کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وەرشکست بوونی سندووقەکانی خانەنشینی، مەترسییەک بۆ سه‌ر نیزامی ئیسلامیی

257

عەلی ڕەبیعی، سیمای ئەمنییەتی و وەزیری پێشوی کاری حکومەتی ئیسلامیی، دووشەممە ٢١ی مانگی خەزەڵوەری ٩٧، لە جەلەسەی ناساندنی وەزیری کاری تازەدا، سندووقەکانی خانەنشینی ئێرانی بە وەرشکستە و بە مەترسیەک بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ناوبرد. ئەو کاتی ناساندنی مەحەممەد شەریعەتمەداری یەکێک لە مودیرانی ئیمپڕاتۆری ماڵیی خامنەیی وەک جێنشینی خۆی لە وەزارەتی کاردا، وتی کە دەبێ چارەیەکی خێرا بۆ مەترسی” سندووقەکانی وڵات” بدۆزرێتەوە. ڕەبیعی بارودۆخی ئێستای ئێرانی لەگەڵ بارودۆخی فێوریەی ١٩١٧ و ڕووخانی تزار و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕووسییە وەک یەک زانی و وتی:” گرنگترین شۆڕشەکانی سەدەی ڕابردوو لەوانە شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ لە ئاکامی ئاڵوگۆڕی جەمعیەتیدا رویانداوە و ئێرانی ئەمرۆش ئێستا بەرەوڕووی ئەم ئاڵوگۆڕە بووه‌تەوە…، و لەگەڵ ئەوەشدا کە وڵات بەرەوڕووی کێشە گەلی گەورەی وەک هەژاری و بێکاری و وەرشکست بوونی سندووقەکانی خانەنشینی بووه‌تەوە.” ئەم ئیعتیراف کردنە کە نیشانه‌ی قەیرانێکی هەمە لایەنەی ڕژیمە و ئێسحاق جیهانگیری جێگری یەکەمی حەسەن ڕووحانیش دانی پێدا ناوە، ئیعتیرافێکی ئاسایی نییە. ئەم ئیعتیرافە لە زمان عەلی ڕەبیعی بەرپرسی کۆنتڕۆڵ کردن و سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکارییەوە کە لەگەڵ سەعید حەجاریان، لە ژوری فکری پرۆژەی ڕێفۆرمخوازانی حکومەتیشدا دەوری هەیە، نە تەنیا نیشانه‌ی لێک هەڵوەشانی حکومەتە، بەڵکوو پیلانێکیشە بۆ تالان کردنی ئەوەی کە بەناوی زەخیرەی سندووقەکانەی خانەنشینیەوە له‌ ساڵانێكی دوور و درێژانەدا کۆکراوەتەوە و دزینی بە میلیارد تمەن سەهم و قەرزی دەوڵەت بە سندووقی خانەنشینی

محەممەد شەریعەتمەداری وەزیری تازەی کاریش دوای ئیعتیراف کردنی عەلی ڕەبیعی، دانی پێدا نا کە:” سەرچاوەی ١٨ سندووقی خانەنشینی وڵات لە شوێنی بودجەی گشتی دابین دەبێت کە ئەم بابەتە خۆی کێشە سازە.” ئەویش بە نیابەت لە باندەکانی حاکم، ئەرکی ئەوە بوو لە سیناریۆی دزینی سندووقەکان کامڵ بکات و بڵێت کە:” سندووقی خانەنشینی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی وڵاتیش بەرەوڕووی کەسری زۆری سەرچاوە بووه‌تەوە و بەشێکی گرنگ لەم کەسریە سەرچاوە گرتوو لە قەرزەکانی دەوڵەتە بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی” و ڕێژەکەی بە زیاتر لە ١٥٠ هەزار ملیارد تمەن ڕاگەیاند. ئەو وتی:” دەوڵەت ئیمکانی دانەوەی نەغدی قەرزەکانی بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی نییە”. بەم قسەیە، دەوڵەتی لە دانەوەی قەرزەکانی بەم سازمانە معاف کرد. ئەو بەبێ ئەوەی کە ڕوونی بکاتەوە کە چ سەودایەکیان لەسەر دایە، جەختی کردەوە:” بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دەبێ بیرێکی دیکە بکرێتەوە”. پێش بینی درێژەی ئەم سیناریۆیە کارێکی دژوار نییە: شیرکەتەکان و ناوەندەکانی ژێر مالیکیەتی سندووقی خانەنشینی دەبێ بدرێن بە” کەرتی تایبەت”. واتە جارێکی تر دەیان شیرکەت لەژێر ناوەی” زیان دەر” دا، بە کاربەدەستانی حکومەتی و سەردارانی سپا و ئەمنییەتییەکان ئەدرێن و سندووقی زەخیرە بە شێوەیەکی تەواو بە وەسیلەی باندەکانی حکومەتی حەراج و بە تاڵان دەبرێت. مەحەممەد شەریعەتمەداری بۆ پاساوی ئەم دزییە وتی:” ئێمە ناتوانین سەرچاوەی بیمە کراوان لە چوارچێوەی ئەو بونگایانەدا کە ٥ لەسەد لە ئابووریدا بازدەهیان نییە سەرمایە گوازاری بکەین. ئەم کارە خیانەتە بە ئەمانەته‌”.

