدادێكی مەزهەبی هەر لەو كاتەوە دەبیسترا. هێرشی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی رژیم بۆ سەر كوردستان رووداوێكی كتوپڕ نەبوو، بەڵكوو بەشێك بوو لە پلانەكانی خومەینی و هاوبیرانی بە مەبەستی تێكشكاندنی شۆڕشی ئێران و ناچار كردنی جەماوەری راپەریو بۆ مل كەج كردن لە بەرانبەر رژیمی ئیسلامی دا. هەر بەم هۆیەوە‌ بوو كە ماشێنی تازەی سەركوت‌ بە خێرایی كەوتەوە كار و نە تەنیا هێزە سیاسیەكان، بەڵكوو تەواوی بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان كرانە ئامانج. بە پێشوازی كردن لە شەری ئێران و عێراق، نە تەنیا كەش و هەوای كۆمەڵگای ئێرانیان میلیتاریزە كرد و شورا كرێكاریەكانیان داخست، بەڵكوو زۆربەی كارخانەكانیان لەكار خست و كرێكارەكانیان رەوانەی بەرەكانی ‌شەر كرد، نە تەنیا دەفتەری گروپە سیاسیەكانیان لە زانكۆكان كۆكردەوە، بەڵكوو تەواوی زانكۆكانیان داخست، كرێكارانی نارازی و بێكاریان لە بەندەر ئەنزەلی و ئیسفەهان و تاران دایە بەر دەست رێژی گوللە، هێرشیان كردە سەر خوزستان و توركەمەن سەحرا، سوكایەتیان بە ژنان كرد و لەژێر چارشێوی رەش دا، یەخسیر كران و خزاندیاننە گۆشەی ماڵەكانیانەوە. هێرش بۆ سەر كوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژ بەشێك بوو لە پلانێكی سەراسەری بە مەبەستی ئەستاندنەوەی تەواوی دەستكەوتەكانی شۆڕش و سەركوتی ئەو جەماوەرەی كە بۆ رزگار بوون لە دەست سەرەرۆیی پەهلەوی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێكی شیاوی ئینسان راپەڕیبوون.

جەوهەری راستەقینەی حكومەتی مەزهەبی، زەوت كردنی ئیرادەیە لە ئینسان. لەم رووەوە ئەم رژیمە هەر لەبنەڕەتدا لە گەڵ ئازادی ئینسان بێگانەیە. خومەینی بە پشت بەستن بە تەقیە( یان رەوا بوونی درۆ لە مەزهەبی شیعە) دا، پێویستی بە دەرفەتێك بوو هەتا پایەكانی نیزامە ئیسلامیەكەی خۆی جێگیر بكات. بەڵام وجودی كەش و هەوای ئازاد دەرفەتێكی ئەوتۆی پێنەدەدا، تا ئەو كاتەی كە سروەی نەسیمی ئازادی لە هەر شوێنێكی ئێران هەستی پێدەكرا، ئەو بە ئاسودەیی خەوی لێندەكەوت. لە روانگەی ئەوەوە ئازادی وەك ژەهرێك وابوو كە دەڕژایە جەستەی رژیمی ئیسلامیەوە. ئەو تەنیا بۆ چارەسەری شەری نێوان دەست و پێوەندەكانی خۆی و جێنشیەكانی پێی دەگوتن كە:”پێوەر دەنگی خەلكە.” خۆراگرییەكی پرژوبڵاو و ناهاوئاهەنگ لە بەرانبەر هێرشی كۆنەپەرستیدا لە هەموو شوێنێكی ئێران شكڵی گرت و رژیم نەیتوانی هیچ سەنگەرێك لە ئاستی سەراسەریدا بە ئاسانی داگیر بكات. ‌بەڵام ئەم خۆڕاگریە لە كوردستان وەها جانانە بوو كە سەری كۆماری ئیسلامی تێیدا لەبەرد درا. ئەم‌ خۆڕاگریە،‌ دەنگی شۆڕشی ئێران بوو كە لە كوردستانەوە دەبیسترا و بە گوێی خەڵكی هەمو ئێران و جیهان دەگەیشت .ئەو خۆراگرییە لە ماوەی كەمتر لە ٣ مانگ دا خومەینی كێشایە ‌پشت مێزی وتوێژ، تا ئەم جارەەیان بە فێڵ و فریوكاری دەرفەتێكی گونجاو بەدەست بێنێت و بڵێسەی ئاگری ئەم بزوتنەوەیە دامركێنێتەوە. ئەم وتوێژە هەروەكوو چاوەروان دەكرا بە هۆی نەسەلماندنی هیچ بەشێك لە مافە سەرتاییەكانی خەلكی كوردوستان لە لایەن رژیمەوە، بە ئاكامێك نەگەیشت،كاتێك چەند مانگ دواتر رژیم هەستی بە ئامادەبوون كرد سەرلەنوێ‌ هێرشی نیزامی خۆی دەست پێكردەوە. لە ماوەی ئەم 39 ساڵە دا رێگایەكی سەخت و دژوار تێپەڕ كرا‌، بەڵام خەڵكی كوردستان لەم تاقی كردنەوە مێژووییە دا سەربەرز هاتنە دەرێ. بزووتنەوەی عادڵانە و ئازادیخوازانەی ئەم خەڵكە، توشی گەلێك‌ هەوراز و نشێو بوو، بەڵام “زەوی لە ژێر پێی رژیم لە كوردستاندا هەمیشە داغ” بوو. شۆڕش لە ئێران‌ شكستی پێ هات، بەڵام بزوتنەوەی شورشگێرانەی كوردستان لە شكڵ وشێوەی جۆراوجۆردا درێژەی بە ژیانی خۆی دا. بێ گومان 39 ساڵی رابردوو، دەورانێكی سەخت و دژوار بووە بۆ خەڵكی كوردستان، بەڵام نە بەو رادەیە دژوار كە ئەگەر سەریان بۆ دەسەڵاتی ئەو رژیمە دانەواندبایە توشی دەبوون. ئەمڕۆ لە هەل و مەرجێك دا یادی 39 ساڵەی دەستپێكی ئەم خۆڕاگریە پڕ شكۆیە رێز لێ دەگرین كە تەخت و بەختی كۆماری ئیسلامی لە ژێر زەختی خەباتی جەماوەردا كەوتۆەتە لەرزین و ریزەكانی ئەو رژیمەی شپرزە كردووە.

