رۆژی ١٢ی مانگی ژوئهن لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە وەک رۆژی جیهانی قدەغەبوونی کاری منداڵان ڕاگەیەندراوە. بەپێی ڕاپۆرتی سازمانی جیهانی کار، ٢١٥ میلیۆن منداڵی کار لە دنیادا هەیە کە، نیوەیان لە پیشە پڕ مەترسیەکاندا خەریکی کارن. دەوترێ لە ژمارەی منداڵانی کار ٦١ لەسەدیان لە ئاسیا، ٣٢ لەسەدیان لە ئافریقا و ٧ لەسەدیان لە ئامریکای لاتیندا دەژین. بە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە منداڵانی کار تێیاندا دەژین ئامارێکی جێی بڕوا لە منداڵانی کار کە خەریکی کاری حیرفەیی و تەواو وەختن، نادهن، ژمارهی واقعی مناڵانی كار لهبهردهستدا نییه. دەیان میلیۆن لە منداڵانی کار لە ناوەندە کرێکاریەکاندا تۆمار ناکرێن و بە شێوەی نایاسایی و ڕەش دەخرێنە بەر کار، ههر بۆیه ژمارەی منداڵانی کار گەلێک زیاتر لەو ڕێژەیەیه کە لە ئامارەکاندا ڕادهگهیهنرێت. لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی کۆچكردن بەرەو ئوروپا و ئهمریکا و توند بوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا، پێی منداڵانی کار و خیابانی کێشراوەتە ئەم وڵاتانەشەوە. بێجگە لەوە، لە ئاکامی شەڕە وێرانگەرەکانی ئەم چەند دەیەی دواییدا لە چوار گۆشەی دنیادا و لە وڵاتانی هەژارنشین و ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، دەیان میلیۆن منداڵی ئاوارە و بێ سەرپەنا ناچار بە کۆچکردنی زۆرەملێ کراون. به میلیۆن كهس لهو منداڵانەی رووی ناچاریەوە و بۆ مانەوە له خراپترین بارودۆخدا ڕازی دەبن بەکار کردن.
ڕژیمی ئیسلامی یەکێک لە دزێوترین ڕواڵەتەکانی نیزامی سەرمایەداری لە هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ منداڵانە. لە ئێران هیچ جۆرە ئامارێکی جێی بڕوا و دروست سهبارهت به ژمارەی منداڵانی کار لەبەردەستدا نییە. ئامارە ڕەسمیەکان لە ئێران باس لە بوونی ٢ میلیۆن منداڵی کار دەکەن بەڵام، بەپێی ئامارە ناڕەسمیەکان، ژمارەی منداڵانی کار بە ٧ ملیۆن منداڵی ژێر ١٥ ساڵ بەراورد دەکرێت. شەپۆلی منداڵانی کار لە ئێران بە ڕواڵەتی شارەکان و بە تایبەت شارە گەورەکانی ئێرانەوە بە روونی دەبیندرێت.
ڕژیمی ئێران لەگەڵ دیاریکردنی حەقدەستی چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا، بە کردەوە بنهماڵهكان ناچار دەکات تا بۆ دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی ژیان، منداڵانی خۆیان ڕەوانەی بازاڕی کار بکەن. ڕژیم بە کردەوە ئیمکان بە خاوەنکاران ئەدات تا بە هەر ڕادەیەک کە بیانەوێ منداڵان دابمەزرێنن و بە هەر ڕادەیەک کە بیانەوێ بیان چەوسێننەوە. لە هەمانحاڵدا ڕژیم بە پشتیوانی و هاندانی کاری ناو ماڵ زۆرترین ئیمکانات بۆ بەکارهێنان و بەهرەکێشی لە منداڵان فەراهەم دەکات.
