رۆژی پێنجەشەممە ٦ ی مانگی بەفرانبار هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی هێڕشیان کردە سەر کۆبوونەوەی موعهلیمان لە خیابانی بەهەشت لە بەردەم بینای ئاموزش و پروەرش لە ئیسفەهان. ئەوان دوای هاویشتنی گازی فرمێسک ڕێژ بەرەو کۆبوونەوەی موعهلیمان ژمارەیەکیان لێ دەسەتبەسەر کردن. بانگەوازی ئەم کۆبوونەوەیە لە حاڵێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتەیکاندا بڵاو بۆوە کە موعهلیمان نە تەنیا هیچ وڵامێکیان لە بەرپرسانی دەوڵەتی لە پێوەند لەگەڵ داخوازیەکانی پێشویان وەرنەگرتبۆوە، بەڵکو لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زیاتر لە هەڵسوڕاوان و ئەندامانی تەشەکولە سینفیەکانی موعهلیمان لەلایەن ڕژیمەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون و دادگا فەرمایشیەکانی ڕژیم بۆ ژمارەیەکیان ئەحکامی قورسیان دەر کردوە. لەوانە محەممەد حەبیبی بە ١٠ ساڵ و نێو زیندان حوكم دراوه. لەوێوە کە ئەم جۆرە حوکمانە تەنانەت بەپێی یاسا کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیەکانی خۆشیان هیچ هاوسەنگیەکی لەگەڵ ڕێژەی بەناو ” تاوان”ەکەدا نییە، ئەمانە نەک ئەحکامی قەزایی بەڵکو ئەحکامی سیاسین کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی گەلێک لاواز و لەرزۆکی لە کۆمەڵگادا، بە ئامانجی پێكهێنانی ترس و وەحشەت لەنێو خەڵکدا دەریان دەکات.
ئەو داخوازیانەی کە کانونی سینفی موعەلیمانی تاران وشوینهكانی دیكهی ئێران هێناویانهته گۆرێ، بریتین لە : ئاموزشی بە خۆڕایی بۆ هەموان، ئازادی موعهلیمانی زیندانی کراو و ڕاگرتنی ئیجرای حوکمی زیندان بۆ محەممەد حەبیبی ئەندامی هەیئەت مودیەرەی تەشەکولی فەرهەنگیانی تاران، ئیسماعیل عەبدی، عەبدوالڕەزا قەنبەری، مەحمود بەهەشتی لەنگەرودی و ئازادی بێ شەرت و مەرجی ئەوان، سڕینەوەی سەرجەم ئەو تومهتانهی خراونەتە پاڵ موعهلیمانی هەڵسوڕاو لە ناوەندە سینفیەکانی سەرتاسەری وڵاتدا، لابردنی مەحدودیەت و بەربەستەکانی دەرەوەی قانون بۆ خانەنشینان و زیاد کرانی حقوق و حەقدەستی موعهلیمان. ئهوان بۆ دەستەبەر کردنی ئەم داخوازیانە لە ماوەی ئەمساڵدا وێڕای کۆبوونەوە جۆراو جۆرەکان لە گەلێک لە شارەکان، دوو مانگرتنی سەرتاسەری سەرکەوتوشیان بەڕێوەبردوە.
لە ئێران موعهلیمان لە زومڕەی زەحمەتکێش ترین و لە عەینی حاڵدا کەم داهات ترین توێژی کۆمەڵگان کە توانایی کڕینیان بەردەوام دێتە خوارێ و حقوقەکانیان بە هیچ شێوەیەک هەزینەی ژیانی رۆژانەیان دابین ناکات. موعهلیمان بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان لەپاڵ پێشەی موعهلمی دا ناچارن روو بکەنە بەناو کارێکی دیکەش. لە وەها بارودۆخێکدا کۆماری ئیسلامی بە جێگای وڵامدانەوە بە داخوازیەکانی فەرهەنگیان، کۆبوونەوەی بە دوور لە توندوتیژی ئەوان بە هاویشتنی گازی فرمێسک ڕێژ و باتوم و بەر هێرشی وەحشیانە و ئەوان دەستبەسەر و زیندانی دەکات.
بەپێی ئاماری ڕەسمی ڕژیم ژمارەی فەرهەنگیانی وڵات بێجگە لە خانەنشین کراوان، زیاتر لە ٩٥٠ هەزار کەسە. بە حیساب کردنی بنەماڵەکانیان، جەمعیەتی ئەم توێژە بەرینە کۆمەڵایەتیە دەگاتە ٤ ملیۆن کەس کە ژیانیان لەژێر هێڵی هەژاریدایە. لە بارودۆخێکدا کە هێڵی هەژاری لە ئێران لە بان ٧ ملیۆن تمەن لە مانگ دایە، مامناوەندی حقوقی فەرهەنگیان ٢ ملیۆن تمەنە لە مانگدا کە زیاتر لە ٣ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدایە.