ئەمرۆكە زۆریەك لەوانەی كە سەردەمێك ‌فەرمانیان دەدا “تا شۆڕشی كوردستان دانەمركێنن‌، پۆتینەكانتان لەپێ دەر مەهێنن” و یان ” چاوەڕوانی فەرمانی خومەینی بوون تا ببن بە موجاهید بۆ سەركوتی خەڵكی ئازادیخواز ” و یان” بۆ سڵامەتی ئیمام دوعایان دەكرد” و داوایان دەكرد كە “سپای پاسداران بە چەكی قورس تەیار بكرێ”، زۆریەك لە سازماندەرانی سەرەتایی ناوەندەكانی ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی، سەران و دامەزرێنەرانی سپای پاسداران كە دەستیان بە خوێنی خەڵكی كوردستان و باقی شوێنەكانی دیكەی ئێران سوورە، هەمووی ئەمانەی كە ئەوكات شمشێری دوژمنیان دەمەزەرد دەكردەوە و نەمامی سەرەرۆیی مەزهەبییان ئاو دەدا، ئێستا و لەم دەورەیەدا خۆێان بوونەتە قوربانی ئەم رژیمە و خەڵكی كوردستانیش شانازی به خەبات و‌ خۆڕاگری 39 ساڵی خۆیانەوە دەكەن. خەڵكی كوردستان كە ئاڵاهەڵگرانی خۆڕاگری لە بەرانبەر رژیمی ئیسلامی بوون، لە رۆژی مێژویی ٢٨ی گەڵاوێژ دا كە هێمای هاوپشتی و خۆڕاگرییە،ریز لە یادی ئازیزانێك دەگرن كە لە رێگای ئازادی و لە دیفاع و لە كەرامەتی ئینسانی خەڵكی ستەملێكراو و بێبەش، خەڵتانی خۆین بوون. رۆژی ریزگرتن لە یادی ئازیزانێكی بێ دیفاعە كە لە شوێنگەلێكی وەك قارنێ و قەلاتان بە كۆمەڵ كوژران. رۆژی ریزگرتن لەو ئینسانە كۆمۆنیستە شەریفانەیە كە لە گۆشە و كەناری ئێرانەوە بە هانای خەڵكی كوردستانەوە هاتن و لە دیفاع لەو خەڵكەدا كە لە شەڕێكی نابەرابەر لەگەڵ دوژمنێكی غەدار، گیانیان بەختكرد.

