ڕۆژی پێنجی ئاوریل، کە هاوکاتە لەگەڵ ١٦ی خاکەلێوە، لە ڕۆژژمێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک “ڕۆژی جیهانیی ویژدان” ناودێر کراوە. ویژدان، لە مانا مرۆیی و زیندووەکەیدا، هەمان ئەو هێزە ناوەکییەیە کە پێمان دەڵێت سوکایەتیکردن بە مرۆڤ هەڵەیە، برسی کردنی خەڵک تاوانە، وێرانکردنی شارەکان بەربەرییەتە و گۆڕینی ژیانی ملیۆنان کەس بۆ ئامرازی کایەی دەسەڵات، نکوڵیکردنە لە سەرەتاییترین پێوەرەکانی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەگەر ویژدان تەنها وەک پرسێکی ئەخلاقیی تاکەکەسی تێبگەین، توانای بینینی ئەو میکانیزمە لەدەست دەدەین کە بێویژدانی دەکاتە یاسای باڵادەست.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەتایبەت لە گەرمەی ئەو شەڕەی کە ئێران و ناوچەکەی گرتووەتەوە، دەبێت ئەم ڕاستییە ڕاشکاوانە بوترێت کە دەوڵەتەکان ویژدانیان نییە، بەڵکوو بەرژەوەندییان هەیە. چینە دەسەڵاتدارەکانیش ویژدان ناکەنە پێوەری بڕیاردان، بەڵکوو ئەوان بە زمانی “ئاسایش”، “بەرپەرچدانەوە”، “بەرژەوەندیی نیشتمانی” و شتی لەو چەشنە دەدوێن، بەڵام لەژێر ئەم وشە بریقەدارانەدا، ئەوەی کار دەکات، بریتییە لە لۆژیکی دەسەڵات و پاراستنی هەژموون.
کاتێک شەڕ دەبێتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانەکان، ئاوارەیی، گرانیی لەڕادەبەدەر، کەمیی دەرمان، پەککەوتنی بەرهەمهێنان، نائەمنی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هەژاری، ئەمانە “کاریگەریی لاوەکی” نین، بەڵکوو شێوازی ڕاستەقینەی کارکردنی ئەو سیستمەن کە مرۆڤ دەکاتە قوربانی پاراستنی دەسەڵات. لە ئاوا سیستمێکدا، منداڵی برسی تەنها ژمارەیە، کرێکاری بێکار تەنها ڕەقەمێکی ئامارییە، ژنی سەرپەرشتیاری خێزان پەراوێزێکە و بەساڵاچووی بێدەرەتان تێچوویەکی زیادەیە. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە ویژدان، ئەگەر لە ئاستی هەستی تاکەکەسی تێنەپەڕێت، پێشێل دەکرێت.
لە ئێرانی ئەمڕۆدا، شەڕ تەنها لە ئاسمان و سنوورەکاندا نییە. بەڵکوو لەناو سفرە بچووکبووەکانی خەڵکدایە، لە کەمیی دەرمان، لە تاریکی و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان، لە داخرانی کارگەکانی بەرهەمهێنان، لە بێدەرەتانیی مووچەخۆران، لە ترس و دڵەڕاوکێی منداڵان و لە شەکەتیی ڕۆح و ڕەوانی کۆمەڵگەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەوەی لەژێر ناوی “دۆخی شەڕ”دا بەڕێوە دەچێت، لە ڕاستیدا توندکردنەوەی هەمان ئەو قەیرانەیە کە ساڵانێکە بەهۆی سەرمایەداریی ڕانتی، گەندەڵیی دامەزراوەیی، مووچەی چەند هێندە لەژێر هێڵی هەژاری و سیاسەتە دژە خەڵکییەکانەوە، قورسایی خستووەتە سەر شانی زۆربەی هەرە زۆری جەماوەر.
شەڕ ڕووداوێکی ئەخلاقیی یان تەنها بەرهەمی هەڵەی ئەم یان ئەو سیاسەتوان نییە. شەڕ لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، درێژەی هەمان کێبڕکێی بێبەزەییانەیە بۆ هەژموون، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، دابەشکردنەوەی دەسەڵات و پاراستنی بلۆکە سیاسی و ئابوورییەکان، بەڵام بە ئامرازگەلێکی خوێناوییتر. هەر بۆیە، هەرکەسێک بیەوێت باس لە “ویژدان” بکات بەڵام باسی ئیمپریالیزم، دەوڵەتە شەڕخوازەکان، بۆرژوازی دەسەڵاتدار و پێوەندییە چینایەتییەکان نەکات، لە باشترین حاڵەتدا گەیشتووەتە ئامۆژگارییەکی بێمەترسی، نەک ڕەخنەیەکی ڕیشەیی.
لەم شەڕەشدا، وەک هەموو شەڕە هاوچەرخەکان، ئەوە خەڵکن کە دەکوژرێن، ئاوارە دەبن، هەژارتر دەبن و داهاتوویان لەناو دەچێت، بەڵام بڕیارەکە ئەوان نەیانداوە. بڕیار لە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەدرێت و تێچووەکەی چینە چەوساوەکان دەیدەن. ئەمە هەمان مانای چینایەتیی شەڕە. شەڕیش، وەک هەڵاوسان، وەک بێکاری و وەک ڕیازەتی ئابووری، بێلایەن نییە. قورساییەکەی بەردەوام دەکەوێته سەر شانی کرێکاران، مووچەخۆران، بێکاران، هەژارانی شار، پەراوێزنشینان، ژنانی چەوساوە و منداڵان.
