کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كانراگه‌یاندنه‌كان

وتاری هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە لە دەستپێکی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

photo 2024 10 21 19 17 18

بە یادی سەرجەم قوربانیانی شۆڕشی ژینا، ئەو لاوە ئازادیخوازانەی کە بە دروشمی ڕزگاری بەخشی (ژن، ژیان، ئازادی) ئاسۆیەکی نوێیان بەڕووی ئەم کۆمەڵگایەدا کردەوە، بە یادی ئەو ٥١ کرێکارەی کانگای خەڵوزی تەبەس کە لە بارودۆخێکی گەلێک نامرۆڤانەدا لەژێر چەند سەد مەتری قوڵایی زەویدا کاریان دەکرد و بوونە قوربانی چاوچنۆکی و قازانج پەرەستی سەرمایەداران و دەوڵەتی پاڵپشتیان و هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان، بە یادی سەرجەم ئەو هاوڕێیانەی کە لە نێوان کۆنگرەی ١٢ و ١٣ی حیزبدا گیانیان بەختکردووە، کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەست پێدەکەین.

هاوڕێیان!

لە ئێستادا ماوەیەکی تاڕادەیەک زۆر بەسەر کۆنگرەی ١٢ی حیزبدا تێپەڕ دەبێت، گەلێک زیاتر لەوەی کە لە ئەساسنامەی حیزبدا هاتووە. بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم دواکەوتنە مایەی تێگەیشتن و بەشێکیشی پاساوهەڵنەگر بووە. بەرپرسیارێتی بەشی ناڕەوا و پاساوهەڵنەگری ئەم دواکەوتنە دەکەوێتە ئەستۆی زۆرینەی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی پێشووی حیزب. ئەوان بە پاساو و پاڵنەرێکی تەواو ناڕەوا، بۆ چەند ساڵێک کۆنگرەی حیزبیان دواخست و دواتر بە جیاکردنەوەی ڕێگای خۆیان، حیزبیان لەگەڵ دژوازییەک بەرەوڕوو کردەوە:

لە لایەکەوە زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندیی کە بە پێی ئەساسنامە بەرێوەبردنی کۆنگرەی حیزبی لە ئەستۆ بوو، لەوان پێکدەهات و لە لایەکی دیکەشەوە زۆرینەی ئەندامانی حیزب و هەروەها کۆمیتەکانی ڕێبەریی و ئۆرگانە سەرەکییەکانی حیزب، (کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و هتد،) لە بەرەی ئێمەدابوون. ئەم دژوازییە دەبوو چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی حیزب پێگەی یاسایی خۆی سەرلەنوێ بەدەست بهێنێتەوە. ئێمە بەدوای چارەسەری ئەم پرسەدا گەڕاین، بەڵام بەرلەوەی بتوانین لەسەر بنەمای مافی ڕەوای زۆرینەی ئەندامان کۆنگرەی حیزب ببەستین، شۆڕشی ژینا دەستی پێکرد. بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک ڕێکخراوەکەمان بەتایبەت لە کوردستان بە دروست دانانی گاریگەریی لەسەر ئەم شۆڕشەی خستە ئەولەوییەت و پێشینەی کارەکانی خۆیەوە و لە ئاکامدا بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەکی کاتی لە ئەولەویەت چووە دەرەوە. لە مێژووی ئەو ڕەوتەی ئێمەدا ئەوە بابەتێکی دەگمەن و بێ پێشینە نییە. بۆ نموونە لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٧دا کۆنگرەی کۆمەڵە لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری لەدژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران لە ئارادا بوو. لەو سەردەمەدا کوردستان هێشتا بەو بزووتنەوە سەرتاسەرییەوە پەیوەست نەببوو و لە نێو هاوڕێیانی ئێمەدا ئەو نیگەرانییە هەبوو کە کوردستان لەم بابەتەوە لە خەباتی سەرتاسەری داببڕێت. هێشتا زیاتر لە دوو ڕۆژ بەسەر بەستنی کۆنگرەکە لە شاری نەغەدە دا تێنەپەڕیبوو، کە  هەواڵی ناڕەزایەتی تووتنکارانی ناوچەی بانە و خۆبواردنیان لە ڕادەستکردنی تووتن بەدەوڵەت کە لە ژێر قۆرخکاری ئیدارەی دوخانیاتدا بوو بڵاو بۆوە، ئەو بابەتە دەیتوانی خاڵی دەسپێکێکی باش بێت، لەمڕووەوە بڕیارماندا کۆنگرەکە دوابخەین و ئەم بزووتنەوەیە بە سەرکەتن بگەیەنین. دوای بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو ئەرکە، درێژەی کۆنگرەکەمان ١٥ ڕۆژ دواتر لە شاری سنە بەڕێوە برد. بەردەوام بزووتنەوەی جەماوەریی لە چەقی بیرکردنەوە و کرداری ئێمەدا بووە و هەر ئێستاش ئەمە بووەتە نەریتێکی جێکەوتوو لە ڕەوتی ئێمەدا. ئێستا کە خۆشبەختانە سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوەکان توانیومانە کۆنگرە ببەستین، دەمەوێت زۆر بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانمان لەم کۆنگرەیە.

