رۆژی ١٨ ی سیپتامبر، بەرابه ر لەگەڵ ٢٧ ی سەرماوەز، بەپێی تەقویمی سازمانی ملەل ” رۆژی نێونەتەوەیی پەنابەران” بوو. ” سازمانی نێو نەتەوەیی بۆ کۆچبەران” لە رۆژی دوو شەممە ٢١ ی دیسامبردا بەم بۆنەیەوە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاو کردەوە کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەیشتونەتە ئوروپا ملیۆنێک کەسی تێپەڕاندوە. بەپێی ئاخرین ئاماری بڵاو کراوە لە ئاڵمان لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ٩٦٥ هەزار پەنابەر لەم وڵاتەدا ناو نووس کراون و ئیدارەی کۆچبەری کەیسی پەنابەریی ١٩٠ هەزار کەسیانی ڕەد کردوەتەوە. یەل لەسەر سێی ئەو پەنابەرانەی چونەتە ئوروپا منداڵن. سازمانی خەیریەی ” منداڵان ڕزگار بکەن!” بەم دواییانە ڕاگەیاندنێکی توندی لەدژی دەوڵەتانی ئوروپا بڵاو کردەوە. ئەم ڕێکخراوە جەختی کردەوە کە دەوڵەتانی ئوروپایی بۆ پشتیوانی لە منداڵانی پەنابەری ئاسیب پەزیر و تەنانەت بۆ پشتیوانی لە منداڵانی لە حاڵی نوقم بووندا لە کەناراوی وڵاتەکانیاندا کۆسپ دروست کردوە و یان یارمەتیەکی ئەوتۆیان نەداون.ویلیام لاسی سوینگ، دەبیری ” سازمانی نێونەتەوەیی بۆ کۆچبەران”، لە بەیانیەکەیدا ساڵی ٢٠١٥ ی وەک ساڵی ڕەنج و تڕاژیدی پەنابەران ناوبرد. ئەو نووسی کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا ٥ هەزار پەنابەر لە مەسیری چوون بۆ ئوروپا گیانیان لەدەست داوە، کە لە نێویاندا ٣ هەزار و ٦٩٢ کەسیان لە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانە و یان دەریای ئیژەدا نوقم بوون. ئەو ڕزگار بوانەی کە گەیشتونەتە ئوروپا لە لایەکەوە لەلایەن بەشێک لەخەڵکەوە پێشوازیان لێکراوە و لایەکی دیکەوە کەوتەنەتە بەر هێرشی ئەو ڕەگەز پەرستانەی کە لە لایەن سەرمایەداران و سیاسەتمەدارانی دەستە ڕاستیەوە پشتیوانی دەکرێن. دەوڵەتانی ئوروپاییش لە ڕاستای زەمینە سازی بۆ گێڕانەوەیان هەڵیانداوە و یان کەمترین ئیمکاناتیان بۆ پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی نابەسامانیان تەرخان کردوە.
بۆ نمونە بەپێی خوێندنەوەیەکی توێژکاری کە ڕاپۆرتەکەی ڕادیۆ ئاڵمان رۆژی ٢٢ ی دسامبر، بەرابەر لەگەڵ یەکی مانگی بەفرانبار، بڵاوی کردەوە لە هەر ١٠ کەسی ئاڵمانی یەکێكیان بە خواستی خۆیان یارمەتی پەنابەرانیان داوە. هێندێکیان تەنانەت بنەماڵەی پەنابەرانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا جێکردۆتەوە. لە هەمانحاڵدا هێزە چەپ و کومونیستەکان ئاکسیۆن و کەمپەینی بەرینیان لەدژی هێزە ڕەگەز پەرستەکان و بۆ پشتیوانی لە پەنابەران ئەنجامداوە. لە بەرانبەردا دەوڵەتی ئاڵمان کۆمەڵێک بڕیاری بۆ دیپۆڕت کردنەوەی خێرای ئەو کەسانەی کە پێیان ئەڵێت پەنابەری ئابووری خستەوەتە دەستوری کارەوە. ئەم دەوڵەتە و سەرۆکی کابینەکەی، کە ئیدیعای پشتیوانی لە پەنابەران دەکات، لە ساڵی ٢٠١٥ دا ١٨ هەزار و ٣٦٣ پەنابەری بەزۆر دەرکردوە. دەوڵەتی ئاڵمان وێڕای کەم کردنەوەی یارمەتیە دەوڵەتیەکان بۆ پەنابەرانی جەنگی تەنیا ئیجازەی مانەوەی یەک ساڵەیان ئەداتێ تا هەرکات پێویست بوو بیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتەکانیان.
بەپێی ئاخرین ئاماری سازمانی ملەل ئێستا زیاتر لە ٦٠ ملیۆن ژن، پیاو و منداڵ بەهۆی شەڕە ئیمپڕیالیستیەکان، هەژاری زۆر، بێکاری بەرین، بێ هیوا بوون بە ژیان و قاتی و قڕی ماڵەکانیان جێهێشتوە و ئاوارە بوون. ئەم ئامارە تەنیا ئاوارە بەڕەسمی ناو نووس کراوەکان دەگرێتەوە. ئەو ئاوارانەی کە ناو نووس نەکراون و گیان بەختکردوانی نەناسراوی نێو دەریاکان، و یان ئەوانەی لەنێو ڕێدا گیانیان لە دەست داوە لەم ئامارەدا نەگونجێندراون. ئاخرین ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ نیشانی ئەدات کە زیاتر لە ١٩ ملیۆن کەس لە ئاوارە ناو نووس کراوەکان بۆ دەرەوەی ولاتەکانیان هەڵاتون مابەقی لەنێو وڵاتەکانیاندا ئاوارەن. زۆربەی ئەو ئاوارانەی کە بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان هەڵاتون لە وڵاتانی لەحاڵی پێشکەوتندا و لەو ئۆردوگایانەدا نیشتەجێ کراون کە خاوەنی ئیمکاناتی کافی نین بۆ ژیان. ئەم ئاوارانە زۆربەیان خەڵکی سوریە، ئەفغانستان، عێڕاق، لیبی، سۆمالی و ئیریترەن. ئاوارە فەلەستینیەکانی دەرکراو لە لایەن حکومەتی ڕەگەز پەرستی ئیسڕایلەوە لەم ئامارەدا نەهاتون. تەنیا سوریەی شەڕ لێدراو کە بۆتە مەیدانی ڕقابەت و کێشمەکێشی زل هێزە سەرمایەداریە جیهانیەکان و حکومەتەکانی ناوچەکە، زیاتر لە ١١ ملیۆن ژن و پیاو و منداڵی ئاوارەن کە نزیکەی ٥ ملیۆن لەوان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتون.
لەباری مێژوییەوە هەموو ئەو وڵاتانەی ناویان هات بەرهەمی ئەو سیاسەت و شەڕانەن کە هێزە ئیمپڕیالیستیەکانی ئوروپایی دوای شەڕی جیهانی دووهەم بە دخاڵەتگەری ئیمپڕیالیزمی ئامریکا بەسەر ئەم خەڵکەیاندا سەپاندوە. سنوری وڵاتانی عێڕاق و سوریە و حکومەتە هارە دیکتاتۆڕیەکانی داسەپاو بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتانەدا بەرهەمی ئەم سیاسەتە ئیمپڕیالیستیانەن. ئەو ئاوارە ئەفغانیانەی، کە ٢٠ لەسەدی پەنابەرانی ئێستا پێکدێنن، بەرهەمی شەڕەکانی موجاهیدینی ئەفغانین لەدژی حکومەتی ناوەندی بە پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا، پاکستان و عەرەبستانی سعودی و هەروەها هێرشی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ٢٠٠١ دا بۆسەر ئەم وڵاتە. ئەو قاتی و قڕی و بێکاری و هەژاریەی کە سەرمایەداران و حکومەتە دیکتاتۆڕە گەندەڵەکان بەسەر وڵاتانی ئافریقاییاندا سەپاندوە کەمتر ئاکامی موسیبەتی سروشتی و زۆرتر بەرهەمی سیاسەت و کرداری حکومەتە ئیسعمارگەرەکانی پێشو و ئیمپڕیالیستی ئێستا وەک بریتانیا و فەڕانسە و موجتەمەعە سەنعەتی و خزمەتگوزاریە رۆژئاواییەکانە. دەوڵەت و سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی بە تاڵان کردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵاتانی ئافریقایی بەشێک لە خەڵکی گیرۆدەی هەژاری و نەهامەتی کردوە و ئەوانی ناچار بە بەجێهێشتنی وڵاتەکانیان کردوە.
نیزامی جیهانی سەرمایەداری هەروا لە قەیراندایە. لە ڕابردودا لە ئاوا بارودۆخێکدا حکومەتە بۆرژواییەکان بە هەڵگیرساندنی شەڕە جیهانیەکان و قوربانی کردنی بەملیۆن ئینسان و سەرلەنوێ دابەش کردنەوەی دنیا و پەرەدان بە ناوچەی نفوز بۆ هەناردەی سەرمایە بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ دەبوون. ئێستا بە هۆی هاوسەنگی نیزامی، تێکەڵ بوونی سەرمایەکان و سەرهەڵدانی شێرکەت و کۆمپانیای چەند میلیەتی زەمینە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی بە تەواو مانای جیهانی لاواز بووە. لەم روەوە ئەوە کانونانەکانی قەیرانی ناوچەیین کە دەبنە مەیدانی ڕقابەت و کێشمە کێشی زل هێزە ئیمپڕیالیستیە جیهانیەکان. وەک نمونە لە سوریە هێزە جیهانی و سەرمایەداری و ئیمپڕیالیستیەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرگیرن. بە درێژەکێشانی قەیرانە سیاسی و ئابووریەکانی داوێنگیری وڵاتانی سەرمایەداری مەترسی شەڕ ئەفروزی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و بە ناچاری ئاوارە بوونی خەڵکی بێ دیفاع زیاتر دەبێت. ئەگەر چێنی کڕێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و ئینسانە ئازادی خوازەکان لە ئاستێکی جەماوەریدا نەیەنە مەیدانی خەباتەوە و نەبنە هێزی بەتوانای کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و لمبۆزی هێزە سەرمایەداریەکان لە ئاستی ناوچەییدا نەشکێنن و کۆتایی بە دخاڵەتگەریە ئیمپڕیالیستیەکان نەهێنن، بەشەریەت لە داهاتودا شاهیدی کارەسات و موسیبەتی لەوە زیاتریش دەبێت.