١٨ی مارس، یادی کۆمۆنی پاریس، یەکەمین حکوومەتی کرێکاریی جیهان
ئەمڕۆ ١٨ی مارس، ساڵیادی یەکێک لە درەوشاوەترین ڕووداوەکانی مێژووی خەباتی ئازادیخوازی و کرێکاریی جیهانە. لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ١٨٧١دا، کرێکاران و خەڵکی چەکداری پاریس دەسەڵاتیان گرتە دەست و یەکەمین حکوومەتی کرێکاریی جیهانیان دامەزراند. کۆمۆن ئەزموونێکی مەزن بوو، ئەزموونێکی کورت، بەڵام پڕمانا. ئەزموونێکی کە تا ئێستاش بۆ کرێکاران، زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی جیهان ئیلهامبەخشە.
کۆمۆنی پاریس لە ناو جەرگەی قەیرانە سیاسی و سەربازییەکانی فەڕانسەدا سەری هەڵدا. ساڵی ١٨٧٠، لۆیی بناپارت (ئیمپراتۆری فەڕانسە) بە مەبەستی پەرەپێدانی هەستی شوینیستی و هەژموون و دەسەڵاتی وڵاتەکەی لە ئورووپا، شەڕێکی دژی دەوڵەتی پڕۆس ڕاگەیاند. بەڵام ئەو شەڕە بە شکستێکی سەرشۆڕانە کۆتایی پێهات. سپای فەڕانسە شکا و لۆیی بناپارت خۆیشی لەلایەن سپای پڕۆسەوە بە دیل گیرا. سپای داگیرکەری پڕۆس تا بەر دەروازەکانی پاریس پێشڕەویی کرد.
لە بارودۆخێکی وەهادا، خەڵکی پاریس هاتنە مەیدان. لە ٤ی دێسامبری هەمان ساڵدا ڕاپەڕین و پاشماوەکانی ئیمپراتۆرییان ڕاماڵی. کرێکارانی ڕاپەڕیو هێرشیان کردە سەر کۆشکی “بۆربۆن” و پارلمانیان ناچار کرد کە هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری و دامەزراندنی حکوومەتێکی “کۆماری” ڕابگەیەنێت.
لەم نێوەندەدا خەڵکی پاریس بۆ بەرگریکردن لە شار، چەکیان هەڵگرت و بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سپای داگیرکەری پڕۆس“گاردی نیشتمانی“یان ڕێکخست. بڕبڕەی پشتی ئەم هێزە، بریتی بوو لە گوردانە کرێکارییەکان. سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان کاریگەرییەکی زۆریان لە ناو ئەم کرێکارانەدا هەبوو. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە لە ناو شەڕدا نەک هەر هێزێکی سەربازی، بەڵکوو هێزێکی سیاسیی نوێش لەدایک ببوو.
بەڵام هاوکات، هێزە بۆرژوازییەکانیش بە خێرایی “حکوومەتی کاتیی بەرگریی نیشتمانی“یان پێکهێنا. ئەم حکوومەتە کە بنکەکەی لە “بۆردۆ” بوو، زیاتر لەوەی لە سپای پڕۆس بترسێت، لە کرێکارە چەکدارەکانی پاریس دەترسا. بۆیە لە بری شەڕ لەگەڵ داگیرکەران، داماڵینی چەکی کرێکارانی خستە پێشینەی کارەکانییەوە. ئەوان لە لایەکەوە لەگەڵ پڕۆس سەرقاڵی وتووێژ بوون و لە لایەکی ترەوە پیلانیان بۆ چەککردنی گاردی نیشتمانی دەگێڕا. بەڵام کرێکاران چەکیان دانەنا و دژی حکوومەتی بۆرژوازی ڕاپەڕین.
سەرەنجام لە ١٨ی مارسی ١٨٧١دا، حکوومەتی دەستنیشانکراو لە بەرانبەر ڕاپەڕینی جەماوەردا خۆی ڕانەگرت و سەرکردەکانی ڕایانکرد بۆ “وەرسای“. بەم شێوەیە پاریس کەوتە دەست کرێکارانی چەکدار و “کۆمیتەی ناوەندیی گاردی نیشتمانی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. یەکەم کاریان بریتی بوو لە پێکهێنانی شۆڕاکانی گەڕەک و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی حکوومەتێکی نوێ. دوای جێگیرکردنی دەسەڵات، کۆمیتەی ناوەندی، دەسەڵاتی ڕادەستی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی جەماوەر کرد و بەم جۆرە “کۆمۆنی پاریس” دامەزرا.
