کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

١٦ی سه‌رماوه‌ز، هێمای خۆڕاگریی دژ بە ستەمکاری و ئیمپریالیزم

Untitled 71

ڕاگەیاندنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

٧١ ساڵ بەسەر ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ١٦ی سه‌رماوه‌زی ١٣٣٢دا تێدەپەڕ دەبێت. ئەو ناڕەزایەتییە خوێندکارییە ئەکتێک بوو بەرامبەر بە کودەتا نەنگینەکەی ٢٨ی خەرمانان و سەفەری نیکسۆن بۆ تاران دوای کودەتاکە. کودەتای ئیمپریالیستیی خەرمانانی ١٣٣٢ بە هەماهەنگی دەوڵەتەکانی ئینگلیس و ئەمریکا، دەوڵەتی محەممەد موسەدقی ڕووخاند و بە گەڕاندنەوەی محەممەد ڕەزا شا، سەردەمێکی تاریکی لە ستەم سەرەڕۆییەکی توندوتیژ و پشووبڕی بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک بەسەر ئێراندا زاڵ کرد. پێش لە شۆڕشی ڕێبەندانی ٥٧، مێژووی هاوچەرخی ئێران، دوو خاڵی وەرچەرخانی گەورەی لە سەرکوتی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بەخۆیەوە دیتووە. یەکەمیان بە کودەتاکەی ئینگلیس و هێنانەوە سەر دەسەڵاتی ڕەزاشا لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٢٩٩دا دەست پێدەکات کە مەبەست لێی بریتی بوو لە لەناوبردنی سەرجەم دەستکەوتە دێموکراتیکەکانی شۆڕشی مەشرووتە و دووەمیان بە کودەتا ڕسواکەی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٣٢ لە دژی جبهەی میللی و دەوڵەتی موسەدق دەستی پێکرد کە دواتر خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانی خستە ژێر زەبری ستەم و سەرەڕۆیی و خەفەقان و سیمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە شێوەیەک گۆڕی، کە ئەمڕۆ بەچاو دەیبینین. سەرکوتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و بەهێزکردنی ڕەوتی ئیسلامی بە بیانووی پێکهێنانی پشتێنەیەکی سەوز لە دژی یەکێتی سۆڤیەت، زەمینەی سەرهەڵدانی بناژۆخوازە ئیسلامییەکان، چ شیعە، چ سوننە و چ یەهوودی، ڕەخساند، کە بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی، خاڵی دەستپێک و هێزی بزوێنەرێتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆی لە دەست بناژۆخوازیی ئایینیدا گرفتار کردووە. بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران لە سەرەتای دەستپێکی ناڕەزایەتییە خوێناویەکەی ڕۆژی ١٦ی سه‌رماوه‌زی ١٣٣٢ کە بە خوێنی سووری مستەفا بزورگنیا، ئەحمەد قەندچی و مێهدی شەریعەت ڕەزەوی، ئاو درا، بەدرێژایی حەفتا ساڵی ڕابردوو، لە دژی ستەم و سەرەڕۆیی هەردوو دەسەڵاتی سەڵتەنەتی و ئیسلامی، خەباتی کردووە. خوێندکارانی خەباتکاری ئێران، لە دوای شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و فاشیستی مەزهەبی کە جێگەی ستەمی دڕندانەی پاشایەتی گرتبووەوە، دەستیان لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرت و لە دۆخێکدا کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەهۆی سەرکوتی لەڕادەبەدەر، هێشتا بە شێوەیەکی بەربڵاو پێیان نەنابووە ناو مەیدانی خەباتەوە، ئاڵای ناڕەزایەتییان لە دژی زوڵم و ستەم و سەرەڕۆیی و بێ مافی و پێشێلکردنی کەرامەتی ئینسانیی بەرز ڕاگرت و لەم پێناوەدا ڕەنج و ئازارێکی زۆریان تەحەمول کرد. ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پڕلە شانازییە، بە هەموو توانای خۆیەوە دژی دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینی لە زانکۆکان بۆ پاراستنی سەنگەری وشیاری و ئازادی، خەباتی کردووە و نەیهێشتووە کە ئامانجی شوومییەکخستن و ئاوێتە کردنی حەوزە و زانکۆبە کردەوە دەربێت.