ئەمڕۆ كرێكارانی كوردستان هەڵسوڕاوانە لە بزووتنەوه سیاسی و كۆمەڵایە‌تییەكاندا بەشدارن و دەوری پێشڕەو دەگێرن، ژنان شانازی بە خۆراگریەك دەكەن كە بەرانبەر بە كۆنەپەرەستی و دەسەڵات لە هەموو سەنگەرەكاندا كردویانە. ئەو دروشم و داخوازیانەی كە كۆمۆنیستەكان لەم كۆمەڵگایەدا هێنایانە گۆرێ، ئێستا جەماوەری بوونەتەوە و بوونەتە‌ هێزێكی مادی و ئەمانە هەمووی بەرهەمی بەشداری هەڵسوڕاوانەی خەڵكی كوردستان لە خەباتی سەراسەری بۆ روخاندنی رژیمی پاشایەتی و خۆڕاگرییەكە كە لە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨وە لە بەرانبەر هێرشی رژیمی ئیسلامیدا شكڵی گرت.

ئیستا و دوای تێپەر بونی 39 سال لە ئەزمونی بزوتنەوەی شۆرشگیرانەی خەلكی كوردستان پێویستە جارێكی دیكە ئەزمونی دەسەڵاتی شوراكان لە كۆمەلگای كوردستان، واتە گرینگرتین دەسكەوتی ئەو سەردەم بێنینە بەرچاو، بۆ ئەوەی رۆشنكەرەوەی رێگای داهاتومان بێت. كۆمه‌ڵه‌ و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ئه‌زموونی جیهانیی چینی كرێكار و خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو، داهێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی له‌ كوردستان بوون. به‌ پێی ئه‌و ئه‌زموونه‌ دەسەڵاتی شورایی بە جەماوەری كریكار و زەحمەتكیش فورسەتی ئەوە دەدا كە فیری دەسەلات دارێتی بن، خۆیان هەم یاسا دانەر بن و هەم بەریوەبەری یاسا. به‌ پێی ئه‌و ئه‌زموونه‌ خوارەوەترین پلەی شوراكان، شورای گەرك و دێ و كارگا و كارخانە دەبن كە راستەوخۆ لە كۆبوونەوەی گشتی دا لەلایەن خەلكەوە هەلدەبژێردرین، بۆ ئەوەی هەم ناوەندی تەكبیر و مەشوەرەت كردن بن و هەم پۆستەكانی بەریوەبەری گەرەك و ئاوایی و كارگا و كارخانە بەدەستەوە بگرن.

دوای ئەوە شورای نوینەران هەیە كە بەریوەبەران و یاسا دانەران لەئاستی یەك شار و چەند شاردا، دیاری دەكات، شورای نوینەران لەلایەن ئەندامانی شوراكانی خوارەوەتری خۆیان هەلدەبژیردرین. لە سەرەوەترین پلەدا كونگرەی سەراسەری نوینەرانی شورا مەحەلیەكان هەیە و لە خوارەوەترین پلەكان دا شوراكانی شار ودێ و گەرەك و كارخانە، ریزدەبەستن. جەماوەری خەلك لە ریگای ئەو سیستمە شوراییەوە خۆیان راستەوخۆ لە كار وباری حاكمیەت دا بەشداری هەلسووراوانەیان دەبێ و لە ریگای نوینەرانی خۆیانەوە لە هەموو پلە و پایەیەك دا بەشداری دەسەلاتن، لەو سیستمەدا، هەركات جەماوەر بە نوینەری خۆی نارازی بێ، دەتوانی بانگی بكاتەوە و كەسی تر لە جیگای دابنێ.

ئەو نیزامە ریگا بە جەماوەر دەدا، هەم حكومەت بكات هەم بەرە بە بەرە فیری حكوومەت كردن بێ و توانایی و لیهاتوویی خۆی لەم بوارەدا بەریتە سەر. ئەو سیستمە ریگا نادات كە ژمارەیەك پیشەی تایبەتیان ببێ بە حكومەت كردن و ژمارەیەك كاریان هەر مل كەچی و بەریوەبردنی بریارەكانی سەرەوە بێ. ئەوان هەم هیزی بەریوەبەری كار و باری مەحەلین و هەم هیزی دیاری كەری ئورگانەكانی سەرەوەتری خۆیانن. لەو سیستمەدا جەماوەری خەلك بە راستی ئیمكانی ئەوەیان هەیە كە نوینەرانی هەلبژیردراوی خۆیان بناسن و لە ئەزمونی ژیانی رۆژانەیان دا تاقیان كەنەوە. ئەوەیە یەكێك لە گرینگترین ئەزمونەكانی كوردستانی شۆرشگێر كە كەوتە بەر پەلاماری هیزی كۆنە پارێزی كۆماری ئیسلامی.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-