هاوڕێیان!

ئێمە لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، ١٢ کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ١٨ کۆنگرەی کۆمەڵەمان بەڕێوە بردووە، واتە ئێستاش کۆنگرەی حیزبێکی خاوەن هەگبەیەک لە ئەزموونی بەنرخ بەڕێوە دەبەین. ئەم ئەزموونانە بەزۆری لە کۆنگرەکاندا کۆبەندی کراون و بوونەتە هەوێن و بنەما بۆ پەروەردە کردنی نەوەیەکی نوێ لە تێکۆشەرانی حیزبی. ئاشکرایە و تا ڕادەیەکی زۆریش سروشتییە کە ڕەوتی ئێمە لەم ڕێگا دوور و درێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوەدا چ وەک حیزب بێ کەموکوڕی و چ تەنانەت وەک تاکەکانی ڕێبەرایەتیش بێ هەڵە نەبووین. بەڵام سەرجەم ئەم ڕووداوانە لە هەناوی خەباتێکی سیاسی چالاکانەدا ڕوویانداوە. دیارە کەسێک کە لە ماڵەوە دابنیشێت و هیچ کارێک نەکات، بێگومان هیچ هەڵەیەکیش نەکات. ئاشکرایە ڕێگایەکی کە لە ماوەی ٤١ ساڵەی دروستبوونی حیزبدا بڕیومانە، ڕێگایەکی بێ ئاستەنگ و کەندوکۆسپ نەبووە. بەڵکوولەگەڵگەلێک

کێشە و گرفتدا دەست و پەنجەمان نەرم کردووە، بەڵام تایبەتمەندی ڕەوتی ئێمە ئەوە بووە کە بەردەوام لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ڕابردوومان کردووە و ئەم ڕوانگە ڕەخنەگرانەمان کردووە بە تێشووی ڕێگامان بەرەو داهاتوو. زۆر کەس لەم ڕێبازەدا ڕێگای خۆیان لە ئێمە جیا کردەوە یان چوون بەلای ژیانی ئاسایی خۆیانەوە، بەڵام ڕەوتەکەمان ڕێڕەوی خۆی نەگۆڕی و بەردەوامیی ڕەخنەگرانەی خۆی پاراست و ناوی پڕ لە شانازیحیزبی دایکبۆ ئێمە مایەوە. بەڵام لێرەدا وەک تایبەتمەندییەک، دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە سەرەڕای بوونی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەمان لە ڕابردوودا، بەڵام لە هەمانکاتدا لایەنگری ڕەخنە لەو خودە عیرفانییانەی کە ویستبێتی هەنگاوەکانی ئێمە لەو ڕێگا سەختەکەی کە لە پێشماندایە شل بکاتەوە و سەردەمێک باو بوون، نەبووین. ئێمە دەمانەوێت ڕابردوو بکەینە چرای ڕووناکیبەخشی داهاتوومان.

هاوڕێیان!

ڕەوتی ئێمە و حیزبەکەمان بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە، ئەمڕۆ قەرزاری کەس نییە. لەکارنامەیئەمحیزبەدا،کەموزۆرەکەیبەجێگەیخۆی،جگەلەئامانجیخزمەتکردن

بەم کۆمەڵگایە هیچی تری تێدا نییە. مەسەلەکە ئەوە نییە کە لە هەموو بوارەکانی خەباتی سیاسی و چینایەتی و تیۆریدا دوا قسە، قسەی ئێمە بووە، بەڵکوو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێمە لە بنەڕەتدا ڕێگایەکی دروستمان هەڵبژاردووە و ڕاستگۆیانە، دڵسۆزانە و بەوپەڕی لێبوردەیی و فیداکارییەوە لەم ڕێگایەدا هەنگاومان هەڵگرتووە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وەک بەشێک لە ڕەوتی ئێمە، بۆ خزمەت بەم کۆمەڵگایە و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، هەرچی لە توانایدا بووە، کردوویەتی. هاوڕێیانی ئێمە لەم پێناوەدا تەنانەت لە گیانی خۆیان درێغیان نەکردووە. ئێمە سەربەرزین کە بە ئارمان و بەرنامەی کۆمەڵایەتی خۆمان وەفادار ماوینەتەوە. سەربەرزین کە لە کارنامە و ستراتێژ و بەرنامەی ئێمەدا، جگە لە خزمەتکردن بە ئارمانی بەرزی ئینسانی، هیچی تر بوونی نییە. ئێمە سەربەرزین بەوەی کە سەداقەت و ڕاستگۆیی ئەخلاقیی لەخەباتی سیاسیدا، ڕێگا و میتۆدی ئێمە بووە، لە هەمان کاتدا سەربەرزین کە لەم ڕێبازەدا خاڵە لاواز و کەموکوڕییەکانمان دەناسین و هەوڵمان داوە و هەوڵ دەدەین لە مەیدانی نەبەرد دا چارەسەریان بکەین. ئێمە حیزبێک بووین نەک هەر لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە دوورە دەستەکانماندا خەبات دەکەین، بەڵکوو نیشانمان داوە کە بوونمان هەر ئێستاش بۆ ئەم کۆمەڵگایە بەسوود و پێویست بووە. شادی و  گڕوتینی ئەمڕۆمان و گەشبینی و هیوامان بە داهاتوو، لە هەردوو ئەم تایبەتمەندییانەوە سەرچاوە دەگرێت. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە کە ئەم کۆنگرەیە لەدرێژەی ئەو ڕێبازەدا هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێشەوەمان ببات. زۆر کەس لێمان دەپرسن ئەم حیزبە کە خاوەنی ئەم ڕوانگە و ڕابردووەیە، بۆچی نەیتوانیوە ببێتە حیزبێکی کۆمەڵایەتی سەرتاسەری بەهێز لە ئێراندا؟ وەڵامەکەی ڕوونە.

