وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی خەبات لەدژی سانسۆر و ساڵڕۆژی قەتڵە زنجیرەییەکان
ئەم ڕۆژانە ساڵڕۆژی زنجیرەیەک تیرۆری سیاسییە لە ئێران کە بە قەتڵە زنجیرەییەکان ناسراوە. هەر بەم بۆنەیەوە کانوونی نووسەرانی ئێران ساڵی ١٣٨٧ ١٣ی سەرماوەز ڕۆژی تیرۆری نووسەر و تێکۆشەری بوێر محەممەد موختاری وەک ڕۆژی خەبات لەدژی سانسۆر لە ئێران ناساند. لە دەیەی حەفتادا و لە ئاکامی ئەو هەلومەرجە نوێیەی کە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق هاتبووە ئاراوە، فەزای فەرهەنگی و چاپەمەنی لە ئێران هەندێک کرانەوەی بەسەردا هات و نووسەران و چالاکانی مەدەنی خەریکی خۆڕێکخستنەوە بوون. ئەم ڕەوتە بۆ بەشە توندڕەو و ئەمنییەتییەکان مەترسیدار بوو. ڕۆشنبیرانی وەک موختاری و پویەندە بەهۆی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سانسۆر، کرانە ئامانج. پەیامی ئەو کوشتنانە ئەوە بوو کە هەر چەشنە چالاکییەکی فەرهەنگی سەربەخۆ دەتوانێت مەترسی گیانیی بەدواوە بێت. کوشتنی داریوش و پەروانە فروهەر نیشانی دا کە شکڵپێدان بە ئاراستەی سیاسی سەربەخۆ تەحەمول ناکرێت. قەتڵە زنجیرەییەکان پڕۆژەیەکی ئەمنی بۆ لەناوبردنی بیر جیاوازان، یەکێکە لە گرنگترین و جێگەی مشتومڕترین ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەم قەتڵانە کە بە تایبەت ساڵی ١٣٧٧ لە میدیاکاندا ئاشکرا بوون و بڵاوکرانەوە، دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ڕێکخراوەی لەناوبردنی جەستەیی ڕۆشنبیران و نووسەران و چالاکانی سیاسی و ڕەخنەگرانی فەرهەنگی و هەروەها نەیارانی سیاسی بوو. هەرچەندە حکوومەت ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئەم کردەوانە “خۆڕسک” و ئاکامی هەڵسوکەوتی چەند ماموورێک بووە، بەڵام بەڵگە مێژووییەکان، لێدوانی بەرپرسانی پێشووتر، پێکهاتە ئەمنییەکان و شێوازی کوشتنەکان نیشانی دەدەن کە پڕۆژەیەکی بەربڵاوتر و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە ئارادا بووە. پلانەکان چەند ساڵە و سیستماتیک و ئامانجدار بوون. قوربانییەکان سەر بە بوارە سیاسی و هونەری و ئەدەبییە تەواو جیاوازەکان بوون. بەڕێوەبەرانی ئەو پلانە لە زۆر ئیمکاناتی حکوومەتی لەوانە شوێنی ئەمن، ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و ئامێری شوێنپێ هەڵگر بەهرەمەند بوون. مەئموورانی جێبەجێکاری ئەو پلانە، لە ئەندامی باڵای وەزارەتی ئیتلاعات بوون. سەعید ئیمامی، جێگری ئەمنییەتی ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات، لەو پێوەندییەدا، بە پلاندانەر و ئاراستەکاری بەشێک لەو کوشتنانە تۆمەتبار کرا. مەرگی گوماناوی ناوبراو لەناو زیندان ساڵی (١٣٧٨)، و “ئەوەی کە گۆیا لەناو حەمامدا خۆی کوشتووە“، گومانەکانی سەبارەت بەو دۆسیەیە پەرەپێدا و لەو کاتەوە ئیتر گێڕانەوە فەرمییەکان لەو ئاستە تێپەڕ نەبوو.
قەتڵە زنجیرەییەکان وەک پڕۆژەیەکی ئەندازیاریکراو، بەشێک بوو لە سیاسەتێکی ئەمنی بەربڵاوتر. ئامانجی سەرەکییان بریتی بوو لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ. لە ڕاستیدا ئەو کوشتنانە هەوڵێک بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتووی فەرهەنگی ئێران، هەوڵێک کە بە خۆڕاگریی نووسەران، میدیاکان و بیروڕای گشتی پووچەڵکرایەوە، بەڵام برینەکەی هەروا بەسۆیە. پڕۆسەی بەڕێوەچوونی کوشتنەکان، شێوازی هاوبەشیان بوو، وەک ڕفاندن، خنکاندن یان بەکارهێنانی چەقۆ، فڕێدانیان لە چۆڵگە و بیابان یان جۆرێک نیشاندانیان وەک ئەوەی کە تووشی“جەڵتە” بووبێتن. ئەم ڕێوشوێن و ئیکاناتە تەنیا بە پێکهاتەیەکی ڕێکخراو مومکین دەبوو. بەیاننامەکەی وەزارەتی ئیتلاعات ساڵی ٧٨ بەرپرسیارێتیی ئەو ڕووداوانەی گەڕاندەوە بۆ “کەسانی خۆسەر“، بەڵام لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان دەریانخست کە ئەم کردەوانە زۆر ئەولاترن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی چەند کەسێک.