منداڵانی کار و خیابانی بەرهەم و قوربانی هەژاری و بێکاری و ئاسەوارەکانی، واتە ئیعتیادی کەسوکاریان و لێکهەڵوەشانی بنەماڵەکانیانن. ئەمانە لە رووی ناچاریەوە بوونەتە نان ئاوهری بچوکی بنەماڵەکانیان. ئەمانە یان لە شهقامهكان خەریکی دەست فرۆشی و کاری هاوشێوەن و یان لە کورەخانەکان، ژێر زەوی و شوێنی هەڵواسینی دارەکانی قاڵی چنین، کارگا و ناوەندە پیشەسازیە نائەمن و شوێنهكانی هاوشێوەدا دەکەونەبەر مەترسی لەبەینچوون. ئەم منداڵانە کە سەر بە بنەماڵە کرێکاریەکانن خۆیان کرێکارانێکی چکۆلەن کە لەوپەڕی بێبەشیدا ئازار دەکێشن. ئەمانە تەنیا بەدەست بێبەشبوون لە خوێندنەوە ئازار ناکێشن. ئەوان هەروەها لەبەردەم مەترسی گیرۆدە بوون بە ئیعتیاد و هەموو جۆرە نەخۆشیەکی جەستەیی و رۆحیدان و هەموو جۆرە گروپێکی جەنایەتکاری وەک فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکانن کە داویان بۆ ناونەتەوە.
لە زۆربەی کارگا و کارخانەکانی سەربە سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتیەکان و سەربە کومیتەکانی بەناو ئیمدادی خومەینی، بەسیجی موستەزعەفان و لە کاری ماڵدا و گهڵاڵهی وەستا و شاگردی سەربەم ناوەندانە، منداڵان دەخرێنە ژێر کارەوە و بێڕەحمانە شیرەی گیانیان دهكێشن. لەم نێوانەدا سەهمی ناوچە پەڕاوێز خراوەکان، لەوانە ئوستانە کورد نشینەکان، ئازەبایجانی غهربی، کرماشان، سیستان و بەلوچستان و خوزستان لە بواری بەکارهێنانی هێزی کاری منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ لە ڕێگای ئەو ناوەندانەوە کە ناویان هات گەلێک لەسەرەوەیە. توند بوونەوەی هەژاری لەنێو بنەماڵە کرێکاریەکان و کۆچبەرانی دانیشتووی ئێراندا بە میلیۆن منداڵی سەر بەم خەڵکە رۆژانە ڕەوانەی بازاڕی کار و خیابان دەکرێن و ئەوان لە دنیای منداڵانەیان بێبەش دەکەن و بەر بە گەشەکردنی سروشتی، کۆمەڵایەتی، ڕەوانی و جەستەییان دەگیرێ.
دوو مقاولە نامەی سازمانی جیهانی کار کە ئیجلاسی ساڵانەی لەم رۆژانەدا لە ئارادایە، واتە مقاولە نامەی ١٣٨ی پێوەندیدار بە دیاری کردنی لانیکەمی تەمەنی منداڵان و مقاولە نامەی ١٨٢ی پێوەندیدار بە خراپترین شێوەی کاری منداڵان، لە پاڵ کۆنواسیۆنی حقوقی منداڵ داوا لە دەوڵەتانی ئەندامی خۆیان دهكات كه سیاسەتگەلێک بگرنە پێش کە ببێته هۆی نەهێشتنی کاری منداڵان. کۆماری ئیسلامی هەرچەند یەکێک لە واژۆكاران ئەم مقاولە نامانەیە، بەڵام لە کردەوەدا نە تەنیا کاری منداڵانی ژیر ١٥ ساڵی ڕەسمیەت پێداوە، بەڵکوو لە شوێنە کرێکارییەکانی ئێراندا منداڵانی کەم تەمەن تریش بە بێڕەحمانە ترین شێوە دەچەوسێندرێنەوە.
لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا کە هەژاری و بێکاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیكه دەگوزارێتەوە و هۆکارە دەرەکیەکان لەوانە، ماجەراجووییەکانی ڕژیم و ئاسەوارەکانی بارودۆخی دژواری ژیانی بنەماڵە کرێکاریەکان توندتر دەکاتەوە، دیاردەی منداڵانی کار و خیابانی بۆتە بەشێک لە ڕاستیەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگر لەم کۆمەڵگایەدا. تەئیدی قانونی نێونەتەوەیی بەرتەسک کەرەوە بۆ ڕژیمی ئێران تەنیا لایەنی فۆرماڵ و ڕازێنەرەوەی هەیە. ڕزگار بوونی منداڵان لە چنگ بارودۆخێکی نا ئینسانی کە تێیدا گیریانخواردەوە، بەستراوەتەوە بە ڕزگار بوونی کرێکاران و گەورەساڵانی دیلی دەستی ئەم نیزامەوە.