ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ ١٧ی خەرمانانی ١٣٥٧ی هەتاوی، یەکێک لە ڕۆژە چارەنووسسازەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، ڕۆژێکی کە دواتر بە ناوی “هەینیی ڕەش” ناسرا.
١٧ی خەرمانان دەبێت لە زنجیرەی ئەو خۆپێشاندانانەدا ببینرێت کە لە مانگەکانی پێشووترەوە دەستی پێکردبوو و دوای چەند مانگێک، بە مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی نەوت و داڕمانی دەسەڵاتی پەهلەوی گەیشتە خاڵی کۆتایی.
لە هاوینی ١٣٥٧دا، ناڕەزایەتییەکان سەرانسەری وڵاتی گرتبۆوە. ڕێپێوانە ملیۆنییەکان، مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، حکومەتی شایان ڕووبەڕووی قەیرانێکی جددی کردبۆوە.
دوای ڕێپێوانە گەورەکانی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە ١٣ی خەرمانان، خۆپێشاندانەکان لە تاران بەردەوام بوون. دەسەڵات کە ئیتر نەیدەتوانی لە ڕێگەی شێوازە ئاساییەکانەوە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات، لە بەرەبەیانی ١٧ی خەرماناندا لە تاران و چەند شارێکی تر حکومەتی نیزامیی یان دۆخی ئاوارتەی ڕاگەیاند. بەڵام خەڵک بەیانیی ڕۆژی هەینی هاتنە سەر شەقام. هیچ کەسێک لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان ئاگاداری ڕاگەیاندنی حکومەتی نیزامیی لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی سەرلە بەیانیدا نەبوون. جەماوەر لە مەیدانی ژاڵە، کە ئێستا بە مەیدانی شەهیدان دەناسرێت، کۆبوونەوە. هێزەکانی سپا لە دەوروبەری مەیدانەکە جێگیر کرابوون. فەرمان بە خەڵکەکە کرا کە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە بهێنن.
بەڵام جەماوەرەکە مەیدانەکەیان چۆڵ نەکرد. هێزە نیزامییەکانی حکومەتی پەهلەوی تەقەیان لە خەڵکەکە کرد. خەڵکی بێ دیفاع، ژن و پیاو، پیر و لاو، لە مەیدان و شەقامەکانی دەوروبەری کەوتنە سەر زەوی.
هەینیی ڕەش دەستی پێکرد.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی ئەم ڕۆژە، گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. لە ساڵەکانی دوای شۆڕشدا، ئاماری زۆر بەرزتریش خرانە ڕوو، بەڵام گرنگیی ١٧ی خەرمانان تەنیا لە ژمارەی گیان بەختکراواندا نییە. ١٧ی خەرمانان خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندیی نێوان حکومەت و کۆمەڵگەدا. پێش ئەوە هێشتا ئەم هیوایە لە نێو هەندێک هێزی سیاسییدا هەبوو کە ڕەنگە بکرێت لە ڕێگەی چاکسازی، دانوستان و پاشەکشەی حکومەتەوە قەیرانەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت. بەڵام ئەو فیشەکانەی لە مەیدانی ژاڵەدا تەقێنران، ئەم هیوایەیان بە توندی لاواز کرد. حکومەت دەیوست بە کوشتار، شەقام بێدەنگ بکات. بەڵام ئەنجامەکە پێچەوانە بووەوە. کوژرانی خەڵک، تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کرد. لەوەش گرنگتر، خەباتەکەی لە شەقامەوە گواستەوە بۆ ناوەندەکانی کار و کارگەکان.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە مێژوویەکی زۆر گرنگ بکەین:
١٨ی خەرمانانی ١٣٥٧، واتە تەنیا ڕۆژێک دوای هەینیی ڕەش.
