ڕۆژی پێنجی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ ١٥ی مانگی جۆزەردان، ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە. مەجمەعی گشتیی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٢ ئەم ڕۆژەی وەک “ڕۆژی جیهانی ژینگە” ڕاگهیاند. ئامانج لە ناونانی ئەم ڕۆژە، بردنەسەری وشیاری خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە و هاندانی دەوڵەتەکان بۆ گرتنەبەری ڕێکارێک بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ وێران کرانی ژینگە و جۆرەکانی ژیانی زیندەوەران ڕاگەیندرا.
لهڕاستیدا لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیست بەملاوە کۆمەڵیک ئاڵوگۆڕی خێڕا و بێ وێنە لە ژینگەی دنیادا ڕووی داوە. ئاسەوارە وێرانگەرەکانی مناسباتی بەرهەمهێنانی حاکم، بەسەر سروشت و ژینگەی دەوروبەریەوە خێراییەکی سەرسوڕهێنەری بە خۆیەوە گرتووە. ئیدی هیچ ژینگەیەکی سروشتی لە ئاستی زەویدا بوونی نییە کە لانیکەم بڕێک توشی ئاڵوگۆڕ نەکرابێت. گۆی زەوی بە شێوەیەکی مەترسیدار لە حاڵی لەنێوچوون دایە. هەڵبەت هاوکات خەبات بۆ پاراستنی ژینگە پەرەی سەندوە و خەبات لە دژی دەور و نەخشی وێرانگەری نیزامی سەرمایەداری بەسەر سروشتی دەوروبەرەوە بەردەوام گۆڕەپانی بزوتنەوەی لایەنگری ژینگە و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو.
ئهمڕۆ گیروگرفته ژینگەییەکان ئیدی وەک بابەتێکی ناوچەیی و یان تەنانەت نەتەوەیی بە ئەژمار نایەن و بە لەبەرچاو گرتنی پێوهندی دوو لایەنە و جیانەکراوەی ژینگە لەگەڵ ئابووری و فەرهەنگی و گەشەپێدان و سیاسەت و ئەخلاق و گەلێکی تر لە لایەنە ماددی و مەعنەویەکانی حەیاتی ئینسانەکان، بۆتە ئەمرێکی جیهانی. لە ڕاستیدا هەر گرفتێکی ژینگەیی بەهەر ڕادەیەکیش بەرتەسک ببیندرێت و تەنانەت سنوردار لە چوارچێوەی مەرزە قەراردادیەکانی وڵاتێکدا، وەک گرفتێک بۆ سەرجەم دنیا و بەشەرییەت بە ئهژمار دێت.
ئاوڕدانەوە لە ژینگە و پاراستنی تهندرووستی ئینسانەکان و سەرجەم بوونەوەرەکانی سەر زەوی یەکێک لە سهرهتا بنچینەییەکانە لە بەردەوامی ژیان و کەڵک وەرگرتن لە نێعمەتە سرووشتیەکانه کە بە چەشنێکی فراوان لەبەر دەستمان دایە. بینینی ڕۆژانەمان و توێژینەوەی کارناسانی ئەم بوارە کە لە خزمەت سەرمایەدا نین، ئەو ڕاستیە ڕوون دەکەنەوە کە بنەمای زۆربەی ئەو بەڵایانەی بەسەر ژینگەدا دێت، سەرچاوەگرتوو لە دەست درێژییە زیدەخوازیەکانی خاوەنانی سەروەت و دەسەڵاتە و ئەگەر کۆمەڵگا بە چەشنێکی دیکە بەڕێوەبچێت و نەزمی بەرهەمهێنان و مەسرەف بە شێوەیەکی تر ڕیکبخرێت کە بنچێنەکەی وڵامدانەوە بێت بە نیازە واقعیەکانی بەشەر و هەموو شتێک بۆ هەموان بێت و ئینسانەکان بە حیساب و کیتاب و بەرنامە و پلان تەنیا بە ئەندازەی نیازە واقعیەکانیان لە سرووشت کەڵک وەربگرن و نەخشە بۆ داڕێژراو و کارناسانە سەرچاوەکان ببوژێننەوە، سرووشت زیانی جیدی نابینێ و نیزامی ژینگەیی بەرەوڕووی قەیران نابێتەوە.
ئەگەرچی پاراستنی ژینگە ئەرکی دەوڵەت و حکومەتەکانە و بۆ بەرگرتن لە وێران بوونی ژینگە دەبێ دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر گوشارەوە، بەڵام تاک بە تاکی خەڵکیش تا ڕادەیەک دەتوانن بهشێكیان لە بەرگرتن لە وێران بوونی ژینگەدا هەبێت. ئینسانەکان سەربەخۆ لەوەیکە دەوڵەتەکان تا چ ئاستێک لە پاراستنی ژینگەدا دەوریان دەبێت دەتوانن ” ئەخلاقی ژینگەیی” خۆیان بەهێز بکەن.
