ئیمرۆ دووشەممە دەی مانگی دیسامبر ، رۆژی دەی مانگی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤە. 70 سال لەمەوبەر لە وەها رۆژێك دا جارنامەی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەندامانی ئەو كاتی كۆبونەوەی گشتی ریكخراوی نەتەوە یەكگرتۆەكانەوە، پەسند كراو و بریار درا كە بەریوە بچێت. بیرۆكەی پەسند كردنی ئەو جارنامەیە لە ناوەندێكی نیودەولەتی دا دوای تەواو بونی جەنگی جیهانی دووهەم هاتە ئاراوە .ناوەرۆكی “جارنامەی جیهانی مافی مروڤ” لە واقیعدا بەرهەمی خەباتی لیبراوانەی كرێكاران و خەلكی ئازادیخوازی جیهان و پاشەكشەی دیكتاتوریەتی سەرمایەداری بەرانبەر بەم خەباتەیە . بۆ هەر خالێكی ئەو جارنامەیە سالها خەبات و فیداكاری كراوە و قوربانی دراوە. سەرئەنجام بورژوازی دوای ئەوەی كە بەشەریەتی تووشی كارساتگەلێكی گەورەی وەكوو جەنگی جیهانی یەكەم و دوهەم كرد، دوای ئەوانە ئەوەندەی بۆی دەكرا خاڵەكانی ئەو مافانەی لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی خۆی گونجاند و بە ناوی خۆیەوە لە میژووی خۆیدا تۆماری كرد.
ئەم جارنامەیە سەرەڕای ئەوەیكە كە بنەماكانی نیزامی سەرمایەداری ناباتە ژێر پرسیار و رێز دادەنێت بۆ چەوساندنەوی ئینسان بە دەستی ئینسان ، بەم حالەشەوە و لەم رادەیەشدا دەسكەوتی ئینسانی ئازادیخواز و تێكۆشەری سەردەمی ئیمەیە و هێشتا لە پێشكەوتوترین ولاتانی سەرمایەداری جیهانیشدا خەبات بۆ بەریوە بردنی كامڵی خاڵەكانی هەر بەردەوامە. ئەگەرچی پیویستی دەركردنی ئەو جارنامەیە لە ئاكامی ئەو جینایەتانەوە هاتە گۆرێ كە لە جەنگی جیهانی دووهەم دا روویاندابوو وە بۆ ئەوە بوو كە پێش بە دووپات بونەوەیان بگرێ، بەلام دوا بە دوای پەسند كردنی، لە هەلو مەرجی جەنگی و غەیرە جەنگیش دا بەردەوام لە لایەن ئەو دەولەتانەوە كە پەسندیان كردبوو پێشێل دەكرا.
70 ساڵ لەوە پێش “جارنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ” لە سەر وێرانەكانی شەری جیهانی دووهەم دارێژرا تا بە رەوالەت بنەرەتی نوێی جیهانی تێیدا بینا بكەن و سووكایەتی بە ئینسانەكان تەحەمول نەكرێت. بەڵام ئەمرۆكە زیاتر لە 70 ساڵ پاش تەواو بونی جەنگی دووهەمی جیهانی لەوانەیە شاهێدێكی زیندوو نەبێ كە باسی جینایەتەكانی ئەو شەرە و پێشێل بوونی ئەو مافانەمان بۆ بكات، بەڵام لاوانی سوریایی ، عیراقی، بۆسنیایی، رەواندایی ، ئەفغانستانی و هیتر، دەزانن ئەو كەسانەی كە ئەو مافانەیان پەسەند كرد چەندە لە كردەوەدا بەرێوەیان برد و چلون ولاتەكانیان بە چەكی بەرهەم هاتوو لە لایەن دەولەتانێك كە ئەو جارنامەیان ئیمزا كرد، نوقمی خوێن كرا.
هیشتا لە زۆربەی ولاتانی جیهان سەرەتاییترین مافی ئینسان كە مافی ژیانە پێشێل دەكرێت. تەنانەت ” جارنامەی جیهانی مافی مروڤیش ” باسێكی لە پێشێل بونی مافی ئینسانەكان لە ئاكامی برسیەتی، قاتی و قڕی، جۆرەها نەخۆشی واگیردار، بازرگانی سیكس و گیرودەبون بە مەوادی موخەدیری تێدا نییە.
سەرەرای دەرچونی ئەم جارنامە نیونەتەوەیەش هیشتا مافی ژن لە ژێر كاریگەری نەریتی پیاوسالاریدا لە زۆریك لە ولاتانی جیهان نیوەی پیاوە. حەقدەستی ژنان بۆ كاری بەرابەر لە پیاوان كەمترە، مناڵ وەكوو ئینسانێكی تەواو حیسابی بۆ ناكرێت، نەتەوەگەلێك هەن كە لە مافی چارەی خۆ نوسین بێبەشن، هێشتا ولاتانێك هەن كە تێیاندا سزای ئیعدام بەریوە دەچێت، هیشتا بیروباوەری ئەم و ئەو دەكەویتە ژێر زەررەبینی دەولەتەكان، هیشتا هەلاواردنی رەگەزی و تەنانەت ئەشكەنجە پاساوی یاسایی هەیە، هیشتا تیغی سانسۆر دژ بە ئازادی رادەربرین و چاپەمەنی لە كار دایە. لە ئیرانی ژێر دەسەلاتی حكومەتی ئیسلامیدا، پێشێل كردنی مافی مروڤ گەیشتۆتە لوتكەی خۆی. كۆمەلێك ئینسانی شەریف لە سەر دەربرینی بیروباوەریان لە زینداندان و سێبەری مەرگ بە سەر سەریاندا دەسورێتەوە. لە زیندانەكاندا بە بەردەوامی ئەشكەنجە هەیە و لە بەرچاوی خەلك سزای شەلاق لێدان بەریوە دەچێت و بەرپرسانی رژیم بە رووهەلمالاویەوە لە ژێر ناوی “تەعزیر و حەد لێدەركردنی شەرعی “، دانی پێدا دەنێن. منالانی كەمتر لە 18 ساڵ ئیعدام دەكرێن. هەلاواردنی رەگەزی و مەزهەبی و نەتەوەیی بە پێی یاسا بەریوە دەچێت.