لەم ڕۆژەدا نزیکەی ٧٠٠ کرێکاری پاڵاوگەی تاران بە ڕێبەریی یەدوڵڵا خوسرەوشاهی دەستیان دایە مانگرتن. داواکارییەکانیان لە سەرەتادا زیاتر ئابووری و پیشەیی بوون، بەڵام حکومەتی نیزامیی و کوشتاری ١٧ی خەرمانان کاریگەرییەکی توندی لەسەر کەشی سیاسیی کرێکاران دروست کردبوو. لێکۆڵینەوە پەیوەندیدارەکان بە مێژووی مانگرتنەکانی نەوت، ١٨ی خەرمانان بە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لە پەرەسەندن و سیاسیبوونی مانگرتنەکانی نەوت دەزانن. خوسرەوشاهی یەکێک بوو لە هەڵسووڕاوان و ڕێکخەرانی بزووتنەوەی کرێکاریی لە بەشی پیشەسازیی نەوت و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن و ڕێکخستنی کرێکاراندا. خۆی دواتر جەختی لەوە کردەوە کە مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە پاییزەوە دەستی پێنهەکردبوو، بەڵکوو خەبات و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە مانگەکان پێشترەوە بەردەوام بوو و دوای ١٧ی خەرمانان پەرەی سەند و ڕەهەندی سیاسیی نوێی بەخۆیەوە گرت.
ئەم خاڵە زۆر گرنگە:
١٧ی خەرمانان تەنیا کۆمەڵکوژییەک نەبوو، بەڵکوو پردێک بوو کە ناڕەزایەتیی شەقامی بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە بەستەوە.
هەر ئەوەش چارەنووسی دەسەڵاتی پەهلەوی گۆڕی. مانگرتن لە پاڵاوگەی تاران بە خێرایی بۆ ناوەندەکانی تری پیشەسازیی نەوت تەشەنەی سەند.
لە ڕۆژانی دواتردا کرێکارانی پاڵاوگەکانی تریش چوونە ناو مانگرتنەکەوە و تا کۆتایی خەرمانان، بازنەی مانگرتنەکانی نەوت ناوەندە گرنگەکانی نەوتی وڵاتی گرتەوە. بەڵام ئەمە هێشتا سەرەتای کارەکە بوو. لە مانگی ڕەزبەردا، مانگرتنەکان بەربڵاوتربوون. کرێکاران و کارمەندانی پیشەسازیی نەوت زیاتر لە پێشوو بەیەکەوە پەیوەست بوون.
لە یاداشتەکانی خوسرەوشاهیدا هاتووە کە کرێکارانی پاڵاوگە لە ڕێپێوانەکانی خۆیاندا بە دروشمی “کرێکار، کارمەند، یەکگرتنتان پیرۆز بێت” هەوڵیان دەدا کارمەندانی بەشی کارگێڕیش بێننە ناە مانگرتنەکەوە، و لە درێژەدا، دروشمی سیاسی و خواستی ڕووخانی حکومەتی پەهلەویش لە نێو کرێکاراندا هاتە ئاراوە. لێرەدا بوو کە بابەتی مانگرتنەکە لە ئاستی پیشەیی تێپەڕ بوو. کرێکاری نەوت لەوە تێگەیشتبوو کە هێزی ئەو تەنیا لە ژمارەی کرێکاراندا نییە، بەڵکوو لەو ڕۆڵ و کاریگەرییەدایە کە کارەکەی لە ئابووریی وڵاتدا هەیەتی. نەوت شادەماری ئابووریی حکومەت بوو.
کاتێک کرێکاری نەوت دەستی لە کار کێشایەوە، تەنیا کارگەیەک دانەخرا. بەڵکوو داهاتی دەوڵەت کەمی دەکرد، هەناردەکردنی نەوت پەکی دەکەوت، ئابووریی حکومەت زیانی پێگەیشت. لە هەمووشی گرنگتر، دەوڵەت بە خەڵکی نیشان دەدا کە ئیتر ناتوانێت تەنانەت گرنگترین بەشی ئابووریی وڵات بخاتەوە گەڕ. لەمڕووەوەیە کە دەبێت پەیوەندیی نێوان ١٧ی خەرمانان و مانگرتنی نەوت بە جدی وەربگیرێت. ١٧ی خەرمانان فیشەکی حکومەت بوو، ١٨ی خەرمانان وەڵامی کرێکار. لە ١٧ی خەرماناندا، حکومەت هەوڵی دا بە هێزی نیزامی بەر بە بزووتنەوەکە بگرێت. بەڵام لە ڕۆژی دواترەوە، کرێکاران پێیاننایە گۆڕەپانێکەوە کە بۆ حکومەت گەلێک مەترسیدارتر بوو:
مانگرتن.
