١٢ی گوڵان لە ئێران ڕۆژی مامۆستایە. لە ڕوانگەی مامۆستایانی خەباتکارەوە، بۆنەی ڕۆژی مامۆستا، ڕۆژی گیان لەدەستدانی ئەبولحەسەن خانعەلی، مامۆستای ٢٩ ساڵەی وانەکانی فەلسەفە و زمانی عەرەبییە. ئەم مامۆستا خەباتکارە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠ بە گوللەی چەکی بەرپرسی کەڵانتەری بەهارستان گیانی لەدەستدا. لەو ڕۆژەدا هەزاران مامۆستا لە ناڕەزایەتی دژ بە لەخوارەوەبوونی ئاستی حەقدەستەکانیان، لە بەردەم مەجلیسی شۆڕای میللی کۆببوونەوە. دوابەدوای ئەم ڕووداوە و بەردەوامی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان لە ڕۆژەکانی دواتردا، هەندێک گۆڕانکاری لە بواری حەقدەستی مامۆستایان بەسەر ڕژێمی شادا سەپێنرا و ڕۆژی ١٢ی گوڵان، واتە ڕۆژی کوژرانی “خانعەلی” وەک ڕۆژی مامۆستا ڕاگەیەنرا. لەو کاتەوە تا ئێستا لایەنگرانی ڕاستەقینەی ئازادی و توێژی مامۆستایانی خەباتکار، ئەم ڕۆژە بەم بۆنەیەوە وەک ڕۆژی مامۆستا دەناسن. بەڵام لە ڕوانگەی ڕژێمەوە، بۆنەی ئێرانی ڕۆژی مامۆستا، پەیوەندی هەیە بە ڕۆژی تیرۆری مورتەزا موتەهەری یەکێک لە ئاخوندە تیۆریسێنەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە کە ڕۆژی ١١ی گوڵانی ١٣٥٨ بە دەستی گرووپی فورقان لە تاران تیرۆر کرا و هەواڵەکەی دوای یەک ڕۆژ ڕاگەیەنرا.
بەڵام لە ئاستی جیهانیدا ڕۆژی پێنجی ئۆکتۆبەر وەک ڕۆژی جیهانی مامۆستا ڕاگەیەنراوە. ئەم ڕۆژە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی زانستی، کلتووری و پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) و ڕێکخراوی جیهانی کار (ئای ئێل ئۆ) وەک ڕۆژی جیهانی مامۆستا ناوزەد کرا. ئامانج لە ڕاگەیاندنی ڕۆژێکی لەوشێوەیە “بایەخدان بە مامۆستایان، سپاس و پێزانین لێیان و هەروەها لێکۆڵینەوە لە کێشەکانیان لە سەرانسەری جیهان” ڕاگەیەنراوە.
بەپێی ئامارەکانی “یونسکۆ” یەک لەسەر سێی مامۆستایانی جیهان، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرمایەداران، زانست وەک کاڵا دەفرۆشن و لە ئەنجامی ئەرک و زەحمەتەکانی مامۆستایاندا قازانجێکی زۆر و زەوەند دەخەنە گیرفانیانەوە. ڕۆژی جیهانی مامۆستا، بۆ کرێکارانی وشیاریش وەبیرهێنەرەوەی بێ مافییە سەپێنراوەکان بەسەر سەرجەم زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا، ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانیان دژ بەم بێ مافییانە، چاوخشاندنەوەیەک بە دەستکەوتەکانیاندا و پێویستی بەرگری لە داواکارییەکانیانە. لەو ڕووەوە کە یەکەم چەخماخەی هزر و بیرکردنەوە، لە قوتابخانەکانەوە لێدەدرێت و دەپشکوێن، جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە مامۆستایانی پسپۆڕ، ئاسوودە خەیاڵ، بێخەم و خاوەن هەستی بەرزی مرۆڤایەتی هەیە. بەڵام ئایا لە کۆمەڵگای ئێران، ڕێز و جێگە و پێگەی مامۆستا وەک ئەوەی کە شایستەیە، پارێزراو دەبێت؟ ئایا مامۆستایان کە لە زومرەی توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگان، گرنگییەکی ئەوتۆیان پێدەدرێت کە بەبێ ئەوەی بیر لە پێداویستییە ماددییەکانی ژیان بکەنەوە، بپەرژێنەسەر بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیارییەکانی خۆیان؟ ڕاستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی مامۆستایان، نیشانگەری ئەوەیە کە زۆربەی هەرەزۆریان زیاتر لەوەی کە دەبێ بیر لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و ئاگایی خۆیان بکەنەوە، بە ناچاری بەشوێن دۆزینەوەی کاری دووەم و سێیەمەوەن. زیاتر لە سێ لەسەر چواری مامۆستایانی ئێران، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەوانی دیکەش بە هەبوونی پیشەی دووەم و سێیەم و کەڵک وەرگرتن لە داهاتی هاوسەری بنەماڵەکەیان، خۆیان لە ژێر هێڵی هەژاری دەرباز کردووە. لە پەنای ئەم بەشە لە مامۆستایانی زەحمەتکێش، کۆمەڵێک سیخوڕ و پەروەردەکراوی ڕانتخۆری حەوزە دژە زانستییەکان هەن کە بەرپرسی جێبەجێکردنی پلانە دژە فەرهەنگی و سووکایەتیئامێزەکانی ڕژێمن لە ناوەندە فێرکارییەکان. بارودۆخی گوزەرانی مامۆستایانی خانەنشین گەلێک لەوەش خراپترە، مامۆستایانی خانەنشین کە سەردەمی گەنجی و مامناوەندی و هەروەها وزە و تواناییەکانی خۆیان بەرامبەر بە حەقدەستێکی کەم و تەحەمولی سەرجەم ئەم سەختی و دژوارییانە، لە پێناو خزمەت بە بواری فێرکردن و پەروەردەی ئەم وڵاتە بەکارهێناوە، لە سەردەمی بەساڵداچووندا، لەبری بەهرەمەند بوون لە ئارامی و ئاسوودەیی، لەوپەڕی نەداریدا دەژین.
