کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵەبجە و گۆردانی شوان، دوو کارەسات و یەک یاد

Screenshot 20260317 095951

هەڵەبجە و گۆردانی شوان، دوو کارەسات و یەک یاد

ئەمڕۆ ٢٦ی ڕەشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی مارس، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەگۆردانی شوانە. ئەم ڕۆژە لە مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستاندا، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی یەکێک لە کارەساتبارترین جینایەتەکانی سەدەی بیستەم، واتە شیمیابارانی شاری هەڵەبجە. دوو ڕووداو، دوو کارەسات، یەک یاد.

٣٨ ساڵ لەمەوبەر ڕێک لەم ڕۆژەدا، لە کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی پێشنیوەڕۆ، چەند فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ئاسمانی شاری حەڵەبجە دەرکەوتن. ئەوەی کە بەسەر خەڵکی ئەم شارەدا هات، هێرشێکی سەربازیی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو تاوانێکی ئاشکرا بوو لەدژی مرۆڤایەتی. بۆمبە شیمیاییەکان بەسەر منداڵان، ژنان، پیاوان، گەنجان و بەساڵاچوواندا بارین. شەقام، ماڵ، پەناگە و کۆڵانەکانی شار لە چەند ساتێکدا بوون بە مەیدانی مەرگ. لە هەمان کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە خەڵکی هەڵەبجە گیانیان لەدەستدا، بریندار یان ژەهراوی بوون. ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان، بە هەژمارکردنی ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژان و هەفتەکانی دواتردا بەهۆی کاریگەریی گازە ژەهراوییەکانەوە گیانیان بەختکرد، ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بوو. هەڵەبجە لەو ڕۆژەدا بوو بە هێرۆشیمای کوردستان، برینێکی خوێناوی و قووڵ لەسەر سیمای جەماوەرێکی کە ساڵانێکی زۆر لەژێر کۆت و بەندی ستەم و توندوتیژیی دەوڵەتی بەعسدا دەچەوسانەوە.

هەڵەبجە هێمای ژیان بوو. هێمای خەڵکێک بوو کە دەیانویست لە ئاشتیدا بژین. بەڵام ڕژێمی بەعس بە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، ئەم ژیانەی کردە ئامانج. ئەم تاوانە تەنها هێرش بۆ سەر شارێک نەبوو، بەڵکوو هێرش بوو بۆ سەر مرۆڤایەتی، هێرش بوو بۆ سەر ویژدانی جیهان و هێرش بوو بۆ سەر مافی خەڵکێک بۆ زیندوو مانەوە.

بەڵام هەڵەبجە تاکە ڕووداو نەبوو. حکوومەتی بەعس لە ساڵەکانی پێشتردا گەلێک تاوانی لەدژی خەڵکی عێراق بەتایبەت خەڵکی کوردستان ئەنجام دابوو. لە ئۆپەراسیۆنی بەدناویئەنفالدا، هەزاران کەس سەریان بە پەتی سێدارەوە کرا و تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچە ناوەندییەکانی عێراقدا شاردرانەوە. شارەکان و چەندین هەزار گوند خاپوور کران. خەڵکیان بەوپەڕی وەحشیگەری لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەند و لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا کە زیاتر لە سەربازگە دەچوون، زیندانی کرد. لە ڕاستیدا هەڵەبجە تەنها یەکێک بوو لەو زنجیرە تاوانانەی ڕژێمی بەعس، نەک دەستپێک.

ئەم هەموو تاوانە لە بارودۆخێکدا ڕووی دەدا کە ڕژێمی بەعس لە گۆشەگیرییەکی تەواودا نەبوو. بەپێچەوانەوە، سەدام حسێن و حکوومەتەکەی لەگەڵ هەر دوو زلهێزی ئەوکات، واتە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندیی سیاسی، بازرگانی و تەنانەت کولتووریشیان هەبوو. هەر دوو بلۆکی جیهانیی ئەو سەردەمە، دەوریان هەبوو لە تەیارکردنی حکوومەتی بەعس بە جۆرەها چەک و کەرەستەی جەنگی. هێزە جیهانییەکان بێبەری نەبوون لە پێکهاتنی ئەو جبەخانەیەی کە دواتر دژی خەڵکی کوردستان بەکار هات. بەبێ ئەو هاوکارییانە و بەبێ بێدەنگیی دواتری ئەو لایەنانە لە ئاست بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، کارەساتی هەڵەبجە مومکین نەبوو. هەربۆیە، هەڵەبجە تەنها ناوی تاوانێکی ناوچەیی نییە، بەڵکوو ناوی شەرمەزارییەکی جیهانیشە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، مێژوو تەنها مێژووی تاوانباران نییە، مێژوو مێژووی جەماوەریشە. خەڵکی هەڵەبجە و خەڵکی کوردستان، سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و وێرانییە، سەرلەنوێ شارەکەیان بنیاد نایەوە. ژیانیان لە هەناوی خۆڵەمێش دەرهێنا. یادی ئازیزانیان بە زیندوویی ڕاگرت و نیشانیان دا کە مەرگ، ئەگەرچی دەتوانێت جەستەی مرۆڤ بسڕێتەوە، بەڵام ناتوانێت ئیرادەی خەڵک بۆ ژیان لەناو ببات. ئەمڕۆ سەدام حسێن و حکوومەتی بەعس لە گۆڕدا ڕزیون، بەڵام ناوی حەڵەبجە هەر بە زیندوویی ماوەتەوە و وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لە تاوانێکی جەنگی، لە یاد و بیرەوەریی خەڵکدا ماوەتەوە.

