کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وەڕێ خستنی هاوکاتی کارناواڵی تابوت گێڕان و وێران کردنی گڵکۆی گیانبەخت کردووان لە کوردستان

رۆژی پێنجشەممە ٢٤ ی مانگی پوشپەڕ کارناواڵێکی بەرنامە بۆ دارێژراو لەژێر ناوی ” پێشوازی کردن لە ٢٣ کوژراوی تازە دۆزراوەی ڕژیم لە دەورانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق”، بە نمایشی تابوت گێڕان لە سنوری ” باشماخ”ەوە دەستی پێکرد و بە تێپەڕینی كاروانی نومایشه‌ كه‌ بە شارەکانی مەریوان، سەوڵاوا و سنەدا، رۆژی هەینی ٢٥ی مانگی پوشپەڕ لە سنە کۆتاییهات. ئەم تابوت گێڕانە لە کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ کردارێکی جەنایەتکارانە کە لەو رۆژەدا بەڕێوەچوو.لە بەرەبەیانی هەمان رۆژدا واتە کاتژمێر ٣ ی سەرلە بەیانی ٢٤ ی پوشپەڕ بەرپرسانی ئەمنیەتی و ئیمام جومعەی ڕژیم لە شاری قوروە دەستیاندایە روخاندنی گۆڕستانی گیابخت کردوانی دەیەی ٦٠ و ١٢ هاوڕێی خۆشەویست و ئێعدام کراوی گوردانی شوان کە بە ” خاوەرانی قوروە” ناسراوە. لەم رۆژەدا بەگرێگیراوانی ڕژیم چوونە جەستەی کێلی قەبری گیانبەخت کردووانی ئازیزمان لە ئاوایی ” ئاڵمانە” و کێلەکانی ئەوانیشیان شکاند. روخاندنی گڵکۆی ئازیزان و گیانبخت کردوان بەرەو رووی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵک لە شارەکانی قوروە، دێگولان و سنە و دێهاتەکانی ناوچە بە تایبەت لەنێو بنەماڵەی گیانبەخت کردواندا بۆوە.
لە جەریانی کارناواڵی ” تابوت گێڕاندا” ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپا و ئەڕتەش کە دەستیان تا ئانیشک سورە بە خوێنی خەڵکی کوردستان، بە بیانوو کردنی رووداوەکانی ئەم دواییە لە کوردستان، جارێکی تر لە هەوڵێکی پوچ و بێ سەمەردا ویستیان ره‌سه‌نایه‌تی بزوتنەوەی ڕەواو ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان به‌رنه‌ ژێر پرسیار. ئەوان لە هەماحاڵدا هەڕەشە کردن لە خەڵکی کوردستانیشیان لەبیر نەکرد و ئەمنیەتی بێناوەرۆکی خۆیان لە کوردستان بە رووی خەڵک و ئەحزاب و سازمانە سیاسیەکانی جێی باوەڕ و متمانەی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا، دا. 765
گشت ئەم کردارانە و وەڕێ خستنی کەمپەینی بەرینی هەواڵنێریەکانی سەر بە سپای پاسداران و سوخەنڕانی ” موحسین ڕەزایی”، تابوت گێڕان و روخاندنی گڵکۆی ئازیزانمان ئەم ڕاستیەیە نیشان ده‌دات کە ڕژیم لە ترسی نەفرەتی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر و ڕیشەداری خەڵکی کوردستان لەدژی مەوجودیەتەکەی ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە. خەڵکی کوردستان کۆماری ئیسلامی بە دوژمن و داگیر کەر دەزانن. ٣٨ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بەسەر کورستاندا و داگیر کردنی ئەم ناوچه‌یه‌ بە پشت بەستن بە هێزی چەکدار، دەستکەوتێکی بێجگە لە کوشت و کوشتار، ئاوارەیی، بێکاری و هەژاری، ئیعتیاد و باقی ئاسیبە کۆمەڵایەتیەکان و کردنی کوردستان بە سەرزەویەکی میلیتاریزە کراو، ی بەشوێنەوە نەبووە. بەڵام ئەم موسیبەتانە قەت نەیانتوانیوە خۆراگری و خەباتی خەڵکی کوردستان لەدژی ئەم ڕژیمە خامۆش بکات.

کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە بە ملیارد دۆلار سەرفی تەیار کردنی گوروپە کۆنەپەرست و تیرۆریستیەکانی ناوچەکە و پشتیوانی کردن لێیان دەکات، لە حاڵێکدا بە ملیارد دۆلار سەرفی بە پێوە ڕاگرتنی ئەسەدی جەنایەتکار دەکات، یارمەتی بۆ حێزباللەی لوبنان بە بڕینی نانی سەر سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران دابین دەکات، هەموو جۆرە ویست و داواکاریەکی کرێکاران، لاوان، ژنان و خەڵکی ناوچە بێبەشەکانی وڵاتیش لەوانە، کوردستان و باقی ناوچە بەێبەش کراوەکانی تر بە هەڕەشە و سەرکوت وڵام ئەداتەوە.

کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی سپا لە موحسین ڕەزاییەوە بگرە تا ” رەجەبی” فەرماندی سپای بەیت المقدس، باقر زادە و ” ئەبوالفەزل بەرزگەری” فەرماندەی قەرارگای عەمەلیاتی لەشکری ٢٨ کوردستان لەم رۆژانەی دواییدا هەرکامە و بە بۆنەیەک دەستیانداوەتە هەڕەشە کردن لە سازمانە سیاسیەکانی کوردستان و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خەت و نیشانیان کێشاوە. تەرحی تابوت گێران، روخاندنی گڵکۆی گیانبەخت کردوان، توند بوونەوەی تەبلیغات لەدژی ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان، هەڕەشە کردن لە حیزب و سازمانە سیاسیەکان بەگشتی نیشان ده‌دات کە ڕژیم بڕوای بە ئیدیعاکانی خۆشی سەبارەت به‌ سەقامگیری ئەمنیەت لە کوردستان نییە. پاسدار باقر زادە ڕێکخەری ” کارناواڵی تابوتگەرادنی” لە ئاماژەیەکی ناراستەو خۆدا تاوانی بە دواکەوتویی مانەوەی ئابووری کوردستان دەخاتە ئەستۆی نەبوونی ئەمنیەت و دەڵێ:” خەڵکی کوردستان دەزانن ئەگەر ئەمنیەت نەبێت، ئابووری، بازرگانی ئازاد و ئەمنیەتیش لەبەین دەچێت.” ئه‌و هه‌ره‌شه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات كه‌ هاوكات ئەمنیەت، توجارەت و ئازادییان لێ زه‌وت ده‌كات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە، خەڵکی کوردستان ٣٨ ساڵە ئەمنیەت و ئارامی و ئاسایشیان نییە و هۆکاری ئەم نائەمنیەش کۆماری ئیسلامییە. خەڵکی کوردستان ٣٨ ساڵە ئازادییان نییە و ئازادییان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لێ زەوت و پێشێل کراوە. زۆربەی خەڵکی کوردستان لە هەژاریدا دەژین، لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵێک مفتەخۆر و تاڵانچی بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی ئابووری لەسەر بنەمای چەوساندنەوە، تاڵان کردنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کوردستان و بە خاوی فرۆشتنیان كه‌ ئەو کەسانەی کارێکیان هەیە بێکاریان ده‌كات، حكوومه‌ت ده‌كه‌ن. لاوانیان ئاوارە و بێکارانیان بەرەو خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ئیعتیاد و تێکۆشەران و ناڕازیانیشیان لە سیا چاڵەکاندا بەند کردوە.

حاکمیەتێکی لەم چەشنە بە وەها کردارێکەوە، لە کۆمەڵگایەکدا کە بە سوننەتێکی جێکەوتوی خەباتکارانە پشت ئه‌ستوره‌، جێگای خۆیەتی ئەگەر لە سێبەری خۆشی بترسێت. ترس و هەراس لە گڵکۆی گیانبەخت کرادوان بەشێکە لە ترسیک کە لە ناخی ڕژیمدا جێ كه‌وتۆه‌.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-