بزووتنەوەی خەباتکار و پێشکەوتنخوازی خوێندکاریی ئێران، بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی، هاوخەبات و هاوڕێ و هاوپەیمانی جەماوەر بووە. ئەم توێژە وشیارەی کۆمەڵگا، بەردەوام لە خەبات و ناڕەزایەتی ساڵەکانی ٧٨، ٨٨، ٩٦، ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیدا حزووری بەرچاویان بووە و ژمارەی خوێندکاران لەناو گیانبەختکردوانی ئەم ئاخێزە، سەلمێنەری ئەم بەشداری و حزوورە چالاکانەیە. دروشمی ستراتژیکیریفۆرمخواز، ئۆسوولگه‌را،  ئیتر تەواوە ماجەراو هاتنەدەرەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری لەژێر کاریگەری ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی ودەفتەری تەحکیمی وەحدەتلە زومرەی دەستکەوتە بێ گەڕانەوەکانی بزووتنەوەی خوێندکاریی بوون. بەڵام ئێستا کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە ڕابەرایەتی ژنانی بوێری وڵات، ئاڵای خەبات لەپێناو ئازادییە سیاسییە بێ شەرت و مەرجەکان و خەبات لە دژی هەڵاواردنە فرە ڕەهەندەکانی فاشیزمی ئایینییان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ئاراستەی جنسی، نەتەوە، ئایین، فەرهەنگ و زمان، بەرز کردووەتەوە و ئێستا کە بزووتنەوە داواکاری تەوەرە چینایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەوانە کرێکارانی نەوت، گاز، پێترۆشیمی و گواستنەوە، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، جووتیاران و ژینگەپارێزانی وڵات بە دروشمیژیانێکی شایستەی کەرامەتی ئینسانیی بۆ هەمووان، ئاڵای خەباتی چینایەتی چینی کرێکاریان بەرز ڕاگرتووە، بزووتنەوەی خوێندکاری، وەک چینێکی وشیار و گەنجی کۆمەڵگا، شانبەشانی خەبات لەپێناو نان و خەبات لەپێناو ئازادی دا تێدەکۆشێت و هەندێکجاریش ڕۆڵی خاڵی لێک هەڵپێکانی ئەم بزووتنەوە ڕوو لە گەشانەی بینیوە و یارمەتیدەر بووە بۆ چاندن و بەهێزکردنی تۆوی وشیاری لەناو ئەو بزووتنەوەانەدا. دەسەڵاتی سەرەڕۆی دینی و فاشیزمی مەزهەبی، لە ترسی ڕۆڵی وشیاریدەرانە و خەباتکارانەی بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران و بزووتنەوەی لاوانی وڵات وەک هاوپەیمانانی بزووتنەوە ئازادیخواز و عەداڵەتخوازەکان، سیاسەتێکی توندی سەرکوتکردنی ئەم بزووتنەوەیەی گرتۆتەبەر. ئەم سەرکوتە توند و بێبەزەییانە، بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام بووە. بەڵام ئاستی ئەم سەرکوتکردنانە دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە خێراییەکی زۆر پەرەی سەندووە.

بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیم، ڕۆڵی ئێجگار کاریگەر و خۆنەویستانەی خوێندکارانی پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕیان بەچاو بینیوە، هەربۆیە سەرکوتی توند و  بێبەزەییانەی ئەم بزووتنەوەیان کە بەشێکە لە بزووتنەوەی لاوان و هاوپەیمانی بزووتنەوەی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانەی ژنان و بزووتنەوەی چینایەتی چینی کرێکار، گرتووەتەبەر. شەپۆلی بەربڵاوی دەرکردنەکان، هەڵپەساردنەکان، بێبەشبوون لە خوێندن، دوورخرانەوە، زیندانیکردن و بەرتەسککردنەوەی بواری هەڵسووڕاوانی خوێندکاری لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بەیانگەری ئەم سیاسەتەیە. ئەم سیاسەتە نەک هەر بەرۆکی بزووتنەوەی خوێندکاریی و خوێندکارانی چالاکی گرتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پەرەی سەندووە بۆ سەرکوتی مامۆستا پێشکەوتنخواز و دێموکرات و جەماوەرییەکان. ئاشکرایە کە دەسەڵات هەوڵی بە پادگانیکردنی زانکۆ دەدات، بەڵام بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاریی و پاڵپشتی و هاوسۆزی مامۆستا جەماوەرییەکان، بەربەستێکی گەورەی لە بەردەم ئەم سیاسەتە فاشیستییە دا دروستکردووە. ئەمە ئەو نەریتەیە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خوێندکاریی ١٦ی سه‌رماوه‌زی ١٣٣٢، لە دژی ستەم و سەرەڕۆیی سەڵتەنەتی و هەژموونی ئیمپریالیستی، چەخماخەکەی لێدا و بڵێسەکانی ئاگری ئەم بزووتنەوەیە لە دژی ستەم و سەرەڕۆیی فاشیزمی ئایینیش درێژەی کێشا و ئەمڕۆ بە ڕووباری ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژیناوە پەیوەست بووە. پیرۆز بێت ١٦ی سه‌رماوه‌ز ڕۆژی پڕ لە شانازی خوێندکاران.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣/ ٣ی دیسامبری ٢٠٢٤