کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وه‌رن با لەپێناو دەستەبەرکردنی مافه‌كانی منداڵان و بەتایبەت منداڵانی کار، خه‌بات بكه‌ین!

 

بەپێی ئامارەکان ده‌وری چوار میلیۆن منداڵ لە تەمەنی خوێندن لە چوون بۆ مه‌دره‌سه‌ بێبەش کراون. ئەم منداڵانە و بەتایبەت منداڵانی کچ، یان هەر ئیمکانی چوونەسەر کلاسەکانی دەرسیان بۆ دابین نه‌كراوه‌، یاخود له‌دوای ماوەیەک و له‌ڕووی ناچارییه‌وه‌، دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان بەهۆی بێبەشبوونی بنەماڵەکانیان لە داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی ژیان و بەڕێچوونێکی مەمرە و مەژی، زۆربەی ئەم منداڵانە چوونەتە ناو بازاڕی کار. لەگەڵ ئەوەدا كه‌ دەوڵەتی ڕوحانی ئامارێکی ڕەسمیی لە منداڵانی کار و خیابانیی پێشکەش نەکردووە، بەڵام هه‌ندێک لە کارناسان ئەم منداڵە نان ئاوەرانەیان بە ٢ میلیۆن کەس بەراورد کردووە. ئەم ئامارە بە لەبەرچاوگرتنی هه‌ڵكشانی ڕێژەی هەژاریی، فەلاکەت و باقی موسیبەتە کۆمەڵایەتییەکان، لەحاڵی په‌ره‌سه‌ندنه‌. ئەم منداڵانە مەترسیی هەموو جۆرە ئازار، نەخۆشییەکی جەستەیی و ده‌روونیی و ئێعتیادیان له‌سه‌ره‌ و داهاتوویەکی لێڵ و تاریکیش چاوه‌ڕێیان ده‌كات.

به‌ پێی ئیعتیڕافی کاربەدەستانی ڕژیم بێ، دەوڵەت قانون یاخود پڕۆژه‌یاسا و بەرنامەیەکی کارامه‌ی به‌ ئاراسته‌ی دابینکردنی دۆخێک بۆ گەشەکردن و مافی ئەم منداڵانه‌ی نییە. هه‌ندێک لە کارناسان پێیانوایە کە ئێرانی ژێر حاکێمییەتی کۆماری ئیسلامیی، بۆتە جەهەننه‌مێک بۆ منداڵان و بەتایبەت منداڵانی کار و خیابانیی. بە پێی یاسای کار، بەکارهێنانی منداڵانی کەمتر لە ١٥ ساڵ قه‌دەغەیە. ئەگەرچی ئاستی تەمەن بۆ منداڵان لە ئێران دەبێ ١٨ ساڵ بێت، بەڵام ئەم بەندە سه‌قه‌ت و پڕ له‌ كه‌موكووڕییه‌ش لەم وڵاتە لە لایەن خاوەنکاران و دەوڵەتەوە به‌ئاشكرا پێشێل دەکرێت. منداڵانی ته‌مه‌ن ژێر ١٥ ساڵ، بەبەرچاوی هەمووان و لەوانە مه‌قامات و مەئموورانی دەوڵەتییەوە، لە کارگه‌ شێدارەکانی قاڵیبافییەوە گرتووه‌ هه‌تا کارگه‌ نائەمنەکان و هه‌روه‌ها لەسه‌ر خیابان و کۆڵانەکاندا، خەریکی کارن. هیچکام لە دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران، لە حاڵێکدا کە زیاتر لە سەدان میلیارد دۆلار پووڵ و پاره‌ی نەوتیان بەملاولادا بەفیڕۆ داوە و هەر کامەش چەند پەروەندی ئێختلاس و دزیی کەڵانیان خستووه‌ته‌ ژێر باخه‌ڵ، بەڵام ڕێگه‌چارەیەکیان بۆ چارەسەری گرفتی منداڵان و لەوانە منداڵانی کار نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر. ئەم دەوڵەتانە لە لایەکەوە بڵاوكردنه‌وه‌ی ئامارێکی گشتیی له‌سه‌ر خه‌ساره‌ کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کردووە و لە لایەکی دیکه‌شه‌وه‌ هه‌ستاون به‌ کۆکردنەوەی منداڵان لەسه‌ر شەقامەکان. ئه‌و منداڵانه‌ش كه‌ كۆده‌كرێنه‌وه‌، له‌دوای ماوەیەک لەژێرناوی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌یان بە بنەماڵە، سەرلەنوێ ڕەوانەی سەرشەقامەکان کراونەتەوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ دەوڵەت لە ئێراندا هەموو ئه‌و داهاتەی كه‌ لە فرۆشی نەوت و ماڵیات كۆده‌بێته‌وه‌، هه‌ڵده‌گرێت بۆخۆی و بەرانبەر کۆمەڵگه‌ و هێنانه‌دی مافه‌كانی منداڵان، هیچ مه‌سئولییه‌تێك قبووڵ ناكات. ئه‌م مه‌سئولییه‌ته‌ زۆرجار له‌ لایه‌ن بزوتنەوەكانی کرێکاریی و ژنان لە ڕێگه‌ی جۆراوجۆر و بەتایبەت لە ڕێگه‌ی بڕیارنامه‌ و قه‌تعنامه‌كانیان، وه‌بیر دەوڵەتیان هێناوه‌ته‌وه‌.17 1 1

