لەگەڵ قسەکانی دوێنێی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا، جارێکی تر بابەتی وتووێژی ئێران لەگەڵ ئامریکا سەبارەت بەو مەرجانەی ئامریکا بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ڕژیمی ئێران دایناون، بوو بە یەکێک لە باسهكانی رۆژ. ترامپ لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری رۆیتێرز وتی:” ئەگەر ئەوان بیانەوێ چاوپێکەوتن بکەن کێشەیەک نییە، و ئەگەر نەیانەوێ چاوپێکەوتن بکەن، هیچ بۆم گرنگ نییە.” چەند رۆژ لەوەپێش خامنەیی بە روونی وتووێژ لەگەڵ ئامریکای ڕەت كردبووهوه. ئەو لەم بارەیەوە هیچ گومانێکی نەهێشتەوە و تا ئەو جێگایە چووە پێش کە وتی:” لە دەورەی پێشوی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا سەبارەت بە بەرجام شەخسەن لە هەڵەدا بووم.” بەم جۆرە بەڕواڵەت وا دیارە کە هەموو شتێک لەم پێوەندەدا توشی بونبەست هاتبێت. بەڵام ئەوەی کە لە ڕواڵەتدا دەبیسترێت، ئەمە گشت ڕاستیەکە نییە، دەبێ بزانین به کردەوە چ سیاسەتێک بهڕێوهیه.
خامنەیی لەم سوخەنڕانیەدا بە روونی ڕێگا چارەی كێشهكهی بە شێوازی خومەینی بە له کورت ترین ڕستهدا، ڕاگەیاند. ئەو وتی:” ئایەت اللە خومەینی وتووێژی نەکرد، منیش نایکەم.” بەڵام ئەوەی کە ئەو لە درێژەی قسەکانیدا ئاگاهانە دەرینەبڕی ئەوە بوو کە:” خومەینی كێشهكهی بەبێ وتووێژ چارەسەر کرد، منیش بەبێ وتووێژ چارەسەری دەکەم.” و دواتر بۆ دانی سەراحەتی زیاتر بەم سیاسەتە دڵنیاییشی دایە خەڵکی ئێڕان کە” هیچ شەڕێکیش لە ئارادا نابێت.” خامنەیی بەم جۆرە لە دوو توێی ڕستهیهكی هێرش بهرانهدا ڕێگای پاشەکشەشی دەست نیشان کرد، بەبێ ئەوەی کە بەڕواڵەت هیچ ئیمتیازێکی دابێ. ئەو بەم قسانەی لهناوهڕۆكدا ئاماژەی بە كێشهكانی دەورانی خومەینی بوو کە ” ئاغا” بەبێ وتووێژیش چارەسەری دهكردن. خومەینی وتووێژی نەکرد بەڵام بارمتە ئامریکاییەکان ئازاد کران. واسیتە و دەڵاڵەکان کەوتنە کار و ئامادەکاریان بۆ کرد، مهعامهلهكه سهری گرت و كێشهكه كۆتایی هات. خومەینی لەگەڵ سەدام حسێن وتووێژی نەکرد، بەڵام شەڕی ئێران و عێڕاق بە کردەوە کۆتایی هات. لە مەسلەی فەرمانی کوشتنی سەلمان ڕوشتیدا، خومەینی کەم و زۆر هەر بەو شێوازە جوڵایەوە کە لە ناخی دا سیاسەتی” دیالۆگی ڕەخنەگرانەی” دەوڵەتانی ئوروپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لێكهوتهوه.
