کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

١٢ی خاکەلێوە، ڕۆژی سەپاندنی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا

photo 2025 04 01 10 39 56

 

١٢ی خاکەلێوە لە بیرەوەریی سیاسی و مێژوویی کۆمەڵگەی ئێراندا، نیشانەی ساتەوەختێکی چارەنووسسازە لە ڕەوتی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی ١٣٥٧ و دەستپێکی جێگیربوونی فەرمیی سیستەمێکی کە لەسەر بنەمای سەرکوتی سیاسی، زاڵبوونی ئیدئۆلۆژی، هەڵاواردنی سیستماتیک و بێبەشکردنی ڕێکخراوی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان بنیادنرا. لەم ڕۆژەدا، ئەوەی لەژێر ناوی “ڕێفراندۆم”دا خرایە بەردەم کۆمەڵگە، تەنیا ئامرازێکی سیاسی بوو بۆ مەشروعییەت بەخشین بە دەسەڵاتێکی کە لە هەناوی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە سەری هەڵدابوو، بەڵام هەر لە یەکەم هەنگاوەکانیدا، کەوتە سەر ڕێچکەی نکوڵیکردن لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی ئەو شۆڕشە.

پاش ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، ئێران لە بارودۆخێکی تایبەتدا بوو. کۆمەڵانی خەڵک بە بەشدارییەکی بەربڵاو و تێچوویەکی زۆر، کۆتاییان بە دەسەڵاتی یەکێک لە گرینگترین دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە هێنا و لە ئاسۆی سیاسیی کۆمەڵگەدا، خواستی ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو. سەرەڕای ئەوەش، لەو قۆناغەدا بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە هێشتا بەتەواوی لە سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو هێزانەی کە بەپەلە خەریکی قۆرخکردنی دەسەڵات بوون، تێنەگەیشتبوون. ئەم بۆشاییە لە وشیاری مێژوویی و سیاسی، بووە زەمینەیەک تا ڕێبەریی پیاوانی ئایینی بە پێشەنگایەتی خومەینی، کۆنترۆڵی دۆخەکە بەدەستەوە بگرن و ئاراستەی شۆڕش لە ناوەرۆکە ڕزگاریبەخشەکەی بەلاڕێدا بەرن.

ڕێفراندۆمی ١٢ی خاکەلێوە ڕێک لە کەشێکی وادا بەڕێوە چوو. داڕشتنی ئەم ڕێفراندۆمە هەر لە سەرەتاوە فریوکارانە، قۆرخکارانە و بێ هیچ پێوەرێکی دموکراتیک بوو. پرسیاری سەرەکی نەک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازاد لە نێوان شێوازە جیاوازەکانی حکوومەت، بەڵکوو لە قاڵبی دوو جەمسەرییەکی سەپێنراودا داڕژرابوو، کە بریتی بوو لە “کۆماری ئیسلامی، ئەرێ یان نا؟” لەم چوارچێوەیەدا، نە دەرفەتێک بۆ خستنەڕووی بەدیلە سیاسییەکانی دیکە هەبوو، نە ئیمکانی دیالۆگ و وتووێژێکی  گشتیی یەکسان ڕەخسابوو. بە واتایەکی وردتر، خەڵک لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەدا نەبوون، بەڵکوو کەوتنە بەردەم جۆرە ئەندازیارییەکی سیاسی کە ئامانجەکەی بریتی بوو لە گواستنەوەی خێرای دەسەڵات بۆ دیکتاتۆرییەکی مەزهەبی.

ئەرکی سیاسیی ئەم دوو جەمسەرسازییە ڕوون بوو. لە کەشێکدا کە زۆربەی خەڵک بە ڕق و بێزارییەکی قووڵەوە لە دەست ستەم و سەرەڕۆیی پەهلەوی ڕزگار ببوون، هەر دەنگێکی “نا” بۆ کۆماری ئیسلامی وەک دیفاع کردن لە گەڕانەوەی سیستەمی پێشوو لە قەڵەم دەدرا. بەم شێوەیە، ملیۆنان کەس لەو خەڵکەی کە نە باوەڕیان بە حکوومەتی مەزهەبی هەبوو و نە خوازیاری پاشایەتی بوون، خرانە ناو تەنگژەیەکی سیاسی و ئەخلاقییەوە. دەنگی “ئەرێ” لەو بارودۆخەدا، لە زۆر حاڵەتدا نەک نیشانەی هەڵبژاردنێکی ئاگایانە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕەتکردنەوەی ڕژێمی پێشوو، نەبوونی بژاردەی ڕاستەقینە، زاڵبوونی کەشی پڕوپاگەندە و هەروەها بوونی جۆرێک لە وەهم و خۆشباوەڕی بوو بەرامبەر بە ناوەرۆکی حکوومەتی ئیسلامی.

هەوڵی بە پەلەی خومەینی و هێزە هاوئاراستەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕێفراندۆمە، هەر لەم ڕاستییەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەوان باش لەوە تێگەیشتبوون کە هەرچی کات تێپەڕێت، دەرفەتی زیاتر بۆ ئاشکرابوونی سروشتی کۆنەپەرستانەی پڕۆژەی “کۆماری ئیسلامی” دەڕەخسێت و هێز گەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زیاتر بەرامبەر بە لێکەوتەکانی جێگیربوونی حکوومەتێکی دینی هەستیار دەبن. لەبەر ئەوە، بەڕێوەبردنی خێرای ڕێفراندۆم، پێش شکلگرتنی کەشێکی ئازاد و سیاسی، بەشێک بوو لە ستراتیژی داگیرکردنی دەسەڵات و داخستنی ئاسۆکانی دیکە بەڕووی شۆڕشدا.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، تەنانەت لەو کاتەشدا هەموو کۆمەڵگە تەسلیمی ئەم نمایشە نەبوو. هێزە وشیارەکان، کۆمۆنیستەکان و خەڵکی کوردستان، کە مەترسیی جێگیربوونی سیستەمێکی دینی و دژە ئازادییان هەست پێکردبوو، ئەم ڕێفراندۆمەیان بایکۆت کرد و  سەبارەت بە ئەنجامە کارەساتبارەکانی هۆشدارییان دا. ئەوان بە دروستی نیشانیان دابوو کە دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی نەک درێژەی شۆڕش، بەڵکوو نکوڵیکردنە لە شۆڕش.

