کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بە بۆنەی رۆژی جیهانی کاری منداڵانەوە

ئەمرۆ سێشەممە ١٢ی ژوئه‌ن، بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی مانگی جۆزەردان، رۆژی جیهانی دژبە کاری منداڵانە. ئەم رۆژە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا لە لایەن سازمانی جیهانی کارەوە ناسێندرا. سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار لە دنیادا ئامارێکی ورد له‌به‌ر ده‌ست نییه‌ و زۆربەی دەوڵەتەکان بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتوی سەرمایەداریدا ئامادە نین ئامارێکی واقعی لەم بوارەدا پێشکەش بکەن. ناوەندە جۆراو جۆرەکانی ئامارگیری ڕەقەمێکی لە نێوان ١٦٠ تا ٢٤٠ ملیۆنیان لە منداڵانی کار له‌ تەمەنی ٥ تا ١٥ ساڵیدا، بەراورد کردوە. لە ئێرانیش ئامارە دەوڵەتیەکان باس لە ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵی کار دەکەن. بەڵام ئامارە ناڕەسمیەکان ئەم ڕەقەمە تا ٧ ملیۆن منداڵی کار بەراورد دەکەن. له‌ ڕاستیدا تەنانەت کەمترینی ئەم ڕەقەمانەش خاڵێکی شەرمەزاری ترە بە نێوچاوانی نیزامی سەرمایەداریەوە و برینێکە پڕ ئازاره‌ بە سه‌ر ویژدانی بەشەریەتی پێشکەوتن خوازەوە.

نیزامی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی منداڵانی کارە. هێزی کاری منداڵان هەرزانە. ئەوان توانایی دیفاع لە مافەکانی خۆیانیان نییە، کەوایە گوێڕایه‌ڵ و کەم تەوەقوعن. ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی بەرین لە ناوەندە نا ئەمنەکاندا بەکاردێن و بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترین روداوی کار تەحەمول دەکەن. به‌ هۆی ئه‌وه‌یکە به‌ كاری ئه‌وان هەزینەی بەرهەمهێنان داده‌به‌زێت، جێگای سەرنجی سەرمایەدارانی تەماحکارن.

بێبەش بوون لە چێژی دەورانی منداڵی، بێبەش بوون لە گەشەی سروشتی، بێبەش بوون لە خوێندن، بێبەش بوون لە بێهداشت و دەرمانی گونجاو، لە پاڵ روداوی کاردا تەنیا بەشێکن لەو ڕەنج و ئازارانەی کە بەسەر منداڵانی کاردا دەسەپێ. بەشێک لە منداڵانی کار، “منداڵانی خیابانین”. ئەوان دەکەونە بەر مەترسی سوئیستیفادەی جنسی و بە کارهێنانیان لە گەیاندن و گواستنەوەی مادەی هۆشبەریش.

لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیدا، کاری منداڵان هەر رۆژە و ئاستێکی نوێ بەخۆیەوە دەگرێت. بەهۆی هەژاری و پەرەسەندی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان ژمارەی منداڵان لە کارگا چکۆلەکان، منداڵانی سەرگەردان لە شەقامەکان، بۆ دەستەبەر کردنی داهاتێکی کەم، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. ڕژیمی ئێران بە دیاری کردنی حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، بەکردەوە کەسوکاری منداڵان ناچار دەکات تا بۆ دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی ژیان، منداڵەکانیان ڕەوانەی بازاڕی كار بکەن. ڕژیم بە کردەوە ئه‌و ئیمکان بە خاوەن کار ئەدات تا بە هەر ڕادەیەک دەیانەوێ منداڵانی كار بچەوسێننەوە.

زۆربەی ئەم منداڵانە کە لە تەمەنی ٥ تا ١٥ ساڵیدان، منداڵی بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشەکانن کە بە هۆی هەژاری و بێکارییەوە ناچار دەبن بەجێگای چوون بۆ مه‌دره‌سه‌ و بارهاتن و بەهرەمەند بوون لە بارودۆخێکی باش بۆ گەشە و شکۆفانەوەیان، کە مافێکی سروشتی هەموو منداڵێکە، خەریکی کاری دژوار و تاقەت پڕوکێن دەبن و نەمامی تەمەنیان لەژێر کاری پڕ لە ڕەنج و ئازاردا سیس دەبێت. ناچارن شەو و رۆژ لە قاڵی بافیەکان، لە کارگا چکۆلەکاندا، لە مەیدان و خیابانی شارەکاندا خەریکی باربەری، خاوێن کردنەوەی شۆشەی ماشێنەکان، فرۆشتنی سیگار، دەستماڵ کاغەزی، ئادامس و هیتر بن تا پوڵێک بۆ تێر کردنی سکی خۆیان دەستەبەر بکەن و یان تەنانەت خۆراکیان لەنێو زبڵدانەکاندا بدۆزنەوە.

لەسەر بنەمای یاسای کاری کۆماری ئیسلامی، کارگا چکۆلەکانی کەمتر لە ١٠ کەس کرێکار، مەشمولی هیچ حیسابڕەسیەکی یاسایی نین و بەسەر ئەم جۆرە ناوەندانەی کاردا هیچ کۆنترۆڵێک زاڵ نییە، ئەم ناوەندانە، پڕ لە منداڵی کارە کە بە وەحشیانە ترین شێوە دەچەوسێنەوە و گیان و جەستەیان لەنێو دەچێت. لەم کارگایانەدا منداڵان ناچار دەکرێن هەمان ئەو کارانە بکەن کە لە بەرانبەر هەموو ئەو زوڵمەی بەرانبەریان دەکرێت موتیع و بێدەنگ بن. سپای پاسداران هەموو ساڵێک لە وەرزی هاوین دا گەلێک لە منداڵان لەژێر ناوی بەسیجی لە پڕۆژە جۆراو جۆرەکانیدا بەکار دێنێت. منداڵانی ئەفغانستانی لەم بارەوە بارودۆخێکی زۆر خراپتریان هەیە. ئەوان وەک منداڵانی کار بە توندی دەچەوسێنەوە، وەک ئەفغانیش لەبەر هەڵاواردن و ستەمی چەند لایەنەی خاوەنکارانی شۆوینیستدان.

کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت کۆنوانسیۆنە نێو نەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە قەدەغە بوونی کاری منداڵانی قەبوڵ کردوە. بەڵام قەبوڵ کردنی ئەم قانونە بۆ ڕژیمی ئێران تەنیا لایەنی فۆرماڵ و ڕازێنەرەوەی هەیە. لە کردەوەدا به‌ڕێوه‌ ناچن و كۆماری ئیسلامی گوێ ناداته‌ ئەو ڕەخنانەی کە لە لایەن ناوەندە جیهانیەکانەوە مەتڕەح دەکرێن. ڕیاکاری و پەیمان شکێنی خسڵەتی زاتیی ئەم ڕژیمەیە. لەمڕوەوە بۆ دابین بوونی مافەکانی منداڵانی کار، قوربانیانی بێدەنگی نیزامی سەرمایەداری، دەبێ ڕێگایەکی تر بگیرێتەبەر. ئەم ڕێگایەش شتێک نییە بێجگە لە دەست خستنە نێو دەستی یەکتر و خەبات کردن لەدژی ڕژیم و لەگەڵ مناسباتێک کە منداڵانی بێدیفاعی ئەم کۆمەڵگایەی بەم شێوەیە بێڕەحمانە تێدا دەخرێتە ژێر کار و ئەوان لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان بێبەش دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-