لە ڕوانگەی بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانەوە، “سیستمی سەرمایەداریی” هۆکاری سه‌ره‌كیی هاتنه‌ئارای کاری منداڵانە و هەموو منداڵێكیش به‌ده‌ر لە پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کەسوکاری، جۆری جنسییه‌ت و ئەوەیكه‌ له‌ کام نەتەوە و ڕه‌گه‌ز و مەزهەب بێ، دەبێ وه‌كوو یه‌كتر لە ئیمکاناتی ئاموزشیی، ڕیفاهی و بێهداشتیی بەهرەمەند بن. “منداڵان وه‌كوو یه‌كێك له‌ سەرمایە هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌ر وڵاتێك به‌ئه‌ژمار دێن. هه‌ر به‌م پێیه‌، لەبەرچاونەگرتنیشیان، خەسار و موسیبەتێکی زۆر تووشی کۆمەڵگە ده‌کات. بێجگە لەوەیکە منداڵان دەبێ خاوەنی باشترین ئیمکاناتی ئاموزشی، پەروەرشی، بێهداشتیی، خزمەتگوزاریی پزیشکیی، دەرمانیی و گەشەی گونجاو بن و پێویسته‌ بنەماڵەکانیشیان لەباری کار، مەسکەن و بێهداشت و دەرمانەوە دابین بکرێن، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بتوانن ئەرکەکانیان لە بەرانبەر منداڵەکانیاندا بەجێ بێنن. لە پاڵ گشت ئەمانەدا، وەزیفەی ناوەندە ئاموزشیی، ڕاگەیەنەرەکان و تێكڕای ئامراز و ده‌زگا تەبلیغیی، تەرویجیی و هونەرییەکان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەموو گه‌وره‌ساڵێك له‌سه‌ر پێویستیی دابینکردنی مافه‌كانی منداڵ ڕابهێنن و ئاموزش بدەن.

دەوڵەتی ڕوحانیی وەک دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژاد بەردەوام و بە شێوەی ڕیاکارانە ڕایدەگەیەنێ کە خزمەتگوزاری خەڵکە، بەڵام ئه‌وه‌تا ده‌بینین كه‌ عه‌مه‌له‌ن بوودجە و سه‌روه‌ت و سامانی وڵات لەدەست ئەم دەوڵەتەشدا، زیاتر ده‌كرێته‌ خەرجی هێزە سەرکوتەگەرەکان، ئاخوندەکان، بڵاوکردنەوەی خوڕافات، ده‌خاڵەتگەریی لە ناوه‌نده‌كانی قەیرانی ناوچەیی، و باجدان بە دەوڵەتان و تاقمه‌ کۆنەپەرستەکان و دەچێتە گیرفانی کاربەدەستانی گەندەڵەوە. ته‌جره‌به‌ نیشانی داوه‌ كه‌ ئەمجۆره‌ دەوڵەتانە، هه‌تا كاتێك كه‌ ناچار نەكرێن‌ بوودجەیەک بۆ چارەسەری کێشەی منداڵان تەرخان بكه‌ن، کارێکی باش به‌ئاراسته‌ی دابینکردنی داهاتوویەکی گه‌ش و ڕوون بۆ منداڵان و لەوانە “منداڵانی کار” ئەنجام ناده‌ن.

ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران و لەوانە کەسوکارەکانی ئه‌م منداڵانه‌، موعه‌لیمان و کارمەندانی ناوەندەکانی بێهداشت و …. تێكڕای ئه‌مانه‌، ئەرکێکی گرنگیان به‌ئاراسته‌ی دابینکردنی مافی منداڵاندا لەئەستۆیە. یەکێک لەم ئەرکانە، ناچارکردنی دەوڵەتە بە ئەنجامدانی ئەرک و وەزیفەکانی له‌ هه‌مبه‌ر منداڵان. پێكهێنانی هەرجۆرە گۆڕانكارییه‌ك به‌ئاراسته‌ی باشترکردنی بارودۆخی منداڵان، تەنها دەتوانێ له‌ ئاکامی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگه‌وه‌ بێته‌ ئاراوه‌. بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە و داسەپاندنی هەر ڕێژەیەک لە مافه‌كانی منداڵان و لەوانە “منداڵانی کار”، دەبێ له‌ سۆنگه‌ی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و تێکشکاندنی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەدارییەوە به‌ره‌وپێش بچێت.