کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

١٢ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی سەپاندنی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێراندا

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی سەپاندنی ڕژیمێکە بەسەر خەڵکی ئێراندا، کە بەکۆماری ئیسلامی ئێرانناوی لێنرا. ٤٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئەو ڕەوتەی کە دەستی بەسەر شۆڕشی ئێراندا گرت، بە ڕێبەرایەتی خومەینی لە نمایشێکدا لەژێر ناوی: “ڕیفراندۆمی خەڵکی ئێران، بە فەرمی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و خوڕافات و سەرکوتی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاند. ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ٥٨، لە کاتێکدا کە هێشتا دوو مانگ بەسەر سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەردا تێنەپەڕیبوو و جەماوەری خەڵک بە تەواوی لە سروشتی بیری و هزری کۆنەپەرستانە و ئامانجە بۆرژوازییەکانی قۆرخکارانی شۆڕش تێنەگەیشتبوون، کە دارودەستەی خومەینی بە دروشمی: “کۆماری ئیسلامی، نە یەک وشە زیاتر و نە یەک وشە کەمترهاتنە مەیدان بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکەن بە هەڵبژاردنی یەکێک لە دوو دەنگیبەڵێ و نەخێرو بە بەشداریکردن لەو بەناوڕیفراندۆمەدا دەنگی بەڵێ یان نەخێر بە کۆماری ئیسلامی بدەن.” خومەینی زۆر بەپەلە بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو نمایشە. چونکە دەیزانی ئەگەر خەڵک دەرفەتی ئەوەیان هەبێت بە چاوێکی کراوە قەزاوەت لەسەر ناوەرۆک و سروشتی حکوومەتی ئیسلامی بکەن، دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بەو شێوەیە نەدەبوو کە ئەو چاوەڕێی دەکرد. پرسیاری فریوکارانە و وەڵامیبەڵێ یان نەخێرکە بۆ ئەم ڕیفراندۆمەیان دیاریکردبوو، بە جۆرێک بوو کە ئەگەر کەسێک دەنگیبەڵێیلە سەندووق نەخستبایە، بە مانای ئەوە بوو کە لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتیدایە. سروشتییە لە هەلومەرجێکدا کە جەماوەری خەڵک لە ئاستێکی بەریندا لە ڕاپەڕین بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی پەهلەویدا بەشدارییان کردبوو، تۆمەتبار بوون بە لایەنگریی لە ڕژیمی پێشوویان بە سوکایەتی و مایەی سەرشۆڕی دەزانی، لەمڕووەوە زۆرێک لەو خەڵکە بە هۆی نەفرەت و بێزاری بێ ئەوپەڕیان بەرامبەر بە ڕژیم و نیزامی پێشوو، بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووی خۆیان،

بە ناچاری دەنگیان دا بە دەسەڵاتێکی ئایینی و حوکمڕانی تاقمێک ئاخوند و کۆنەپەرست و بەشێکیشیان لە ڕووی خۆشباوەڕییەوە دەنگیبەڵێیان هەڵبژاردەبژارد و دەیانخستە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە. ئەڵبەتە هەر ئەوکاتیش ئەو کەسانەی کە سروشتی حکوومەتی ئایینی  و بەدەسەڵات گەیشتنی کۆنەپەرستانیان بە هەمان دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆریی نیزامی پاشایەتی دەشوبهاند، نەک هەر ئەو ڕیفراندۆمەیان بایکۆت کرد، بەڵکوو تا ئەو جێگایەی کە توانییان جەماوەری خەڵکیان هان دەدا بۆ ئەوەی بەشداری تێدا نەکەن. تاقمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، بە بەهرەمەند بوون لەو ئیمکاناتەی کە بەدەستیان هێنابوو، هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لەو دام و دەزگا تەبلیغاتییەی کە لەبەردەستیاندا بوو و بە پشت بەستن بە نەریتە ئایینییە باوەکانی ناو کۆمەڵگا، ئەنجامی ئەو بەناو ڕیفراندۆمەیان لە بەرژەوەندی خۆیان و بە ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایانگەیاند. پێشینەی هەموو هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕییەکان لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژە و بە دوای ئەوەدا بوو کە نەریتی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردن لەم ڕژیمەدا دووبارە دەبێتەوە. ١٢ی خاکەلێوە، بۆ ئەو خەڵکەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا بەسەر دەبەن، وەبیرهاتنەوەی یەکەم ڕۆژەکانی نکۆڵیکردنە لە مافی هەڵبژاردن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا، هەروەها یەکەم ڕۆژی بە فەرمی جێگیربوونی دەسەڵاتدارێتی  خوڕافات و کۆنەپەرستی و یەکەم ڕۆژی شکڵگرتنی دەسەڵاتێکە، کە هەم کۆنەپەرستانە و هەم سەرمایەدارییە.