دژایەتی و دوژمنایەتی ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ موعهلیمان و سەرجەم ئاموزش و پەروەرشی زانستی بابەتێکی تازە نییە. ئەم خۆ گێل کردنە نە تەنیا سەبارەت بە ژیان و بەڕێچوونی فەرهەنگیان بەڵکو سەرجەم سیستمی نیزامی ئاموزشی دەگرێتەوە. ڕێژەی بوجەیەک کە ڕژیم تا ئێستا بۆ کاروباری ئاموزش تەرخانی کردوە گەلێک کەمترە لە بوجەیەک بۆ حەوزەکانی جەهل و خورافەی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی تەرخان کراوە. بە ئیعتیڕافی یەکێک لە نوێنەرەکانی مەجلیسی ئیسلامی بودجەی ئاموزش و پەروەرش لە لایەحەی بوجەی دەوڵەتی روحانی لە ساڵی ١٣٩٧ دا نیسبەت بە ساڵی پێشوتری لەگەڵ کەم بوونێکی ٧ لەسەدیدا بەرەو روو بۆتەوە و لە ١٦ لەسەدەوە دابەزیوە بۆ ٩ لەسەد. ئەم بوجەیە کەسری ٢ هەزار میلیاردی هەبووە و تەنانەت بەشی حقوقی موعهلیمان و کارمەندانیشی نەکرد، چ بگات بەوەی کە بەرنامەیەک بۆ بازسازی و یان تەوسعەی مەدرەسەکان و بەرەو پێش چوونی ئاموزش لە دەستوری کاردا بێت. بە وتەی جیگری سەرۆکی کوموسیۆنی ئاموزش و توێژینەوەی مەجلیسی ئیسلامی،” دوو لەسەر سێی مەدرەسەکانی وڵات پێویستیان بە نۆژەن کرندەوە هەیە و یەک لەسەر سێی مەدرەسەکانی وڵات بۆ نۆژەن کردنەوە نابن و دەبێ بە تەواوی بروخێندرێن”. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە رۆژانە لە ئێران لە رووداوی دەڵتەزێندا ژمارەیەک لە دانش ئاموزان و موعهلیمان گیانیان لەدەست ئەدەن و یان سەدەمەی جیدییان وێدەکەوێ. مەرگی دڵتەزێنی ٤ قوتابی منداڵ بە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە کلاسێکی دەرسدا لە زاهیدان نمونەکانی ئەم دواییەی ئەم موسیبەتانەیە و کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەخۆیەتی.
بەڵام موعهلیمانی تێکۆشەری سەرتاسەری ئێران لەبەرانبەر ئەم هەموو زوڵم و بێ مافی و ستەمەدا کە ڕژیمی ئیسلامی لەدژیان دەیکات و لەبەرانبەر ئەو پشتگوێدان و بێ هەست کردن بە بەرپرسیاریەتیەی ڕژیم نیسبەت بە کاروباری ئاموزشی منداڵان، قەت بێدەنگ نەبوون و لە بەرانبەر ڕژیمدا دەستیان داوتە دەربڕینی ناڕەزایەتی. خەباتی ئەوان لەم قۆناغەدا لە لایەن دانش ئاموزان، بنەماڵەکانیان و جەماوەری خەڵکەوە پشتیوانی کراوە. لە خەباتی یەک ساڵی ڕابردودا و دوای مانگی بەفرانباری ٩٦، خەباتی موعهلیمان لە لایەن بزوتنەوەی کرێکار و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان پشتگیری کراوە. بە پێچەوانەش موعهلیمان داکۆکیان لە داخوازی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کردوە. ئەوان بە دانی دروشمی” کرێکار- دانشجو- موعەلیم یەکگرتن یەکگرتن” بە دروستی لەسەر پێویستی هاوئاهەنگی خەباتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ نیزامی دیکتاتۆڕی ئیسلامی سەرمایەداری جەختیان کردۆتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا سەرانی ڕژیم کە لە دابین کردنی خواست و داواکاری موعهلیمان، کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا خۆیان بە داماو و بێ توانا دەبینن، زیاتر لەپێشو سەبارەت بە بەردەوامی و درێژەی حاکمیەتەکەیان نیگەرانن. هێرشی هێزە سەرکوتە گەرەکانی ڕژیم بۆسەر کۆبوونەوەی موعهلیمان و هەروەها گرتنی هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی و دەرکردنی ئەحکامی قورس بۆیان بەڵگەیە لەسەر وەحشەتی سەرانی ڕژیم لە پەرەسەندنی هاوپشتی خەباتکارانەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەدژی مەوجودیەتی ڕژیم ئیسلامی. بەڵام کرداری توندوتیژ ئامێز لەدژی موعهلیمان و کرێکاران نە تەنیا ناتوانێ یارمەتی دەری درێژەی حاکمیەتی ڕژیم بێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قین و توڕەیی زیاتری جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لەدژی نیزامی ستەمگەر و گەندەڵی ئیسلامی لە ئێران و کۆتایی تەمەنی پڕ لە جورم و جەنایەتی ڕژیم نزیکتر دەکاتەوە.