پێوانەی بەرێوە چونی مافی مروڤ، یەكسانی ئینسانەكانە لە كۆمەلگایەكی تێر و تەسەلدا. كۆمەلگای سەرمایەداری كە بناغەكەی لە سەر نایەكسانی و و جیاوازی چینایەتی داندراوە، لە جەوهەر و ناوەرۆكی خۆیدا ناتوانی لایەنگری راستەقینەی دابین بونی مافی مروڤ بێت. مافی مروڤ كاتێك دابین دەبێت و زەمانەت دەكرێت كە جیاوازی چینایەتی نەمێنێت و ئینسانەكان ئیمكانی ئەوەیان هەبێت لە ریفاەدا و بە یەكسانی لە پال دەستی یەكتر بژین. لە كۆمەلگایەكدا كە بنەرەتەكەی لە سەر چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دامەزراوە، لە كۆمەلگایەكدا كە ئامانجی كار و بەرهەم هێنان دابین كردنی پیداویستەكانی ئینسان نییە، بەلكوو كۆكردنەوەی قازانجە، مافی مروڤ دابین نابێت. ئەو كۆمەلگایەی كە تێیدا ئینسان جێگە و شوینی شیاوی خۆی وەدەست دێنێت، كۆمەلگای سوسیالیستیە. بەدیهێنانی وەها كۆمەلگایەك كە تێیدا مافی واقعی مروڤ دابین بێت پیویستی بە خەباتی لێبراوانەیە. بەلام تا ئەو كاتەی كە ئینسان لە نەگەبەتیەكانی نیزامی سەرمایەداری رزگاری دەبێت، مافە سەرەتائەكانی ئینسان كە بەشێكیان لە جارنامەی جیهانی مافی مروڤدا هاتوون پیویستە بە تەواوی بەریوە بچن . هیچ دەولەت و دامەزراو و كەسێك بۆی نیە بە بیانوی جیاوازی فەرهەنگی خۆی لە بەریوەبردنی ئەو مافانە كە شمولی هەموو جیهان دەكەن، بدزیەتەوە.
هەر ئینسانێك دەبێت لە ژیانێكی موناسب بۆ دابین كردنی سلامەتی و ریفاهی خۆی و بنەمالەكەی بە تایبەت لە رووی خواردن و لیباس و مەسكەن و خزمەتگوزاری پزیشكی و هیتر بەهرەمەند بێت، هەر ئینسانێك مافی خۆیەتی كە لە كاتی بێكاری و نەخۆشی و كەم ئەندامی و جیایی و پیری و بە سالاچویی ، لە هەموو بیمەیەكی كۆمەلایەتی بەهرەمەند بێت. دایكانی دووگیان و منالانی ساوا مافی خۆیانە كە هەموو جۆرە خزمەتگوزارێكی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت.
هیچ دەسەلاتێك و هیچ كەسێك بۆی نیە ئینسانەكان بە هۆی رەنگی پێستیان و نەتەویان و رەگەزیان و تەمەنیان و بیروباوەریان و حەز و ئارزوەكانیان لەم مافە سەرەتاییانە بێبەش بكات. ئازادی رادەربرین و ریكخراوبوون و كۆبونەوە و خۆپیشاندان مافی سەرەتایی ئینسانە و نابێت بە هیچ بیانوو و پاساوێك بەرتەسك بكرێتەوە، ئەشكەنجە كردن و هەر چەشنە سوكایەتی پێكردن و شكاندنی كەرامەتی ئینسانەكان قەدەغەیە، هەر كەسێك كە بە تاوانێك دەكەویتە زیندان، تا كاتێك كە لە مەحكەمەیەكی سەلاحیەتدار دا تاوانەكەی لە سەر ئیسپات نەبوبێت بێ تاوان دەژمێردرێت و پیویستە لە پارێزەر و هەموو ئیمكانێكی دیفاع لە خۆ بەهرەمەن بێت.
كۆمەلگایەك كە لانیكەمی مافی ئینسانەكانی بە پێی رەگەزیان دیاری دەكات و ژن و پیاو بەرابەر نین، كۆمەلگایەك كە ئینسانەكان بە هۆی بیروباوەریانەوە دەكەونە زیندان، ئەشكەنجە دەكرێن و سزادەدرێن، كۆمەلگایەك كە سزای ئیعدام تێیدا بەریوە دەچێت، ولاتێك كە تێیدا پەنابەران لە مافەی ئینسانی بێبەش دەكرێن، ناتوانێت باس لە بەریوەچونی مافی مروڤ بكات. مافە سەرەتاییەكانی ئینسان تەنانەت هەر ئەوەندەش كە لە ” جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش” دا هاتوون، ئامانجێكە كە هیشتا ئینسانی ئەو سەردەمە دەبێت بۆی تێبكۆشێت.