جیهان لە حاڵێکدا لە ١٠ی ئۆکتۆبەر ڕۆژی خەبات لە دژی سزای ئێعدام نزیک دەبێتەوە کە ڕەوتی جیهانیی خەبات لە دژی سزای ئێعدام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەرەو پێشەوە ههنگاوی باشی ناوه. لە ماوهی ئهم دوو دهیهی دواییدا، سزای ئێعدام لە چوارچێوەی ٢٠ وڵاتی جیهاندا بە گشتیی هەڵوەشاوەتەوە و لە ههندێ وڵاتیشدا حوکمی ئێعدام ڕاگیراوە. بەڵام لە ئێران ئەم ڕەوتە پێچەوانەیە و ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامیی بۆ ساتێکیش نەوهستاوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی تەنها لە ماوهی ساڵی ٢٠١٥دا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی ” تەدبیر و ئومێد”ی حەسەن ڕووحانی ٩٧٧ کەسی ئێعدام کردووە کە ژمارەیەک لە ئێعدام کراوەکان کەسانێک بوون کە لهكاتی ئهنجامدانی تاواندا تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵاندا بووە. ئەم ڕژیمە به هۆی نهوهستاندنی ماشێنی قەتڵ و ئێعدامهوه هەروا پلەی یەکەم له ڕیزبهندیی ئەو حکوومەت و دەوڵەتانهی بۆ خۆی پاراستووه کە سزای ئێعدامیان تێدا جێبهجێ دهركرێت.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاد لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە پاڵ بەساتی زیندان، ئەشکەنجە و باقی شێوازهکانی دیكهی سەرکوتدا، سزای “ئێعدام”یشی وەک جەنایەتێکی سازماندراو، ههر لە هەمان سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە ههتا ئێستا، كردووهته یهكێك لە پایە و كۆڵهكهكانی حاکمییەت و دهسهڵاتدارێتیی و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بهكاری هێناوه. ئەم ڕژیمە لە ماوهی مانگەکانی گەلاوێژ و خهرمانانی ساڵی ١٣٦٧دا دوای ئەوەیکە شکستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ ڕژیمی عێراق یەکلایی بۆوە و خومەینی بهقهولی خۆی جامە ژەهرەکەی ههڵقوڕاند و ئیتر لهوه دڵنیا بوو کە پڕۆژەی کۆنەپەرستانەی پان ئیسلامیستیی ڕژیم بەرەوڕووی شکست بووهتەوە، ئهمجاره و بە ئامانجی نانهوهی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگهدا، لە زیندانەکان دەستیدایە جەنایەتێكی گەورەتر كه ئێستاش ئاسەوار و بەڵگە زیندووەکانی بێڕەحمیی و خوو و ڕهوشتی وەحشیگەرانەی ئهوكاتی کاربەدەستانی ڕژیم، لهسهر جهستهی كۆمهڵگه قورسایی دهكات و ماوهتهوه. لەو کاتەدا خومەینی و باقی سەرانی ڕژیم لهوانه ڕەفسەنجانیی، خامهنەیی و ڕوحانی، نیگەران بوون لهوهیکە ئەگەر كۆت و بەندەکانی دیکتاتۆڕیی هاری مەزهەبی شل بنهوه و بهندكراوانی سیاسیی کە ماوەی مەحکومییەتەکەشیان کۆتایی هاتووه، لە زیندان ئازاد بکرێن، خەڵکی تووڕە لە دواهاتی وێرانگەریی شەڕ و جەنایەتەکانی ڕژیم، دێنه مەیدان و كۆڵهكه و پایهكانی حکومەتی ئیسلامیی دهخەنە لەرزە. سەرانی ڕژیم لەو کاتەدا بە ئامانجی ترساندنی خەڵک، ئیجرای تەرحێکی لەپێش داڕێژراو کوشتار و لەناوبردنی زیندانییانی سیاسییان دەستپێکرد. لەو ڕۆژانەدا دەزگای کوشتار و جەنایەتی “داعش ئاسا”ی ڕژیمی ئیسلامیی، بە هەزاران بهندكراویان بە مهیل و گهرایشی جۆراوجۆری سیاسییەوە، سپاردە جووخەکانی مەرگ و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردیاننەوە.
سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی لەسهر سهرنجدانیان به ڕێشەی مووسیبەت و شێواوی و ئاڵۆزییه کۆمەڵاتییەکان، لە ڕێگهی بڵیندگۆ تەبلیغاتییەکانیانهوه سزای ئێعدام وەک ڕێگهی بەرەنگاربوونەوەی ئەم بشێوی و ئاڵۆزییانه و کاردانەوەیهكی لێبڕاوانە لە ئاست ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییانەدا جاڕ دهدهن. دەڵێن کە ئەگەر ئێعدام لە ئارادا نەبێت تاوانكارانی کۆمەڵگه هان دەدرێن و ئەمنیەتی کۆمەڵگه دەخەنە مەترسییەوە. بەڵام ئەوە چ سیستم و دهسهڵاتێكه کە بهئیستلاح بۆ دیفاع لە كۆمهڵگه، پێویستیی بە جەللاد هەیه؟! ئەم ئیددیعایانە لە حاڵێکدا مەترەح دەکرێن کە بە پێی تەجرهبەی عەینیی لەو وڵاتانەی کە سزای ئێعدامیان تێدا هەڵوەشاوەتەوە، بە پێی ئهنجامی توێژینەوەی کارناسانی بواری کاروباری کۆمەڵایەتیی، هیچ ئامارێکی بەڵگەمەند و شایهتێكی جێی باوەڕ نییه کە ئهوه بسهلمێنێت كه لە ڕێگهی ئێعدامەوە دەکرێ بەر بە پەرەگرتنی تاوان و خراپەکاری بگیرێت. بە پێچەوانەی ئەم توێژینەوانە، دهركهوتووه كه لەو کۆمەڵگهیانەدا کە کەلێنی هەژاریی و سەروەت قووڵتر دەبێتەوە نیزامی ئابووریی دەبێتە هۆی هەژارتربوونی زۆربەی خەڵک و هاوکات کەڵەکەبوونی سەروەتی کەلان لە دەست گرووپێکی بچوکدا، بەردەوام هەژاریی و بێبەشییە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە بەستێنێکی گونجاو بۆ پەرەسەندنی جورم و جەنایەت. لە ڕاستیدا ئەوە خودی نیزامی سەرمایەدارییە کە جۆر و ڕادەی ئهو جورمه بهرههم دێنێتهوه کە سزای بۆ دیاریی دەکرێت. ئەزمونی مێژووییش ئەم ڕاستییەی سەلماندووە. لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا لەو جێیهی کە خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز، کۆمەڵێک ئیسلاحاتی کۆمەڵایەتیی و بەرنامەی ڕیفاهی بە سەر دەوڵەتەکاندا سەپاندووە، ڕێژەی جورم و تاوانكاریی بە شێوەیەکی بەرچاو دابهزیوه . لە لایەکی دیکەوە ئەزموونی ههتا ئێستا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پەیڕەوکرانی سزای ئێعدام لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، فهزای ڕهوانیی کۆمەڵگه بۆ خهسار و زیان زیاتر ئاماده دەکات و بهستێن و بواری ڕەوانیش بۆ دووباره بەرهەم هاتنهوه و پەرەگرتنی تووندوتیژیی و جورم و تاوانكاریی، فەراهەمتر دهكات.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هەر ئێستا بهسەدان کەسی بە تاوانی قاچاغ و مامەڵە کردن بە ماددەی هۆشبەر و قەتڵ و خراپهکاری لە ناو سلولەکانی مەرگدا ڕاگرتووە. هەرچەند کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدامکردنی ئەم زیندانیانە بە پاساوی فریوکارانەی بهقهولی خۆی ” ئێرتقای ئهمنییهتی ئیجتماعیی” و ئیجڕای دادپەوەریی بهڕێوه دهبات، بەڵام ڕژیم له ڕێگهی شەپۆلی ئێعدامی بهندكراوان لەم بارودۆخهی ئێستادا، ئامانجی سیاسیی ئهساسی تری هەیە. کوشتاری ئەم بهندكراوانه لە لایەن ڕژیمەوە، سیاسەتێکی وشیارانهیه کە بۆ نانهوهی فهزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگه و بۆ چاوترسێن کردنی ئینسانە تێکۆشەرەکان و هەڵسووڕاوانی سیاسیی بەرنامەی بۆ داندراوە. ئەم شگردە دەبێ لە دەست ڕژیم دەربهێندرێت. ئەم ڕژیمە کە هەڵواسینی بهندكراوان بە بەرچاوی خەڵکی کردووهتە ڕهوت و ڕووداوێكی ئاسایی، ڕژیمێک کە تەنانەت تازەلاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ تهمهن، یاخود ئهوانه ئێعدام دهكات كه له كاتی ئهنجامدانی تاواندا تهمهنیان كهمتر له ١٨ ساڵه، ڕژیمێک کە سیستمە قەزاییەکەی لەسەر بنهمای قەساس و تۆڵەسەندنەوە دامەزراوە و سازماندانی عەمەلییاتی دزێوی سەنگساری لە کارنامەدا هەیە، ئەم ڕژیمە تەنها بە پەرەدان بە خەباتی کرێکاریی و جەماوەرییه كه دەکرێ ناچار بکرێت دەست لەم جەنایەتە سازماندراوانەی هەڵبگرێت.
تا کاتێک کە “نهنگ”ی ههبوونی سزای ئێعدام وەک کوشتنی بە ئانقەستی دەوڵەتیی و زەبر و زەنگێکی ڕیکخراو لە لایەن حکومەتە سەرمایەدارییەکانی سەردەمەوە پەیڕەو بکرێت، خواستی قەدەغەبوونی سزای ئێعدام، وەک باس و خواستێكی خەباتی مرۆڤی ئازادیخواز دەمێنێتەوە. 10ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی ئێعدام، دەکرێ قۆناغێکی دیكه بێت به ئاراستهی پەرەدان بە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە ئێران و بگره سەرتاسهری جیهان.