هاوڕێیان!

حیزبێکی سیاسی تەنیا بە کاری ڕۆتین و چالاکی ئەندام و ڕێبەرانی، هەرچەندە شێلگیر و ڕۆشنبیریش بن، جەماوەریی نابێتەوە، حیزبێکی سیاسی لە ئەگەری دروستبوونی هاوسەنگییەکی هێزی لەباری کە بتوانێت هەلومەرجێکی تاڕادەیەک دێموکراتیک بڕەخسێنێ و هەروەها لە خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا بەپێی ئەو ڕۆڵەی کە لەخۆی نیشان دەدات، دەتوانێت جەماوەریی بێتەوە. ئەڵبەت بۆی هەیە کە هەندێک حیزب و لایەنیش هەبێت کە تەنانەت لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەشدا نەتوانن جێگە و پێگەیەک لە دڵی کۆمەڵگادا بەدەست بهێنن، ئاشکرایە کە حیزبێکی لەو چەشنە، بوون و نەبوونی بۆ کۆمەڵگا وەک یەک وایە. حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا بەپێی ڕۆڵێکی کە لەو قۆناغەدا دەیگێڕن، نفووز و کاریگەری کۆمەڵایەتی بەدەستدەهێنن یان پەراوێز دەخرێن و وردە وردە لەناو دەچن. ئەو خاڵە وەرچەرخانانە، مەرج نییە حەتمەن هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە بن، قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، کارەساتی سروشتی، شەڕ و هتد، هەموویان دەتوانن پێوەرێکی کۆمەڵایەتی و تاقیکردنەوەیەک بن بۆ حیزب و لایەنێکی سیاسی. کۆمەڵەش، بە هۆی بوونی هەلومەرجێکی دێموکراتیک و خۆڕاگرییەکی کە لە قۆناغی شۆڕشی ١٣٥٧دا دەستیدایە، لە دڵی بزووتنەوەیەکی ڕیشەداری کۆمەڵایەتیی کوردستاندا جێگە و پێگەی جەماوەریی بەدەستهێنا و هەروا خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتیش مایەوە. بەڵام حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە جگە لە کوردستان، لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەرفەتێکی لەو شێوەیەی بۆ نەڕەخسا. چارەنووسی حیزبی تودە لە ساڵەکانی دەیەی ٢٠ی هەتاویی و چارەنووسی کۆمەڵە لە ساڵەکانی سەرەتای دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، دوو نموونە و بەڵگەی مێژوویین. یەکەمیان بە سیاسەتەکانی کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە نەبوو، وردە وردە توایەوە و دووەمیان بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی دروست لە ماوەی یازدە مانگ لە تەمەنی کورت بەڵام بەرهەمداری هاوڕێ فوئاد دا گەیشتە لوتکە. ئێستا حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە زۆر هۆکار و لەوانە و لە هەمووی گرنگتر بە هۆی بوونی کۆمەڵەوە کە ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، لە پێگەیەکی لەبار بەهرەمەندە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی شایستەی خۆی لە داهاتووی سیاسی ئێراندا بگێڕێت. چاوەڕوانیی ئێمە لە کۆنگرە ئەوەیە کە بە ڕووناکبینییەکی سیاسی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ئەم پۆتانسێلە بەهێز بکات. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە کە ئەم کۆنگرەیە بەش بەحاڵی خۆی ببێتە مژدەبەخشی ئەو نەریتە کە نەک هەر ترسی لە جیاوازییە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو ئەوە وەک دەرفەتێک بەکاری دەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی فرەچەشنی بیروبۆچوون و ڕوونکردنەوەی سیاسەت و ڕوانگەی سیاسی حیزب، لە بەرامبەر هەلومەرجی ئاڵۆزی جیهانی ئەمڕۆدا. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە کە لە قسە و باس و دیبەیتەکانی کۆنگرەدا وەک هەمیشە شاهیدی بەرزترین ئاستی هاوڕێیەتیی و هاودڵییەکی ئەوتۆی کۆمۆنیستی بین کە لە دونیای پڕ لە شەڕ و نائارامیی ئەمڕۆدا گەلێک پێویستیمان پێیەتی.

هەربژین