کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک سەبارەت بە کارەساتی کوشتاری خوێندکارانی زانکۆی ئازاد

چەند رۆژ لەوە پێش، بەدوای وەرگەڕانی ئوتوبوسی زانکۆی زانست و توێژینەوەی زانکۆی تاران، کە بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی ١٠ کەس لە خوێندکاران و بریندار بوونی ٢٦ خوێندکار، ئەم زانکۆیە شاهیدی ناڕەزایەتی ده‌ربڕینی بەرینی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان بوو. لەم خۆپیشاندانەدا خوێندکاران و بنەماڵە داخدار و توڕەکانیان، خوازیاری لەسەر کار لابردن و محاکمەی بەرپرسانی زاکۆی ئازاد و لەوانە عەلی ئەکبەر ویلایەتی بوون. ویلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی، دوای مەرگی ئەکبەر ڕەفسەنجانی لە ساڵی ١٣٩٥ دا وەک سەرپەرستی هەیئەت ئومەنای زانکۆی ئازاد داندراوە. توێژینەوەی ئەنجامدراو بە روونی نیشانی ئەدات، ئوتوبوسی هەڵگری خوێندکارەکان وەک سەدان ئوتوبوسی تر کە لە شوێنە جۆراو جۆرەکان خەریکی گواستنەوەی خوێندکاران و دانش ئاموزانن، کۆن و بێ کەڵک و خاوەنی گەلێک کەموکوڕی فەننی بووە. لەگەڵ ئەوەدا لە مەسیرێکی زۆر نا ستاندارد دا هاتوچۆی کردوە. سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەورەبەر بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک لەم بارەیەوە وتوویه‌تی:

” ئەو ئوتوبوسانەی کە لە شارەگەورەکاندا کاردەکەن بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن چ لە بەشی گشتی( ئوتوبوسەکانی فەرسودەی ژێر مالیکیەتی شیرکەتی واحید) و چ لە کەرتی تایبەتدا لە خراپترین بارودۆخی مومکیندان و تەنانەت ئوتوبوسەکان وێڕای کۆن بوونی ٨٠ لەسەدی تایەکانیان لە حاڵی گواستنەوەی مسافیردان و هەر ساتێک ڕەنگە بە هۆیانەوە رووداوێک رووبدات.”

بەڵام رووداوەکەی زاکۆی ئازاد بە هیچ شێوەیەک رووداوێکی تاقانه‌ نییە. بیرەوەری دڵته‌زێنی گیان لەدەستدانی دەیان خوێندکار لەم ساڵانەی دواییدا و لە رووداوی هاوشێوەدا لەبیر کەس نەچونەتەوە. هەموو ساڵێک خوێنی دەیان دانش ئاموز لە تەرحی کۆنەپەرستانەی” کاروانی ڕاهیانی نوور”دا کە تێیدا دانش ئاموزان لە سەرتاسەری ئێرانەوە بۆ بینینی بەرەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق دەبردرێن، دەڕژێتە سەر جادەکانی ئێران. بەپێی ڕاپۆرتی” سازمانی پزیشکی قانونی” لە ساڵی ١٣٩٦، ١٦ هەزار و ٢٠١ کەس لە روداوی جاده‌كاندا گوژراون، ئەم ژمارەیە نیسبەت بە ساڵەکانی پێشتری ١،٧ لەسەد زیادی کردوە. ئەم راپۆرتە ژمارەی کەم ئەندامان و باقی بریندارەکانی ئه‌و ڕووداوانه‌ بە ڕەقەمێکی نزیک بە ١٠ بەرابەری ئاماری کوژراوەکان ڕادەگەیەنێت. بەپێی ئاماری پزیشکی قانونی، ئێران بە شێوەی مامناوەند رۆژانە ٦٠ کەس و هەر کاتژمێرێک ٣ کەس لە رووداوی جاده‌كاندا گیان لەدەست ئەدەن. لە ئاکامی ئه‌م ڕووداوانه‌دا وێڕای تەلەفاتی ئینسانی، ساڵانە زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلاریش خەسارەتی ماڵی بەباردێت. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە، ئێران بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتان، لە باری تەسادوفاتی جادەییەوە بە نیسبەتی جەمعیەت، خاوەنی بانترین پلەیە لە دنیادا.

کارەساتی ئینسانی لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا بە پەرەگرتنی ئاستی جەنایاتی رۆژانەی حکومەتیەوە بەرتەسک نابێتەوە. هەموو جۆرە رووداو و پێشهاتێکی شیاوی پێش بینی و شیاوی پێشگیریش لە کەمیندان تا گیانی ئینسانەکان بستێنن. کۆماری ئیسلامی تەنیا لەبەر ژمارەی ئێعدامی زیندانیانی بێ دیفاع نییە کە خاوەنی پلەی یەکەمە لە دنیادا، ئەم ڕژیمە شوێنی کار و ژیانی سروشتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیشی کردۆتە کەمینگای مەرگ. ئەم ڕژیمە لە حاڵێکدا کە خۆی رۆژ و کات و ساتی مەرگی ئینسانەکان دیاری دەکات و بە شاراوەیی و بە ئاشکرا، پەتی سێداره‌ دەخاتە ملیان، بە شێوەیەک شوێنی کار و ژیانی ئینسانەکانی نا ئەمن کردوە هیچ رۆژێک نییە کە هەواڵێکی دڵتەزێن نەگاتە بەرگوێ. کۆماری ئیسلامی وێڕای جەنایەتی رۆژانەی، وەها لە بەرانبەر به‌ سڵامەتی ژینگەی هاووڵاتییان نا بەرپرسیارە و بە چەشنێک شوێنی کار و ژیانی خەڵکی نائەمن کردوە کە هەر گۆشەیەک لە شوێنی کار و ژایانی خەڵک، بۆتە بەستێنێکی گەنجاو بۆ روودانی هەموو جۆرە رووداوێکی تاڵ و ناخۆش.