کەوایە بابەتەکە ئاشکرایە. کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنی زۆری بۆ دەور دانەوەی گەمارۆکان لەبەردەمدا نییە. لە کەلێنەکانی ئابووری و سیاسی نێوان زل هێزە جیهانیەکاندا جێگایەکی زۆر بۆ مانۆڕدانی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە. لە نێوخۆی وڵاتدا بونگا ئابووریەکان یەک لە دوای یەک دادەخرێن، بەبێ ئەوەی کە حهقدهستی دواخراوی کرێکارانی بێکار کراویش بدرێت. بەرهەمی کشتوکاڵی کە کارا ترین بەشی ئابووری ئێرانە، بە لەبەرچاو گرتنی وشکە ساڵی و سیاسەتی وێرانگەری دژی ژینگەیی چەند دەیەی ڕابردوی ڕژیم، کەم بۆتەوە و بەرەو ئاڕاستەی ڕکود و کەسادیەکی قوڵ چووە. بە گشتی دەکرێ بڵێین کە ئابووری ئێران لە بهردهم لێك هەڵوەشان دایە. لە ئاکامی وەها بارودۆخێکدا هەژاری و بێبەشییە ئابووریەکان و کەم بوونەوەی زۆری خزمەتگوزاری گشتی، كاردی گەیاندۆتە سەر ئێسقانی خەڵک. ناڕەزایەتی کرێکاری و خۆپیشاندانی خیابانی وەک کاردانەوەیەک لەبەرانبەر ئەم بارودۆخەدا بەرین تر دەبێتەوە. ڕژیم بۆی دەرکەوتوە کە سەرکوت بە تەنیایی چارەی کار نییە و خەڵک پێی چاوترسێن نابن. هەروەها بەباشی دەزانن کە بە درێژەکێشانی ئەم بارودۆخەی ئێستا بەرە بەرە هەژاری بەرینتر کۆمەڵگا دادەگرێت و گۆڕەپانی ژیان لە خەڵک بەرتەسک تر دەبێتەوە. گشت ئەم هۆکارانە ئەگەر بنێینە پاڵ یەکتر روون دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ناچارە کە لە بەرانبەر ئامریکادا پاشەکشە بكات. هەڵبەت سروشتییە هەوڵ ئەدات تا ئەم پاشەکشەیە بە کەمترین مەترسی تێپەڕێنێت. هەوڵ ئەدات خاڵە لاواز و بێتواناییەکانی لە خەڵک بشارێتەوە. هەوڵ ئەدات گومان و ڕاڕایی ڕیزی هێزەكانی خۆی دانەگرێت. هەوڵ ئەدات کە نە تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکو ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییش، لە بوونی ئێران به سوورییهیهكی تر بترسێنێ.
لەخۆڕا نییە کە لە گەرماوگەرمی ئەم بارودۆخە نابەسامانە ئابووری و سیاسیەدا، جێتی جەنگی دەست کردی پیشهسازی ئێران نومایش ئەدات، کە گۆیا توانایی ڕەزمی خۆی بە گوێی ئەوانی تر بگەیەنێ. یان وەعدە و بەڵێن ئەدات کە لە بههاری داهاتودا موشەکێکی دژی هەوایی تر بە جبهخانهی موشەکی خۆیەوە زیاد دەکات. ئەم جۆرە نمایشانە لە بنەڕتدا شەڕی ڕەوانین لەگەڵ خەڵکی ئێڕان و لە دنیای مادەیدا شتێک نییە بێجگە لە بە زللە ڕومەتی خۆ سورکردنەوە. دەنا کێ دەتوانێ باوهڕ بهوه كات کە بەم جۆرە نمایشانە گۆیا ئێران دەتوانێ لەبەرانبەر ئامریکادا لە باری تێکنولۆژی نیزامیەوە هێز بنوێنێ؟
بەڵام لە مەسیری پاشکەشەدا چ مەترسیەک هەڕەشە لە ڕژیم دەکات کە ئاوا خەریکی ئامادەکارییە؟ ئەم مەترسیە لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە بێجگە لە گەشە و بەهێز بوونی رۆژ لە رۆژ زیاتری بوارە کۆمەڵایەتیەکانی بهزیادبوونی شۆڕشێکی بناخە هەڵتەکێن. ئایا خەڵکی بێبەش و چەوساوە دەرفەت بە ڕژیمێک ئەدەن کە لەژێر گوشاری ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتو لە سیاسەتی دخاڵەتگەرانەی ناوچەیی، گهندهڵی جێ كهوتووی ناوخۆیی و شپرزهیی ئابووری دا کەوتۆتە هەناسەبڕکێ، تا پشوی بێتەوە بەر، و بەندەکانی دهسهڵاتی لە دەست و پێی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەدا توندتر بکات؟