مێژووی سانسۆری ڕۆژنامەوانی و گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئێران کە لە سەردەمی پەهلەویدا باو بوو، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە بۆ مانگەکانی یەکەمی دوای ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و ڕووخانی ڕژێمی شا. لەو کاتەدا خومەینی ڕاشکاوانە فەرمانی شکاندنی قەڵەم و سووتاندنی ڕۆژنامە و کتێب و بڵاوکراوە نائایینییەکانی دەرکرد و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان لە ئاستێکی بەربڵاودا دەستی پێکرد. ڕێژیمی ئیسلامی بە هێرشکردنە سەر ئازادیی زانیاری، پەلامار بۆ سەر زانکۆکان و هێرشکردنە سەر کوردستانی شۆڕشگێڕ، ڕێوشوێنەکانی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئێران دەستپێکرد و لە ڕاستیدا تەواوکردنی ئەو کارەی کە ڕژێمی شا نەیتوانیبوو بە ئەنجامی بگەیەنێت. لەو کاتەوە لە ئێران، ڕۆژنامەنووسان جگە لەوەی بە کردەوە دەکەونە دۆخێکەوە کە ناچارن خۆیان سانسۆر بکەن، لە ڕێگەی چەندین کەناڵیشەوە بە فەرمی پێیان دەوترێت کە چی بڵێن، چی نەڵێن، چی بنووسن و چی نەنووسن. کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەو ڕۆژنامانەش کە هەرچەندە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕێژیمی ئیسلامیدان بەڵام بە ستراتیژێکی جیاوازترەوە بڵاودەکرێنەوە تەحەمول ناکات. ئەم ڕژیمە ڕۆژنامەنووسانی دەرەکیش تەحەمول ناکات و بە تۆمەت و پەروەندەسازی ڕێگری دەکات لە هاتنیان بۆ ئێران، لە ئەگەری هاتنیشیان، هەوڵ دەدات ناچاریان بکات خۆیان سانسۆر بکەن. زۆرن ئەو ڕۆژنامەنووسە دەرەکیانەی کە بە سیخوڕی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و هاندانی خەڵک لەدژی دەسەڵات و گەندەڵی ئەخلاقی تۆمەتبار کراون. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان بە مەبەستی وەرگرتنی ئیمتیاز لە دەوڵەتەکانیان بە بارمتە گیراون و بەبێ هیچ هۆکارێک چەندین ساڵ لە تەمەنیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر بردووە.
لە کۆماری ئیسلامیدا هەر چەشنە لەقاودان و ئاشکراکردنێکی دزی بەرپرسانی باڵای حکوومەت و بەتایبەت ئاخووند و بەرپرسانی ئەمنی و نیزامی، تاوانە. پیشاندانی دیمەنی تاوانەکانی هێزەکانی ئینتیزامی و سپای پاسداران و بەسیج، تاوانە. ئاشکراکردنی گەندەڵیی ئەخلاقی مەلا ئایینییەکان بە پێشێلکردنی پیرۆزییەکانی ئیسلام و ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەریش بە تاوان دادەنرێت. نووسین لەسەر بابەتی بێکاری و هەژاری، هاوواتایە لەگەڵ هەوڵدان بۆ تێکدانی نەزمی گشتی. قسەکردن لەسەر ستەم لەدژی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران، “جیاخوازی”یە. پیشاندانی وێنەی ژنانی بێ حیجاب و دیمەنە وەرزشییەکانی ژنان، واتا دەستدرێژی بۆسەر ئابڕوو و حەیای گشتی و “سووکایەتیکردن بە ڕێبەری” و “هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی“. ئەڵبەتە هەرکام لەو بابەتانە بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی سزا لەخۆ دەگرن و کەسانی بەناو خەتاکار دەبێ دەستبەسەر و ئەشکەنجە بکرێن، دەبێ لە زۆر مافی کۆمەڵایەتیی بێبەش بکرێن، بێکار بکرێن، چیتر مافی ڕۆژنامەنووسییان نەبێت و تەنانەت ئیمتیازی ڕۆژنامەکەشیان هەڵبوەشێتەوە، و هەموو ئەم بەناو “تاوانانە“ش زیندان و شەلاق و ئەشکەنجە و ئێعدامیان بەدواوەیە. واقعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو ئەم فشارانە لەسەر چاپەمەنی و میدیا، ئەمڕۆ پرسی وشیارکردنەوە و لەقاودانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی، بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگادا بەردەوامە و ڕێژیم نەیتوانیوە بە هەڕەشە و ئەشکەنجە و زیندان ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە تاوان و تاڵان و بڕۆ و کاری دزێو و بەردەوامی بەرپرسانی حکومەتەکەی و لە هەموو کاتێک زیاتر ڕیسوا بووە.