ئەخلاقی ژینگەیی، جۆرێک لە هەڵسوکەوتی ئینسانی بەرپرس و خاوەن شارستانییەتی ئەمرۆییە کە بەبێ ئاگادار کردنەوەی کەس، ڕێز بۆ: سروشت، ژینگە و بۆ یاسامەندییە ژینگەییەکان، دادەنێ و خۆی بە بەرپرسی ڕەچاوکردنی پاراستنی ژینگەی خۆی دەزانێ و هەوڵ ئەدات لە چوارچێوەی ئیختیارات و سنووری ژیانی خۆیدا لە پاراستنی ژینگەدا دەوری هەبێت. هەر ئەوەندەی کە کەسێک لە مەسرەفی بەرق، لە مەسرەفی ئاو، لە مەسرەفی هەرشتێکی تردا زێدەرۆیی ناکات، هەر ئەوەندەی کە ئینسانەکان سەرنج دەدەنە بێهداشتی ژینگەیان و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ لە سەر ڕێگا و لەنێو پارک و کۆڵان و جاددەکان دەپارێزن، هەر ئەوەندەی کە ئینسانەکان تێدەگەن کە بوونی زیندەوەرانی حەیوانی و نەباتی ئاڵقەکانی چەرخەی ژینگەیین و نابێ لەنێویان بەرن، هەر ئەوەندەی کە هەوڵ دەدەن زبڵ و پاشەرۆکان لەیەک جیابکەنەوە و سەرلەنوێ درووستیان دەکەنەوە، هەر ئەوەندەی کە ئینسانەکان سەرەرۆیانە لە نایلۆن و کیسەی پلاستیکی و زەرفی یەکبار مەسرەف کەڵک وەرناگرن، بەگشتی ئەم کارە بچوکانەی کە دەکرێ ئەنجام بدرێن لە ئاستی خۆیدا سڵامەتی ژینگەیی زیاتر دەکات. دیارە کەسانێک کە بگەنە ئاستێکی لەم ڕادەیە لە هەستیاری کە خۆیان ئەم خاڵە ئاساییانە ڕەچاو بکەن، بە دڵنیاییەوە ئەوانی دیكهش هان دەدەن کە وەک خۆیان ژینگەی دوروبەریان خاوێن ڕابگرن. ئەخلاقی ژینگەیی، بەم شێوەیە گشتگیر دەبێتەوە. بەڵام بێگومان لە نیزامێکدا کە هەموو شتێک لەسەر پاشنەی سووڕانی سەرمایە و دەستەبەرکردنی سود و قازانج دەسوڕێتەوە و بۆ کەڵەکە کردنی قازانجی زیاتر هەموو شتێکی دیكه لەوانە ژینگە قوربانی دەکرێت، پهرەدان بە فەرهەنگ و ئەخلاقی ژینگەیی بە تەنیایی بەس نییە، بەڵکوو دەبێ بەگژ مناسباتێکدا بچیتەوە کە بە حوکمی ماهیەتی زاتی خۆی ڕۆژانە بەبێ سرنجدانە ئاسەوارە خێرا و درێژ ماوەکانی گۆشەیەک لە سروشت وێران دەکات.
لەم نێوانەدا ئێران تەنیا بە دوو دەهوم لەسەد لە سەهمی ئابووریی جیهانیی پێگەی دەیەمی لە وێران کردنی ژینگەدا هەیە. کۆماری ئیسلامی بۆ داپۆشینی بەرپرسیاریەتی خۆی لە وێرانکردنی ژینگەدا فریوکارانە، وەک حاڵەتە هاوشێوەکانی تر، بە جێگای رۆژێک حەفتەیەک بۆ ئەم بۆنەیە تەرخان دەکات. بەڵام کاری وێران کردنی ژینگە لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمەدا گەیشتۆتە جێگایەک کە بەم جۆرە شانۆگەریانە پەردەپۆش ناکرێت. دەریاچەکان بەرەو وشک بوون دەچن، تاڵاوەکان وشک دەبن، دارستانەکان لە ئاگردا دەسوتێن، بیابانەکان بەرینتر دەبنەوە، سوتەمەنی نا ئیستانداردی بەملیۆن ماشێن، فەزای شارەکانی پیس کردوە و گەلێک حاڵەتی دیکە لە وێران کردنی ژینگە ڕاستەخۆ سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوەن.