١٦ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی ڕەزبەر ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی برسێتییە. زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ناوزەدکرانی ئەم ڕۆژەدا تێپەڕ دەبێت. هەموو ساڵێک لە سەروبەندی ئەم ڕۆژەدا کۆمەڵێک ئاماری هەژێنەر بڵاودەکرێتەوە. هەموو ئەوانەی کە سەبەبکاری ئەم دۆخە دژوار و پڕلە مەینەتییەن، پلان و بەرنامەی درێژخایەن بۆ نەهێشتن و بنەبڕکردنی ئەم کارەساتە گەورەیە دەخەنەڕوو. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەرکەوت کە زیاتر لە ٨٣٢ ملیۆن کەس لە جیهاندا خۆراکی پێویستیان نییە، گەڵێک کۆڕ و کۆبوونەوە ئەنجامدرا و بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوانە بەڵێنیان دا کە ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠١٥ بۆ نیوە کەم بکەنەوە و ساڵی ٢٠٣٠ بە تەواوی بنەبڕی بکەن. بەڵام کاتێک ساڵی ٢٠١٦ ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ٨١٥ ملیۆن کەس هێشتا خۆراکی پێویستیان نییە، بێئەنجامبوونی ئەم بەڵێنانە بەتەواوی دەرکەوت. ئامارەکان ئەوەندە ئاشکرا و ناخ هەژێنن کە بە ئاسانی ناتوانرێت هەڵوێستەی لەسەر نەکرێت. پێشبینی دەکرێت کە ئەگەر ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی ژینگە نەدۆزرێتەوە، تا ساڵی ٢٠٣٠ پێنج بۆ سیی لەسەدی بەرهەمی کشتوکاڵی کەم دەبێتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی سەد ملیۆن کەسی دیکە دەکەونە ژێر باری هەژارییەوە. ئامارەکانی ئێستا دەریدەخەن کە لە هەر ٩ کەس لە جیهاندا کەسێکیان هەموو شەوێک بە برسێتی دەخەوێت. ڕێژەی مردن بەهۆی برسێتی گەلێک زیاترە لە کۆی مردنەکان بەهۆی نەخۆشیەکانی وەک کڕۆنا و ئایدز و مالاریا و سیل بەشێوەیەکی گشتییە. زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە جیهاندا بەهۆی بەدخۆراکی یان کەم خۆراکییەوە بە جەستە لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆیان بچووکترن. نیوەی ئەو ڕێژەیە لە ئاسیا دەژین و یەک لەسەر سێیان لە ئەفریقا. نیوەی ئەو شەش ملیۆن منداڵەی کە لە ساڵێکدا گیان لەدەست دەدەن، بەهۆی کەمی خۆراکی پێویستەوەیە. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی ناحکومی ئاکسفام، سەروەتی ٨ کەس لە دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان زیاترە لە سەروەتی ٥٠%ی خەڵکی جیهان. بەگوێرەی ناوەندی “بەرنامەی جیهانی خۆراک“، ڕۆژانە تەنیا ٢ سێنت لەو سامانە بەسە بۆ ئەوەی ژەمێک خۆراک و ویتامینە پێویستەکان بۆ ئەو خوێندکارانە دابین بکرێت کە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.
بە پێی ئامارە فەرمی و دەستکاریکراوەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم یەک لەسەر سێی توانایی کڕینی کۆمەڵگا کەم بووەتەوە. ژمارەی کەسانی ژێر هێڵی هەژاری لە ساڵی ١٣٩٠، ٢٠% بووە و ساڵی ١٤٠٠ گەیشتووەتە ٣١%، واتە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون. وە ئێستا لە ساڵی ١٤٠٢دا زیاتر لە ٧٠٪ خەڵکی ئێران ٤ بۆ ٥ بەرابەر لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم دۆخە بۆتەهۆی تێکچووینی نۆرمی کۆمەڵگا و گەلێک زیانی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان بەناو زبڵدان و خەوتن لەناو کارتۆن، منداڵانی کار و خۆکوشتن و هیتری، لێکەوتۆتەوە. ئەو هەژاری و چەوساندنەوە لەڕادەبەدەری کە بەسەر بنەماڵە دەستکورت و کرێکارییەکاندا دەسەپێندرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە بەردەوام لەژێر گوشاری دەروونیدا بن. ئەوان بە منداڵ و گەورەوە کاردەکەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە بە ئەستەم دەتوانن ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆخۆیان دابین بکەن. بوونی کاتێکی بەتاڵ بۆ ئەوان بووەتە شتێکی مەحاڵ و بیرکردنەوە لە ڕێگەچارەیەک بەمەبەستی گۆڕینی چارەنووسی خۆیان لەگەڵ کەلێک ئاستەنگ بەرەوڕوویان دەکاتەوە. سەقامگیری خۆیان و بنەماڵەکانیان بەردەوام لە مەترسیدایە. لەمڕووەوە تێکەڵاوبوون لەگەڵ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەبات لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی ئینسانی و دێموکراتیک و هەروەها بەدەستهێنانی وشیاری سیاسی و چینایەتی و ڕێکخراوبوون شانبەشانی هاوچینەکانیان، بۆ ئەوان گەلێک دژوار دەبێت. ئەوان کاتێک لەسەر ئەم گۆی زەوییە هیچ ڕێگایەک بۆ دەربازبوون شک نەبن، زەمینەی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە ڕوو لە خوڕافات و بیر و باوەڕی ئایینی بکەن و لە قیامەت بەدوای عەداڵەتدا بگەڕێن. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە خاوەن سەرمایە و دەوڵەتەکانیان و لە ئێرانیش کۆماری ئیسلامی، دەیانەوێت. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕێگاچارەی سەرمایەدارانە بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتە گەورە مرۆییە، جگە لە جێگیرکردنی هەرچی زیاتری ئەم دۆخە، هیچی تر نابێت. تەنیا ڕێگەچارەی کۆتایی هێنان بەم باردۆخە، بریتییە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ڕووخاندنی ئەو نیزامەی کە هۆکاری سەرەکی دیاردەی هەژاری و برسێتییە. خەبات بۆ لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی، خەباتە لەپێناو ڕزگارکردنی حەفتا لەسەدی دانیشتوانی کۆمەڵگا لە چنگ هەژاری و بێکاری، بێبەشی و بێ ماڵ و حاڵی، گرانی و دەیان کێشە و گرفتی گەورە و بچووکی کۆمەڵایەتی دیکە.