کۆمۆنی پاریس لە هەمان سەرەتاوە شێوازێکی نوێی لە دەسەڵاتداری نیشان دا، حکوومەتێکی کە نوێنەرەکانی هەڵبژێردراو بوون و خەڵک دەیتوانی هەر کاتێک ئیرادە بکەن لایان ببەن. کۆمیتەی کۆمۆن ٨٣ ئەندامی هەبوو کە هەم یاسایان دادەڕشت و هەم جێبەجێیان دەکرد. ئەمە خۆی نیشانەیەکی ڕوون بوو لە تێکشکانی دام و دەزگای دەوڵەتی بۆرژوازی کۆن و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی فۆرمێکی نوێی دەسەڵات.
کردەوەکانی کۆمۆن بوێرانە و مێژوویی بوون. کۆمۆن سپای پیشەیی هەڵوەشاندەوە و کاروباری سەربازیی بە جەماوەری چەکدار سپارد. ئەم بڕیارە دەریخست کە بەرگریکردن لە کۆمەڵگا لە دەستی خەڵک خۆیدا بێت نەک لە دەستی سپایەکی دابڕاو لە جەماوەر. کۆمۆن ڕایگەیاند کە زەویی هی ئەو کەسانەیە کە کاری لەسەر دەکەن. ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هی کرێکارانە و کار مافی سروشتی سەرجەم مرۆڤەکانە.
هەروەها کۆمۆن هێرشی کردە سەر ئیمتیازاتی چینایەتی بەرپرسانی حکومەت. موچەی زیادەڕۆیی بەرپرسانی باڵا هەڵوەشایەوە. بەرزترین مووچە نەیدەتوانی لە حەقدەستی کرێکارێکی لێهاتوو زیاتر بێت. دادوەر و بەرپرسە باڵاکان هەڵدەبژێردران و خەڵک دەیانتوانی بە ئیرادەی خۆیان لە کارەکانیان دووریان بخەنەوە. ئەم ڕێوشوێنانە سیاسەتیان لە قۆرخکاریی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵاتەکان دەرهێنا.
کۆمۆن سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە. لەبەردەم خەڵکدا گیۆتینەکەی سووتاند. ئەمە تەنها بڕیارێکی یاسایی نەبوو. بەڵکوو هەڵگری پەیامێکی گەورەی مرۆیی بوو. کۆمۆن نیشانیدا کە حکومەتی کرێکاران دەیەوێت پێوەندی خۆی لەگەڵ دام و دەزگای ترس و تۆقاندنی ڕابردوودا بپچڕێنێت.
هەروەها هەنگاوی گەورە لە بواری پەروەردەدا نرا. خوێندنی بێ بەرامبەر دامەزرا. قوتابخانەکان لە ژێر کۆنترۆڵی کڵێساکان هاتنەدەرەوە. کڵێساکان هەڵوەشێنرانەوە و دەست بەسەر موڵک و ماڵەکانیاندا گیرا. هەموو یارمەتییەکانی دەوڵەت بۆ کڵێسا بڕا. ئایین وەک بابەتێکی تایبەت ڕاگەیەندرا. دادگا و پەروەردە لە ئایین و لە هەر باوەڕێکی کە پێوەندی بە ویژدانی تاکەوە بوو دابڕا. ئەمەش یەکێک بوو لە پێشکەوتووترین ڕێوشوێنەکانی کۆمۆن.
کۆمۆن هەوەها لە پێناو بەرژەوەندی چینی کرێکاردا دەستوەردانی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا کرد. دەوامی شەوانە لە نانەواخانەکان قەدەغە کرا. حەقدەستی فەرمانبەرانی کۆمسیۆنەکانی کۆمۆن هاوسان لەگەڵ حەقدەستی کرێکاران دیاریکرا. پۆلیس لە ئامرازێکی دەسەڵاتی ناوەندییەوە گۆڕدرا بۆ دامەزراوەیەکی کە لەخزمەت ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵکدا بوو. ئەرکە سیاسییەکانی پۆلیس هەڵوەشایەوە و بەرپرسەکانی لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
هەروەها کۆمۆن ئازادی قسەکردن، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی کۆبوونەوە و ئازادی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڕاگەیاند. ئەو کارگە و دامودەزگایانەی کە خاوەنەکانیان لە پاریس هەڵاتبوون، ڕادەستی شۆڕا کرێکارییەکان کران. دەزگاکانی دامەزراندن هەڵوەشایەوە و ئەرکەکانیان گواسترایەوە بۆ شارەوانییەکانی ٢٠ ناوچەی پاریس. سەرجەم کرێی کرێنشینان بۆ ماوەی ساڵێک لێیان خۆش بوون. فرۆشتنی کەلوپەلی گرێبەستکراوی خەڵک لە بانکەکاندا قەدەغە کرا. تەنانەت ئەو شۆڕشگێڕانەی کە لە وڵاتەکانی دیکەوە هاتبوون و شانبەشانی کرێکارانی پاریس خەباتیان دەکرد، بەبێ جیاوازی بەرپرسیارێتییان پێ سپێردرا. ئەمەش دەریخست کە کۆمۆن خاوەن ڕۆحێکی ئینتەرناسیۆنالیستییە.
