کودهتا، دژە کودهتا، شەڕی ناوخۆ، هێرشی نیزامی، گشت ئەم واژانە دەربڕی بارودۆخێکن کە ئێستا لە وێنزوئێلادا له ئارادایه. گشت جەمسەرە بەهێزەکانی دنیا و هەموو ئەو هێزانەی کە لە هەردوو جەمسەر بەندی مەوجود لە وێنزوئێلادا قەراریان گرتوە، بهرهو گۆڕەپانی بەرەو روو بوونەوە ئهڕۆن. ئاڵوگۆڕ و کێشەیەک کە لە حەفتەکانی پێشترەوە دەستیان پێکردبوو، رۆژی ٢٣ی ژانویە بهرابهر لهگهڵ ٣ی ڕێبەندان، خێرایی زیاتریان بەخۆیانەوە گرت. لهو ڕۆژهوه كه بە دوای چاوپێکەوتنە ئاشکرا و نههێنیەکانی گوایدۆ سهرۆكی پهرلهمان لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکاییدا خۆی وەک سەرۆک کۆماری دەوڵەتی کاتی ناساند، قهیرانی وێنزۆئێلا پێی نایه قۆناغێكی تازهوه. دەوڵەتی ئەمریکا بەخێرایی ئەوی وهكوو سهرۆك كۆماری كاتی بەڕەسمیەت ناسی و دەوڵەتی مادۆرۆی بە نا مەشروع ڕاگەیاند. کۆلۆمبیا و برێزیل یەکەم وڵاتەکان بوون کە وەشوێن ئەمریکا کەوتن. دەوڵەتانی فەڕانسە، ئاڵمان، ئینگلستان و سپانیا بە دیاری کردنی مۆڵەتێکی ٨ رۆژە بۆ مادۆرۆ تا سەرلەنوێ هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت چوونە پاڵ ئەمریکا. لەو کاتەوە سەرجەم ئەو مێدیایانەی لە خزمەت بەرژەوەندی ئابووری و نیزامی ئەم بلوکەدا بوون، وەجوڵە کەوتن. وێنەکانی خەڵکێک کە لە پشت گوایدۆ ڕێبەری ئوپوزسیۆن و ئێستا سەرۆک کۆماری کاتی ڕیز بوون و بە چاشنی فرۆشگای بەتاڵ و سەفی دوور و درێژی خەڵک بۆ بەدەست هێنانی پێداویستیەکانیان ڕازابوونەوە، دەبێ نە تەنیا ڕای گشتی دنیا بەڵکو گرینگتر لە هەموان ڕای گشتی خەڵکی خودی وێنزوئێلاشیان موهەندیسی بکردایە. ئەمجار قەرار بوو ئەم خەڵکەی کە قیرانی ئابووری ئێستا ژیانیانی گەیاندۆتە سنوری نابوودی، بۆ ڕزگار بوونیان سەرلەنوێ دەستەو داوێنی بەناو پڕ لە مێهری براگەورەکەیان بنەوە کە بەڵێنی گەشەی ئابووری و ئازادی و دیموکراسی ئەدا. هەرچەند کە ئەمانە کۆمەلێک وێنەی درۆینەن لە بارودۆخی قەیراناوی وێنزوئێلا، بەڵام له ڕاستیدا بەشێک لە خەڵک لەپاڵ گوایدۆ ڕێبەری ئەپوزسیۆندان و بەشێکیش پشتی مادۆرۆ سەرۆک کۆماریان گرتوە. بەشێکی گەورەی ئەم خەڵکە کە بەرەو ئەم یان ئەو جەمسەر چوون، ئهوان کە ئاگاداری ناوهرۆكی ئهو كێشهیه بن یان نا دەبنە قوربانیانی ڕاستەقینەی مل ملانێكان. ئەوەندە بەسە چاوێک لە جهوههر و ناوهرۆكی پێکهێنەر و ئەم دوو جهمسهره تەیفانە بکەین تا ماهیەتی ئەم کێشانە روون بێتەوە. لە لایەکەوە ئوپوزسیۆنێک هەیە کە بە پشتیوانی ئیمکاناتی ماڵی و تەبلیغاتی بەرینی مێدیایی ئیمپریالیستی رۆژئاوا و بە ڕواڵەت لە ناڕەزایەتی بە هەژاری و فەلاکەتی خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا دەرکەوتوە و لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتێک کە لە سەرهەڵدانی ئەم هەژاری و فەلاکەتەدا سەهمێکی گەورەی هەیە.
لە ستراتیژی”ئەمریکا یەکەم”ی ترامپ دا دەست گرتنی سەرلەنوێی بەسەر وڵاتانی ئەمریکای باشوردا پێگەیەکی گرنگی هەیە. جێگایەک سالانێکی زۆر بە حەیات خەڵوەتی ئەمریکا دەزاندرا و لەم ساڵانەی دواییدا بە بەرەکەتی بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەوتێکی چەپ گەرا، تا ئاستێکی زۆر خۆیان لە ژێر ئەم سوڵتەیە دەرهێنابوو. ئەوە ئیتر تەنیا کوبا نەبوو کە لە ناخی حەیات خەڵوەتی ئەمریکادا سەری هەڵدابوو. لە نیگاراگوئەوە تا بریزیل، لە وێنزوئێلاوە تا بۆلیوی، و تەنانەت لە ئۆرۆگوئە و میکزیکدا دەورەیەک عەقرەبەکان بە شێوەیەکی تر دەسوڕانەوە. قسە لە”کوبای سۆسیالیستی”، لە ” شۆڕشی بۆلیواری” و قسە لە” سۆسیالیزمی سەدەی ٢١” بوو. ئەم بارودۆخە نوێیە هاوکات ڕەقیبەکانی ئەمریکای بۆ چوون بۆ گۆڕەپانەکە هان ئەدا. هەر ئەم ڕەقیبانەی ئێستا لە کێشەکەدا لە پشت مادۆرۆ وەستاون. ئەگەر ئەمریکا لە ئۆکراین دەچێتە شەڕی روسیە و یان لە حەوزەی باسیفیک لهگهڵ چین دهچێته كێشهوه، بۆچی روسیە و چین لە پەنا گوێی ئەمریکا لە بەرانبەریدا سەف ئارایی نەکەن. ئەگەر هێزە پلە دووەکانی وەک بریزیل و کولومبیا لە هەمان سەرەتاوە دەچنە پشت گوایدۆ، لەبەرانبەر دا دەوڵەتانی وەک کۆماری ئیسلامی و تورکیە پشتیوانی لە مادۆرۆ دەکەن.
