کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بەبۆنەی ساڵرۆژی دەست بەکار بوونی بێدادگاکانی ڕژیمی ئیسلامی

٣٦ ساڵ لەوەپێش، یەکەم رۆژەکانی دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، بێدادگا ئیسلامیەکان یەکەم جەلەسەکانی خۆیان لە تاران دەستپێکرد. تیغی تۆڵە سه‌ندنەوەی جەلادە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی پێكهێنانی كه‌ش و هه‌وای ترس و وەحشەت لە سەرجەم کۆمەڵگادا و پته‌وکردنی بناغەکانی رژیمێک کە خەریکی بنیاتنانی بوون، كه‌وته‌ كار. یەکەم ئێعدامەکان لە ٢٦ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ دەستیان پێکرد. خومەینی راستەخۆ فەرمانی کوشتاری دەرکرد و سادق خه‌ڵخاڵی وەک یەکەم قازی شەرعی رژیمی ئیسلامی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم فەرمانە دیاری کرا. بەزویی و بەتایبەتی کاتێکی کە خه‌ڵخاڵی جەلاد لە درێژەی مەئموریەتەکەیدا هاته‌ کوردستان، دەرکەوت کە ئامانجی بەهیچ شێوەیەک به‌ڕێوه‌بردنی دادپەروەری دەرحەق بە نەیارانی شۆڕش و کەسانی سەربە رژیمی پێشوو نەبوو. بەڵکوو خومەینی دەیهه‌ویست خەڵکێک کە پێشبینی دەکرد گوێ بەفه‌رمانەکانی نادەن و دەبنە کۆسپی سەر رێگای سەقامگیریی رژیمه‌ ئیسلامیەکەی، چاوترسێن بکات.

 خومەینی لە سوخەنڕانیەکی تەلەویزیۆنیدا بە رێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ بەم شێوەیە وڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لە دادگاکانی ئینقلاب گیرابوون:

366
“مافەکانی مرۆڤ دەخوازێ کە ئێمە ئەوانمان لە یەکەم رۆژەکانەوە كوشتبایه‌، لەبەر ئەوەی کە تاوانبارن. ئەوەی کە دەبێ وەکیلی بۆ بگیرێ، ئەوەیه‌ کە دەبێ گوێ بۆ ئیدیعاکانی بگیرێت، کەسێکە کە تاوانی خراوەتەپاڵ نەک تاوانبار. ئەمانە تاوانیان نەخراوەتە پاڵ، ئەمانە تاوانبارن و دەبێ تەنیا ناسنامەیان بسەلمێندرێت و دوایە بکوژرێن.”
بەپێی ئەم قسانە، دادگا ئیسلامیەکان، لە سەرتاسەری وڵاتدا پێکهاتن. محاکمە کراوەکان وەکیلیان نەبوو، مافی دیفاع لەخۆیان نەبوو و چەند کاتژمێرێک دوای دەرچوونی حوکمەکان، تیرباران یان له‌ سێداره‌ ده‌دران. دە ساڵ دواتر و لەدرێژە ئەم شێوەکارەدا بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی لە ماوەی مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانان لە حاڵێکدا کە زۆربەیان تەنانەت ماوەی مەحکومیەتی خۆیان تەواو کردبوو لە زیندانەکانی رژیمدا ئێعدام کران. خومەینی لە کۆبونەوەی کۆمەڵێک لە ئاخوندە گوێ لەمستەکاندا بە راشکاویەکی کەم وێنە باسی لە سیاسه‌تی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ نەیارانیدا کرد و وتی:

“من ئینقلابی نیم. ئەگەر ئێمە ئینقلابی بوینایە ئیجازەمان نەدەدا ئەوانە خۆ دەرخەن. هەموو حیزبەکانمان قەدەغە دەکرد، هەموو بەرەکانمان قەدەغە دەکرد و یەک حیزبمان ده‌بوو، ئەویش حیزب اللە، حیزبی مەستەزعەفانمان پێکدەهێنا. من تۆبە دەکەم لەو هەڵەیەی کە کردم. ئەوانە دبێ بۆ خاوێن کردنەوەی کۆمەڵگا لەنێو ببرێن. ئەم غودە سەرەتانیانە دەبێ لە کۆمەڵگەدا دروێنە بکرێن و دروێنە کردنیشیان بەوەیە کە ئێعدام بکرێن. ئێمە ئازادیمان دا و هەڵەمان کرد، لەگەڵ ئەم جانەوەرە دڕەندانەدا بە نەرمی هەڵسوکەت بکەین. ئیتر ناهێلین هیچ نووسراوێک لەمانە لە هیچ شوێنێکی وڵاتدا بڵاو بکرێتەوە. هەموو نوسراوەکانیان لەنێودەبەین. دەبێ لەگەڵ ئەمانەدا بەتوندی هەڵسوکەوت بکرێت و بەتوندیش هەڵسوکەت دەکەین. ئەم جەنایەتکارانەی کە گیراون تاوانیان نەخراوەتە پاڵ، بەڵکوو تاوانەکانیان ئاشکرایە. دەبێ تەنیا بەباشی ناسنامه‌یان بسەلمێندرێت و دواتر بکوژرێن. ئەسلەن پێوێست نییە محاکمە بکرێن. هیچ جۆرە ره‌حم پێکردنێکیان لەجێی خۆیدا نییە. ئەگەر ئێمە ئەوان نەکوژین، هەرکامێکیان کە له‌ زیندان بێتەدەرێ دەچێت ئینسان دەکوژێت. بە چەند ساڵ زیندانی کردن کارەکە جۆر نایەت. ئەم عاتفە منداڵانەیە وەلابنێن.”
لە درێژی ئەمجۆرە قسانەدایە کە حەمامی خوێنی دەیەی شەست لە ئێراندا دەکەوێتە رێ و بەهەزاران ئینسانی شەریف و خەباتکار به‌ هۆی بیر و باوەڕیان، به‌هۆی خەبات بۆ ئامانجی عادڵانە و رەوایان، لە مافی ژیان بێبەش کران. لە ساڵەکانی دواتردا ژمارەی قازی شەرعەکان گەلێک زیادی کرد و ژمارەیان لە سەرتاسەری وڵاتدا گەیشتە هەزاران کەس. هەموو ئەمانە تا ئێستاش، لە دڵڕەقی، لە هەلپەره‌ستی، لە گەندەڵی و به‌رتیل خۆری، پێشاوبڕی یەکتری ئەدەنەوە. بۆ ئەوان ئیسلام و شەرع شتێک نییە بێجگە لە ئامرازی پاراستنی پێگەیان و خۆشیرین كردن لەلای کاربەدەستانی سەرەوە. ئەوان داعشەکانی ئه‌و وڵاته‌ن، کە لە هەمانحاڵدا نوقمی گەندەڵی ماڵی و ئیخلاقیشن. ئه‌مڕۆش هێشتا بنەما سەرەتاییەکانی دادگاکانی رژیم هه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چن. قەزاوەت کردن لەم بێدادگایانەدا، هەروا لەسەر فەتوا و نەزەراتی مەراجعی مەزهەبی وەستاوە. بەپێی نەزەراتی ئەم مەرجەعانە: “وەکالەت بەحەق بێت یان ناحەق بەپێچەوانەی یاسا و رێسای ئیسلامیە.” ناسر مەکارمی شیرازی، كه‌ لە زۆمرەی ئایەتوڵڵا فەتوادەرەکانه‌، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری “مێهر” باس لە شێوەکاری دادگاکان و ئەو حوکمانەی دەردەکرێن دەکات و رەخنەیان لێدەگرێت و دەڵێ:
“گرفتی گرینگی دەزگای قەزایی ئێمە شوێنکەوتنی ناسالمی قەزاوەتی رۆژئاوایە. پەروەندە لە کەڵانتەریەوە بۆ دادگوستەری ده‌گوازرێته‌وه‌. دواتر تەشریفاتی هەڵبژاردنی وەکیل به‌ڕێوه‌ده‌چێت. تەوسیەی وەکیل بە تاوانبارێک کە ئیقرارەکانی بە روونی لە مەرحەلە سەرەتایەکاندا تۆمار کراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئیقرارانه‌ رەد بكاته‌وه‌ و بەرپەرسی ئینتیزامی بە ئەشکەنجە تاوانبار بكات. دواتر چوونە نێو نۆبەیەکی چەند مانگەوە و دوای ماوەیەک دەرچوونی حوکمی سەرەتایی و چوون بۆ دادگای پێداچوونەوە و سەرئەنجام دەرکرانی حوکمێکی لاواز دوای چەند مانگ، کە نەتەنیا كاریگەر نییە بەڵکوو ئەرازل و ئەوباشەکان جەسوور تر دەکات.”
ژمارەی دەقیقی زیندانیانی سیاسی کە لە ئاوا بێدادگاگه‌لێكدا بەناو محاکەمە و بە مەرگ مەحکوم کراون، دیار نییە. ئەوەی کە مەعلومە باس لە دەیان هەزار کەسە. باس لە کارەساتێکە کە یەکجێ لە ساڵی ١٣٦٧دا سەری لە دەیان هەزار ئینسان ئەدا. زۆر کەس ون بوون و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا شاردرانەوە. تەنیا ئەو رۆژەی کە پەروەندەکانی ئەم جەنایەتە بکرێنەوە، ئاستی راستەقینە و مەترسیداری کارەساتێک کە رژیمی ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئازادیخوازی ئەم وڵاتەیدا هێناوە، ئاشکرا دەبێت. شیاوی وتنە کە هێندێک لە بەڕێوەبەران و رێکخەرانی ئەم جەنایەتانە ئێستا لە کابینەی رۆحانیدا بەشدارن. گومانی تێدا نییە کاتی کارەساتی کوشتاری هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی و شاردەنەوەیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا، حەسەنی رۆحانی یەکێک لە یاران و راوێژکارانی نزیکی رەفسەنجانی و شەخسی خومەینی بووە. حزوری ئەم جەنایەتکارە حیرفەییانە لە کابینەی رۆحانیدا نیشانی ئەدات کە ئەگەر خەڵک مەجاڵیان پێبدات هەر بەو رێگایەدا دەرۆن کە خومەینی بە کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ و بە لووتکە گەیاندنی لە ساڵی ٦٧ دا نیشانی داون. بەڵام مێژوو دەری خستووە کە ئەمجۆرە جەنایەتانە بێ وڵام نامێننەوە.

سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت، ئەو کاتەی کە رازیی سەربەمۆری ئەو جەنایەتە بێ ئەژمارانەی ئەنجامیانداوە زیاتر ئاشکرا بێت، ئه‌و كات سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لەبەردەم خەڵکی ئازار چەشتووی ئێراندا، بە رەچاوکرانی هەموو پێوانەیەکی دادپەروەری، محاکەمە بکرێن و سزای شایستەی خۆیان وەربگرن.