بەڵام کێشەکانی ژیانی ئەم توێژە بێبەشەی کۆمەڵگا، تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە لە ژیانێکی شایستە بەهرەمەند نین، بەڵکوو ئەوەشیان بەسەردا دەسەپێنرێت کە پەرەپێدەری ئەو فێرکردن و پەروەردەیە بن کە بە تەواوی ئاوێتەیە لەگەڵ خوڕافات و کۆنەپەرستی. یەکێک لە ئازارە گەورەکانی مامۆستایانی شەریف و خەباتکار، بریتییە لە نفووز و کاریگەری ئایین لەسەر پرسی فێرکردن و پەروەردە. مامۆستایانی ئێران لەو ڕووەوە کە مەحکوومن بەوەی لە نزیکەوە شاهیدی جێبەجێکردنی پلانە کۆنەپەرستانەکانی ڕژێم بن لە ناوەندە فێرکارییەکان لەوانە هەڵاواردنی ڕەگەزی، ناردنی قوتابیان بۆ بینینی بەرەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، لەژێر ناوی کاروانی ڕێبوارانی نوور و هتد، بەردەوام لەباری جەستەییەوە ماندوو و شکەتن و لەباری دەروونییەوە پەرێشانن و ئازار دەچێژن. مامۆستایانی ئێران خوازیاری زیادکردنی حەقدەستی بەرزتر لە هێڵی هەژاری، بەهرەمەند بوون لە بیمەی کارا، یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینان و کارمەندان، دابینکردنی گوزەران و گرنگیدان بە پێگەی خانەنشینان بەشێوەیەک کە گونجاوبێت لەگەڵ کەرامەتی ئینسانییان، بەهرەمەند بوونی سەرجەم منداڵان لە خوێندن و پەروەردەی خاوەن کوالێتی و بێبەرامبەر بە تایبەت لە ناوچە بێبەشەکان، ستانداردکردن و دابینکردنی ئەمنییەتی قوتابخانەکان، بەهرەمەند بوونی خوێندکاران لە ئیمکاناتی فەرهەنگی و کاتبەسەربردن و هەروەها ڕاگرتنی سیاسەتی بە پارەکردنی خوێندن و کۆتایی هێنان بە پەروەندەسازی و ئەمنییەتیکردنی چالاکی مامۆستایانن. مامۆستایانی زەحمەتکێش و بێبەش لە ئێران، لە زومرەی ئەو مرۆڤە شەریفانەن کە خاوەن ویست و داواکاری دادپەروەرانەن و شایستەی بەرفراوانترین و شێلگیرانەترین پشتگیرین. کۆماری ئیسلامی لە جیاتی وەڵامدانەوە بە داواکارییە ڕەواکانیان، بە زیندانی کردن و دەرکردن، بەرەوڕوویان دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای گوشار و سەرکوتگەرییەکان، خەباتی مامۆستایان لەپێناو وەدیهێنانی داواکارییە ڕەوا و دادپەروەرانەکانیان و هەروەها ئازادی هاوکارەکانیان، بێ پسانەوە بەردەوامە. دەستبەسەرکردن، لەسەرکار دەرکردن، دروستکردنی بەربەستی پیشەیی و هتد، نەیتوانیوە مامۆستایان چاوترسێن بکات و هەروا مکووڕن لەسەر بەدواداچوونی داواکارییەکانیان.
ڕۆژی مامۆستا بە هەموو مامۆستایانی خەباتکار، زەحمەتکێش و دڵسۆز پیرۆزبایی دەڵێین و دڵنیاین کە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی مامۆستایانی ئێران، لە یەک ڕیزی یەکگرتوودا، لەگەڵ سەرجەم زەحمەتکێشان و بێبەشان و چەوساوەکانی ئەم کۆمەڵگایە، سەرەنجام بارگەوبنەی ڕژێمی کۆنەپەرست و دژە خەڵکی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران کۆدەکەنەوە.