کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  وڕێنە کردنی مودیر عاملی سندوقی خانەنشینی و وڵامی ددان شکێنی خانەنشینان

n00342172 b

  لە حاڵێکدا کە ناڕەزایەتی خانەنشینان سەبارەت بە بێ مافی و پێشێل کرانی مافە ئینسانی و سەرەتاییەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ڕۆژانە درێژەی هەیە،نێعمەتو اللە تورکیمودیر عاملی سندوقی خانەنشینی وڵات لە وڵام بەم ناڕەزایەتیانە وتویەتی کە:” بارودۆخی خانەنشینان لە ئێران بێجگە لە چەند وڵاتێک، لە گشت وڵاتانی دنیا باشترە.”

  ڕۆژنامەی دەوڵەتیکاروکارگەرلە ژمارەی رۆژی دوو شەممە ١٩ی مانگی پوشپەڕی خۆیدا وتووێژێکی لەگەڵ ئەم کەسەدا هەیە کە وەها ڕووداریەک تەنیا لە کاربەدەستانی ڕژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە. ئەو بە بێ شەرمیەوە دەڵێ:” ڕەنگە تەنیا ٥ بۆ ٦ وڵات لە حەوزەی سندوقەکانی خانەنشینیدا بارودۆخێکی باشیان هەبێت، کە هەڵبەت ناڵێم ئەوانیش عالین، بەڵام ماباقی ئەوانی تر بارودۆخیان لە ئێـە خراپترە. لەم بابەتەوە هیچ گومانتان نەبێت. وڵاتێکی وەک فەڕانسە لەبەرچاو بگرن، خانەنشینەکانی ئەگەر دۆخیان باشە بۆچی ئەم گشتە ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟!”

هەواڵنێری ڕۆژنامەکە کە ئەم قسە سەرتاپا ناڕاست و درۆیانەی خستۆتە بەر گیروگاز دەڵێ ئاغای تورکی، لە ئێستادا لانیکەمی حقوقی کرێکاران و خانەنشینانی کرێکاری نزیک بە ٨ تا ٩ ملیۆن تمەنە لە حاڵێکدا کە نرخی سەبەدی بەڕێچوونی لانیکەمی حیساب کراو لە لایەن شۆڕای باڵای کارەوە ١٣ ملیۆن و ٩٠ هەزار تمەن و نرخی سەبەدی بەڕێچوونی لانیکەمی حیساب کراو لە لایەن هێندێک لە ناوەندەکانی دیکەوە ١٨ ملیۆن تمەنە. مانگی ڕابردو ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس هێڵی هەژاری لە تارانی ٣٠ ملیۆن تەمەن دیاری کرد. لەپاڵ بارودۆخی حەقدەستەکاندا دەبێ ئاماژە بە بەردەوامی نرخی تەوەڕومی دوو ڕەقەمی لە ماوەی ساڵانێکی دوور و درێژیشدا بکرێت لە ئێران. دەمێکەیە کە نرخی تەوەڕوم لە ئێران لە لایەن ناوەندە ڕەسمیەکانەوە زیاتر لە ٤٠ لەسەد ڕادەگەیەندرێت. ئایا لەو وڵاتانەی ئێوە ئاماژەیان پێ ئەکەن کرێکارێک ناتوانێ بە مانگانەیەکی وەریدەگرێت دەرەقەتی کرێ ماڵ و خەرج و خۆراکی ئاسایی ڕۆژانەی خۆی بێت؟ لەو وڵاتانەشدا نرخەکان لە ماوەی یەک مانگ و یەک حەفتە و تەنانەت یەک ڕۆژدا، گۆڕانیان بەسەردا دێت؟ شیاوی ئاماژەیە کە ئەم کەسە خۆی یەکێک لە بەرنامە داڕێژەرانێکە کە ئاڵوگۆڕی دژی کرێکاری لە بواری بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی و گۆڕانی بنەمای حیساباتی مانگانە و کەم کردنەوەی ئیمتیازاتی پیشە سەخت و دژوار و زیان بەخشەکانی، ئامادە کردوە و لە بەرنامەی ٥ ساڵەی حەوتەمدا گونجاندوە.

  لە وڵام بە وەها بارودۆخێکە کە خانەنشیان دەمێکەیە کە بوونەتە هێزی سەرەکی ناڕيزایەتی و ئامادە لە سەر شەقامەکان. شۆڕشی ژینا هیوا و هێز و توانانی زیاتری بە بزوتنەوەی خانەنشینان بەخشیوە. داخوازیەکانی خانەنشینان، داخوازی و داواکاری سەرجەم خەڵکێکە کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. خەڵک بەدەست هەژاری گیان تاوێنەوە وەزاڵە هاتون، خەڵک گرانی تەنگی پێ هەڵچنیون، کالا سەرەکیەکان لەسەر سفرەکانیان نەماوە، نزیک بە بیست ملیۆن کەس لە جەمعیەتی وڵات لە پەڕاوێزی شارە گەورەکاندا بە بێ سەرەتایی ترین ئیمکاناتی ژێر بینایی لە شەڕێکی ڕانەگەیەندراو لەگەڵ ڕژیمدان و کەوایە بۆچی دەبێ ئەم خەڵکە کە دارونەداریان بە فیڕۆ دەچێت، ئەم بارودۆخە فەلاکەت بارەش تەحەمول بکەن. لە خۆڕا نییە خانەنشینان کە لە ئاستێکی ملیۆنیدا توانایی دابین کردنی هەزینەی ژیانیان نییە و بەشێکی گەورە لە هەژار ترین توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵ پێکدێنن، هاواریان سەبارەت بە گران بوونی ڕۆژانەی نرخەکان و خراپتر بوونی بارودۆخی بەڕێچوونیان بەرز بۆتەوە، دەڵێن لە بەرانبەر هەموو ئەم هێرشەی کە دەکرێتە سەر ژیانیان و لە بەرانبەر گوێچکەی کەڕی کاربەدەستانی ڕژیمدا ڕێگایەکیان بێجگە لە هاتنە سەر شەقام و چڕتر کردنەوەی خەباتیان بۆ نەماوەتەوە. خانەنشینان بەشێک لە قوربانیانی داڕمانی ئابووری نیئۆلیبڕاڵی کۆماری ئیسلامین.

  خانەنشینان فێربوون کە ڕێگایەکیان بێچگە لە خەبات بۆ دەستبەرکردنی داخوازیە ڕەواکانیان نییە، ئەوان بە تەجروبە بینیویانە کە ڕژیم و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی بە جێگای بەرخور بە کەسانی دز و ئیختیلاسگەر، مامۆستایانی عەداڵەت خواز، خانەنشینان، کرێکاران، ژنان، پەڕاوێز نشینەکان، منداڵانی کار و کۆڵبەرەکان ئەدەنە بەر هێرش.

  کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان مژدەدەری دەستپێکی قۆناغێکی ترە لە ناڕەزایەتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. و بێ گومان ڕژیم بە گشت سەرکوتگەریە وەحشیانەکانیەوە، بە زیندانی کردن و دەرکردنی ئەحکامی قورس دژبە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و داکۆکی کارانیان، دژبە ژنان و دژبە هەڵسوڕاوانی مەدەنی و گرتنی بە هەزاران کەس، ناتوانێ کۆمەڵگا بگێڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە شۆڕشی ژینا.