بۆ ئەمریکا ئەم دەوڵەتە نیم بەند و بە ڕواڵەت چەپگەرایەی مادۆرۆ شیاوی تەحەمول کردن نەبووە و دوای ساڵانێک گەمارۆی ئابووری و توشی برسیەتی کردنی خەڵک، ئێستا کاتی دەست تێوەردانی بە ئاشکرا بۆ روخاندنی دەوڵەتی مادۆرۆ هاتووە. هەر ئەوانەی کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی توشی هەژاری کردنی خەڵکی وێنزوئێلان، ئێستا بێشەرمانە وەعدەی ژیانێکی باشتر بەم خەڵکە ئەدەن. ترامپ نایشارێتەوە کە دەیەوێ لە ڕێگای بە دەسەڵات گەیاندنی گوایدۆوە سەرچاوەکانی گاز و نەوتی وێنزوئێلا بێنێتە ژێر چنگی خۆیەوە. ئەوەی کە ئەمریکا دەیەوێ لە جێگای مادۆرۆی دابنێت گەلێک بێ بهزهییانهتر لە سیاسەتەکانی مادۆرۆ هێرش دەکاتە سەر ژیان و بەڕێچوونی خەڵک. ئەوەی کە ئوپوزسیۆن وەعدەی ئەدات، سەرکەوتنی بە تەواوەتی سیاسەتەکانی بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی پوڵە. هەمان ئەو سیاسەتانەی کە لە هەموو دنیادا ئاکامێکی فەلاکتباریان بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵک بەدی هێناوە.
بە ڕەسمیەت ناسرانی گوایدۆ وەک سەرۆک کۆماری کاتی لە لایەن ١٥ وڵاتی ئوروپاییەوە و چوونە پاڵ ترامپی ئهوان سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکی و کێشانەی کە لە نێوان وڵاتانی ئەوروپایی لەگەڵ سیاسەتی دهخاڵەتگەرانەی ئابووری و شەڕی بازرگانی ترامپدا هەیە، بارودۆخێکی لەبار تری بۆ دەخاڵەتی نیزامی ئەمریکا بەدی هێناوە. لەخۆڕا نییە کە روسیە و چین، هەم لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و هەم لە هەڵوێست گرتنیان سەبارەت بە دخاڵەتی نیزامی لە وێنزوئێلا هۆشداری ئەدەن. ئاکامی ئەم دخاڵەتە لە هەر ئاستێکدا بێت، زیاتر بوونی مەترسی و روودانی شەڕی نێوخۆییە. ئەگەر لایەنێک خۆی بۆ پێشوازی لە سەربازانی ئەمریکایی ئامادە دەکات کە قەرارە دیموکراسی و ئازادی بێنن، لە هەمان جۆری کە لە عێڕاق، ئەفغانستان، لیبی و سوریە هێنایان، لایەنێکی تر هیوادارە ئەڕتەش پشتی بگرێ، و ئەمە وێنایەکی مەترسی دارە. چ ئەوانەی کە بە ناوی” سۆسیالیزمی سەدەی ٢١” بێ ئیعتیبار بوونی خۆیان و سوسیالیزمەکەیان تۆمار کرد، ئێستا بەناوی دیفاع لە حاکمیەتی خەڵک لە بەرانبەر ئەگەری کودهتا و دەست درێژی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکادا بانگەوازی خەڵک دەکەن بۆ پشتیوانی و چ ئەوانەی کە بە ناوی گەشەی ئابووری و دیموکراسی دیانەوێ خەڵک لە پێناو بەرژەوەندی كۆمپانیا رۆژئاواییهكان بکەنە قوربانی، بێجگە لە کۆمەڵێک فریوکار، هیچی تر نین، هەرچەند یەکێکیان کەمتر و ئەویتر زیاتر. خەڵک لەم نێوانەدا وەک عاملینی بێ ئیرادە دەبێ ببنە قوربانی بەرژەوەندیەکانی لایەنێکی ئەم کێشەیە. بارودۆخی ئێستا لە وێنزوئێلا ئاوی زاندۆتە زاری ئەوانەوە کە نوقمی خەیاڵی دخاڵەتی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا لە ئێراندان. ئەوان لە قامەتی گوایدۆدا وێنای خۆیان دەبینن کە دەبێ بە دخاڵەتی نیزامی ئەمریکا و بە بیانوی ڕزگار کردنی خەڵک لە هەژاری و ئیستبداد بە دەسەڵات بگەن.
پرسی هەژاری و فەلاکەت، بێکاری و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیەکانی مەوجود لە وێنزوئێلا کە واقعین و بە ملیۆنها کەسی لە خەڵکی ئهو وڵاتهی گیرۆده كردووه، وڵامەکەی لە ناخی کێشەکانی ئەم دوو جەمسەرەدا نییه.