وەزیری کار بەم قسانە وتی:” بە ئیدارەی بونگا زیان دەرەکان تەنیا هەژاری لەنێو هەژاراندا دابەش دەکەین.” واگوزاری شیرکەتە وەرشکست بوەکانی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی پاساو دەکات. بەڵام هەموو زەینێکی ئاشنا لەگەڵ دانوستانی کالاییدا لەخۆی ئەپرسێ ئەگەر بۆنگاکان زیان دەرن کام بەشی خوسوسی ئامادەیە بووە ریسکی سەرمایەگوزاری و کڕینیان؟! هەڵبەت خودی حکومەتیەکان باسێک لە فرۆشتن ناکەن، بەڵکوو قسە لە” واگوزاری شیرکەتەکان” لە ئارا دایە. ئەم واگوزارییە لە دەوڵەتەوە بۆ کێ” ئاشکرایە، کە بە هەمان کەرتی شێوە دەوڵەتی واتە سەرانی سپا و ئەمنییەتییەکان و هێلدینگەکانی بەیتی ڕێبەری دەدرێن. دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی دەڵێت:” ٥٥ لەسەدی داهاتە نەوتیەکانی وڵات تەنیا سەرفی دانی موستەمەری خانەنشینان دەکرێت”. ئەم هەزینانە بە ڕاگەیاندنی وەرشکست بوونی سندووقەکان تا ئێستا ڕژاونەتە کوێوە؟

لەم کۆبوونەوەیەدا، ئێسحاق جەهانگیری، جێگری حەسەن ڕووحانی، پشتیوانی لە واگوزاری بونگا زیان دەرەکانی دەوڵەت و سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی بە کەرتی تایبەت کرد و وتی:” مودیرانی ئەم بونگایانە لەسەر بنەمای ڕانتی دەسەڵات و نەک سەڵاحیەتی فەردی یان بە تەعبیری خۆی بە ” مەن بمیرەم، تۆ بمیری” و پێشینەی سیاسی کەسەکان لە حکومەتدا هەڵدەبژێردرێن.” و وەها درێژەی بە قسەکانیدا:” دەیان ملیارد دۆلار سەرمایە لەم بونگایانەدا بوونی هەیە. بەڵام نەتەنیا قازانجێک لەوانەوە بە نسیبی دەوڵەت نابێت، بەڵکوو بەبێ یارمەتی دەوڵەتی ئەم بونگایانە تەنانەت توانایی دانی حقوقی کارمەندانی خۆشیان نییە. ئەو وەک ڕەبیعی، دانی پێدا نا کە :” دوو مەترسی بێکاری و دابەزینی توانایی کڕینی خەڵک، وڵات یان لە ڕاستیدا نیزامی ئیسلامیی ئێرانی خستووه‌تە بەر مەترسی.” ئەو وتی؛” تەنانەت بەر لە داسەپاندنی تەحریمەکان، وڵات لەگەڵ کێشەی گەورەی وەک بێکاری، هەژاری زۆر و وەرشکست بوونی سندووقەکانی خانەنشینیدا بەرەوڕوو بووە و ئێستا دەبێ وشیار بین کە تەحریمەکان نەبێتە داڕمانی زیاتری کار و زیاد بوونی بێکاری.”

مەحەممەد شەریعەتمەداری ئێستا لە پۆستی وەزارەتی کار و لە نەخشی دەڵاڵ و نوێنەری ئیمپڕاتۆڕی بەیتی خامنەییدا، کار دەکات کە” خیانەت لە ئامانەت” بە ئاکام بگه‌یه‌نێ، شیرکەتەکان بە خۆڕایی لەژێر ناوەی” کەرتی تایبەت”دا بدات بە باندە حکومەتییەکان، دەوڵەتی روحانی لە دانی قەرزی لانیکەم ١٥٠ هەزار میلیارد تەمەنی بە سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی معاف بکات و هەموو ئەوەی کە تا ئێستا لە حەقدەستی کرێکاران و کارمەندان دراوە بە سندووقەکان و هەروەها بەشی پەرداخت کراو لەلایەن خاوەنکارانەوە بە سندوقەکان بە تاڵان بەرن.

دواهاتی ڕەوتی قەیرانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری سیاسی و دارایی حکومەتی ئیسلامیی، ئاوا ڕەقەم لێ ئەدرێت کە دەوڵەت بە بیانوی تەحریمەکان و دابەزینی داهاتی نەوت، هەمان ٥٥ لەسەد لە داهاتی نەوتی کە بە پێی ئیدیعای حەسەن ڕووحانی بە سندووقەکانی ته‌ئمینی ئیجتماعی دەدرێت، خۆی ببوێرێت. بەڵام ئەم دزیانە و ڕاگەیاندنی وەرشکست بوونی سندووقەکان، پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی و هەڵچوونی قین و توڕەیی بەملیۆن کرێکار و کارمەندانی خانەشین کراو و لەسەرکاری بە شوێنەوە ئەبێت و هەر ئەو جۆرەی کە کاربەدەستی ئەمنییەتی ڕژیم، عەلی ڕەبیعی پێش بینی کردوە دەبێتە مەترسیەک لەدژی نیزام. لەسەر ناوەرۆکی مەترسی بەرینی بێکاری و مەترسی کەم بوونەوەی توانایی کڕینی خەڵک، و لەنێو مەترسیەکانی تردا ئەوەندە بەسە کە ‌هێزی کرێکاران لەگەڵ هەژارانی شاری و ئاواییەکاندا بە درووشمی نان، کار، ئازادی بخرۆشێن و ببنە ئاخێزێک وەک ئاخیزی کرێکارانی ڕووسییە لە سه‌روبه‌ندی شۆڕشی ئۆکتۆبردا لەدژی تزاریزم، و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بروخێنن.