ئیدیعای بەشداری و پشتیوانی ٩٨ لەسەدی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی، هەر لە سەرەتاوە زیاتر لەوەی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵگەیەک بوو لە دەستپێکی نەریتی ساختەکاری، زێدەڕۆیی، ئەندازیاری سیاسی و شێواندنی ئیرادەی گشتی. ئەم ئامارە، تەنانەت لەگەڵ داتاکانی پەیوەست بە بارودۆخی جوگرافی، سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتیشدا نەدەگونجا. لە کوردستان، خەڵک بە وشیارییەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بەشدارییان لەم نمایشەدا نەکرد و بەم شێوەیە، هەر لە سەرەتاوە مەشروعیەتی سیاسیی ئەو سیستەمە تازە دامەزراوەیان بە فەرمی نەناسی. لە تورکمان سەحرا و هەندێک ناوچەی دوورەدەستیش، یان ئەسڵەن سندوقی دەنگدان دانەنرا، یان دەرفەتی بەڕێوەچوونی دەنگدان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بوونی نەبوو. لە زۆر شوێنی دیکەی وڵاتیش ژمارەیەک لە هاووڵاتیان، سەرەڕای فشارە سیاسی و دەروونییەکان، لە دەنگدان خۆیان پاراست یان بە  پووچەڵکردنەوەی دەنگەکانیان، ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دا. هەر لەم خاڵەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە تایبەتمەندییە جێگیرەکانی خۆی چەسپاند: جێگۆڕکێی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک بە ئامارسازی، نمایشی هەڵبژاردن و بەرهەمهێنانەوەی مەشروعیەت لە سەرەوە.

لەمڕووەوە ١٢ی خاکەلێوە ڕۆژی چەسپاندنی سڕینەوەی خەڵکە لە پێگەی  خۆیان لە چارەنووسی شۆڕشدا. ئەم ڕێکەوتە، دەستپێکی فەرمیی سیستەمێک بوو کە تێیدا سەرکوتی نەیاران، هەڵاواردن دژی ژنان، سەرکوتی نەتەوە بندەستەکان، هێرش بۆ سەر ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکاری و جەماوەرییەکان و چەسپاندنی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان لەژێر پەردەی ئاییندا، بوونە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی دەسەڵات.

ئێستا پاش چەندین دەیە ئەزموونی ڕاستەوخۆ، بۆ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێران ڕوون بووەتەوە کە ١٢ی خاکەلێوە نەک ڕۆژی جێگیربوونی “کۆمار”، بەڵکوو ڕۆژی بە فەرمی ناسینی ستەم و سەرەڕۆییەکی دینی و چینایەتی بوو. ئەمڕۆ ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، گەنجان، بێکاران، نەتەوە بندەستەکان و سەرجەم ئەو چەوساوانەی کە باری قەیران، هەژاری، سەرکوت و هەڵاواردنیان لەسەر شانە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خۆیان لەگەڵ ئەم سیستەمە سیاسییەدا یەکلایی کردووەتەوە. ئاخێزە سەرانسەرییەکانی دەیەی ڕابردوو، لە بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨وە تا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” و  ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو، بە ڕوونی نیشانیان داوە کە کۆمەڵگەی ئێران بە دوای ئاسۆیەکی نوێدا دەگەڕێت بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری.

بەڵام خوێندنەوەی سەرلەنوێی ١٢ی خاکەلێوە، تەنیا بۆ داوەری لەسەر ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئەم خوێندنەوەیە، هۆشدارییەکی سیاسییە بۆ ئەمڕۆش. ئەزموونی شۆڕشی ١٣٥٧ نیشانی دا کە ڕووخانی دەسەڵاتێکی ستەمکار و سەرەڕۆ، ئەگەر هاوکات نەبێت لەگەڵ ڕێکخستنی وشیارانە، حزووری سەربەخۆی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، دروستبوونی دامەزراوەکانی ڕێبەری لە خوارەوە و ڕێگریکردن لە قۆرخکاریی دەسەڵات، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ جێگیربوونی شێوازێکی نوێ لە پاوانخوازی. هەر بۆیە، وانە سەرەکییەکەی ١٢ی خاکەلێوە ئەوەیە کە هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕزگاریبەخش بەبێ وشیاری بەکۆمەڵ، ڕێکخستنی بەردەوام، بیرەوەری مێژوویی و دوورکەوتنەوە لە وەهم و خۆشباوەڕی بەرامبەر بە هێزە کۆنەپەرست و هەلپەرستەکان، ناگاتە ئەنجام.

لە ئاوا ڕۆژێکدا، جێگای خۆیەتی کە یادی سەرجەم کۆمۆنیستەکان، خەباتکارانی شۆڕشگێڕ، ژنان و پیاوانی پێشەنگ و ئازادیخواز، بەرز ڕابگرین کە لە بەرامبەر جێگیربوونی کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستان و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە سەقامگیربوونی ئەم دەسەڵاتە دژە مرۆییە، چ لە مەیدانی خەباتدا و چ لە زیندانەکان و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کرد، یادی ئەوان بەشێکە لە هێزی مەعنەوی و سیاسیی خەباتی ئەمڕۆ.