بەڵام کۆمۆن دوژمنی بەهێزی هەبوو. حکومەتی پڕۆس لە بڵاوبوونەوەی پەیامی ئازادی و یەکسانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەترسا. هەربۆیە بووە هاوپەیمانی حکومەتی بۆرژوازی دۆڕاو و هەڵهاتووی فەڕانسە. بۆ سەرکوتکردنی کۆمۆن، ٦٠ هەزار کەس لە دیلەکانی شەڕی سپای فەڕانسەیان ئازاد کرد و خستیانە بەر دەستی حکومەتی وەرسای. لە سەرەتای مانگی ئایارەوە هێرشی هاوبەشی سپای پڕۆس و سپای سەرلەنوێ پێکهێنراوی حکومەتی بۆرژوازی بۆ سەر پاریس دەستیپێکرد.
شەڕێکی نایەکسان هاتەئاراوە. کرێکاران و کۆمۆنارەکان تا دوا هەناسە شەڕیان کرد. بەڵام دواجار دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕی خوێناوی، کۆمۆن شکستی هێنا. نزیکەی ١٧ هەزار کرێکار لە بەرەکانی شەڕدا گیانیان لەدەستدا. ٣٠ هەزار کەس لە سێدارە دران. ٧٠ هەزار کەسیان زیندانی یان دەربەدەر بوون. ئەم کۆمەڵکوژییە ترسناکە، نموونەیەکی ڕوونی ڕق و کینەی چینایەتیی بۆرژوازی ئورووپایی بوو بەرامبەر بە حکوومەتی کرێکاران. ئەم تاوانانە بە فەرماندەیی ژنڕاڵ مەکماهۆن ئەنجام دران کە دواتر بوو بە سەرۆکی فەڕانسە.
کۆمۆنی پاریس تەنها ٧٢ ڕۆژی خایاند. بەڵام ئەم ٧٢ ڕۆژە دونیایەک لە ئەزموون و وانەی بەجێهێشت. کۆمۆن نیشانی دا کە کرێکاران نەک هەر دەتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵکوو دەتوانن حوکمڕانیش بکەن. دەریخست کە فۆڕمی شۆڕایی دەسەڵات ئیمکانێکی ڕاستەقینەیە. دەریخست کە دەکرێت حکومەت نەک لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەڵکوو لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک ڕێکبخرێت.
وانەکانی کۆمۆن بۆ ئەمڕۆی ئێرانیش گرنگە. ئێران لە گێژاوی قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا گرفتار بووە. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی هەمەجۆر بەرەوڕوو بووەتەوە. چینی کرێکاری ئێران بە توندترین شێوە دەچەوسێتەوە. سەرەتاییترین مافەکانی لێ زەوت کراوە. هەژاری، هەڵاواردن، بێکاری، سەرکوت و بێمافی گوشاری خستۆتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس. ئەگەر ڕژیم لەو قەیران و شەڕەی ئێستاش ڕزگاری بێت، ئاشکرایە کە ناتوانێ لە بەرامبەر توڕەیی و بێزاریی پەنگخواردووی جەماوەردا بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێت.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئەزموونی کۆمۆن وانەیەکی ڕوونی پێیە: ئەگەر بۆشایی دەسەڵات دروست ببێت، نابێت ئەم بۆشاییە بە دەستی هێزە کۆنەپەرستەکان، هێزی نیزامی یان دەسەڵاتە باڵاکان پڕبکرێتەوە. ئەم بۆشاییە پێویستە لەلایەن شۆڕا هەڵبژێردراوەکانی خەڵک لە گەڕەک، کارگە و کارخانه، زانکۆ و قوتابخانە و شار و گوندەکانەوە پڕبکرێتەوە. ئەمە هەمان فۆڕمی نوێی حکومەتە کە کۆمۆنی پاریس بۆ یەکەمجار نیشانی جیهانی دا. لە کوردستانیش جەماوەر ئەزموونی بەنرخیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بە پشتبەستن بە دامەزراوە جەماوەرییەکان و هاوپشتی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم ئەزموونانە دەتوانن لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی داهاتوودا یەکلاکەرەوە بن.
١٨ی مارس وەبیرهێنەرەوەی ئیمکانێکی مێژووییە. ئیمکانی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە چارەنووسی خۆیدا. ئیمکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری. کۆمۆن شکستی هێنا، بەڵام خامۆش نەبوو. لە یادەوەری چینی کرێکاری جیهاندا مایەوە وە هێشتاش دەڵێت: کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەتوانن ڕاپەڕن و خۆڕێکبخەن و جیهانێکی ئینسانی تر بنیات بنێن.
