کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج و درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ، مستەفا نیلی و ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەرانی تۆماج ساڵحی، هونەرمەندی جەماوەریی، ڕایانگەیاند کە دادگای باڵا، سزای بێ بنەمای لەسێدارەدانی مووەکلەکەیانی هەڵوەشاندۆتەوە. ئەمیر ڕەئیسیان لە ماڵپەڕی ئێکس نووسیویەتی کە لە بڕیارەکەی دادگای باڵادا، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، باس لەوە کراوە کەتەنانەت سزای زیندانی پێشووتریش کە ٦ ساڵ و سێ مانگ بوو، بەبێ لەبەرچاوگرتن و پەیڕەو کردنی ڕەواڵی فرەیی تاوانەکان و بە پێچەوانەی مادەی ١٣١ و لە سزای یاسایی زیاترە“. ئاژانسە هەواڵییە گەورەکانی وەک ڕۆیتەرز، بەهۆی گرنگی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی تۆماج، دەستبەجێ لە ئاستێکی جیهانیدا بڵاویان کردەوە. بێدادگایەک لە شاری ئیسفەهان ڕۆژی پێنجی گوڵانی ئەمساڵ بە پشتبەستن بە پەروەندەسازیی بەرپرسانی ئیتلاعات و لەسەر داخوازی ئەوان، تۆماج ساڵحی، دەنگی زوڵاڵی شۆڕشی ژینا، لەقاودەری بوێر و قارەمانی خۆڕاگریی ناو زیندانەکانی، بە ئێعدام مەحکووم کرد. بە وتەی ڕەئیسیان،خاڵی سەیر و سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە دادگا جگە لە ئێعدام، سزای دوو ساڵ قەدەخەی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ قەدەغەی چالاکییە هونەرییەکانیشی بەسەر تۆماج ساڵحی دا سەپاندووە“. دادوەرە بەکرێگیراوەکانی ئەو دادگایە کە دەیانزانی ڕژیم ناتوانێت هونەرمەندێکی خاوەن ناوبانگی جیهانی و پشتیوانی جەماوەریی وەک تۆماج لەسێدارە بدات، بڕیارێکی ئاوا دژبەیەکیان دەرکردبوو. ئەگینا، ئەو خۆفرۆشە گوێڕایەڵانە پێشتر لەسەر بنەمای تۆمەت هەڵبەستن و پەروەندەسازی سپا، چەندین سزای لەسێدارەدانی دیکەیان دەرکردبوو کە ڕسواترینیان بریتی بوو لە سزای لەسێدارەدان بۆ سێ تۆمەتباری پێوەندیدار بە دۆسیەی ناسراو بەخانەی ئیسفەهان“. بەپێی بڕیاری ئەو بێدادگایە، سەرلەبەیانی رۆژی ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٢، سزای لەسێدارەدانی ساڵح میرهاشمی و مەجید کازمی و سەعید یەعقوبی، بە کردەوە دەرهات. ئەو جینایەتەش بە نۆرەی خۆی ئاگری توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیمی، بڵێسەدارتر کرد.