سەرکوتی شەقام دەکرێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت، بەڵام بەڕێوەبردنی وڵاتێکی کە کرێکارەکانی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، زۆر دژوارترە. ئەمهش ڕێک ئەو شتە بوو کە دوای چەند مانگێک ڕووی دا. مانگرتنی پیشەسازیی نەوت پەرەی سەند و بووە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئیفلیجبوونی ئابووریی حکومەتی پەهلەوی. لە تارانەوە تا ئابادان، ئیسفەهان، تەورێز، شیراز، خارک و ناوچە نەوتییەکانی باشوور، کرێکارانی نەوت بە خەباتەکەوە پەیوەست بوون.
لە ئەنجامدا، نەوت ، کە کۆڵەکەی ئابووریی حکومەت بوو، بوو بە یەکێک لە گرنگترین چەکەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە. لێرەدا دەرسێکی مێژوویی گرنگ هەیە:
حکومەتی پەهلەوی پێی وابوو هێز لە سپادایە.
بەڵام ئەزموونی ١٣٥٧ پیشانی دا کە هێزی سیاسی تەنیا لە چەکدا نییە.
هێز لە کۆمەڵگەدایە. هێز لە شەقامدایە. هێز لە کارگەدایە.
هێز لە مانگرتنەکانی کرێکاران دایە. کاتێک ملیۆنان مرۆڤ بڕیار بدەن هاوکاریی خۆیان لەگەڵ دەزگای دەسەڵات ڕابگرن، دەتوانن تەنانەت حکومەتێکی خاوەن سپایەکی بەهێزیش ئیفلیج بکەن. بەم هۆیەوە، ئەگەر بمانەوێت ڕەوتی ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی لە چەند قۆناغێکدا کورت بکەینەوە، دەکرێت بڵێین:
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ١٧ی خەرمانان و کوشتاری مەیدانی ژاڵە، پەرەسەندنی تووڕەیی کۆمەڵایەتی، حزووری بەربڵاوی کرێکاران لە مەیدانی خەباتدا، مانگرتنی نەوت، ئیفلیجبوونی ئابووری، پەرەسەندنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان و سەرەنجام داڕمانی دەسەڵاتی حکومەت.
کەواتە نابیێت ١٧ی خەرمانان تەنیا بە وێنەکانی مەیدانی ژاڵە وەبیر بهێنرێتەوە. بەڵکوو دەبێت مەیدانی ژاڵە لە پاڵ پاڵاوگەی تاراندا ببینرێت.
دەبێت قوربانیانی هەینیی ڕەش لە پاڵ ئەو کرێکارانەدا ببینرێت کە ڕۆژی دواتر دەستیان لە کار کێشایەوە. دەبێت دەنگی فیشەکەکان لە پاڵ دەنگی مانگرتندا ببیسترێت.
چونکە یەکێک لە گرنگترین دەرسەکانی ١٧ی خەرمانان هەر ئەمەیە:
سەرکوت دەتوانێت خەڵک لە شەقام پاشەکشە پێ بكات؛ بەڵام ئەگەر خەڵک خەباتەکەیان لە شەقامەوە بگوازنەوە بۆ کارگە و ناوەندەکانی کار، هاوکێشەی هێز دەگۆڕێت.
لێرەدایە کە کرێکار دەتوانێت خۆی یەکێک بێت لە خوڵقێنەرانی مێژوو.
١٧ی خەرمانانی ١٣٥٧ بە خوێنی خەڵک لە مەیدانی ژاڵە تۆمار کرا.
بەڵام دوای چەند مانگێک، بە مانگرتنی کرێکارانی نەوت، هەمان ئەو بزووتنەوەیە گەیشتە ئاستێک کە ئیتر حکومەت نەیدەتوانی وڵات وەک پێشوو بەڕێوە ببات.
بەم هۆیەوە دەکرێت بڵێین:
هەینیی ڕەش، کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵکی قووڵتر کردەوە،
بەڵام مانگرتنی نەوت، یەکێک بوو لە گرنگترین زەبرەکان کە کۆڵەکەی ئابووریی حکومەتی پەهلەوی تێکشکاند.
لە ڕوانگەیە، مەودای نێوان ١٧ی خەرمانان و ١٨ی خەرمانان تەنیا مەودای دوو ڕۆژ نییە. بەڵکوو مەودای نێوان دوو شێوازی خەباتە:
یەکێکیان خۆڕاگری لە بەرامبەر فیشەکدا، و ئەوی تریان ڕاگرتنی چەرخی ئابووریی حکومەت. مێژووش نیشانیدا کاتێک ئەم دووانە لێک هەڵپێکران، حکومەتی پەهلەوی ئیتر نەیتوانی قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکات.
