ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، خۆپیشاندانەکانى دژه ده‌وڵه‌تی له عێراق بۆ حەڤدەیەمین ڕۆژى به‌رده‌وام هه‌روا درێژه بوو و خۆپیشاندەران سورن لەسەر داواکارییەکانیان.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، دواى ئەوەى بەهەزاران خۆپیشاندەر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ڕژانە سەرشەقامەکانى بەغدا و بەربەستە کۆنکرێتییەکانیان شکاند و هەوڵى پەڕینەوە بۆناوچەى “سەوز”یان دا، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران ده‌ستیان كردووه به ته‌قه‌كردن و هاوكات چەند خۆپیشانده‌ریش له لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. شایانی باسه، پۆلیسى بەغدا هه‌وڵ ده‌دات كه مه‌یدانی “خەلانى” بە خۆپیشاندەران چۆڵ بكات کە له شه‌وی ڕابردووه‌وه به هەزاران خۆپیشاندەر لەو مه‌یدانه ماونەتەوە. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه لەشارى ناسرییەش بەهۆى پێکدادانى نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانەوە، ٤٠ کەس بریندار بوون کە ١٢ کەسیان سەر بە هێزەکانى پۆلیسن و هەربەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە زۆربەى فەرمانگە حکومییەکانى ناسرییە کاروبارەکانیان ڕاگیراوە. بەپێى دوایین زانیارییه‌كان، لەسەرەتاى خۆپیشاندانەکانەوە هه‌تا ئێستا ٣١٩ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش بریندار بوون.