سزای بێ ناوەڕۆکی لەسێدارەدانی تۆماج، بە مەبەستی چاوترسێن کردنی ژنانی ئازادیخواز و نافەرمان، بێدەنگکردنی دادخوازانی بوێر، ترساندنی خەباتکاران و مانگرتووانی ناوەندە پیشەسازییەکان، لەوانە کرێکارانی نەوت، بێدەنگکردنی زیندانیانی سیاسی ناڕازیی و هیتر، دەرچووبوو. بەڵام کاردانەوەی کرێکارانی وشیار، لاوانی پێشڕەو، خانەنشینانی تێکۆشەر، دادخوازانی ناڕەزای، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر، فەرهەنگیانی خەباتکار، هونەرمەندانی بوێر، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، سیاسەتمەداران و ئێرانییە پێشکەوتنخوازەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، ئەوەندە بەربڵاو بوو کە نەک هەر ئامانجەکانی بەرپرسانی ڕژیم نەهاتە دی، بەڵکوو نەفرەت و توڕەیی لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوە پەرەپێدا و ئاگری خەبات و ناڕەزایەتی لە دژی ڕژیم خۆشتر کرد. ئەم ناڕەزایەتیانە مۆرکی گۆڕانکارییەکی پێوە بوو کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا هێنایە ئاراوە و تۆماج دەنگە زوڵاڵەکەی بوو. ئەو گۆڕانکاریانە لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خەڵکدا، بەڕوونی خۆی نیشانداوە. کاردانەوەکان لەدژی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ هونەرمەندێکی کە تەنیا دیفاعی لە خەباتی شۆڕشگێڕانە کردبوو، بەرپرسانی نیگەران کرد؛  هەربۆیە ئەوان لە زمانی بەرپرسانی دادوەرییەوە ڕایانگەیاند کە سزای لەسێدارەدانپێشنیاریبووە و چاوەڕێی کاتی گونجاو بوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە. بەرپرسانی ڕژیم کە نەیاندەویست پاشەکشەکردنیان لەو حوکمە وەک ترسی بەرپرسان لە قەڵەم بدرێت، ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە کە ئەم پرۆسەی شانۆی هەڵبژاردنەی ئێستا، بۆی ڕەخساندوون. بەڵام جەماوەرێکی کەنایان به هەڵبژاردن و ڕژیمەکەی وتووە، دەستی ڕژیم بە باشی دەخوێننەوە و فریوکارییەکانی دەناسن و شکستەکەی دەکەن بە سەرمایەی پێشڕەوی زیاتر لە خەباتی مەدەنی خۆیاندا.

هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج ساڵحی، پاشەکشەیەکی ئاشکرای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ئاکامی خەباتی و ناڕەزایەتی بەربڵاو لەدژی ئەوان و ڕژیمەکەیانە. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە ئەم سەرکەوتنەی ئێستای کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکار و ئازادیخواز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەنگاوێکی گەورە لە ئازادی خودی تۆماج و بەهێزتر بوونی خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی نزیکمان بکاتەوە. ئەمەش کاتێک مومکین دەبێت کە ئەو ئازادییە خزمەت بکات بە بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا. ئەم حەرەکەتە بە تایبەتی لە دڵی قۆناغی سێیەمیکەمپەینی ١٤١٤ی کرێکارانی مانگرتووی نەوت لەپێناو زیادکردنی حەقدەست، ١٤ ڕۆژ کارکردن و ١٤ ڕۆژ پشوودان و هەروەها داواکاری هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکاندا ڕوو دەدات. کەمپەینی کرێکارانی نەوت لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە دەستی پێکردووە و ڕۆژی شەممە دووەمی مانگی پووشپەڕ، بە پەیوەستبوونی ٨ هەزار کرێکار بەو مانگرتنەوە، بەهێزتر بووە. هەموو هێماکان ئەوە دەردەخەن کە مانگرتنەکانی ئێستا، دەبێتە شەپۆلێکی بەهێز لەناو کرێکارانی نەوتدا. بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی خەباتکارانەی کرێکارانی نەوت لە بزووتنەوەی چینایەتی و ئازادیخوازانەی ئێراندا، دەکرێ هیوای ئەوە بخوازین کە هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج ساڵحی، لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوێک بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەرەوپێش ببات.

بابەتی پەیوەندیدار

شکستی ڕژیم لە شانۆی هەڵبژاردندا

-

کرێکارانی نەوت و پێویستی بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

-

چارەنووسی دڵتەزێنی پەناخوازان، بەڵگەی ڕسوایی دەوڵەتەکان و سەرمایەداران

-

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بەبایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران

-

گرفت لە بێتوانایی سیستەمی سەرمایەدارییە، نەک جەماوەری بەساڵاچوو

-

ئاڵوگۆڕی زیندانیان، یان سات و سەودای قێزەونی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی سوئێد؟

-