لە ڕۆژی جیهانیی ویژداندا، مەترسیی ئەوە هەیە کە پرسەکە بۆ ئاستێکی بێمەترسی دابەزێنرێت، وەک ئەوەی کە هەرکەسێک لە دڵی خۆیدا کەمێک میهرەبانتر بێت، کەمتر درۆ بکات، یان زیاتر بیر لە کەسانی دیکە بکاتەوە. ئەمانە بێگومان خراپ نین، بەڵام هیچ کامیان بەر بە ئامێری شەڕ، چەوساندنەوە و سەرکوت ناگرن. سەرمایەداری لە مرۆڤە “باشەکان” ناترسێت، بەڵکوو لە ڕێکخراوبوونی مرۆڤەکان دەترسێت. لە ویژدانی تاکەکەسی ناترسێت، بەڵکوو لە ویژدانی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو دەترسێت.
هەربۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا تاکەکان هێشتا لە دڵی خۆیاندا شتێک بە ناوی ویژدان هەست پێدەکەن یان نا، بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ویژدان لە فەزای تایبەتیی دەربهێنرێت و بکرێتە هێزێکی ماددی لە ئاستی کۆمەڵگەدا؟ وەڵامەکە ڕوونە، لە ڕێگەی هاوپشتیی چینایەتی، ڕێکخراوبوون لە خوارەوە، گرێدانی خەبات لەدژی شەڕ بە خەبات لەدژی هەژاری و چەوساندنەوە و هەروەها ئاشکراکردن و لەقاودانی بەردەوامی ئەو سیستمەی کە مەرگ و بێبەشی بەرهەم دەهێنێتەوە.
ویژدان، ئەگەر نەیەتە ناو کایەی سیاسەتەوە، تەنیا لە ئاخ و داخدا کورت دەبێتەوە. ویژدان، ئەگەر بە خەبات لەپێناو نان، کار، نیشتەجێبوون، دەرمان، پەروەردە و ئازادییەوە گرێ نەدرێت، تەنها دەبێتە دروشمێکی ئەخلاقیی. ویژدان، ئەگەر دژی دەسەڵاتی زاڵ هەڵوێست وەرنەگرێت، لە کۆتاییدا دەبێتە ڕازێنەرەوەی هەمان ئەو سیستمەی کە دەبێت لە بەرامبەریدا بوەستینەوە.
لە دۆخی ئێستادا، هەر چەشنە باسکردنێک لە ویژدان دەبێت لەم خاڵەوە دەست پێبکات کە خەڵکی ئێران نە گۆشتی دەمی تۆپن و نە پاشەکەوتی تەحەمول بۆ کایەکانی دەسەڵات. ویژدان واتە ڕەتکردنەوەی هەر سیاسەتێک کە لە خەڵک دەخوازێت بە ناوی “بەرژەوەندی”، “ئاسایش” یان “شانازیی نیشتمانی”، برسییەتی، بێ ماڵوحاڵی، بێدەرمانی و داڕمانی کوالێتی ژیان تەحەمول بکەن. ویژدان واتە ئاشکراکردنی ئەم ڕاستییەی کە لەپشت هەر شەڕێکەوە، لە پەنای هەر مووشەک و بۆردومانێکدا، چینە دەسەڵاتدارەکان هەوڵ دەدەن ڕیازەتی ئابووری، دیسپلین، سەرکوت و بێدەنگیی کۆمەڵایەتیش بسەپێنن.
لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ویژدان واتە بەرگریکردن لە مافی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاران، بەرگریکردن لە مافی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی گرانی و وێرانکاری، بەرگریکردن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و وەستانەوە لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ ئەمنییەتی کردنی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک. ویژدان واتە نەڵێین “ئێستا کاتی ئەم قسانە نییە”، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ڕێک ئێستا کاتی ئەم قسانەیە. چونکە لە کاتی شەڕدا، چینی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدات هەموو شتێک پەک بخات جگە لە هەژموونی خۆی. ویژدان بە واتا
ڕزگاریخوازییەکەی، ناوێکی دیکەی ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤ نابێت ببێتە ئامرازی قازانج و دەسەڵات و ئەم ڕاستییەش تا ئەو کاتەی لە پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکاندا بەرجەستە نەبێت، بەردەوام پێشێل دەکرێت.
بەو هۆیەوە، ویژدانی سەردەمی ئێمە نەک لە ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکاندا، بەڵکوو لە بەرگرییەکی ڕێکخراودا لەدژی سیستمی هەبوو مانا پەیدا دەکات. ویژدان واتە “نا” وتن بە شەڕ، “نا” وتن بە ئیمپریالیزم، “نا” وتن بەو سەرمایەدارییەی کە هەژاری و وێرانکاری بەرهەم دەهێنێت و “نا” وتن بەو دەوڵەتانەی کە ژیانی خەڵک دەکەنە قوربانی مانەوەی خۆیان. لە لایەکی تریشەوە، ویژدان واتە “بەڵێ” بۆ هاوپشتی، بۆ ڕێکخراوبوون، بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بۆ یەکسانی و بۆ بنیادنانەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی زۆرینە، نەک قازانج و بەرژەوەندی کەمینەیەک.