١٢ی خاکەلێوە، ئەگەر بۆ کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دەستپێکی چل و شەشەمین ساڵی حوکمڕانی نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامییە، بۆ جەماوەری خەڵک ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ڕۆڵی کۆمەڵانی خەڵکە لە شۆڕشێکی شکۆدار دا و ساڵڕۆژی دەستپێکی ڕژیمێکی کۆنەپەرست و درێژەی تەمەنێک سەرکوت، سووکایەتی و تەحەمولی هەژاری و برسێتییە و هەروەها دەستپێکی چل و شەشەمین ساڵی بەردەوامبوونی زەوتکردنی سەرەتاییترین ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانە. ئەگەرچی لەو کاتەشدا بەشێکی بەرچاو لە خەڵک لەو یەکەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەدا بەشدارییان نەکرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی یەکەم ئاماری ساختەی خۆی لەو بەناو ڕیفراندۆمە ڕاگەیاند و ئیدیعای ئەوەی کرد کە زیاتر لە ٩٨ لەسەدی خەڵک بەشدارییان لە نمایشیکۆماری ئیسلامیبەڵێیان نادا کردووە. ئەو ئیدیعایەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بوو کە دانیشتوانی چەندین ملیۆنی خەڵکی کوردستان، سەرەڕای ئەم فریوکارییە ئاشکرایە، بەوپەڕی وشیارییەوە بەشداریی ئەو ڕیفراندۆمەیان نەکرد و بەمجۆرە شەرعیەتی ئەم نیزامەیان قبوڵ نەکرد. ڕژیم تەنانەت ئیمکانی ئەوەشی بەدەست نەهێنا کە ناوەندەکانی هەڵبژاردنەکەشی لە کوردستاندا بکاتەوە. تەنانەت بۆ زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکانی سەرتاسەری ئێرانیش بەرگەی دەنگدان نەنێردرا. لە چەندین شوێن لەوانە چەند ناوچەیەکی تورکمان سەحرا، سندووقی دەنگدان دانەنرا. ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێراندەست خۆشانەبە خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو کەسانە دەڵێن کە بە ئاگاییەوە بەشدارییان لەم نمایشی شەرعییەتەدانە بە ڕژیمی ئیسلامیدا نەکرد. ئەمڕۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، نەتەوە ستەمدیتووەکان و زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا خوازیاری ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەن. بەڵام خواستێکی لەو شێوەیە تەنیا بە دووپاتبوونەوەی دیمەنە پڕ جۆش و خرۆشەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧، ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و گەلاوێژی ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بە بینینی ڕۆڵی وشیارانە و ڕێکخراوی چینی کرێکار لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا، دەستەبەر دەبێت. وەرن با دەست لەناو دەستی یەک و بە ئیرادەی ملیۆنیمان، بەستێنەکانی شۆڕشێکی لەو چەشنە دابین بکەین. جێگای خۆیەتی کە لە ڕۆژی دامەزرانی دەسەڵاتی شووم و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیدا، یادی ئەو ئینسانە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ و ژن و پیاوە پێشەنگانە بەرز ڕابگرین کە لەپێناو پێشگرتن لە بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم ئەهریمەنە دژە مرۆڤە و بەدیهێنانی ئارمان و ئامانجە واقیعییەکانی شۆڕشی ئێران، لە مەیدانەکانی نەبەرد یان لە زیندانەکاندا گیانیان بەخت کرد. ئەمڕۆ یاد و بیرەوەرییە ئیلهامبەخشەکانی ئەوان پتر لە هەمیشە، لە خەباتی لێبڕاوانە، بەرنامە بۆ داڕێژراو، ڕێکخراو و بەردەوام لەدژی ڕژیمی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداریی، یارمەتیدەرمان دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-