ئاماری مەرگ و میر لە ئێران بووه‌ته‌ بابەتێکی سەرسوڕ هێنەر. مەرگ و میر بە هۆی پیس بوونی هەواوە، مەرگ و میر بەهۆی رووداوی جاده‌كانه‌وه‌. مەرگ و میر بەهۆی رووداوی سروشتیەوە. مەرگ و میری منداڵان بەهۆی گرفتی بەدخۆراکیەوە. مەرگ و میری ئینسانەکان، وەها ئاسایی بۆتەوە کە وەک بڵێی رووداوگەلێکی ئاسایین و پێویستیان بە لێکۆڵینەوە نیە. گویا جه‌ماوه‌ری خەڵک عادەتیان بە تێکرار بوونەوەیان گرتوە.

دۆزینەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی مەرگ و میری ئینسانەکان بە هەر هۆکارێک و لەوانە بە هۆکاری ڕووداوی جاده‌كان، بەبێ لێکۆڵینەوەی ماهیەتی نیزامی حکومەتی و سیستمی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی ئەو کۆمەڵگایە مومکین نییە. ڕاستە کە کەس ناتوانێ بە دروستی کاتی رودانی بومەلەرزە و هێندێک لە بەڵا سروشتیەکان دیاری بکات، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی بەرپرس لەکاردا بێت و سیستمی بەڕێوەبەرایەتی ئاوێتەی گەندەڵی ئیداری و ماڵی نەبووبێت، تەنانەت ئاستی کارەساتی سەرچاوە گرتوو لە بەڵا سروشتیەکانیش بە ڕادەیەکی زۆر دەکرێ کەم بکرێتەوە. لە دەزگای ئیداری گەندەڵ و دواکەوتوی کۆماری ئیسلامیدا، نە لە بنەمادا تەرحێک بۆ بەرگرتن لە رودانی رووداوێک بوونی هەیە و نە سیستمی بێ کیفایەت و گەندەڵی دەتوانێ گەڵاڵەیەکی کارناسی کراو بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەر تەرحێکیش کە هەیانبێت ئەساسەن وەسیلەیەکە بۆ سوئیستیفادە و تاڵان و بڕۆ.

ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەرحە دژی ئینسانیە نیزامیەکانی کە لە بنەڕەتدا لە خزمەت سەرکوتی خەڵک دان، بنێتە لاوە و بەشێک لەو هەزینە زۆرانە بەبێ بە فیڕۆدان بۆ پڕۆژەی ئیمن سازی، نۆژەن کردنەوە، تەعمیری جادەکان، نوێکردنەوەی ناوگانی گواستنەوە و گەیاندنی مسافیر و هیتر تەرخان بکات، نە تەلەفاتێکمان لەم ئاسەتەدا دەبێت و نە خەساراتێکی لەم ئاستەدا. ئەگەر لەم دەیان میلیارد دۆلارەی کە ڕژیمی ئیسلامی سەرفی پڕۆژەکانی شکست خواردوی ئەتۆمی کرد، یان ئەو بە میلیارد دۆلارەی کە سەرفی به‌هێز كردنی حیزبوڵڵا لوبنان و شەڕی سوریە و یەمەنی دەکات، تا ئەوانه‌ بکاتە ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆی، خەرجی سیستمێکی گواستنەوە و گەیاندنی ڕێکوپێک، پەرەدان بە تۆڕی ڕێگای ئاسن، دروست کردنی تراموا و گەشەدان بە سیستمی قەتاری شاریی، گۆڕین و نۆژەن کردنەوەی جادەکان و کۆنترۆڵی هاتوچۆی، بکردایە، شاهیدی مەرگی ٣ کەس لە هەر کاتژمێرێکدا نەدەبوین. بەڵام ڕژیمێک کە بێجگە لە مانەوەی خۆی بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە، ڕژیمێک کە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی نائەمن، و شوێنی ژیانیانی وێران، جادەکانی مەرگبار و ئینسانەکان مەحکوم بە مەرگی پێش وەخت دەکات. وەها ڕژیمێک تەنیا بە خەباتی یەکگرتوانە ده‌توانێ بە چۆکدا بێت تا مل بە خواست و داواکاری خەڵک بدات. ئەم ڕژیمە تەنیا بە خەباتی یەکپارچە و یەکگرتوانە دەکرێت له‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌وێ.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-