ڕێک ڕۆژێک دوای هەڵەبجە، واتە ١٧ی مارسی ١٩٨٨، کارەساتێکی دیکە لە هەمان ناوچەدا ڕووی دا کە ناوی خۆی لە مێژووی خەباتی کۆمەڵەدا هەمیشەیی کرد، واتە گیانبەختکردنی پێشمەرگەکانی گۆردانی شوان. ئەم دوو ڕووداوە پێکەوە، بوونەتە بەشێک لە بیرەوەریی گشتیی خەڵکی کوردستان، بیرەوەرییەک لە ڕەنج و بەرخۆدان و ڕاوەستان.

گۆردانی شوان، یەکێک بوو لە هێزە تێکۆشەرەکانی کۆمەڵە، کە لە کاتی ڕوودانی هێرشی شیمیایی بۆ سەر ناوچەی هەڵەبجە، لە گوندی سنوورییبیارەپشوویان دەدا. لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکە، پێشمەرگەکان بۆ چوونە دەرەوە لە ناوچەی شەڕەکە، گوندەکەیان جێهێشت و ڕێگەی پشتەوەی بەرەی شەڕیان گرتە بەر. بەڵام دوو کۆسپی مەرگبار هاتە سەر ڕێیان.

یەکەم: ئەو گازە ژەهراوییەی کە بەهۆی شیمیابارانی حەڵەبجە لە ناوچەکەدا بڵاو ببووەوە، کاریگەریی لەسەر جەستە و توانای تێکۆشەرانیش دانابوو و توانای جووڵەی بە توندی لێ بڕیبوون.

دووەم: ئەو پردەی کە تەنها ڕێگەی پاشەکشە بوو بەرەو پشتی بەرەی شەڕەکە، کەوتبووە دەست هێزەکانی ڕژێمی ئێران و تەقێندرابووەوە.

لەو گەمارۆیەدا، هیچ ڕێگەیەک جگە لە پاشەکشە بەرەو دەریاچەیەی سیروان نەمایەوە، دەریاچەیەکی کە هێزە پشتیوانەکانی کۆمەڵە لەوبەری ئاوەکەوە چاوەڕوانییان دەکردن. هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ناردنی بەلەمی ڕزگارکردن بێ ئاکام بوو و چەند کەسێکیش لەم پێناوەدا گیانیان بەخت کرد.

لە ئاوا دۆخێکدا بوو کە گۆردانی شوان لە نێو قامیشەڵانەکانی کەنار دەریاچەکە لەگەڵ هێزەکانی دوژمن تووشی شەڕ بوون. پێشمەرگە ماندوو، ژەهراوی و بریندارەکان، لە نەبەردێکی سەخت و ناهاوسەنگدا تا دوا فیشەک شەڕیان کرد. ٦٨ کەس لەو شەڕەدا گیانیان بەخت کرد، ١٢ کەس کەوتنە دەست دوژمن و ١١ کەسیان دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی تاقەتپڕووکێن لە زیندانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا لە سێدارە دران.

یادی گۆردانی شوان، یادی خۆڕاگریی لە سەختترین ساتەکاندایە. یادی ئەو مرۆڤانەیە کە تەنانەت لە نێو گازی ژەهراوی، گەمارۆ، ماندوێتی و برینداریشدا، دەستیان لە خۆڕاگریی هەڵنەگرت. ئەوان بەشێکن لە مێژووی زیندووی کوردستان، هەر وەک چۆن هەڵەبجە بەشێکە لە ویژدانی برینداری کوردستان.

سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەم دوو کارەساتەدا تێپەڕیوە. خەڵکی هەڵەبجە شارەکەیان دووبارە ئاوەدان کردەوە و سەدام حسێن بە هەموو دام و دەزگا بەعسییەکەیەوە، لە گۆڕدا ڕزی. بەڵام کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی پێشنیوەڕۆی ١٦ی مارسی ١٩٨٨، وەک بیرهێنەرەوەی بەردەوام لەوەی کە مرۆڤەکان بە یەکتری ڕەوا ببینن، لە مێژووی تاوانە جەنگییەکاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

پێشمەرگەکانی گۆردانی شوان ڕۆیشتن، بەڵام ئەو ئامانجەی بۆی تێکۆشان زیندوو مایەوە. ئەوان لەپێناو جیهانێکدا خەباتیان کرد کە تێیدا شەڕ و نائەمنی، ئەشکەنجە و زیندان، هەژاری و نایەکسانی جێگەی خۆیان بدەن بە ئاشتی، ئازادی، خۆشگوزەرانی و یەکسانیی مرۆڤەکان. ئەم ئامانجە، میراتی ئەوانە و بەرپرسیارێتیی مانەوەی، لەسەر شانی ڕزگاربووان و نەوەکانی دوای ئەوانە.

لە ٣٨ەمین ساڵڕۆژی ئەم دوو کارەساتەدا، ڕێزدەگرین لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی حەڵەبجە و هاوڕێیانی گۆردانی شوان. دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرزەکانیان و بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە ئامانجی بەرزی ئەم ئازیزە گیانبەختکردووانە بێتە دی.

یادیان بەرز و بەڕێز بێ و ڕێگایان بەردەوام